ئایسەڵ توغڵوک پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی کۆجائەلی لە تورکیا زیندانی کرابوو لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ و چەند تۆمەتێکی دیکە، بەڵام دوای شەش ساڵی زیندانی، لەلایەن دادگای باڵای تورکیاوە ئازادکرا.
ئازادکردنی ئایسەڵ توغڵوک دوای ئەوە دێت کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای پزیشکی داد لەژێر فشاری پارێزەران و چالاکواناناندا، ڕاپۆرتێکی لەبارەی رەوشی تەندروستیی ئایسەڵ توغڵوک ئاراستەی دادگا کرد و رایگەیاند، توغڵوک بەھۆی خراپیی رەوشی تەندروستییەوە، ناتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە، بۆیە دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا و بڕیارە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بگوازرێتەوە بۆ شاری ئەستەنبوڵ.
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا ٩٨ ملیۆن و ٧٦٥ ھەزار و ١٥٣ بەرمیل نەوتیان ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کردووە و ھەر بەرمیلێکیش بە ٨٩.٥٦٠ دۆلار فرۆشراوە و کۆی داھاتی نەوتیش لەو مانگەدا ھەشت ملیار و ٨٤٥ ملیۆن و ٤١١ ھەزار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا ٩٦ ملیۆن و ٤٤٥ ھەزار و ٤٢١ بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەناردەکراوە و لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیشەوە دوو ملیۆن و ١٦٩ ھەزار و ١٨٠ بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.
عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بڕیاربوو ئەم ھەفتەیە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبکرێت، بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی وردبینی لیستی وانەبێژی دابەشنەکرا.
وتیشی، بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە کە دەکاتە ٣٠ی ١٠، دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ٩ دەکرێت و ھێشتا مووچەی مانگی ١٠یان لای حکومەت دەمێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ قەزا و ناحیەکان ئامادەیە، بەڵام ھەموو مانگێک کێشە بۆ مووچەی مامۆستایانی ھەولێر و دھۆک و سلێمانی بە تایبەت بەھۆی نەبوونی سیولە دروستدەبێت و چاوەڕێ دەکەن چارەسەربکرێت.
بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئاگادرای کردوونەتەوە کە ئەمساڵ ئاھەنگی ھاڵۆوین لە ناوەندەکانی خوێندن قەدەغەبکرێت.
وتیشی، ئەوان پشتیوانی ئەو بڕیارە دەکەن، چونکە لە سستمی پەروەردە ھیچ رۆژێک نییە بە ناوی رۆژی ھاڵۆوین تا یادی بکرێتەوە، بەڵکو رۆژی تر ھەیە کە لەگەڵ کلتورو دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگونجێت.
بەناز رەمەزان راشیگەیاند، ھاڵۆوین فشارێکی ماددی زۆر دەخاتە سەر خێزانی خوێندکاران کە دەبێت جلوبەرگی تایبەتیان بۆ بکڕن، ھەروەھا دەبێت لەو رۆژەدا دەوام رابگیرێت کە ئەوەش رێگەپێنەدراوە، ھەروەھا ھاڵۆوین بۆنەیەکی ئەوروپییە و بەبێ ویست ھاتووەتە ناو کۆمەڵگە و لەگەڵ لایەنی کلتوری و کۆمەڵایەتی ئەوان یەکناگرێتەوە.
ھاوکات سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا وەزارەت ھیچ جۆرە بڕیارێکی لەبارەی ئاھەنگی ھاڵۆوین نەداوە.
"شاھۆ عوسمان" قائیمقامی قەزای شارباژێڕ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێ ھاووڵاتی خەڵکی گوندی مەروێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەیەک لە رێگەی چۆمانەوە سەردانی گوندی چۆمانی رۆژھەڵاتیان کردووە، بەھۆی ئەوەی ئەو سنورە ھیچ مەرزێکی رەسمی نییە، لەلایەن ھێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لێکراوە.
وتیشی، بەھۆی تەقەکانەوە ھاووڵاتیەک گیانی لەدەستداوە و سێ ھاووڵاتی تریش برینداربوون و لە نەخۆشخانەکانی ھەرێم چارەسەریان بۆ دەکرێت.
قائیمقامی قەزای شارباژێڕ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پاسەوانی سنوری ھەرێم و ئاسایشی باسنێ و چوارتا و بەشی پۆلیسی شارباژێڕ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەسەر رێگای نێوان ناحیەی گرعزێر و گوندی سکێنیە لە رۆژئاوای قەزای شەنگال فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج.
وتشی، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا، دوو کەس کوژران و سێ کەسی تریش برینداربوون.
ئەو بۆردومانەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە سێیەمین جارە ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج کە بەھۆیەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەم ئێوارەیە کەسێک لە نزیک پارکی نالی لە شەقامی سالمی سلێمانی تەقەی لە خەزوری کردووە و بەوھۆیەوە برینداری کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، بریندارەکە فیشەک بەر قاچی کەوتووە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستی جێگیرە و تەقەکەرەکەش ھەڵاتووە و دەستگیرنەکراوە.
وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە پێکھاتبوون لە ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و د.میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی.
وەفدەکەی یەکێتی لەلایەن مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێم و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
ھاوکات بڕیاروایە ھەر ئەمڕۆ وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی گوڵەخانە بکەن و لەگەڵ محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.
رۆژی چوارشەممە وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە سلێمانی و ھەولێر سەردانی "یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان"یان کرد و نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی حوکمڕانی گەیاندە ھێز و لایەنە سیاسییەکان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چلەمین رۆژی ناڕەزایی و مانگرتنی جەماوەری دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ھاووڵاتییەکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە شاری مھاباد بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراو و چوار کەسی تریش برینداربوون، ھەروەھا لە شاری سنەش ھاووڵاتییەکی تر کوژراوە.
ھەروەھا شەوی رابردوو، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی مھاباد و سنە و مەریوان و سەقز و مەریوان سەرباری رێگری ھێزە ئەمنییەکان و بەکارھێنانی گوللە و گازی فرمێسکڕێژ، بەردەوام بوون و بەو ھۆیەوە گرژیش روویدا.
بۆ یەکەمینجاریش لە قەسری شیرین شەوی رابردوو ھاووڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەندازیار وریا نوری خەفاف
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ئەندازیار و کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی (وریا حاجی قادری خەفاف)ـمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەین. لەخوای گەورە داواکاری رۆحی کۆچکردوو بەبەھشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ٨٥٪ی داھاتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەیە و لەئێستاشدا حکومەتی عێراق ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھەرێم نانێرێت.
وتیشی، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە دەکەن راست نین و ھیچ لایەنێکی رەسمی نەیووتووە دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت، بەڵکو بەمنزیکانە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە رادەگەیەنێت.
لە چلەمین رۆژی ناڕەزایی و مانگرتنی جەماوەری دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، سێ کەس لە مھاباد و سنە و قەسری شیرین بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
لە مھاباد لە دوای رێوڕەسمی بەکاخسپاردنی کوژراوەکە، خەڵک بەرەو بینای فەرمانداری ئەو شارە بەڕێکەوتن و گەمارۆیاندا و دواتر ئاگریان لە ژمارەیەک دامودەزگای حکومی بەردا و ھێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
"ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێرانیش رایگەیاند، ئاژەوەگێڕی ئەمدواییەی شارەکانی ئێران رێخۆشکەر بووە بۆ ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستی. وتیشی، دوژمن بە رەسمی شکستی سیاسەتی فشاری راگەیاندووە و ئێران بە خێرایی لە بەرەوپێشچووندایە.
بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆسەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری سلێمانی،ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە ١١٣ ملیۆن دینار بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاو لە گەڕەکی ھۆمەرەکوێر لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی.
ئەو بڕە پارەیە لەسەر رێژەی ١٧٪ی داھاتی ئاوی سلێمانییە و بەپێی ریزبەندی پلانی ئەمساڵ و بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکانی دارایی تایبەت بە داھات خەرج دەکرێت.
پڕۆژەکەش کاریگەری باشی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆسەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لەو گەڕەکەی شاری سلێمانی دەبێت.
وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە پێکھاتبوون لە ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و د.میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی.
وەفدەکەی یەکێتی لەلایەن مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی ھەرێم و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
ھاوکات وەفدەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سەردانی گوڵەخانەیان کرد و لەگەڵ محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی نیگەرانییەکانی یەکێتی لە شێوازی حوکمڕانی ھەرێم کراوە.
ھاوکات رۆژی چوارشەممەش وەفدەکەی یەکێتیی، لە سلێمانی و ھەولێر سەردانی "یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و حزبی شیوعی و زەحمەتکێشان"یان کرد و نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی حوکمڕانی گەیاندە ھێز و لایەنە سیاسییەکان.

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکان:
لەچوار چێوەی سەردانەکانی وەفدی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ، پێش نیوەڕۆی ئیمڕۆ لە شاری سلێمانی ھەڤاڵان ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و دکتۆر میران محمد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەرێزان مستەفای سەید قادر و ئاسۆ ڕەحیم و شێخ کامیل و بەختیار ئەولی و دلێر عەبدولخالق ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی کۆیونەوە.
وەفدی ھەردوولا تەئکیدیان لەسەر برەودان بە کاری پێکەوەیی لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردەوە.
ھەر ئەمرۆش وەفدەکە لە گوڵەخانە لە لایەن بەرێز محمدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازیان لێکرا و لە کۆبونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی فاتح مەحموود لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی ، محەمەد دۆلاشی ، سادق محێدین و رزگار غەفور کارگێرانی مەکتەب سیاسی و شادمان رۆستەم و سەلاح حاجی عەلی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەرێوەچوو ، ھاوخەباتی و پێکەوەیی لە مێژینەی ھەردوولا دوو پاتکرایەوە.
وەفدی یەکێتی لە ھەردوو کۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نیگەرانی یەکێتیان لە شێوازی ئێستای حوکمڕانی گەیاندە ھەردولا و تەئکیدیان لەوە کردەوە ھەموو ئەوانەی کە ئێستا ڕوو دەدەن دەرئەنجامی ویستێکی تاک ڕەوییە کە دەیەوێت ڕۆڵی لایەنەکانی تری کوردستان فەرامۆش بکات راشیانگەیاند کە ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لەگەڵ بارودۆخێکی وەھادا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرەڕای رێوشوێنی توندی ھێزە ئەمنییەکان و گەمارۆدانی گۆڕەپانەکان، خەڵکی سەقز بە پێ بەرەو گۆڕستانی ئایچی ئەو شارە دەچن تاکو بەشداری لە چلەی ژینا ئەمینی بکەن.
میدیاکانی ئێرانیش لە زاری بنەماڵەی ژینا ئەمینییەوە راگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشمی ئەمنی و روونەدانی ھیچ کێشەیەک رێورەسمی چلە بۆ کچەکەیان رێکناخەن.
ھەروەھا ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی رۆژھەڵات و ئێران کردووە ئەمڕۆ رێورەسمی رێزلێنان لەسەر گۆڕی شەھیدان رێکبخەن و لەدوانیوەڕۆشدا برژێنە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی ( ژن، ژیان، ئازادی) داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان بکەن.
٤٠ رۆژ لەمەوبەر ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز دوای سێ رۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی شاری تاران لە ١٦ی مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایی دانیشتوانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە، بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا ٢٣٤ کەس گیانیانلەدەستداوە کە ٢٩یان منداڵن و ھەزاران کەسی تریش دەستگیرکراون.