دەقی پایەمەکە :
بەبۆنەی (٦٠) شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان لە سەرۆک، ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین، ئومێدەوارین ئەم یادە پڕ شکۆیە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتری کاری ڕێکخراوەیی یەکێتییەکەتان.
لەم یادە پیرۆزەدا، ڕۆڵ و کاریگەریی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین و ستایشی ھەڵوێستی خۆڕاگرانەیان دەکەین کە سەرەڕای ھەموو دۆخە سەختەکانیش، لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردە و فێرکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا بەردەوامن، ھەڵوێست و قوربانیدانی مامۆستایانیش لە قۆناغە جیاوازەکاندا ھەمیشە لە یادگە و بیرەوەریی خەڵکی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پەرلەمانی کوردستانیش پشتیوانیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ کاری ڕێکخراوەیی دیموکراسییانە و مەدەنییانەتان لەپێناو خزمەتگەیاندنی زیاتر بە مامۆستایانی کوردستان و فەراھەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستەتر بۆیان، کە لە ئاست ماندووبوون و قوربانیدانی ئەواندا بێت.
جارێکی تر بەرز و پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، شاد و سەرفرازبن.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٥/١٥
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی ئاوارەکانی خانکێ کە ئاوارەکانی شەنگالی تێدایە ئاگرکەوتەوە، بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە لە ئەنجامی شۆرتی کارەبا بووە و پێنج خێمە سووتاون.
دوای ئاوارەبوونی ھاووڵاتیانی ئێزدی شەنگال بۆ پارێزگای دھۆک لە ساڵی ٢٠١٤، لەو کاتەوە تا ئێستا چەندینجار لە کەمپی ئاوارەکان کەوتووەتەوە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، لە ئێستادا بەھۆی ناجێگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی لە شەنگال، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێم و ئێران بە شێوەیەكی باش بەردەامە و بەگشتی رۆژانە 700 بارهەڵگری گەورە دێتە ناو هەرێم، وتیشی، زۆرترین كاڵا لە ئێرانەوە بۆ هەرێم لە سنوری باشماخەوە هاوردە دەكرێت.
سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، ساڵانە بەبەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار كاڵا لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ئاڵوگۆڕ دەكرێت.
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی مامۆستایانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی ھەموو ئەو مامۆستا تێکۆشەر و ماندوونەناسانە دەکەینەوە کە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان گێڕاوە لە مێژووی خەباتی سیاسیی گەلەکەمان و ھاوشانی پێشمەرگە قارەمانەکان قوربانیی گەورەیان داوە لەپێناو خاکی کوردستان. مێژووی شکۆداری مامۆستایان لە پێشخستی رەوتی خوێندن و پەروەردەکردنی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان لەبیر ناکەین و لەبەردەم ئەو مێژووە زێڕینەدا سەری ڕێز دادەنەوێنین.
لە ساڵانی رابردوودا مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێپەڕین، بەڵام بە دڵسۆزی و پشوودرێژی خۆیان بەردەوامییان بە رەوتی خوێندن داوە و بەردەوامبوون لە پرۆسەی فێرکردن و دروستکردنی نەوەیەکی نوێخواز. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر ئەو ھەڵوێستە جوامێرانەیە وەفادار دەبێت و بەڵێنتان پێدەدەین ھەموو ھەوڵێک بدەین لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانتان.
ھەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٥ی ئایاری ٢٠٢٢
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاندووە، بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی گرنگ و پیرۆزی مامۆستایان و ھەوڵ و کۆششیان بۆ فێرکردن، پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی ئێستا و داھاتووی کوردستان، بەرز دەنرخێنین.
ئاماژی بەوەشکردووە، بەرپرسیاریەتی ئامادەیی و ڕۆڵی پێشەنگانەی مامۆستایان بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی تاک، لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش و لە ئێستای ئازادیشدا، مایەی دەستخۆشی و پێزانینە. لە ڕۆژگارە ھەرە سەختەکانیشدا، مامۆستایانی دڵسۆزی کوردستان بەرگەی ھەموو تەحەدییەکانیان گرتووە و لە ئەرکی پیرۆزی پەروەردەکاری و فێرکردن بەردەوام بوون و کۆڵیان نەداوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، نەوەکانی ئێستا و داھاتوو ئەمانەتی مامۆستایانن، بۆیە مامۆستایان کلیل و بناغەی سەرکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون و ڕۆڵیان لە برەودان بە کولتووری یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و پێکەوەژیان ھەیە و مامۆستایانی کوردستان شایستەی گوزران و ژیانێکی باشترن، ھەموو پشتگیرییەک بۆ ماف و داواکاری و شایستەکانیان دووپاتدەکاتەوە.
"بەشدار حەسەن" سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممە پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن لە دادگای ھەولێر دادگایی دەکرێن، ئەوانیش "مەحمود ناجی ێدیق، کوڤان تاریق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراھیم، ئەمجەد یوسف مستەفا و نێچیرڤان بەدیع حاجی)ن.
سەرۆکی تیمی پارێزەران وتیشی، ئەو پێنج چالاکوانە لە رۆژانی ١٤ و ١٩ی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی دەستگیرکران، ھەرچەندە شیلادزێ سەر بە پارێزگای دھۆکە بەڵام زیندانییەکان لە ھەولێر دادگایی دەکرێن. لە ماوەی رابردوودا بەھۆی دادگایی نەکردنیان زیندانیانی شیلادزێ چەندین جار مانیان گرت و دوای تێکچوونی رەوشی تەندروستییان وەسێتنامەیان بۆ کەسوکاریان نوسی.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رووداوەکەی دوێنێ شەو، کە بەھۆیەوە ھاوڵاتییەک برینداربوو پەیوەندی بە کەیسی سلێمانی ھەڵشۆییەوە ھەیە و ئەو کەسەی بریندابووە پێشتر ئۆتۆمبێلێکی بە مەبەستی خێر داوە بەو کەسەی تەقەی لێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە وتەی ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە تەقەکردنە لە کاتی خۆیدا پارەی ئۆتۆمبێلەکەی پێداوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە خێرەکەی پێبداتەوە و بەھۆیەوە کێشەکەیان بەردەوامیان ھەبووە تا دوێنێ شەو لە ناو ناحیەی سەنگەسەر بووە بە شەڕیان و فیشەکێکی ناوە بە سەری سکاڵاکارەکەوە.
وتیشی، لە دوای رووداوە بە ماوەیەکی کەم تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و بریندارەکەش لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.
ئاشکراشیکرد، کەیسی سلێمان ھەڵشۆی لە قۆناغی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەدایە و لەسەرتادا ٨٧ تۆمەتبار لەسەر کەیسەکە دەستگیرکرابوون و ٨٦ کەسیان بە کەفالەتی دارایی ئازادکراون، تەنھا سلێمان ھەڵشۆی ماوەتەوە.
راشیگەیاند، ١٢٠٠ ھاوڵاتی لەسەر کەیسەکەی سلێمان ھەڵشۆی سکاڵای تۆمارکردووە و گوژمەی ئەو پارەی لەلایەن سکاڵاکارانەوە باسدەکرێت کۆی گشتی بە ١٥٠٠ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.
وتی، لەبەر رێژەی زۆری سکاڵاکاران و تۆمەتباران و پەیوەندیبوونی بە رێژەیەکی زۆری پارەوە پێویستیان بە کات دەبێت بۆ تەواوکردنی لێکۆڵێنەوە لە کەیسی سلێمان ھەڵشۆیی.
کەشناسی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران بارین روو لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، سنە، ورمێ و حەوت پارێزگای تری ئێران دەکات و شەپۆلەکە تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەندێک ناوچە شەپۆلەکە بایەکی توند و خۆڵبارینی لەگەڵ دەبێت و مەترسی شکانی درەختەکان و کەمبونەوەی مەودای بینین و دروستبونی گرفتی ھاتوچۆ لە ئارادایە.
ھاوکات مەھدی سابری بەڕێوەبەری کەشناسی ورمێ رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ ئاستی ئاوی روبارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و کۆبوونەوەی ئاو لە ناو شارەکان ببێتە ھۆی دروستبونی لافاو، وتیشی خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەکان چڕ دەبێت.
شۆخان عومەر بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی راگەیاند، کۆدەکان ژمارەی خانەنشینان خۆیانە کە لەسەر پێناسەکانیان نووسراوە، بە پێی خشتەیەکیش کە دانراوە لە رۆژی شەممەوە ئەو خانەنشینانەی کۆدەکانیان لە ژمارە ١٠ ھەزار و ١١ ھەزار و ٢٧ ھەزارە مووچەکانیان دابەشدەکرێت، رۆژی یەک شەممەش مووچەی کۆدی ژمارە ٢٨ ھەزار و ژمارە ٢٩ ھەزار دابەشدەکرێت.
راشیگەیاند، رۆژی دوو شەممە مووچەی ئەو خانەنشینانە دابەشدەکرێت کە کۆدەکانیان ژمارە ٣٠ ھەزار و ٣١ ھەزارە، رۆژی سێ شەممەش ژمارە ٣٢ ھەزار و ژمارە ٣٣ ھەزار دابەشدەکرێت و رۆژی چوار شەممەش کۆدەکانی ژمارە ٣٤ ھەزار و ٣٥ ھەزار و ٣٦ ھەزار مووچەیان پێ دەدرێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەڵات و دیاری ڕێزلێنانی بەخشی بە بۆکان ھەڵەبجەیی، بۆکان گەنجێکی بەھرەمەندەی پارێزگای ھەڵەبجەیە کە بە ھەوڵ و ماندوبونی خۆی و دوای حەوت ساڵ کارکردن، توانی ڕێنوسی زمانی کوردی لە ڕیزی زمانەکانی تری جیھان بۆ گووگڵ زیاد بکات، ھەنگاوەی ئەو گەنجە کوردە بووەتە جێگەی سەرنج و کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتووەتەوە.
"د.ئازاد مستەفا" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە رایگەیاند، ئێستا ئامێری (یاگ لەیزەر) بۆ بەشی نەشتەرگەری چاو لە نەخۆشخانەی بەرکەتووانی چەکی کیمیایی بەردەستە و تایبەتە بە ئەوانەی کە نەشتەرگەری لابردنی ئاوی سپی چاو یان دانانی ھاوینەی چاو دەکەن. ھاوکات داوای لە وەزارەتی تەندروستی و دارایی ھەرێم کرد پارەی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکەن بۆ ئەوەی ھیچ بریندارێک بۆ چارەسەر رەوانەی ئێران نەکرێت.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ھاتووە، دوای ئەوەی دەنگی تەقە لە گەڕەکی چوارباخ لە شاری سلێمانی بیسترا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی رزگاری گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانرا کەمتر لە سەعاتێک تەقەکەرەکان بدۆزرێتەوە و دەستیگیربکرێن .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەر راگیراوان و لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر دوو چەک لە جۆری یەک کڵاشینکۆف و یەک دەمانچە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکدا کە بە تۆمەتباران بووە .
"رەنج پشدەری" رۆژنامەنووسی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کاروانی یەکەم ٨٠ کۆچبەر بوون بەپێی زانیارییەکان سەرجەمیان کوردن و سەعات ٧ی بەیانی ئەمڕۆ لە ئاوی دەریای "سێ پەنجە" لە نزیک دوورگەی کیسرا لە یۆنان ڕزگار کران. ھەروەھا کاروانی دووەم ١٠٠ کۆچبەر بوون و لە نزیک ھەمان دوورگە ڕزگارکران ئاشکرا نەکراوە چەندیان کوردن.
"رەنج پشدەری" راشیگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش کاروانێکی دیکەی کۆچبەران کە پێکھاتبوون لە ٦٠ کۆچبەر لە نزیک دوورگەی کیسرا لەلایەن پۆلیسی دەریاوانی یۆنان لە خنکان ڕزگار کران، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ١٠ کۆچبەریان کوردن و سەرجەمیان سەلامەتن.
سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دەبوو منداڵانی شەھیدانی پێشمەرگە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە خوێندنی باڵای عێراق وەربگیرێن، بەڵام وەرناگیرێن، لەسەر ئەو دۆسیەیە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی شەھیدانی عێراق کۆدەبنەوە. وتیشی، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ھێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان دەکەن.
بۆکان حەسەن بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەلایەن کۆمپانیای گووگڵ بە فەرمی بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو لەگەڵ چەند ئەندازیارێکی کۆمپانیاکە کۆببێتەوە.
بۆکان حەسەن دەڵێت، " تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە بەشی سیستەمی دەنگمان بۆ چالاک بکەن بۆ گووگڵ کراودسۆرس بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوودا ئیش بکەین بۆ سیستەمی دەنگی زمانی کوردیی ناوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان."
رۆژی شەممە کۆمپانیای گۆگڵ لەبەشی وەرگێڕانی زمانە جیھانییەکان بەرەسمی زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی لەکۆنفراسی ساڵانەی خۆیدا راگەیاند، ئەوەش بەرھەمی گەنجێکی دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە کەماوەی حەوت ساڵە بەردەوام کار بۆ ئەو پرسە دەکات.
بۆکان حەسەن دەڵێت، بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو پێوستی بە حکومەتی ھەرێمە ھاوکاری بێت. زمانی کوردی سۆرانی لەگەڵ ٢٣ زمانی تردا دوای جێگیرکردنیان لە دەرئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کۆمپانیای گۆگڵ بوو کە لەناو ١٢٧ زمانی جیھاندا لەکۆتاییدا بڕیاری لەسەردرا.