"د. یاد نەقشبەندی" بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی نەبوونی دەرمان و پێداویستی نەخۆشخانەی ھیوا، فراکسیۆنی یەکێتی نوسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.
وتیشی، ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکان بە تەنیا لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێم نییە، بەڵکو لە ئەستۆی حکومەتی عێراقیشە، پێداویستییەکان دابین بکات و گرفتەکان چارەسەر بکات.
بە پێی زانیارییەکان دادگای کەرخ لەسەر سکاڵای نوینەری یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی داوای بانگھێشتکردنی ھوشیاری زێباری کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ھۆشیار زێباری لە دوای دوورخستنەوەی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چەند جارێک ھێرشی کردووەتە سەر دادگاکە و بە ھۆکارێک بۆ قوڵبوونەوەی کێشە سیاسییەکان ناوی بردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکوک، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ١٣٥ کەس بەھۆی خۆڵبارینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
وتیشی، دوێنێ ٦٢٣ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و تا ئێستاش بەھۆی خۆڵبارینەوە ٧٥٨ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
ھاوکات بە بڕیاری ئیدارەی کەرکوک، ئەمڕۆ دەوامی فەرمانگەکانی شارەکە ئاسایی کرایەوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکوک ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆیان بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخستووە.
لە ڕێکەوتی ١٧ی ئایاری ٢٠١٦دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی سەرۆک مام جەلال، نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوڵ عەلی، رێکەوتنامەی سیاسی یەکێتی و گۆڕانیان لە دەباشان ئیمزاکرد.
رێکەوتنەکە ١١ بەش و ٢٥ ماددەی لە خۆ گرتبوو. تێیدا ھەردوولا تێڕوانینی ھاوبەشی خۆیان دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە حزب، ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە ڕووە سیاسی و ئابورییەکانەوە خستەڕوو.
ھەروەھا رێکەوتنە، ئاماژەی بە پێویستی ئامادەکردنی دەستورێکی دیموکراتیانە و سەربەخۆیی دادگاکان کردووە. لەگەڵ بە دامەزراوەیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و پەیوەندیەکانی دەرەوە. لە بارەی چەندین کەرتی ترەوە لە نێویاندا پرسی نەوت، ڕێکەوتنەکە داوای چاکسازی و شەفافیەتی کردووە.
ھەمان رۆژ لە "شاری جوان" لە سلێمانی، ڕێورەسمێک بۆ ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکە ڕێکخراو نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی وتەیان پێشکەشکرد و جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو حزب لەسەر ھەموو ئاستەکان.
لە ۱٧ی ئایاری ۱۹۹٤دا، بەمەبەستی تەشەنەنەکردنی شەڕی ناوخۆ، شەھیدی سەرکردە حەسەن کوێستانی سەردانی دەڤەری باڵەکایەتی کرد و لە حاجی ئۆمەران کەوتە بۆسەوە و خۆی و شەش ھەڤاڵی شەھید بوون بە ناوەکانی:
١- یوسف ئیبراھیم گەڵالی
٢- محمود ( خولە)
٣- سەید خدر زینوەیی
٤- خدر مینە دەربەندی
٥- محمد عالی دەربەندی
٦- حمدامین سۆرەبانی
شەھید حەسەن کوێستانی لەساڵی ۱۹٥٠ لە گەڵاڵە لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٧٢دا چووتە ناو دونیای سیاسەت.
دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی ھیوا، لە یاداشتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانەی ھیوا گرفتی پارەی پێویستی ھەیە، کە پێنج مانگە پارەی سندوقی کۆمەک بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە خەرجنەکراوە و بەشێک لە ئامێرەکانیش بەھۆی زۆری فشارەکەوە کێشەیان بۆ دروستبووە.
ھاوکات، د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا ڕایگەیاند، ئامارەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی و ھەموو ھەرێمی کوردستان، بەراورد بە ١٠ ساڵی ڕابردوو، سێ ھێندە زیادیانکردووە.
وتیشی، شەش مانگە ھاوار بۆ نەمانی دەرمانی شێرپەنجە و نەبوونی پارە دەکەن، بەڵام وەڵامێکی ڕاست و بوێرانەیان وەرنەگرتووە.
ئاشکراشیکرد، لە ڕێگەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمەوە، یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە.
نووسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بڵاویکردەوە، "خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەو دیدارەیدا پیرۆزبایی لە بۆکان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆژەکەی و بە مایەی شانازی ھەمووانی ناوبرد."
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ستایشی ھەوڵەکانی بۆکان جافی کرد کە کە دوای چەندین ساڵ کارکردن کۆڵینەداوە تاپرۆژەکەی گەیشتۆتە ئامانج و سەرکەوتوو بوە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە و کارەکانی دووپاتکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھاتووە، " بۆکان جاف سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و بەسەرکردنەوە و ھەڵوێستی دڵسۆزانەی خاتوو شاناز دەربڕی و رایگەیاند: پاڵپشتیەکانت ھاندەرێکی زۆرباش دەبێت تاوەکو بتوانین وەک گەنجان لەو پرۆژە و بیرۆکانەی ھەمانە بەردەوامبین و ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستبھێنین."
رۆژی شەممە کۆمپانیای گۆگڵ لەبەشی وەرگێڕانی زمانە جیھانییەکان بەرەسمی زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی لەکۆنفراسی ساڵانەی خۆیدا راگەیاند، ئەوەش بەرھەمی گەنجێکی دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە کەماوەی حەوت ساڵە بەردەوام کار بۆ ئەو پرسە دەکات.
بۆکان حەسەن دەڵێت، بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو پێوستی بە حکومەتی ھەرێمە ھاوکاری بێت. زمانی کوردی سۆرانی لەگەڵ ٢٣ زمانی تردا دوای جێگیرکردنیان لە دەرئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کۆمپانیای گۆگڵ بوو کە لەناو ١٢٧ زمانی جیھاندا لەکۆتاییدا بڕیاری لەسەردرا.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا لە ھەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری وناوخۆ بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داھاتە گشتییەکان وگەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەویەت بێت و پێش ھەر خەرجیەکی دیکە بێت و ئەو کورتھێنانەی ھەیە پڕ بکرێتەوە."
حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی مووچە و بژێوی ھاوڵاتییان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە و دەبێت حکومەت بەیەک چاو سەیری ھەموو ناوچەکان بکات.
لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، "ئەرک وبەرپرسیارێتی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتھێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە ھەر پارێزگا وناوچەیەکی ھەرێم بێت."
لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش ھەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە ھەمانکاتدا لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا."
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی ھەموو کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە درا.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری ھەر یەکە لە وەزیرەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کارەبا، پێشمەرگە، گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردرا ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ ھۆڵی تاقیکردنەوەکان دابین بکات، ھەرەوەھا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ڕاسپێردرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ھەماھەنگی تەواو بکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چۆنییەتی مامەڵکردن لەبارەی ئەو پرسەوە بدرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا؛ لە ھەموو شارەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکبھێنرێت بۆ ھەماھەنگی کردن لە نێوان ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. تاوتوێی چۆنییەتی رێکخستنی بەشداریکردنی ئەو خوێندکارانەش کرا کە لە ریزی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکاندان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە؛ دەبێت ئامادەکارییەکان بە جۆرێک بکرێت کە خوێندکاران بێ گرفت تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن و شکۆ و رێزی مامۆستایانی بەڕێزیش پارێزراو بێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران کرا لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا و بڕیاردا ئامادەکاری بۆ ئەو پرسەش بکرێت.
ماجید تاھیر، ئەندامی داواکاری گشتی لە بەرنامەی فایل و دیاردە ڕایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار نین بۆ دەستگیرکردنی داواکراوەکان و کێشەی ھەرە سەرەکی دادگاکان جێبەجێنەکردنی بڕیاری دەستگیرکردنە.
ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی راشیگەیاند، ٥ تۆمەتباری زۆر ترسناک ھەن لە دەرەوەی ھەرێمن و لە دەیان تاوان تێوەگلاون و داواکراون، پۆلیسی ئینتەرپولیش ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام بەغدا ھاوکار نییە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە و بدرێن بە دادگا.
بە وتەی ماجید تاھیر، کە سەرپەرشتیاری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانی گشتی دەکات لە ھەولێر، لەدوای دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، چەندین داواکراو دەستگیرکراون.
ماجید تاھیر رایگەیاند، لەدوای دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنەوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، لەکۆی ١٧٨ کەیس کە لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەوە تۆمارکراوە، ٧٨ کەیس یەکلاکراونەتەوە.
دەشڵێت ١٩ پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە داواکراون، بەڵام وەزارەتەکە و لایەنی پەیوەندیدار ھاوکار نەبوون بۆ رادەستکردنیان.
لە سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی پێکھێنا بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە داواکراون، کە ژمارەیان پێنج ھەزار و ٩٢٠ داواکراوە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە، تا ئێستا ٤٧٠ کەسیان دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزیری کشتوکاڵ بۆ ئەنجومەنی وەزارەی بۆ کاروباری ئابوری، بڕی ١٠٠ ھەزار دینار زیادکراوە بۆ نرخی ھەر تۆنێک لە گەنمی ئەمساڵ کە لە جوتیاران وەردەگیرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەش ئەمساڵ بۆ ھەر تۆنێک بڕی ٨٥٠ ھەزار دینار دەدرێت بەو جوتیارانەی گەنمەکانیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی دەکەن.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە کاری لەپێشینەیان.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی وەرگرتنی ھەر تۆنێک بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی لە جوتیاران بە ٧٥٠ ھەزار دینار خەمڵاندبوو.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "لەکۆبوونەوەیەکمدا لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک ورزشوانی یانەی چوارقوڕنە، چەند ڤدیۆیەکی ھاندەرانی ئەو یانەیەم بینی، تێگەشتم چ پاڵپشتییەکی مەعنەوی بوون تا بەو ئیمکاناتە کەمە توانیویانە بگەنە خولی پلە نایابی کوردستان."
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، قوباد تاڵەبانی چاوی کەوت بە ھاکار گەردی، وەرزشوانی بە توانا و پاڵەوانی کیک بۆکسینگ کە توانیویەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بھێنێت.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "لەوەرزشدا ھەمیشە ھەموو ھەوڵێکم لەو پێناوەدا دەبێت وەرزش لەتەنھا حەز و خولیاوە بکەین بە پیشە و داھات بۆ وەرزشوانان مسۆگەر بکەین تاژیانێکی شایستەیان ھەبێت. لەم پێناوەشدا بەرنامەمان ھەیە و پشتیوان بەھەموو لایەک ھەنگاو بەھەنگاو جێبەجێی دەکەین."
وەفدی باڵای یەکێتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان کرد لەبارەی رەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ژیان و گوزەرانی دژواری ھاوڵاتیانی کوردستان و مووچەخۆران.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا ھاتووە، "ھەردوولا جەختیانکردەوە دۆخی چەقبەستوی سیاسی نێوان لایەنەکان، پێشھاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی یەکریزی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان لایەنەکان و پرۆسەی سیاسی ھەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ھەردولا جەختیانکردەوە لەوەی کە "دەبێت ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکانە لاببرێن."
ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە باس لەوەش کراوە کە "پرسی ھەمووارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردنەکان کە بۆتە خواستێکی جەماوەری و گشتگیر لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا، ھەڵوێستی ھاوبەشی نیشتیمانی بۆ گەڵاڵە بکرێت و دەستکەوتەکان بپارێزین."
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عێراق پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ ھەموو پارێزگاکان دادەنێت، ھەرێمی کوردستانیش دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکات.
نەوزاد کامیل وتی لیژنەی تایبەتمەند لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و ئاسایش پێک دەھێنرێت، دواتر وادەی وەرگرتنی گەنم رادەگەیەنرێت کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ لە ١/٦ەوە گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.
وتیشی، ساڵی رابردوو وەرگرتنی گەنم سنوردار کرابوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ جوتیاران ھەرچەند بەرھەمیان ھەبێت دەتوانن رادەستی سایلۆکانی بکەن، بڕیاریشە دوای ١٠ بۆ ١٥ رۆژ لە وەرگرتنی گەنم پارەی جوتیاران بدرێت.