ئامانج عەبدوڵا بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا یەکی تشرینی یەکەم ٧٥ ھەزار کەس لە عێراقەوە کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، کە لەو ژمارەیەش ٣٥ ھەزار کەسیان ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان بوون، بەم پێیەش نیوەی ئەو کەسانەی لە عێراقەوە کۆچیان کردووە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون.

ئامانج عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، بەراود بە ساڵی رابردوو کۆچکردن بۆ دەرەوە زیادیکردووە و سەرەڕای مەترسیدارییەکەشی زۆربەیان بە رێگای ئاوی خۆیان دەگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

بەرپرسی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھیچ پلانێکیان بۆ گەنجان نییە و ئەوەش وایکردووە رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی وڵات بەجێدەھێڵن زیاتر بن.