چەند بڕیارێکی گرنگ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
کوردسات نیوز
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتی (٢٠٢٢/١٠/٣١) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانی کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی بەڕێوەچو.
لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی کوردستانی کرد کە ھاوکار و ھەماھەنگی وەزارەت بون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣).
لە خاڵی یەکەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوە کە بەئامادەبونی نوێنەرانی دەرچوانی ساڵی ڕابردوی دوانزەی ئامادەیی بەڕێوەچو، تایبەت بوو بە زیادکردنی کورسی خوێندنی پارالێل لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنی وەزارەت دوای تاوتوێکردنی ورد و گفتوگۆی چڕو وەرگرتنی وتەی ھەریەک لە نوێنەری خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتمەند لەو زانکۆیانەی کۆلێجی پزیشکییان ھەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزارەت بەرزدەکرێتەوە.
خاڵی دوەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستن و ڕێکخستنی کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە ھاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پاڵپشت بەدیدگاو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) ھەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری ھەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژمار دەکرێت.
لەھەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی ھێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیاو ئارەزو و توانای داھێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی ھەڵسەنگاندنی دەرچوانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).
بەپێی خاڵێکی دیکەی بەرنامەی کاری کۆبونەوە، ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسی زانستی تەکنیکی و پیشەیی (TVET) لە ھەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتای مانگی داھاتو لەشاری ھەولێر ئەنجامبدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیکردەوە کە: ستراتیژیەتی کارکردنی وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنی کادیری پێویستە بۆ بازاڕی کاری کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیی بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتی سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربھێنن، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوە کرد وەزارەتی خوێندنی باڵا کاردەکات بۆ فراوانکردنی پانتایی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە ھەرێمی کوردستان لەھەردو کەرتی گشتی وخویندنی تایبەت دا چونکە لە ئێستادا بازاڕی کاری کوردستان لە ھەموکات زیاتر پێویستی بەکادیری تەکنیکی و پیشەیی ھەیە، بۆیە بونیاندنانەوەو پەرەپێدانی ھەرێمەکەمان بەبێ بونی توێژێکی کارا لە کادیرانی تەکنیکی کارێکی ئەستەمە.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستی دەربارەی دۆخی زمانی کوردی لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکرا، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری پێویست بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە.
بۆ چارەسەرکردنی ناونیشانی وەزیفی ئەو بەشانەی زانکۆی چەرمو لە چەمچەماڵ کە ناونیشانی وەزیفیان نیە یان ناونیشانەکانیان ڕون نین، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆنوسی لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی بەکۆی پێشنیازەکان پەسەندکرد، کە لەپاش کۆبونەوەیان لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان و وەرگرتنی ڕای شارەزایان و پسپۆڕانی بواری کارگێڕی و دارایی، چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو بەشانە دیاری کردبو کە کێشەی ناونیشانیان ھەبوە.