راپۆرت

دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران فەرمانێکی دەرکرد و عەلی لاریجانی وەک سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکرد، بووە جێی سەرنج و کاردانەوەی گەورەی بەدوایخۆیدا هێنا.

لاریجانی یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی ئێران و گەڕانەوەشی بۆ پێگەیەکی ئەمنی هەستیار بەتایبەت لە سەروەختی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و پێشهاتە خێراکانی دۆسیەی غەززە تاڕادەیەک چاوەڕواننەکراوبوو.

ئەم دەستبەکاربوونەوەیەی لاریجانی بۆ ئەو پۆستە لەکاتێکدایە، پێشتر لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 بەڕێوەی بردووە.

لاریجانی 3 جار لە ئێران خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، دوایین جار لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی 2024دا بوو، کاتێک بەهۆی تێکشکاندنی فڕۆکەکەیەوە ئیبراهیم رەئیسی کۆچی دوایی کرد.

لاریجانی سیاسەتمەدارێکی دیاری ئێرانە و پۆستی باڵای هەبووە، دیارترینیان وەک سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و بەڕێوەبەری پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران (IRIB)، جگە لەوەی ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لە هەندێک لە تەلەفزیۆنەکاندا کردووە.

لاریجانی سەر بە بنەماڵەیەکی کاریگەرە لە رووی ئایینی و سیاسییەوە، کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانیان براکەیەتی، "سادق لاریجانی"یە کە وەک بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران کاری کردووە.

 

گرنگی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی

ئەنجومەنەکە بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەی بڕیاردانی ئێران دادەندرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسە ستراتیژییەکانی وەک ئاسایشی ناوچەکە و بەرنامەی ئەتۆمی، بڕیارەکانی پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی تێپەڕدەبێت.

ئەم دەستبەکاربوونە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەرزبوونەتەوە، پێدەچێت گەڕانەوەی لاریجانی بۆ ئەم پۆستە، ڕەنگدانەوەی نیازی دەسەڵاتدارانی تاران بێت بۆ بەکارهێنانی ئەزموون و پەیوەندییە بەرفراوانەکانی ئەم کارەکەتەرە سایسی و ئەمنییە لەناو پێکهاتەکانی دەوڵەتدا، بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژاپۆن سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هیرۆشیما دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بەشداری دەکەن، هاوکات شاری هێرۆشیما داوا لە جیهان دەکات واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنن.

ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی دیکەی ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.

لەو دوو بۆردومانە ئەتۆمییەی ئەمریکا بۆ سەر ژاپۆن نزیکەی 140 هەزار کەس لە هێرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناکازاکی گیانیان لەدەستدا، هاوکات زۆرێک لە کەسانی دیکەش بەهۆی تیشکدانەوە لە دوای بۆردومانەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی وتەی لێپرسراوانی شاری هێرۆشیما، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کارەساتی هێرۆشیما بکرێتەوە، هەروەها نوێنەرانی 120 وڵات و یەکێتی ئەوروپا بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی زلهێزی ئەتۆمی گەورە وەک روسیا، چین و پاکستان بەشداری رێوڕەسمی رۆژی چوارشەممە ناکەن. ئێران کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکات.

ژاپۆن بۆ رێوڕەسمەکە هەموو وڵات و لایەنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە چالاکییەکە ئاگادارکردووەتەوە و هەموو وڵاتێک دەتوانێت بەشداری بکات.

کازومی ماتسوی، سەرۆکی شارەوانی شاری هیرۆشیما مانگی رابردوو داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد سەردانی شارەکە بکات، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی چەکی ئەتۆمی ببینێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ بەراوردکردنی سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان بۆردومانی ئەتۆمی ساڵی 1945 و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران.

سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما وتوشیەتی، "چەکی ئەتۆمی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکوژێت و هەڕەشە لە مانەوەی مرۆڤایەتی دەکات".

ئێستا شاری هێرۆشیما شارێکی گەشەسەندووە و 1.2 ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێیە، بەڵام ناوەندەکەی هێشتا چەند باڵەخانەیەکی وێرانبووی تێدایە وەک ئاماژەیەک بۆ وەبیرهێنانەوەی ترسناکی هێرشەکە.

نیهۆن هیدانکیۆ، رێکخراوێکی دژە ئەتۆمی ژاپۆنییە، کە رزگاربووانی بۆردومانی ئەتۆمی کۆدەکاتەوە و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە لە ساڵی 2024، جەختی لەوەکردەوە کە "گرنگە خەڵکێکی زۆر لەم شارەدا کۆببنەوە کە بۆمبی ئەتۆمی لێیداوە، چونکە شەڕەکان بەردەوامن" لە سەرانسەری جیهاندا رۆژ بەرۆژ مەترسییەکان زیاد دەکات.

نیهۆن هیدانکیۆ، داوا لە وڵاتان دەکات هەنگاو بنێن بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بە پشتبەستن بە کارەساتی هێرۆشیما و ناکازاکی کە بە "هیباکوشا" ناسراوە.

ئەو رێکخراوە داوا دەکات "نوێنەرانی بیانی سەردانی مۆزەخانەی یادەوەری ئاشتی هیرۆشیما بکەن، بۆ ئەوەی بزانن لەو شارە چی رویداوە" کە بەهۆی بۆردومانی ئەتۆمی و 'هەوری قارچکی' توشی  بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

35 ساڵ بەسەر داگیركردنی كوەیت لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە تێپەڕی، ئەو روداوەی هاوكێشەی هێزی لە جیهان گۆڕی و ئەمریكای كردە گەورەترین زلهێزی جیهان، عیراقیشی بۆ چەندین دەیە گەڕاندەوە دواوە.


بەرەبەیانی 2ی ئابی 1990، سەدام حسین سەرۆكی ئەوكاتەی عیراق لەشكركێشی بۆسەر كوەیتی دراوسێ دەستپێكرد و لەماوەی دوو رۆژدا ئەو وڵاتەی بە تەواوی كۆنترۆڵكرد و جابر ئەحمەد سوباح میری ئەو كاتەی كوەیتیش بەرەو سعودیە هەڵات.


لە ماوەی چوار رۆژدا عیراق حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتی عەقید عەلا حسێن، لەژێر ناوی كۆماری كوەیت پێكهێنا و لە 9ی ئابی 1990 حكومەتی عیراق، كوەیتی وەك پارێزگایەكی نوێ لكاند بە عیراقەوە و سەرجەم باڵیۆزخانە نێودەوڵەتییەكانیشی داخست، لە بەرانبەریشدا لە شاری تائیفی سعودیە، حكومەتی كوەیت پێكهێنرا.


ئەو داگیركردنەی كوەیت كە حەوت مانگی خایاند، لە كاتێكدا بوو قەیرانێكی ئابووری سەخت بەهۆی داڕمانی نرخی نەوت و قەرزی كەڵەكەبووەوە بەرۆكی عیراقی گرتبوو، قەرزێك كە لە پەراوێزی شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران لە سعودیە و كوەیتی وەرگرتبوو.


سەدام بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئەوەی لە كوەیت و سعودیەی وەرگرتووە هاوكارییە نەك قەرز، بەو پێیەی لە بەرژەوەندی ئەوانیش لە دژی ئێران شەڕی كردووە بەرگری لە دەروازەی رۆژهەڵات كردووە و داوای بەخشینی كرد، بەڵام كوەیت و سعودیە رەتیانكردەوە بەبێ مەرج لەو قەرزانە خۆش بن، هەوڵە دیپلۆماسییەكانیش نەیانتوانی گرژییەكانی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ عیراق كەم بكەنەوە.


دواجار سەدام حسێن بە پاساوی پشتیوانیكردن لە راپەڕینێكی جەماوەریی، هێرشیكردە سەر كوەیت و داگیریكرد و تۆمەتباریشیكرد كە بە ئەنقەست نرخی نەوتی دابەزاندووە.


نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئیدانەی ئەو لەشكركێشییەی عیراقی كرد و لە 6ی ئابی 1990دا دەستیكرد بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر عیراقدا، پێشئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 29ی تشرینی دووەم 1990 بڕیارنامەی 678 پەسەند بكات كە رێگەی بە بەكارهێنانی هێز دابوو لە دژی عیراق.


رۆژی 15ی كانونی دووەمی 1991 وەك دوایین وادە بۆ عیراق دیاریكرا لە كوەیت بكشێتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، رەوشەكە زیاتر بەرەو خراپی چوو و دوای نزیكەی 20 هەفتە لە كۆكردنەوەی هێز، هاوپەیمانییەكی سەربازیی بە سەركردایەتی ئەمریكا و بە هەوڵی دیپلۆماسی سعودیە لەلایەن 34 وڵاتەوە پێكهات و نزیكەی 960 هەزار سەرباز لە كەنداو كۆكرایەوە، رۆژی 17ی كانونی دووەمی 1991 هێرشێكی ئاسمانی بەرفراوان بۆسەر سوپای عیراق لەناوخۆی عیراق و لە كوەیت دەستپێكرد و ماوەی شەش هەفتەی خایاند كە  بە گەردەلوولی بیابان دەناسرێت، لە 28ی شوباتی هەمان ساڵ دوایین سەربازی عیراقی لە كوەیت وەدەرنرا.


زیانەكانی گیانییەكانی عیراق لە داگیركردنی كوەیت بە كوژرانی 50 هەزار هاوڵاتی و سەربازی عیراقی مەزەندە كرا، زیانە مادییەكانیش بە 350 ملیار دۆلار خەمڵێنرا و قەرەبوكردنەوەی كوەیتیش بە بەهای 52 ملیار دۆلار بەسەر عیراقدا سەپێنرا.


لەگەڵ ئەوەشدا چوار هەزار تانك و 2500  زرێپۆش و 2200  تۆپ هاوێژ و 247  فڕۆكەی جەنگی و 25  كەشتی جەنگی عیراق تێكشكێنران، 8230 دامەزراوەی حكومی و 20  هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش خاپوركران، 813 كێڵگە و پێنج ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵیش لەناوچوون.


گەردەلولی بیابان یان جەنگی دووەمی كەنداو، وەرچەرخانێكی گەورەی سەربازیی بوو، بەو پێیەی ئەمریكا بووە گەورەترین زلهێزی سەربازیی جیهان لەو ململانێ كورتە و خێراكردنی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەگەر لە رابردوودا ئەوەت لە کەسێکەوە ببیستایە منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەدایک دەبێت رەنگە بە توشبووی نەخۆشییە دەروونییەکان لێت بڕوانیانە، بەڵام ئێستا زانست ئەوەی تێپەڕاندووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا منداڵێک لە تەمەنی 30 ساڵ و 9 مانگدا لەدایک بوو.

سادیوس دانیاڵ بێرس؛ ئەو منداڵە 30 ساڵ و 9 مانگەیە کە ناسناوی بەتەمەنترین منداڵی پێ بەخشراوە، بەڵام چۆن ئەوە روویدا؟

گۆڤاری MIT Technology Review راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دانیاڵ رۆژی 26ی ئەم مانگە لەدایک و باوکێک لەدایکبووە کە لەرووی بایۆلۆجییەوە کەمتر لە پێنج ساڵیان لەنێواندایە.

سادیوس دانیاڵ پێرس، لە ساڵی 1994دا بە پیتێنراوی و لە قۆناغی کۆرپەلەییدا هەڵگیراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو لە منداڵدانی لیندسی پێرسدا چێنراوە و رۆژی 26ی ئەم مانگە بە سەرکەوتوویی لەدایک بوو.

 

"سەخت بوو.. بەڵام ئێستا ئێمە باشین"

 

لیندسی دەڵێت: سەخت بوو، بەڵام ئێستا هەردووکمان باشین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم منداڵە بەنرخەمان هەیە.

تیم پێرس، باوکی ئێستای دانیاڵ دەڵێت: ئەم کۆرپەلەیەیان لە ژنێک بە ناوی لیندا ئارچێرد لە خۆگرت.

ئێستا لیندا کە دایکی بایۆلۆجی دانیاڵە تەمەنی 62 ساڵە و باس لەوە دەکات، ئەوە وەک خەون وابووە.

 

چیرۆکەکە چۆن دەستی پێ کرد؟

چیرۆکی ئەم لەدایکبوونە مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 90کان، کاتێک لیندا ئارچێرد بۆ شەش ساڵی لەسەریەک شکست دەهێنێت لە هەوڵەکانی دووگیانبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەوکاتە بڕیاردەدەن کە منداڵ بە تەکنەلۆجیای IFV دروست بکەن.

تەکنەلۆجیای IFV، تەکنەلۆجیایەکە؛ کە لە تاقیگەدا "تۆ و هێلکە"ی دایک و باوک دەپیتێنرێت و دواتر لە منداڵدانی دایکدا دەچێنرێتەوە، ئەمەش هاوکارێکی باشی ئەو خێزانانەیە بەدەست گرفتی نەزۆکییەوە دەناڵێنن.

ئەو زانستە بۆ ئەو کاتە زۆر نوێ بوو، خەڵکانێکی کەم بڕوایان پێی هەبوو، لیندا دەڵێت: خەڵک بە سەرسامییەوە پێیان دەوتین ئەوە ئێوە چی دەکەن؟!

 

"خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن"

 

لە ساڵی 1994دا لیندا و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بەوەی چوار هێلکە لە تاقیگەدا بپیتێنن و چوار کۆرپەلە دروست بکەن، کە یەکێکیان لە منداڵدانی لیندادا چێنرایەوە و ئێستا ئەوان خاوەنی کچێکی 30 ساڵان و کچەزایەکی 10 ساڵانن. سێ کۆرپەلەکەی دیکەش بە بەستوویی کۆگا کران و لە تاقیگەدا پارێزران.

 

"سێ خۆزگەکەی من"

 

لیندا لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی لەوەکرد: من هەمیشە منداڵێکی دیکەشم دەویست، دەمویست هەموو کۆرپەلەکانم خۆم بیانهێنمە دنیاوە، بەوانم دەوت سێ خۆزگەکەی من. بەڵام شتەکان گۆڕان و من لە هاوسەرەکەم جیابوومەوە، هەمیشەش هیوام دەخواست بتوانم ئەو کۆرپەلانەم بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرێکی دیکە بهێنمە دنیاوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیم بوو لە دادگا مافی سەرپەرشتیکردنی ئەوانم بەدەست هێنا، ئەگەر چی تێچووی هەڵگرتنیان لە تاقیگە زۆر بوو و ساڵ بە ساڵیش زیاد دەبوو، بەڵام خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو ئەوە کارە راستەکەیە کە دەیکەم.

 

"چیتر نەمدەتوانی بیانهێنمە دنیاوە.. بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم"

 

بەردەوام بوو و وتی: پێویستم بە ئامادەبوون بوو بۆ هێنانە دنیای ئەوان، بەڵام کەوتمە قۆناغی وەستانی سوڕی مانگانەم، چیتر نەمدەتوانی کۆرپەکانم بهێنمە دنیا، بەڵام نەشم دەویست لەدەستیان بدەم. ئەوان لە بۆماوەیی منن، خوشک و برای ئەو کچەمن کە هێناومەتە دنیا". بۆیە بڕیارمدا بەدوای دایک و باوکێکدا بگەڕێم ئەوانم بۆ بهێننە دونیاوە.

لیندا رێگاکەی درێژ بوو، ئەو کۆرپەلانەی ئەو لە تاقیگەدا پاراستبوونی بە سیستمی کۆن کۆگا کرابوون کە بە تەواوی کۆک نەبوو لەگەڵ سیستمی نوێدا، بۆیە دۆزینەوەی دوو هاوسەر بۆ ئەو ئاسان نەبوو، تا لە کۆتاییدا توانی لەرێگای پڕۆگرامێکەوە دوو هاوسەر بدۆزێتەوە کە ناویان نووسیبوو بۆ لەخۆگرتنی منداڵ، ئەوانیش لیندسی و تیم بوون.

 

"دانیاڵ هیوای بۆ دوو خێزان گەڕاندەوە"

 

لیندسی 34 ساڵ و تیمی 35 ساڵ، بۆ ماوەی حەوت ساڵی لەسەر یەک شکستیان هێنابوو لە بوون بە دایک و باوک، بەڵام دانیاڵ جگە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ لیندا، هیوای بۆ دایک و باوکە نوێیەکەشی گێڕایەوە.

لە رووی بایۆلۆجییەوە تەمەنی دانیاڵ لەگەڵ دایک و باوکە نوێیەکەیدا جیاوازییەکەی تەنها 4 بۆ 5 ساڵە، بەڵام زانست ئەو خەونەشی بەدی هێناوە.

 

چی بەسەر دوو خۆزگەکەی دیکەی لیندا ئاڕچێڵدا هات؟

لیندا ئاڕچێرد بە کۆرپەلەکانی دەوت سێ خۆزگەکەم، ئەگەرچی بڕیاربوو هەرسێ کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسیدا بچێنرێن، بەڵام دوای پرۆسەی خاوکردنەوەیان یەکێکیان لە گەشە وەستا، لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوو کۆرپەلەکەی دیکە لە هێلکەدانی لیندسیدا چێنران، تا لە کۆتاییدا یەکێکیان بە سەرکەوتوویی گەشەی کرد و ئێستاش ماوەی سێ رۆژە هاتووەتە دنیاوە و منداڵیکی تەندروستە.

 

وێنەی دایک و باوکە نوێیەکەی دانیاڵ لە رۆژی چاندنەوەی کۆرپەلەکە لە هێلکەدانی لیندسی پێرسدا

 

 

"کە بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا"

 

لیندا دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار وێنەکەیم بینی سەرنجی یەک شتم دا، دانیاڵ زۆر لە خوشکەکەی دەچێت، ئەویش کە لەدایکبوو هەمان شێوەی هەبوو.

باسی لەوەشکردووە، بینینی دانیاڵ وەک ئەوە وایە خەونێکی بەدی هاتبێت.

لیندسی دایکە نویەکەی دانیاڵیش ئاماژەی بەوەکردووە: ئێمە نەماندەویست هیچ ریکۆردێکی جیهانی بشکێنین، تەنها دەمانویست ببین بە خاوەنی منداڵێک.

 

وێنەی لیندا ئاڕچێرد؛ دایکی بایۆلۆجی دانیاڵ

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

‎‎ بۆ یەكەمجار ئەمریكا موشەكی بەرگری 'ساد'ـی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بەكارهێنا كە یەكێكە لە موشەكە پێشكەوتوو و گرانبەهاكانی سیستمی بەرگری ئەو وڵاتە.

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە زاری دوو سەرچاوەوە ئاشكرایكردووە، ئەمریكا لە كاتی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا نزیكەی چارەكێك لە موشەكی بەرگری ئاسمانی سادی تەواو كردووە.

سی ئێن ئێن باس لەوە دەكات، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەنیازە ساڵی داهاتوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە موشەكانە زیاد بكات.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، تێچووی هەر موشەكێكی ساد دەگاتە 15 ملیۆن دۆلار.

ساد، سیستەمێكی بەرگری دژە موشەكییە كە توانای ڕێگریكردن لە موشەكی بالیستیكی مەودای كورت و مامناوەند و دووری لەناو بەرگە هەواو دەرەوەی بەرگە هەوای زەویدا هەیە.

واشنتۆن و ژمارەیەك لە هاوپەیمانەكانی وەك ئیمارات و ئیسرائیل ئەم سیستمە بەكاردەهێنن، لە بەرامبەریشدا، چین و ڕووسیا دژایەتی جێگیركردنی سیستمەكە دەكەن لە كۆریای باشوور.

لە 13ی حوزەیران، ئیسرائیل شەڕێكی لەناكاوی دژی ئێران دەستپێكرد كە 12 ڕۆژی خایاند، لە تۆڵەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێرانیش لەلایەن ئەمریكاوە، رۆژی 23ی حوزەیرانی رابردوو سوپای پاسداران هێرشێكی موشەكی كردە سەر بنكە ئاسمانیەكانی ئەمریكا لە  قەتەر.

سی ئێن ئێن لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، ئەمریكا بە نزیكەی 150 مووشەكی ساد، وەڵامی موشەكە بالیستییەكانی ئێرانی داوەتەوە.

ئەمریكا خاوەنی حەوت سەكۆی بەرگری سادە كە دوانیان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بەكارهاتوون و یەكەمجارە ئەمریكا بەكاریانهێنێت.

بەپێی سەرچاوەكان، شەڕی ئێران كەلێنێكی بەرچاوی لە كۆگای موشەكی ساد دروستكردووە، لەكاتێكدا پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل لە بابەتی بەرگریدا لە ئاستێكی مێژوویی نزمدایە.

بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و شارەزایانی بەرگریی موشەكی دەڵێن، كەمكبونەوەی موشەكەكانی بەرگری لە ماوەیەكی كورتدا، پرسیار لەبارەی ئامادەیی ئەمریكا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داهاتوو و توانای دووبارە بنیاتنانەوەی كۆگاكانی لە ماوەیەكی پێوانەییدا دەوروژێنێت.

خەمڵاندنی بودجەی ساڵی 2026ی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمریكا لە ساڵی ڕابردوودا تەنها 11 مووشەكی سادی بەرهەمهێناوە و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ 12 مووشەكی دیكە وەربگرێت.

هەر سەكۆیەكی سیستمی بەرگری ساد لەلایەن 95 كارمەندی ئەمریكییەوە بەڕێوەدەبرێت كە شەش مووشەكی هەڵگر و 48 موشەكی ڕێگریكەری تێدایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر، ئەو نەخۆشییەی بە بکوژە بێدەنگەکە دەناسرێت، دووەم هۆکاری گیانلەدەستدانە لە جیهاندا.

رۆژی 28ی تەمموزی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر دانراوە، وەک رۆژێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە، کە تیایدا لە سەرانسەری جیهانەوە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توێژینەوەی نوێ بەڕێوەدەچن.

هۆکاری دیاریکردنی رۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی لەدایکبوونی د. باری بلومبێرگی زانای ئەمریکی، کە ئەو بوو لە ساڵی 1952دا هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B دۆزیەوە و دواتریش پێکوتەی بۆ دانا.

جگەر یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە، کە کێشی بە گشتی لەنێوان 1.2 بۆ 1.6 کیلۆگرامدایە، لەش لە زۆرینەی ژەهرە مەترسیدارەکان رزگار دەکات و بەرپرسە لە دەردانی چەندین ئەنزیم، جگە لە کۆکردنەوەی شەکر و چەوری و پرۆتینەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لەکاتی پێویستدا.

چەند ڤایرۆسێک دەبنە هۆکاری هەوکردن لە جگەردا و پێنج جۆر لە هەوکردنی جگەر هەیە کە A, B, C, D, E و هەریەکەیان دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک و شێوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و توندییەکەیان جیاوازە، بەڵام ئەوەی کوشندەیە هەوکردنی جگەرە لە جۆریB  و C، کە دەبنە هۆی نەخۆشیی درێژخایەن "سیرۆسیسی جگەر" و شێرپەنجە.

لە رێگای کوتانەوە دەتوانرێت رێگە لە هەندێک لە جۆری هەوکردنەکانی جگەر بگیرێت.

 

جۆرەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر:

جۆری A

لە رێگای ئاو و خواردنی پیس، هەروەها بەرکەوتن بە پیسایی و پاشەڕۆی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە، توشبوون بەم جۆرەی هەوکردنی جگەر کاتییە و بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، لە منداڵاندا زیاتر باوە.

 

جۆری B

جۆرێکی مەترسیدارە و هەندێک جار نیشانەکانی بەشێوەی کتوپڕ دەردەکەون، بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە وەک "خوێن، لیک، دەردراوەکانی جەستە".

ئەم جۆرەی هەوکردن پێکوتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەرێگەی پێکوتەکەوە رێگری لە توشبوونی دەکرێت.

 

جۆری C

بەهەمان شێوە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی جگەرە، بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەکرێت چارەسەر بکرێت ئەگەر نیشانەکانیشی قورس بن، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام پشتگوێخستن و وەرنەگرتنی چارەسەردا دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە.

بەهەمان شێوە بە بەرکەوتن بە شلەی جەستەی کەسی توشبوو ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و لە نیشانە دیارەکانی "زەردویی، تا، شەکەتی و رشانەوە و ئازاری ناوسک، نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی رەنگی میز".

 

جۆری D

بەبێ توشبوون بە هەوکردنی جگەر لە جۆری "بی" کەسەکە توشی نابێت، ئاستی مەترسییەکەشی لە هەمان ئاستی جۆری "بی"دایە و بە هەمان رێگاکانی ئەویش دەگوازرێتەوە.

 

جۆری E

لە رێگای ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە و بە گشتی لەو وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا باوە، هاوشێوەی هەوکردنی جگەرە لە جۆری "ئەی".

 

دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە

دیاریکردنی نەخۆشییەکە لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەبێت، بەڵام هۆشیاری بەرانبەر نیشانەکان هاوکاری سەرەکییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.

لەدوای ئەوەشی پزیشکی پسپۆڕ بە تەواوی نەخۆشییەکە و جۆرەکەی دەستنیشانکرد، پزیشک دیاری دەکات چ چارەسەرێک بدات بە نەخۆشەکان.

 

خۆپاراستن

باشترین رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، وەرگرتنی پێکوتەیە لەکاتی خۆیدا.

هەروەها پاکوخاوێنی جەستە و خۆراک و ئاو، دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی چ خۆراکێک و لەکوێ دەیخۆیت، هەروەها دڵنیابیتەوە لە پاکی ئەو سەرچاوەی ئاوەی بەکاریدەهێنیت بۆ خواردنەوە.

پێویستە بەر لە بەکارهێنانیان سەوزە و میوە بە جوانی بشۆردرێنەوە.

هەروەها پێویستە هەرگیز دەرزی و سرنج،فڵچەی ددان و گوێزانی کەسانی دیکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەفتەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بە دەستی تەحریر شام، درەنگانی شەو بازرگانێکی دیار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت بۆ ئەوەی بڕوات و "شـێـخ" ببینێت.

ناونیشانەکە بۆ بازرگانەکە ئاشنا بوو، باڵەخانەیەک بوو کە تێیدا ناوبەناو پارە لێسەندنی زۆرەملێ لە بازرگانانی وەک ئەو رووی دەدا لە ژێر ئیمپراتۆریەتە ئابوورییەکەی بەشار ئەسەددا.

بەڵام ئەمجارە گەورەیەکی نوێ لە شارەکەدا دەرکەوتووە...

شێخەکە، بە ریشێکی درێژی رەش و دەمانچەیەک لە کەمەریدا، تەنها نازناوێکی جەنگیی دایە دەستەوە، "ئەبو مەریەم". ئێستا ئەو سەرۆکی لیژنەیەکە کە ئابووری سوریا دادەڕێژێتەوە، پرسیارەکانی بە رێزەوە دەکرد و کەمێک شێوەزاری ئوسترالی پێوە دیاربوو.

بازرگانەکە وتی: "پرسیاری دەربارەی کارەکەم لێکردم، کە چەند پارەمان قازانج دەکرد". "من هەر تەماشای دەمانچەکەم دەکرد."

لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز دەریخستووە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا بە نهێنی خەریکی داڕشتنەوەی ئابوورییەکەین کە بەهۆی گەندەڵی و ساڵانێک لە سزا لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد داڕماوە، ئەمەش لە ژێر سەرپەرشتی گرووپێک پیاودا کە ناسنامەیان تا ئێستا لە ژێر نازناوی نهێنیدا شاردراوەتەوە. ئەرکی لیژنەکە: شیکردنەوەی میراتی ئابووری سەردەمی ئەسەد، پاشان بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی لەناوببرێت و چی بهێڵرێتەوە.

دوور لە چاوی گشتی، لیژنەکە دەستی بەسەر سامانێکدا گرتووە کە بەهای زیاترە لە1.6 ملیار دۆلار. ئەو ژمارەیە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ئەو کەسانەیە کە ئاگاداری مامەڵەکانی بوون بۆ بەدەستهێنانی پشکی بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، کە بەلایەنی کەمەوە 1.5 ملیار دۆلار سامانی سێ بازرگانی لەخۆدەگرت، هەروەها کۆمپانیاکانی ناو کۆمەڵەیەکی گەورەی بازرگانی (conglomerate) کە جاران لەلایەن بازنە نزیکەکەی ئەسەدەوە کۆنترۆڵکرابوو، وەک کۆمپانیای سەرەکی پەیوەندییەکانی وڵات، کە بەهای بەلایەنی کەمەوە 130 ملیۆن دۆلارە.

رۆیتەرز بۆی دەرکەوتووە ئەو پیاوەی سەرپەرشتی داڕشتنەوەی ئابووری سوریا دەکات، حازم شەرعە، برای گەورەی سەرۆکی نوێ، ئەحمەد شەرع. هەروەها سەرۆکی لیژنەکە، ئەبو مەریەم ئوسترالی، بریتییە لە ئەبراهام سوکاریە، ئوستورالییەک بە ڕەچەڵەک لوبنانی کە ناوی لە لیستی سزادراوانی وڵاتەکەیدایە بەهۆی تۆمەتی پاڵپشتی دارایی تیرۆرەوە. ئەو لەسەر ئینتەرنێت خۆی وەک بازرگانێک وەسفدەکات؛ کە حەزی لە کریکێت و شاورمەیە.

حکومەتی نوێی سوریا دەزگا ئەمنییە زۆر ترسناکەکانی ئەسەدی هەڵوەشاندۆتەوە، و خەڵک دەتوانن ئازادانەتر لە دەیان ساڵی رابردوو قسە بکەن. بەڵام ئەو تێکەڵەیە لە بنەماڵە و پیاوانێک کە تەنها بە نازناوی جەنگی ناسراون، ئێستا ئابووری سوریا بەڕێوەدەبەن، بووەتە جێی نیگەرانی زۆرێک لە بازرگانان، دیپلۆماتکاران و شیکاران، کە دەڵێن؛ دەترسن ئەوەی رۆشت، یەکێکی تری هاو سیفەت جێی بگیرێتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی رۆیتەرز پشتی بەستووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 100 بازرگان، نێوەندگیر، سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکار و توێژەر، هەروەها کۆمەڵێکی زۆر بەڵگەنامە کە تۆماری دارایی، ئیمەیڵ، کۆنووسی کۆبوونەوە و تۆماری کۆمپانیای نوێی لەخۆگرتووە.

کاری لیژنەکە، و تەنانەت بوونیشی، هەرگیز لەلایەن حکومەتەوە رانەگەیەندراوە و لای خەڵکی سوریا نەزانراوە. تەنها ئەوانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵیدا هەیە ئاگاداری ئەرک و دەسەڵاتەکانی (mandate)ن، کە توانای ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموو سورییەکان و تەنانەت زیاتریش هەبێت، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هەوڵدەدات جارێکی تر تێکەڵ بە ئابووری جیهانی ببێتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە بە رۆیتەرزی وتووە کە قەبارەی گەندەڵی لە سەردەمی ئەسەددا، کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی کۆمپانیاکان بنیاتنرابوو کە هێندەی بۆ دزینی سەروەت و سامان داڕێژرابوون هێندە بۆ پارە پەیداکردن نەبوون، بژاردەی کەمی بۆ چاکسازی ئابووری هێشتۆتەوە. لیژنەکە دەیتوانی ئەو بازرگانانەی گومانیان لێدەکرێت بە شێوەی نایاسایی دەوڵەمەند بووبن بیانباتە دادگا وەک چۆن زۆرێک لە سورییەکان داوای دەکەن، یان راستەوخۆ دەست بەسەر کۆمپانیاکاندا بگرێت، یان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ کەسایەتییەکانی سەردەمی ئەسەددا بکات کە هێشتا لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان.

هەموو ئەم رێگایانە مەترسی ئەوەیان هەڵگرتبوو کە سورییەکان زیاتر لە دژی یەکتر هانبدەن – دەوڵەمەند لە دژی هەژار، و ئەوانەی لە سەردەمی ئەسەددا دەوڵەمەند بوون لە دژی ئەوانەی ئازاریان چەشت. لەبری ئەوەی ئەو بازرگانانەی لە سەردەمی ئەسەددا قازانجیان کردبوو بیانباتە دادگا یان دەست بەسەر کۆمپانیاکانیاندا بگرێت، لیژنەکە بڕیاریدا دانوستان بکات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارە کاشەی کە زۆر پێویستە و کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی ئابوری بکات، بە جۆرێک کە رێگە بدات بەبێ پچڕان کار بکات.

رۆیتەرز، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دەڵێت: حکومەتی سوریا، حازم ئەلشەرع و سوکاریە وەڵامی داواکارییە دووبارەکانیان بۆ لێدوان نەدایەوە و وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ ئەم چیرۆکە نەدایەوە. نووسینگەی سەرۆک پرسیارەکانی ئاراستەی وەزارەتی راگەیاندن کرد. رۆیتەرز دەرەنجامەکانی ئەم راپۆرتەی لە میانی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوودا لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ وەزیری راگەیاندن خستەڕوو و وردەکارییەکانی روون کردەوە و پرسیارەکانی بە نووسراو ئاراستەی وەزارەت کرد. وەزارەتەکە پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە وەڵامی نەدایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، بەغداد پارەی موچەی مانگی پێنجی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەغداد بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی، 25ی تەمموز، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەکەن.

 

لیستی موچە

ئەگەر لیستی موچە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بێت، ئەوا سبەینێ خانەنشینی شارستانی، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان موچە وەردەگرن.

کۆتا موچە دوای تێپەڕینی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، لە رۆژی 14ی ئایار دەست بە دابەشکردنی کرا و لەماوەی سێ رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەشکرا، کە لیستی موچە بەم جۆرە بوو:

14ی ئایار: خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

15ی ئایار: کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار.

18ی ئایار: کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە 'دیوان، لیواکان'، یەکەی 70 و 80، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن.

 

لەبارەی خانەنشینانی نوێ:

رۆژی 26ی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەبارەی موچەی خانەنشینانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد، لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواو بووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق رەوانەی خانەنشینی دەکرێن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتبوو، لە دوو مانگی رابردوو توانراوە پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ بۆ لیستی موچەی مانگی ئایار زیاد بکرێن و ناوەکانیان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، تا بەپێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیر کراوە، لەگەڵ موچەی مانگی ئایار موچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بڕیارێکی مێژووییدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی، کە بەرزترین دادگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، رێگەی خۆشکرد بۆ وڵاتان کە سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار بکەن سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش ئەو گازانە دەگرێتەوە کە لە مێژوودا بەرپرس بوون لە گەرمبوونی زەوی.`

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادوەر لە دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ) لە لاهای-ی هۆڵەندا رایگەیاند، هەرچەندە دیاریکردنی ئەوەی کە کام وڵات بەرپرسیارە لە کام بەشی گۆڕانی کەشوهەوا کارێکی ئاسان نابێت، بەڵام بڕیارەکە دەرچووە.

هەرچەندە بڕیارەکە ناچاری نییە، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن کە دەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی هەبێت. ئەم بڕیارە وەک سەرکەوتنێک بۆ ئەو وڵاتانە تەماشا دەکرێت کە زۆرترین زیانیان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە و بەهۆی بێهیوابوونیان لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پەنایان بۆ دادگا بردووە.

سەرکەوتنێک بۆ گەلانی دوورگەکان

ئەم دۆسیەیە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، بیرۆکەی کۆمەڵێک خوێندکاری گەنجی یاسا بوو لە دوورگەکانی زەریای هێمن، کە لە ساڵی 2019دا بیریان لێکردەوە.

فلۆرا ڤانۆ، لە دوورگەی ڤانواتو کە بە مەترسیدارترین وڵات دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا، وتی: "ئەمشەو ئاسودەتر دەخەوم. دادگای دادی نێودەوڵەتی دانی بەوەدانا کە ئێمە پێیدا تێپەڕیوین – ئازارەکانمان، خۆڕاگریمان و مافی ئێمە بۆ داهاتوو". ناوبراو وتیشی: "ئەمە سەرکەوتنێکە نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی لە هێڵی پێشەوەن و تێدەکۆشن بۆئەوەی دەنگیان ببیسترێت."

چالاکوانان و پارێزەرانی بواری کەشوهەوا هیوادارن ئەم بڕیارە مێژووییە رێگە خۆش بکات بۆ داواکردنی قەرەبوو لەو وڵاتانەی کە لە مێژوودا زۆرترین سووتەمەنیی بەردینیان بەکارهێناوە و بەمەش بەرپرسیارێتیی سەرەکیی گەرمبوونی زەوییان دەکەوێتە ئەستۆ.

زۆرێک لە وڵاتانی هەژارتر لەبەر بێهیوابوون پشتیوانییان لە دۆسیەکە کرد و رایانگەیاند کە وڵاتانی پێشکەوتوو پابەندی بەڵێنەکانیان نابن بۆیە ئەم کێشەیە روو لە هەڵکشانە.

بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو، لەنێویاندا بەریتانیا، پێیانوابوو کە رێککەوتنەکانی ئێستای تایبەت بە کەشوهەوا، وەک رێککەوتنی پاریسی ساڵی 2015، بەسن و نابێت هیچ پابەندییەکی یاسایی دیکە بسەپێنرێت.

دادوەر ئیواساوا یوجی وتیشی، ئەگەر وڵاتان پلانە هەرە گەورەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دانەنێن، ئەوا ئەمە بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان لە رێککەوتنی پاریسدا هەژمار دەکرێت.

ناوبراو زیادی کرد کە یاسا نێودەوڵەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێن، واتە ئەو وڵاتانەی کە رێککەوتنی پاریسیان ئیمزا نەکردووە، یان دەیانەوێت لێی بکشێنەوە وەک ئەمریکا، هێشتا ناچارن پارێزگاری لە ژینگە بکەن، بە سیستەمی کەشوهەواشەوە.

"بڕیارەکە وەرچەرخانێکی یاساییە،" جۆی چۆدری، پارێزەری باڵا لە سەنتەری یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی (CIEL) وای وت. ناوبراو وتیشی: "بە بڕیارە مێژوویی و دەسەڵاتدارەکەی ئەمڕۆ، دادگای دادی نێودەوڵەتی رێچکەی ئاسایی تێکشکاند و دانپێدانانێکی مێژوویی پێشکەش کرد: ئەوانەی زیانیان لە وێرانکارییەکانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، مافی چارەسەریان هەیە بۆ زیانەکانی کەشوهەوا، بە قەرەبووکردنەوەشەوە."

پێوەند بە دۆخی ژینگەی جیهانیەوە، هۆشدارییەکان تا دێن زۆر دەبن و رێکخراوە جیهانیەکانیش هۆشداری دەدەن لەبارەی رێژەی زۆری پلاستیک و پاشماوەی جەنگەکانەوە.

چەند جۆرێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگە ئاماژەی پێدراوە: 

شێوازەکانی پیسبوونی ژینگە:

- پیسبوونی خاک

خاک یەکێکە لە گرنگترین سامانە سرووشتییەکان، بەهۆی چالاکی نادروستی مرۆڤەوە پیس دەبێت، هەندێک لە رێژەی پیسبوونی خاک، بریتییە لە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی، بۆ تەلار و باڵەخانە و رێگای قیرتاوکراو، کەوا دەکات زەوییەکە، سوودە سرووشتییەکەی خۆی نەمێنێت، بەشێکی دیکەی پیسبوونی خاک، بەهۆی فڕێندانی پاشەڕۆ، ماددە تیشکدەرەوەکان، پاشماوە ئەلکترۆنییەکان، پیسبوون بەهۆی ئاودانی زۆر و سوێربوونی خاک، بوورکان، ماددە کیمیاییە کشتوکاڵی و جەنگییەکانەوەیە.

ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی لە خاکێکی پیسدا بەرهەمدەهێندرێن، کاریگەرییان دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ، هەروەها پیسبوونی خاک دەبێتە هۆی، کەمی بەرهەمی رووەکی، تێکدانی هاوسەنگی نێوان روەک و گیانلەبەران، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، کەمکردنەوەی رێژەی رووبەری سەوزایی و ئۆکسجین.

- پیسبوونی ئاو

تێکەڵاوبوونی ماددە جیاوازەکان لەگەڵ ئاودا، وادەکات گۆڕانکاری بەسەر تام و بۆن و رەنگی ئاودا بێت، هەروەها رێژەی خوێ و ترش و تفتی ئاو ناهاوسەنگ دەبێت،  بەوهۆیەوە ناتوانرێت سودی لێببینرێت

هەندێک پیسبوونی ئاو هەیە فیزیاییە، ئەوەش لە رێگەی گەرمبوونی ئەو ئاوەی بۆ سارکردنەوەی کارگەکان بەکاردەهێندرێت، یان تێکەڵاوبوونی زبڵ و پاشماوەکان، بەشێک لە پیسبوونەکەش کیمیاییە، ئەوەش لە رێگەی پاشماوە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان و ماددە خۆراکی و پاککەرەوەکانەوە دەبێت.

لە هەندێک ناوچەش پیسبوونی بایەلۆجی ئاو دروستدەبێت، بەهۆی زیادبوونی رێژەی زیندەوەرێک یان کەڕوو یان بەکتریایەک لەناو سەرچاوە ئاوییەکاندا، کەوا دەکات ئاوەکە پیسبێت و بۆ بەکاهێنان نەشیاوبێت.

- پیسبوونی هەوا

هەر مرۆڤێک بۆ بەردەوامبوونی لە ژیاندا پێویستی بە هەوا هەیە، بەڵام پیسبوونی هەوا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بەشێک لە هەوای شارە گەورەکانی جیهان بەهۆی زۆری کارگەکان، ئۆتۆمبیل و گۆڕانی کەشوهەوا و خۆڵبارینەوە پیسدەبێت و کاریگەری لەسەر دەماخ، کۆئەندامی هەناسە و رێژەی ئۆکسجینی جەستەی مرۆڤ دەبێت.

هەندێکجار، پیسبوونی هەوا، لە رێگەی بڵاوبوونەوەی بۆنی پاشماوە و کارلێکە کیمیاییەکان و گازە زیانبەخشەکانەوە کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەکات، بەشێک لە بۆمبەکان بەشێوازێک دروستکراون کە لە رێگەی بۆنەوە زیان بەو شوێنە دەگەیەنن کە تێدا بەکاردەهێندرێن.

- پیسبوونی بینین

ئەم پیسبوونە لە رێگەی کەمکردنەوەی رێژەی سەوزایی و زۆربوونی دانیشتوانەوە دروستدەبێت، کاتێک گرنگی نادرێت بە ژینگە و باڵەخانە و شوێنە جاوازەکان بەشێوازێکی هەرەمەکی بنیاتدەنرێن، پیسبوونی بینین دروستدەکەن، لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهان بەم پیسبوونە دەگوترێت ناڕێکی شارەکان و تیایدا ناڕێکیەکی گەورە دروستدەبێت. 

- پیسبوونی دەنگ (ژاوەژاو)

مرۆڤەکان بەدەستی خۆیان ئامێر و دەنگی جیاواز دروستدەکەن، کە زۆربوونی ئەم دەنگانە، دەبێتە هۆی پیسبوونی دەنگ و کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گوێیەکانی.

تێکدانی باری دەروونی و کاتی خەو و پشووەکان، چەند گرفتێکی دیکەن کە بەهۆی کاریگەریەکانی پیسبوونی دەنگەوە پەیدا دەبن. 

- پیسبوون بە تیشک

ئەو تاوەرانەی بۆ ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دانراون و لە رێگەی کارۆموکناتیسییەوە کاردەکان یان ئەو تیشکانەی لە رێگەی تیشکدانەوەی هەندێک بۆمبەوە بڵاودەبنەوە، کاریگەری راستەوخۆیان دەبێت لەسەر مرۆڤ و دەرکەوتنی نەخۆشییەکانی، مێشک و دەمار، سەرئێشە، نەزۆکی و نەخۆشی پێست.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانایانی زانکۆی هارڤارد لە نوێترین توێژینەوەدا باسیان لە هۆکارێکی تایبەت بە دایکانەوە کردووە لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا و ئاماژە بەوە دەکەن، زیادبوونی تەمەنی دایکان پەیوەندی هەیە بە دیاریکدنی رەگەزی کۆرپەلەوە.

ئەگەرچی لە رابردوودا دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە رێژەیەکی یەکسانی هەبوو لەنێوان رەگەزی نێر و رەگەزی مێ'دا، بە جۆرێک، دایکان تەنها خاوەنی کرۆمۆسۆمی X  و باوکانیش خاوەنی هەریەک لە کرۆمۆسۆمیX  وY 'ن. کە ئەگەر باوکەکە کرۆمۆسۆمی X  بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە مێ دەبێت و ئەگەر کرۆمۆسۆمی Y بدات بە دایکەکە ئەوا رەگەزی کۆرپەلە نێر دەبێت.

ئێستا زانایانی زانکۆی هارڤارد باس لەوەدەکەن، تەمەنی دایکیش دەتوانێت بەشدار بێت لە دیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلەدا، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 28 ساڵی بەدواوە ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی لەدوای منداڵی یەکەم دەیبێت هەمان رەگەز بن بە رێژەی 43٪ـە.

هەروەها ئەگەر کەسێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 23 ساڵی ببێت بە دایک، ئەوا ئەگەری ئەوەی منداڵەکانی دیکەی هەمان رەگەزی منداڵی یەکەم بن کەمدەبێتەوە بۆ 34٪.

ئەگەرچی زاناکان هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە، هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکانی جەستەی دایکەکەوە هەیە، کە بەگوێرەی هەڵچوونی تەمەنی دەگۆڕێت و کاریگەریی دروست دەکات.

زانایانی زانکۆی هارڤارد ئەوەشیان روونکردووەتەوە، "سەرەڕای گەیشتن بەو ئەنجامە لە توێژینەوەکەماندا، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کەسەکان وەڵامندانەوەی جەستەیان بۆ گۆڕانکارییە فسیۆلۆجییەکان جیاوازە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی خۆتدا دەکرێت هاوکار بێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی دەزگایەکی فریاگوزاری، بەشێک لە خەڵکی غەززە بەهۆی برسێتییەوە توشی بێهۆشی دەبن، هاوکات یونیسێفیش دەڵێت: بەدخۆراکی لەناو منداڵانی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

دەزگای فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین 'ئونروا' لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، برسێتی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پێویستە بە زوترین کات گەمارۆکان هەڵبگیرێت و رێگە بە ئونروا بدرێت خۆراک و دەرمان بگەیەننە کەرتی غەززە.

هەروەها رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' رایگەیاندووە، بەدخۆراکی کوشندە لەناو منداڵانی غەززە بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

رێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی برسێتییەوە لە غەززە خەڵک روبەروی مردن بونەوەتەوە و خۆراک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم بووە، ئاوی پاکیش لە خوار ئاستی فریاگوزارییەوەیە.

یونیسێف وتوشیەتی هاوکارییەکان بە توندی سنوردارکراون و دەستگەشتنی خەڵکی غەززە بە هاوکارییەکان مەترسیدارە و روبەروی مەرگ دەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە پزیشکییەکان رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ دوو منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بە پێی بەدواداچونەکان، دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی تێکچوون، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ چەند رۆژێک لە خۆراک بێبەشن.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی راشیگەیاندووە، نزیکەی 90 هەزار منداڵ و ژن بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی 800 کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان کوژراون.

لای خۆشیانەوە، پزیشکانی بێ سنوور هەفتەی رابردوو ئاشکرایانکرد، تیمەکانیان کە لە غەززە کاردەکەن، زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی بەدخۆراکی دەبینن کە تا ئێستا لە کەرتی غەززە بەو رێژە بەرزە تۆمارکرابێت.

جێگەی ئاماژەیە، لە دووی ئازاردا ئیسرائیل دەستیکرد بە سەپاندنی گەمارۆی توند بەسەر کەرتی غەززەدا، دوای کۆتایهێنان بە دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەش هەفتەیی کە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بەردەوام بوو، ئیسرائیل تا کۆتایی مانگی ئایار رێگری لە چوونە ژوورەوەی هەموو کاڵایەک کرد و تەنها رێگەی بە ژمارەیەکی کەمی بارهەڵگر دەدا بچێتە کەرتی غەززە.

بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چاوەڕوانی یارمەتیدان و گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان کوژراون بۆ زیاتر لە 1021 کەس بەرزبووەتەوە و نزیکەی شەش هەزار و 511 کەسیش برینداربوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەریتانیا و زیاتر لە 20 وڵاتی دیکە خوازیارن دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لە کەرتی غەززە بهێنرێت، دەشڵێن، شێوازی هاوکاریی حکومەتی ئیسرائیل مەترسیدارە و خەڵکی غەززە لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش دەکات.

وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک و وڵاتانی دیکە لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایانکرد، ئێمەی پێکەوە پەیامێکی سادە و بەپەلە دەنێرین و پێویستە شەڕی غەززە لە ئێستاوە کۆتایی پێبهێنرێت.

لە راگەیەنراوەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوان ئامادەن رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و پرۆسەیەکی سیاسی، کە ببێتە هۆی ئاسایش و ئارامی بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و تەواوی ناوچەکە.

ئەو وڵاتانە راشیانگەیاندووە، زیاتر لە 800 فەلەستینی لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی یارمەتی مرۆیی کوژراون، هەروەها ئیدانەی ئەو کارە دەکەن و دابەشکردنی نارێک و پێکی هاوکارییەکان بە کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنی وەسف دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان جەختیان لەوەکردەوە، ئەو شێوازەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان دایمەزراندووە، مەترسیدارە و خەڵکی غەززە لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش دەکات.

دامەزراوەی مرۆیی غەززە کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمنی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ غەززە،  نەتەوەیەگرتووەکان ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە رێگەی بە چەکدارانی حەماس داوە  باری هاوکارییەکان تاڵان بکەن کە بۆ خەڵکی مەدەنی دانراون. حەماسیش ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان شیوازی دامەزراوەی مرۆیی غەززەی بە ناپارێزراو و پێشێلکردنی پێوەرەکانی بێلایەنی مرۆیی وەسف کردووە.

هاوکات، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە،  هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی چوونە ناوەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی یارمەتییە مرۆیی و فریاگوزاریەکان، کە لە ئێستادا برسێتییەکی سەخت و کارەساتی مرۆیی ناوچەکەی گرتوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی كەمبونەوەی یەدەگی ئاو بەرێژەی لە سەدا 60 ، عیراق روبەروی مەترسی وشكەساڵی دەبێتەوە .

رێكخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردوە ، هەوڵە حكومییەكان و پشتگیریە نێودەوڵەتییەكان بۆ روبەروبونەوەی مەترسی وشكە ساڵی لە عیراق ، راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیانەوە چونكە  دەبێت بە تەواوی بزانن چۆن پارێزگاری لە سامانی ئاو دەكەن .

یونسێف لە راپۆرتەكەدا هۆشداری داوە لەوەی كە كەمیی ئاو بە تەنها هەرەشە نیە لەسەر ئاسایشی خۆراك ، بەڵكو رەنگدانەوەی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی هەیە، ئەوەش بەهۆی نەبونی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە لە خوێندنگەكانی عیراق بە تایبەتی لە خوێندنگەی لە گوندەكاندا . 

یونسێف دەڵێت لە ئێستادا توێژینەوەیەك دەكەن لەبارەی ئەوەی ئێستا بەشە ئاوی رۆژانەی هاوڵاتیانی عیراق بەتایبەت لەو ناوچانەی گرفتی بێ ئاوییان هەیە چەندە ، لەو رێیەشەوە دەكرێت پلانی باشتر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دابنرێت .

 وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش زانیاریەكانی یوسنێف پشت راست دەكاتەوە و هۆشداریش لەبارەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی دەدات

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاندوە ،  بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و كەمكردنەوەی پشكی ئاو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، عیراق بە سەخترین قەیرانی كەمئاوی لە دوو دەیەی رابردوودا تێپەڕدەبێت، هەوڵەكانیشیان چڕكردووەتەوە بۆئەوەی لەرێگەی نەهێشتنی زیادەڕۆیی سەر سەرچاوەكانی ئاو و قەدەغەكردنی كشتوكاڵی وەرزی هاوینە بە ئاوی خواردنەوە، لێكەوتەكانی وشكیساڵێ‌ كەمبكەنەوە

بەپێی داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ، یەدەگی ئاوی عیراق بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی لە سەدا 60 كەمبوەتەوە ، چونكە زستانی ئەمساڵ رێژەی باران و بەفر بارین تا رادەیەكی زۆر كەمیكرد . هەندێك لە راپۆرتەكانیش باس لەوە دەكەن كە ژمارەیەك لە بەنداوەكان بەتایبەت بەنداوی موسڵ و حەدیسە چالاكییەكانیان  كەمبوەتەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەكانیان ، ئەمەش كاریگەرییەكی زیاتری لەسەر كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە دروستكردوە .

بە پێی راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆییەكانیش كەمی ئاو بوەتە هۆكار بۆ ئاوارەبونی هەزاران خێزانی عیراقی لەناوچەكانیان بەتایبەت لە بەسرە و زیقار و میسان ، چونكە لەو ناوچانە زەوییە كشتوكاڵییەكان بەهۆی بێئاوییەوە بونەتە خاكێكی بێ پیت بۆ كشتوكاڵ .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 30 کەس و توشبوونیش گەیشتە 231 کەس.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاندووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوونی نوێی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون، کە ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگای زیقار و واست بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بۆ ساڵی 2025 لە عیراقدا گەیشتووەتە 231 کەس.

بەپێی وتەی سەیف بەدر، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی توشبوون بە پەتاکە بەم جۆرەیە: دهۆک- یەک گیانلەدەستدان و سێ توشبوون، هەولێر و سلێمانی هەریەکی یەک توشبوو".

پەتای تای خوێنبەربوون، ئەو پەتایەی ئێستا یەخەی عیراقی گرتووە و بەپێی دوایین ئامارە رەسمییەکان، 14 حاڵەتی توشبوون و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمار کراون.

پەتای تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، گواستراوەیە و بەهۆی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا درمە و دەگوازرێتەوە.

ئەگەر نەخۆشییەکە لە سەرەتادا دیاریبکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان هۆشیار بن بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و نیشانەکانی، هەروەها رێگاکانی خۆپاراستن لێی جێبەجێ بکەن.

 

هۆکارەکانی توشبوون:

ئەم پەتایە لە رێگای بەرکەوتن بە ئاژەڵ و مێرووی هەڵگری ڤایرۆسەکەوە دەگات بە مرۆڤ، هەروەها بەشێوەیەکی زیاتر مێشوولە، گەنە، مشک و شەمشەمەکوێرە هۆکاری گواستنەوەین.

هەروەها بەهۆی سەربڕین و خواردنی گۆشتی ئاژەڵی توشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆڤ.

بەدەر لەو هۆکارانەی دیکە، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بەهۆی کارکردن و تێکەڵبوونی کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی دەرزی و ئامێری کەسی توشبوو، یانیش پەیوەندی جەستەیی لەگەڵ کەسی توشبوودا، هەروەها کارکردن و مانەوە لەو شوێنانەی مشکیان تێدایە، لەگەڵ بەرکەوتن بە خوێن یان هەر شلەیەکی دیکەی کەسیتوشبوو، دەگوازرێتەوە و بڵاو دەبێتەوە.

 

بۆ خوێندنەوەی زانیاری تەواو لەسەر نیشانەکان و رێکاری خۆپارێزی کلیک لێرە بکە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راپۆرتێکی لەبارەی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین لە عیراق و زیانەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، زیانەکانی خۆڵبارین لە عیراق رۆژانە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی سروشت کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و شێوەی ژیان و تەندروستی و خۆراک و خاک دروست دەکات و زیانەکانی لە رووی ئابووریشە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە راپۆرتەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، تێچوونی ئابووری گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی زۆرە، بەوپێیەی سەرچاوەی رێژەی 80٪ی خۆڵی جیهان لە بیابانەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە.

بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی ساڵانەوەی رووبەڕووبوونەوەی گەردەلولەکانی خۆڵبارین لە عیراق و وڵاتانی عەرەبی ساڵانە بە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە

 

ئەوەش هاتووە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچە عەرەبییەکان ئەم بەهارە ئاژاوەیەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە عیراقیش زریانی بەهێز رویداوە، کە بەهۆیەوە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لەو نەخۆشانەی گرفتی هەناسەدانیان هەیە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم راشیگەیاندووە، لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی و خۆڵبارین لە عێراق زیادیکردووە و روانگەی "عیراقی سەوز" زیانەکانی خۆڵبارینی بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا خەمڵاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لە گەردەلولەکانی خۆڵبارین بەرکەوتووە و تەنها لە ساڵی 2023دا 158 رۆژ خۆڵبارین تۆمار کراوە.

باس لەوەشکراوە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە خۆڵبارین بخەنە ناو ئەجێندای جیهانی و نیشتمانییەوە، چارەسەر هەیە بەڵام پێویستی بە "بڕیار و بودجەی بەکۆمەڵ" هەیە بۆ فراوانکردنیان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کەشناسیی جیهانیی، خۆڵبارین کاریگەری لەسەر 330 ملیۆن کەس و 150 وڵات لە جیهاندا هەیە، ئەگەرچی گەردەلولەکان بوونەتە دیاردەیەکی ناسراو، بەڵام دەبێت هەنگاوی کرداریی و مەبەستدار و هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

هاوکات، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گەردەلولەکانی خۆڵبارینەوە ساڵانە حەوت ملیۆن کەس پێشوەختە گیان لەدەست دەدەن، یان توشی گرفت و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ دەبنەوە، ئەوە جگە لە کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە و بوون بە هۆکارێک بۆ دیاردەی کۆچکردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ناوەڕاستی سێهەم گەورەترین بیابانەكانی جیهاندا، چین لە هەوڵی پەرەپێدانی هێزی بەرگری وڵاتەكەیتی و كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگری دروستكردووە.


ئەم كەشتییە كۆمەڵێك پرسیاری لەلای بەشێك لە سیاسییەكانی جیهان دروست كردووە، كە ئایا چین چ پێویستییەكی بە كەشتییەكە لە بیاباندا. 


كەشتییەكە راستەقینە نییە و ناوی فوجیانە لە توانایدا نییە بڕوات تەنها لە ناو لمی بیابانەكانی تەكلەماكان لە چین چەقێدراوە، سەرەتا بە هۆی هاوشێوەبوونی لەگەڵ كەشتییە فرۆكەگەڵگرەكانی ئەمریكا گومان دەكرا ئەمریكی بێت، لەبەر ئەوەی وێنەكانی مانگی دەسكرد دەری دەخەن قەبارەیەكی یەكجار گەورەی هەیە و لەتوانایدایە هاوشێوەی كەشتییەكانی ئەمریكا لە یەك كاتتدا 50 تا 60 فڕۆكەی جەنگی هەڵبگرێت.

شارەزایان پێیان وایە بۆ راهێنانی سەربازی یان هێرشكردنە سەر كەشتییە جەنگییە گەورەكانی تر بەكاریبهێنن، ئەم كەشتییە یارمەتی سەربازەكان دەدات خۆیان رابهێنن بەبێ ئەوەی پێویست بكات بچنە دەریاوە، لە ئەگەری بوونی جەنگی پێشبینی نەكراودا خێراتر ئامانج بپێكن.


چەند ساڵێك لەمەوبەر چین خاوەنی هیچ كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگر نەبوو. ئەمڕۆ، لەناو زەریادا دوو دانە كەشتی بە ناوی لیاونینگ و شاندۆنگ هەیە و لە بیابانیشدا فوجیانی هەیە و تاكە وڵاتە كە خاوەنی كەشتییە كە لە بیاباندا كە بۆتە نیشانەی خێرا گەشەسەندنی هێزی سەربازی چین.

بیابانەكانی تەكلەماكان كە سەردەمانێك بە گەرمییە تاقەت پروكێنەكەی ناسرا بوو ، ئێستا شوێنێكە بۆ راهێنانەكانی سەربازی چین. فوجیان ناتوانێت بجوڵێت بەڵام دەتوانێت چەندین فڕۆكە لەسەر سەقفەكەی هەڵبگرێت و سەربازەكان یامادەی شەڕبكات

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...45678...117