لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، دوو خۆپیشاندەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پیرانشار کوژران، یەکێک لە کوژراوەکان مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵە بە ناوی کۆمار دەرئۆفتادە، کە لەدووری سێ مەترەوە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکراوە. 

لە شاری سنە ھاووڵاتیان چوونە سەر گۆڕی سارینا ساعدی یەکێک لەو کچانەی لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، لە شاری شنۆش لە دژی کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، کاسبکار و دوکانداران مانگرتنیان راگەیاند.

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەشی بڵاوکراونەتەوە، خوێندکارانی زانکۆ لە تاران و  سنە و شیراز و بوشەھر و مەریوان، لە گۆڕەپانی زانکۆکانیان گردبوونەوە و بەوتنەوەی دروشمی ئازادی داوای ئازادکردنی خوێندکارە دەستگیرکراوەکانیان کرد.

لە شاری دیواندەرەش خوێندکارانی کچ رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان دەوتەوە، لە شارەکانی سەقز و سنە و مھابادیش چەندین خۆپیشاندەر رفێندران، بە تەنھاش لە گوندێکی بۆکان ١٦ کەس لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە رفێندراون. 

ئاژانسی تەسنیم لەزاری  سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە تاران بڵاویکردەوە، ھەزار دەستگیرکراو تۆمەتی کاری ئاژاوەگێڕییان رووبەرووکراوەتەوە و لەم ھەفتەیەدا بە ئاشکرا دادگایی دەکرێن.

ھاوکات ژمارەیەک لە ژنە دیارەکانی جیھان لە ١٤ وڵاتەوە، کە لەنێویاندا ھیلاری کلنتۆن و ئۆپرا و میشێل ئۆبامایان تێدایە، داوایانکردووە ئێران لە لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی ژنان دەربکرێت، چونکە پێشێلکاری گەورە بەرامبەر ژنان و کچانی ئێران کراوە.

بە پێی زانیاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە خۆپیشانداندا لانی کەم ٢٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٤٤یان مێردمنداڵن.