تائێستا لە سنوری سلێمانی ھەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە
کوردسات نیوز
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
فەلاح مەولود ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی کانزایی رایگەیاند، تائێستا لە ھەولێر چوار ملیۆن و ٤٨٨ ھەزار لیتر و لە سلێمانیش ھەشت ملیۆن لیتر و لە دھۆک زیاتر لە شەش ملیۆن و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش ٢٢٠ ھەزار لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەشکراوە. بە کۆی گشتیش، ١٧ ھەزار و ٨٨٦ خێزان نەوتیان وەرگرتووە کە بۆ ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر دابینکراوە.
"فەلاح مەولود" وتیشی، بڕە نەوتێکی زۆر لە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ھەیە، ھەر کاتێک لە رێگەی قائیمقامییەتەکانەوە داوا بکەن، نەوتیان بۆ دەنێردرێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی کانزایی ئاماژەی بەوەشکرد، نەوتی سپی ٢٨٤ ھەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و بە نرخی پاڵپشتیکراوی ١٠٠ ھەزار دینار دەدرێتە ھاووڵاتیان. لەئێستاشدا دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە و دوایی ئەویش لە ناوچەکانی دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دابەشدەکرێت.