ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران لە سنووری شێخ سڵە لە پارێزگاری کرماشان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەرکردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی "سەلاسی باوەجانی" سەر بە شاری کرماشان بە ناوی "محەمەد نادری" تەمەن ١٨ ساڵ کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گوندی ھەنگەژاڵی سەربە شاری بانە کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "عەبدوڵا حەجەری" تەمەن ٢٥ ساڵ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان بریندار کراوە، بەھۆی سەختی برینەکەی رەوانەی شاری تەبرێز کراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو راشیگەیاندووە، حاڵەتەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەران زیادیانکردووە و لە مانگی ڕابردوودا ٣٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە تەقە ھێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رەوشی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی پێشوەخت بڵاوکردەوە و داوای لە ھەموو سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق کرد، لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن، داواشی کردووە، ھەنگاوی جددی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشتبەستن بە بنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو رەوشە چەقبەستوەی ئێستا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی رەوشی ئێستای عێراق، دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەبدەن، بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن رازی بن وەک خۆی، ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، (ھەسەدە) ماوەی ٦ رۆژە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانی راگرتووە و ئەو ھەنگاوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر زیادبوونی ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھەسەدە دێت.
لەوبارەیەشەوە، لێپرسراوێکی باڵا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رەنگە ببنە ھۆی پەککەوتنی ئۆپراسیۆنەکانی شکستپێھێنانی داعش.
سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانیان بە (ھەسەدە) کە بیانپارێزێت لە ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئەو بەرپرسە وتی، تاکە ئەرکی ئەوان لە سوریا شکستپێھێنانی ھەمیشەیی داعش و ڕێگریکردن لە دوبارە سەرھەڵدانەوەی ئەو گروپە تیرۆریستیەیە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووە، جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە گوندەکانی زرگانی سەر بە سەرێکانی و گوندەکانی تەلتەمر لە پارێزگای حەسەکە زیادیکردووە و سوپای تورکیا ھێزێکی زیاتری رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.
بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا تورکیا لانیکەم ٣٧٦٣ ھێرش و بۆردومانی بۆ سەر ھەرێمەکانی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، کە بەھۆیانەوە ٣٣ کەس شەھیدبوون و ١٢٤ی دیکەش برینداربوون.
لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دوای کوشتنی کارمەندەکەی ئاسایش تیمێکی لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکھێنرا، پاش کۆکردنەوەی زانیاری توانرا بکوژەکەی لە یەکێک لە گەڕەکانی شاری کەرکوک دەستگیر بکرێت.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ی کوشتن بەندکراوە .
ئەندازیار ئەمیر عبدولخالق سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی ١٥٠مەتری بازنەیی خێرای ھەولێر راگەیاند، ''شەقامی خێرای ١٥٠ مەتری بە گشتی چێوەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بە دەوری شاری ھەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە ١٠ کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان ٧.٦ کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان ٦.١ کیلۆمەترە، واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی ٢٤ کیلۆمەترە.''
لەبارەی ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وتی، ''ئەو بەشە لە نێوان شەقامی سەرەکی دھۆک تا ھەولێرە، تاوەکو ڕێگەی سەرەکی ھەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی ٦.١ کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕووبەری کارکردن وەک ڕێیەکی ٧٥ کیلۆمەتری بە پانیی ھەشت مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی ١٩.٥ مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت، دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، ھەروەھا دوو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و٤٣ سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.''
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت:''لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی ٥٥٠ ڕۆژە. بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە ١٤ سەعات کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی دوو ھەزار کارمەند و ٨٠٠ پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، ھەروەھا پڕۆژەکە گشت ھێڵکارییەکانی ڕێگا و ھێماکانی ھاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.''
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاماری ھەفتەیەکی سەبارەت بە تۆماری ئۆتۆمبێل و سەرپێچی و روداوەکانی ھاتووچۆ بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە لە ٥ی ئاب تا ١١ی ئابی ٢٠٢٢ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆی ھەرێم، ٣ ھەزار و ٨٩ ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون، زۆرترین رێژەش لە پارێزگای ھەولێر بووە، ھەر لەو ماوەیەدا ٩٣٤ ئۆتۆمبێل تابلۆکانیان گۆڕیوە بۆ تابلۆی نوێ.
بە پێی ئامارەکە، ھەر لەماوەی ئەو ھەفتەیەدا، ٦٧ ڕووداوی ھاتوچۆ لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم ڕوویانداوە کە ١٨ ڕووداو لە ھەولێر و ١٣ڕووداو لە سلێمانی بووە، ٢٩ ھەزار و ٦٨٦ سەرپێچی ھاتوچۆش تۆمارکراوە، ھەروەک ھەزار و ٣٩١ مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بە ھاوڵاتیان.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی یەک ھەفتەدا واتە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٢ تاوەکو ١١ئابی ٢٠٢٢، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و ٨٩ ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمار کراون، کە دوو ھەزار و ١٥٨ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای ھەولێر و ٦٥٠ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای سلێمانی و ٢٨١ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای دھۆک بوون.
ھەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی ئەو ھەفتەیەدا ٩٣٤ ئۆتۆمبێل تابلۆکانیان گۆڕیوە بۆ تابلۆی نوێ، کە ٦٥٢ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای ھەولێر و ٧٠ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای سلێمانی و ١١٤ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای دھۆک و ٩٤ ئۆتۆمبێلیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و چوار ئۆتۆمبێلیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.
ھەروەھا ھەزار و ٣٩١ مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بە ھاووڵاتییان کە ٣٩٧ مۆڵەتیان لە پارێزگای ھەولێر و ٣٤٧ مۆڵەتیان لە پارێزگای سلێمانی و ٢٨٨ مۆڵەتیان لە پارێزگای دھۆک و ٥٦ مۆڵەتیان لە پارێزگای ھەڵەبجە و ١٠٤ مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٤٠ مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٠٥ مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و ٥٤ مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.
ھەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی ئەو ھەفتەیەدا ٦٧ رووداوی ھاتووچۆ روویانداوە کە ١٨ یان لە پارێزگای ھەولێر و ١٣ یان لە پارێزگای سلێمانی و ٨ھەشتیان لە پارێزگای دھۆک و دوویان لە پارێزگای ھەڵەبجە و پێنجیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٠ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ٥ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و شەشیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.
ھەروەھا ٢٩ ھەزار و ٦٨٦ سەرپێچی ھاوتووچۆیی تۆمار کراوە، کە ٣ ھەزار و ٣٢٨ یان لە پارێزگای ھەولێر و ٨ ھەزار و ٨٨٨ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١١ ھەزار و ٥٨٧ یان لە پارێزگای دھۆک و ٣٥ یان لە پارێزگای ھەڵەبجە و ١٦٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٥٠٩ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ٧٠ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٥ ھەزار و ١٠١ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.
ھەپەگە ئاشکرایکردووە، سوپای تورکیا پێنج جار بە فڕۆکەی جەنگی و ھیلیکۆپتەر و دەیان جاریش بە کاتیۆشا ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و خواکوڕکیان بۆردومان کردووە.
ناوەندی ڕاگەیەندن و چاپەمەنی ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) ڕاگەیەندراوێکیلەبارەی چالاکی گەریلاکان لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و خواکوڕک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو ناوچانە چوار سەربازی تورکیایان کوشتووە و سێ سیستمی کامێرای چاودێری و دوو کامێرای حەراری تێکشکاندووە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە زیندانیکراوانی بادینان رایگەیاندوە، ماوەیەکە پرسی ئازادکردنی بەمەرج خراوەتە ئەستۆی دەستەی مافی مرۆڤ، ئەو بابەتە بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەڵام رایگشتی و میدیاکان و کەناڵەکانی راگەیاندن و سزادراوان و خانەوادەکانیان ئاگاداردەکەنەوە دەستەی مافی مرۆڤ کاری پێویستی بۆ ئەو پرسە ئەنجامداوە و بەردەوام دەبێت لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی ھاووڵاتیانی ھەرێم و سزادراوان بە تایبەت، بەڵام دوا بڕیار لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و چاوەڕێی وەڵامی رەسمی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەن.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لایەنێکی سەرەکی ئەو بابەتەیە و تەواوی دۆسیەکانی ئەو سزاداراوانەی ئامادەکردوە کە ئازادکردنی بەمەرج دەیانگرێتەوە و تاوەکو بینێرن و بۆ داواکاری گشتی بۆ دەربرینی رای خۆیان و لەوێشەوە بینێرن بۆ دادگای کەتن.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، لە ٤٨ سەعاتی داھاتوودا ئاسمان بە شێوەیەکی گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ھەرێم و ھەندێ کاتیش ئەگەری بەھێزبوونی کاریگەرییەکەی ھەیە و خێرایی باش لەسەرخۆ و مام ناوەند دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ھەر لە ٤٨ سەعاتی داھاتوودا پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە نزکەی ١ تا ٢ پلە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی ڕۆژانی پێشوو.
دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان خزمانی ھەشەزینی، خانەوادە و کەسوکاری خاتوو نەغەدە شێخ عەزیز شێخ بابە عەلی
بۆ كۆچی دوایی خاتوو نەغەدە، هاوسەری كۆچكردوو د. مارف عومەر گوڵ، پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین.
لەخوای گەورە داواكارین رۆحی كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووری بە هەموولایەك ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٢ی ئابی ٢٠٢٢
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، کۆڵبەرەکە ناوی "عەبدوڵا حەجەری"یە و خەڵکی شاری بانەیە و لە دەوروبەری گوندی ھەنگەژاڵە لە سنووری شاری بانە، لە نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندارە. دواتر بەھۆی سەختی برینەکەی رەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی تەبرێز کراوە.
بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، حاڵەتەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەران زیادی کردووە و مانگی ڕابردوو ٣٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ھێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی