سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، هێشتا زووە باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران بکرێت و جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت تاران گۆڕانکاریی ریشەیی ئەنجام بدات.

ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە بەرلین رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی وایە هەڵگرتنی سزاکان لەم کاتەدا هەنگاوێکی پێشوەختەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سزایانەی بەسەر تاراندا سەپێنراون، پەیوەندییان بە پرسی سەرکوتکردنی گەلی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە، هەربۆیە تا گۆڕانکاریی راستەقینە نەبینرێت، سزاکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو و رایگەیاند، ئاسایشی کەنداو و ئەوروپا پێکەوە گرێدراون، هاوکات پشتیوانی تەواوی یەکێتییەکەی بۆ ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەربڕی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە بە "ناڕەوا" وەسفی کردن و لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن.

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی کردەوە، دوایین پێشهاتەکان نیشانی دەدەن بۆچی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.