بەرەبەیانی رۆژی 14 تەمموزی ساڵی 1958وەرچەرخانێكی گەورە عیراق و ناوچەكەی خستە قۆناغێكی نوێوە، كۆتایی بە سیستمێكی حوكمڕانی هێنرا و جۆرێكی تری دەسەڵات لە عیراقدا كاروباری گرتەدەست.
ئەو ڕۆژە ژمارەیەك ئەفسەری سوپای عیراق كە ناویان لەخۆیان نابوو ئەفسەرانی ئازادیخواز، نەخشەیەكی نهێنیان جێبەجێكرد و بەزەبری هێزی سەربازیی و پشتبەستوو بە پشتیوانیی خەڵكی عیراق، كۆشكی پاشایەتی و دامەزراوە گرنگەكانی حكومەتیان كۆنترۆڵكرد و لە ئەنجامیشدا دەسەڵاتی حوكمڕانییان لە پاشایەتییەوە گۆڕی بۆ كۆماریی.
روداوەكە بە هەموو پێوەرێكی ئەو سەردەمە و لە راونگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جەمسەرگیرییە سیاسییەكانەوە دژی ئیمپریالزم و كۆنەپەرستی بوو، عیراقی لە كۆمەڵێك پابەندیی رزگاركرد و تائێستاش لەزۆربەی ئەدەبیاتی سیاسی و مێژووییدا بە شۆڕشی چواردەی تەمموز ناسراوە.
گەلی كورد وەك نەیەوەیەكی گرنگی گەلانی عیراق پێشوازی لە شۆڕشەكە كرد، عەبدولكەریم قاسم كەسایەتیی یەكەمی جێبەجێكەر و بەرپرسیاری شۆڕشەكە بوو، چەندین ئەفسەری كوردیش لە ئەنجومەنی ئەفسەرانی ئازادیخواز ئەندام بوون.
گۆڕانكارییەكە لەسیستمی حوكمڕانیدا پێشبینی ئەوەی لێدەكرا ببێتە دەستپێكی قۆناغی ئازادی و گەشانەوە و پێشكەوتنی عیراق، چەندین هەنگاوی گەورەش بەو ئاراستەیە نران وەك ئازادكردنی تەواوی زیندانییە سیاسییەكان و لێبوردنی گشتی بۆ هەموو دوورخراوەكان، داڕشتنی دەستووری كاتی و مۆڵەتدان بە دامەزراندنی سەندیكا و كۆمەڵە پیشەیی و جەماوەرییەكان و دابینكردنی ئازادییەكانی رادەربڕین و ڕۆژنامەوانیی ئاشكرا.
گەلی كورد لەسایەی دەستووری نوێی عیراقەوە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا دان بە بوونیدا نرا وەك نەتەوەیەكی جیاواز و گەلێكی سەرەكی عیراق، دەقی بڕگەكەی دەستووریش دەڵێت كورد و عەرەب لەم وڵاتەدا هاوبەشن.
روداوەكەی چواردەی تەمموز، شۆڕش بوو، بەڵام ئەنجومەنی ئەفسەرانی ئازادیخواز بەرنامەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی دیاریكراویان نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی عیراق، ئەوەش كۆنەپەرستان و نەتەوەییە شۆڤینییەكان و هێزە ناوچەییەكان و جیهانییەكان سوودیان لێ وەرگرت و بە چەندین پیلان و نەخشە لە دژی كەوتنە كار و شۆڕشەكە لە رێڕەوی خۆی لایدا، تاكڕەوی زاڵ بوو، دووبەرەكی و جەمسەرگیری جۆراوجۆر سەریان هەڵدا و حكومەت لە زوربەی بەڵێنەكانی پێشووی پەشیمان بووەوە، گەلی كوردیش زیانی زۆری پێگەیشت لەو پاشەكشەیەی شۆڕش و ناچاركرا بۆ بەرگریی لە دەستكەوتە نەتەوەییەكانی چەكی شۆڕش هەڵبگرێت.
سەرەنجام حكومەتەكەی عەبدولكەریم قاسم لە كودەتایەكی خوێناویی بەعسی و نەتەوەییەكاندا، لە 8ی شوباتی ساڵی 1963دا روخێنرا.
ئێستا كە 68 ساڵ بەسەر چواردەی تەمموزی ساڵی 1958 تێدەپەڕێت، ئەوەی بە نەگۆڕی ماوەتەوە راستی چارەنوسی گەلانە، راستی ئەوەی كە هیچ زەبر و زەنگێك ناتوانێت هەتاسەر دەنگی ئازادیخوازیی گەلانی زۆرلێكراو كپ و خامۆش بكات.
مۆبایلە زیرەکەکان دەبنە سیخوڕ بەسەر خاوەنەکانیانەوە؛ ئێران کەمپینێکی بەرفراوان بۆ چاودێریکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێدەکات و سێنتکۆمیش لە مەترسیی دزەکردنی زانیاریی سەربازەکانی هۆشداریدەدات.
لە سێبەر و چوارچێوەی گرژی و پێكدادانە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، چەند راپۆرتێکی میدیایی ئاشکرایان کردووە، کێبڕکێ و ململانێی دیجیتاڵی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ، بە شێوەیەک ئێران کەمپینێکی رێکخراوی بۆ چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی مۆبایلی ئەو سەربازە ئەمریکییانە دەستپێکردووە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکراون.
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئێران سود لەو داتا و زانیارییە جوگرافیانە وەردەگرێت کە لەلایەن ئەپڵیکەیشنە بازرگانییەکان و تۆڕەکانی ریکلامی دیجیتاڵییەوە کۆدەکرێنەوە، ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی جوڵە و شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
چاودێری بەبێ پێویستی بە هاککردن
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم جۆرە سیخوڕی و چاودێریکردنە پێویستی بە هاککردنی راستەوخۆی سیستمە سەربازییە پارێزراوەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو تەنها پشت بە کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسایی ئەو ئەپ و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە دەبەستێت کە سەربازەکان رۆژانە لەسەر مۆبایلە تایبەتەکانیان بەکاریان دەهێنن، ئەمەش یارمەتی تاران دەدات وێنەیەکی روون و دروستی لەسەر شێوازی ژیانی رۆژانە، رێڕەوی هاتوچۆ و شوێنی کۆبوونەوەی هێزە ئەمریکییەکان دەستبکەوێت.
ئەم پەرەسەندنە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای لایەنە ئەمنییەکان دروستکردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی داتا بازرگانییەکان بۆ مەرامی هەواڵگری و سەربازی.
هۆشدارییەکانی سێنتکۆم
لەلای خۆشیەوە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' پێشتر هۆشداریی دابوو لە ئەگەری بەکارهێنانی داتای ئەپڵیکەیشنە بازرگانییەکان لەلایەن نەیارەکانیانەوە بۆ چاودێریکردن یان بەئامانجگرتنی هێزەکانیان لە ناوچەکانی ململانێدا، بە تایبەت لە کەنداو و گەروی هورمز کە گرژییەکان تێیدا لە لوتکەدان.
تائێستا لایەنە رەسمییەکانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم راپۆرتە نەداوە، هاوکات وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش 'پنتاگۆن' هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر قەبارەی ئەم کەمپینە سیخوڕییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئاشکرا نەکردووە.
ئەم روداوە تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگە ئەمنییە نوێیەکانی بەردەم سوپا مۆدێرنەکان لە سەردەمی جەنگی دیجیتاڵیدا، کە تێیدا مۆبایلە زیرەکەکان و ئەپڵیکەیشنە مەدەنییەکان بوونەتە مەترسییەکی گەورەی ئەمنی بۆ سەر ژیانی سەربازان.
کەمپینی هێرشی (SS7 Pings) چییە؟
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن پڕۆژەی توێژینەوەی 'Mobile Surveillance Monitor' ـەوە دراونەتە فاینانشاڵ تایمز، تۆڕەکانی مۆبایلی ناوچەکە تووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناردنی داواکاریی گوماناوی بوونەتەوە کە پێی دەوترێت "SS7 pings".
پڕۆتۆکۆلی SS7 سیستمێکی کۆنە لە تۆڕەکانی پەیوەندیدا کە رێگە دەدات بە دیاریکردنی شوێنی نزیکەیی ئەو مۆبایلانەی کە هێڵی "رۆمینگ" (Roaming) بەکاردەهێنن کاتێک لە دەرەوەی وڵاتی خۆیانن.
چاودێرانی ئەمنی توانیویانە شوێنپێی ئەم داواکارییە سیخوڕییانە هەڵبگرن و بەشێکیان بەستراونەتەوە بە "کۆمپانیایەکی مۆبایلی ئێرانییەوە"، ئەمەش وەک پەنجەمۆرێک وایە کە بیسەلمێنێت هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە کراوە.
یاسادانەران و کۆنگرێس هۆشداریدەدەن
ئەم بابەتە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی توند لە کۆنگرێسی ئەمریکا. سیناتۆری دیموکراتەکان "رۆن وایدن" (Ron Wyden)، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە هۆشداریدان لەسەر مەترسییەکانی کڕینی داتای بازرگانی لەلایەن وڵاتانی ترەوە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە :ئەمە یەکەمجارە لە جەنگێکی راستەقینەدا نەیارەکانی ئەمریکا داتای بازرگانیی شوێنپێهەڵگرتن بەکاربهێنن بۆ بەئامانجگرتنی راستەوخۆی هێزەکانمان."
ئەمە یەکەمجار نییە کە تەکنەلۆجیای مەدەنی دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2018دا، دوای ئەوەی ئەپڵیکەیشنی وەرزشیی ناسراوی "Strava" نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا شوێنی راکردن و راهێنانی بەکارهێنەرانی دیاری دەکرد، بەهۆیەوە شوێنی ورد و نەخشەی ناوخۆیی چەندین بنکەی سەربازیی نهێنیی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان بۆ رای گشتی ئاشکرا بوو، لەو کاتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بەکارهێنانی سەعاتی زیرەک و جی پی ئێسی لە زۆربەی ناوچە هەستیارەکاندا قەدەغە کردووە، بەڵام دۆسیەی مۆبایلە شەخسییەکان هێشتا وەک گەورەترین درزی ئەمنی ماوەتەوە.
لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایدەکات، روسیا بەهۆی نەرمی و کەلێنەکانی یاسای دژە سیخوڕیی ژاپۆنەوە، ئەو وڵاتەی کردووەتە "بەهەشتی سیخوڕەکانی" بۆ قاچاخچیەتیی تەکنەلۆژیای سەربازی.
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایدەکات، سەرەڕای سزاکانی سەر مۆسکۆ، روسیا لە رێگەی تۆڕێکی سیخوڕیی نهێنییەوە ژاپۆنی کردووەتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنان و قاچاخچێتیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی بۆ پیشەسازییەکانی خۆی.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کردووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی ئۆکراین، نزیکەی 90٪ی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا پێکهاتە و پارچەی تەکنەلۆژیی ژاپۆنییان تێدایە، کە لە رێگەی دەستەبژێرێکی سیخوڕی و کەلێنە یاساییەکانەوە گەیشتوونەتە دەست مۆسکۆ.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم پرۆسەیە لەلایەن یەکەیەکی هەواڵگریی سەربازیی نهێنیی روسیاوە بەڕێوەدەچێت کە بە "بەڕێوبەرایەتیی بیستەم" سەر بە دەزگای (GRU) ناسراوە و پێشتر رۆڵی بە ئاشکرا نەزانراوە. ئەفسەرانی ئەم یەکەیە لە ژاپۆن لەژێر پەردەی کاری دیپلۆماسی یان بازرگانیدا کاردەکەن بۆ کڕین یان دزینی تەکنەلۆژیای هەستیار.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەقی ئەم تۆڕەدا ئەفسەرێکی هەواڵگریی روسی تەمەن 49 ساڵ هەیە بەناوی "ماکسیم ڤلادیمیرۆڤیچ ڤیلچینکۆف" کە لە شوباتی 2024ەوە لەژێر ناونیشانی رەسمی کارمەندی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (ئایرۆفلۆت) لە تۆکیۆ جێگیر کراوە، ناوبراو تۆڕێکی بەهێزی لەگەڵ کۆمانیای لۆجستیی گواستنەوە دروستکردووە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان لە ژاپۆنەوە بۆ روسیا.
دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەکان دەڵێن، روسیا بۆ دەربازبوون لە سزاکان، ئەم تەکنەلۆژیا هەستیارانە لە رێگەی بەڵگەنامەی ساختە و هێڵە ئاڵۆزەکانی گواستنەوەوە لە رێگەی وڵاتانی سێیەمەوە وەک (سریلانکا، ئۆزبەکستان و ڤێتنام) دەگەیەنێتە ناوخۆی خاکەکەی بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی لە شەڕی ئۆکرایندا.
بۆچی ژاپۆن هەڵبژێردرا؟ (کەلێنە یاساییەکان):
ئاژاسنەکان ئاشکرایانکردووە، ژاپۆن وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی رۆژئاوا سزای توندی بەسەر روسیادا سەپاندووە، بەڵام یاساکانی دژە سیخوڕی لە ژاپۆن لە چاو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا نەرمترن.
یاسای ژاپۆنی رێگە بە دەستگیرکردنی سیخوڕەکان نادات مەگەر لە کاتی دزینی "نهێنیی رەسمیی دەوڵەت"دا بگیرێن، کڕینی پارچەی بازرگانی لە بازاڕەکاندا کە دواتر لە چەکدا بەکاردێن (تەکنەلۆژیای دوو بەکارهێنانی)، بە یاسایی رێگری لێکردنی قورسە.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دوای ئاشکرابوونی ئەم راپۆرتە، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر ژاپۆن بۆ توندکردنی چاودێریی سەر سنورەکان و دەرکردنی ئەو دیپلۆماتکار و کارمەندە روسیانەی گومانیان لێدەکرێت.
لەلای خۆشیەوە حکومەتی ژاپۆن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی لۆجستی و نێوەندگیری ناوخۆیی دەستپێکردووە کە گومانیان لێدەکرێت بەبێ ئاگا (یان لەپێناو قازانجی دارایی) هاوکاریی ئەم تۆڕە سیخوڕییەی روسیایان کردبێت.
جارێكی تر وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، دۆسیەی تەنە فڕیوە نەناسراوەكانی هەڵدایەوە، دۆسیەیەك كە خەریكە لە گومانەوە دەبێتە راستی و نیشانەی پرسیار لەسەر داهاتووی مرۆڤ دادەنێت.
پێنتاگۆن بەڵگەنامە و ڤیدیۆی نوێی ئەو دیاردە ئاسمانییە نامۆیانەی بڵاوكردەوە كە لە چەندین ناوچەی جیهان، لەنێویاندا عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماركراون.
ئاشكراكردنی ڕاستییەكان لەژێر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دراوە وەك بەڵێنی پێش هەڵبژاردن بۆ خولی دووەمی ئیدارەی ئەمریكا.
پێنتاگۆن لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی بۆ ئاشكراكردن و شەفافییەت لە بابەتە نهێنییەكانی حكومەتی ئەمریكا، گەڕێكی نوێی هەمەجۆری لە 40 فایلی دەنگی، ڤیدیۆیی و بەڵگەنامەیی بڵاوكردەوە كە لە ئاژانسە ئەمنییەكانی وەك و وەزارەتی وزە و ناساوە كۆكراونەتەوە.
بەڵگەنامەكان لە ئێف بی ئای و سی ئای ئەی وەرگیراون و دەرخەری چەندین رووداوی سەیر و سەمەرەن، لەوانەش لە رووداوێكدا یەكێك لە تەنە نامۆكان دەچێتە ناو دامەزراوەیەكی چەكی ئەتۆمی لە ویلایەتی تەكساس كە بووە هۆی كەرەنتینەكردنی تەواوی بنكەكە.
ئەوەی بۆ عێراق و ناوچەكە گرنگە، لەم دۆسیانەدا ئاماژە بەوە كراوە نزیكەی نیوەی ئەم ڕووداوانە لە دوای ساڵی 2010ەوە لە ڕێگەی كامێرای فڕۆكە جەنگییەكانەوە لە زەریای ئەتڵەسی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماركراون.
گومان دەكرێت حاڵەتی دەركەوتنی تەنە نامۆكان زیاتر لە نزیك بنكە سەربازییە ئەمریكییەكانەوە بێت كە ژمارەیەكی زۆری ئەو بنكە سەربازیانە دەكەونە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عیراقیشەوە.
ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە پێشتر پێنتاگۆن و تیمی لێكۆڵینەوەی دیاردە نەناسراوەكان، دیمەنی ڤیدیۆیی تەنێكی شێوە گۆیی بڵاوكردەوە كە لە ساڵی 2016دا لەلایەن فڕۆكەیەكی سیخوڕیی ئەمریكییەوە لە ئاسمانی شاری مووسڵ لە عێراق لە كاتی شەڕدا تۆمار كرابوو، تا ئێستاش بە نەناسراوی ماوەتەوە.
هاوكات فایلە نوێیەكان وتەی فڕۆكەوانێكی سەربازیی ئەمریكی لەخۆدەگرن كە لە ساڵی 2019دا لەگەڵ چوار هاوكاریدا تەنێكی تیژڕەویان بینیوە.
بەپێی قسەی فرۆكەوانەكە، تەنەكە تایبەتمەندییەكانی فڕینی تەواو جیاواز بووە لە هەر شتێك كە لە ماوەی 28 ساڵی خزمەتی سەربازییدا لە هێزی ئاسمانی و دەریاییدا بینیویەتی، تەنەكە لە خوار ئەو فرۆكەوانەوە بووە و بە خێراییەكی زۆر رۆشتووە.
مێژووی ئەم بەڵگەنامانە گەڕانەوەی تێدایە بۆ كۆنفرانسی ساڵی 1949 لە لۆس ئالامۆس كە تێیدا زانا گەورەكانی فیزیا نەیانتوانیبوو ڕوونكردنەوە بۆ بەشێك لەو تەنە نامۆیانە بدەنەوە كە لە ئاسمانی تاقیگە ئەتۆمییەكاندا دەبینران.
پێنتاگۆن جەختیكردەوە كە ئەمە كۆتا بڵاوكراوە نابێت و لەگەڵ وەزارەتی جەنگ، خەریكی ئامادەكردنی بەشەكانی تری فایلە نهێنییەكانن بۆ بڵاوكردنەوەی بۆ ڕای گشتی، چونكە هێشتا سەدان دیاردەی ئاسمانی لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا هەن كە وەزارەتی جەنگ و پنتاگۆن ناتوانن هیچ لێكدانەوەیەكی زانستییان بۆ بكەن.
کیشوەری ئەوروپا، کە لە دەیان وڵاتی سەربەخۆ پێکدێت، خاوەن مێژوویەکی گەورەیە لە جەنگ و ململانێ، بەڵگەکانی مێژوو شاهیدی زیاتر لە دوو هەزار شەرە لەو کیشوەرەدا، لە ململانێی دەوڵەتەکانی یۆنانەوە تا جەنگی روسیا و ئۆکراین ئەمەش دەرئەنجامی جوگرافیاکەیەتی، کە بە دەوڵەتە پارچەپارچەکراوەکان ناسراوە و هەریەکەیان بە سنوور و سەروەری خۆیانەوە لکێنراون.
کیشوەرەکە،بەهۆی پەیوەندییە نەتەوەیی و ئایینییە هەمەچەشنەکان، ویستی فراوانخوازی، ململانێ لەسەر سەرچاوەکان و گۆڕانی بەردەوام لە هاوپەیمانییەکاندا، بەردەوام جەنگ بەشێک بووە لە مێژووەکەی و ئەوە بەشێک بوە لە واقیعی کیشوەرەکە.
کیشوەری ئەوروپا دوای چەندین دەیە لە ژیان لەژێر سێبەری ئاشتیی درێژخایەندا، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و روخانی یەکێتیی سۆڤییەتەوە دەستی پێکردبوو، ئێستا خۆی لەبەردەم کۆتاییهاتنی ئەو ژیانە خۆشەدا دەبینێتەوە و لەبەرانبەردا هەنگاو دەنێت بۆ قۆناغیكی نوێی جەنگ.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە دوای زنجیرەیەک بەئاگاهاتنەوەی هات، کە سەرەتاکەی لە جەنگی بۆسنەوە دەستی پێکرد و بە گرتنی نیمچەدوورگەی قرم لە ساڵی 2014 و دواتریش هێرشی گشتگیری روسیا بۆ سەر ئۆکراین گەیشتە لوتکە.
ئەم روداوانە بونە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە و زلەیەکی میهرەبانی بۆ بەخەبەرهاتنی وڵاتانی کیشوەرەکە، چونکە روداوەکان ئەوروپایان ناچار کرد، چاو بە سیاسەتی سەربازیی خۆیدا بخشێنێتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی دڵنیایی زۆرەوە بودجەی بەرگریی کەمکردبووەوە و سەربازیی زۆرەملێی هەڵوەشاندبووەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشە ئەمنییانە، ئەوروپا بە قۆناغێکی پاشەکشەی دیاردا تێپەڕ دەبێت، کە خۆی لە سستبوونی گەشەی ئابوری کەمبوونەوەی بۆ 1.1٪ لە ساڵی 2026 و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و قەیرانی وزەدا دەبینێتەوە، ئەمەش وای لە دوو لەسەر سێی خێزانەکان کردووە خەرجییە سەرەکییەکانیان کەم بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کیشوەرەکە روبەڕووی شەپۆلی سێیەمی ئۆتۆکراسی( دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یاخود یەک گروپدا بێت) و داخورانی دیموکراسی بووەتەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، کرواتیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و بەریتانیا، لەگەڵ توندکردنەوەی دووبارەی سنورەکان بەهۆی فشاری کۆچی نایاسایی و گرژییە کولتورییە ناوخۆییەکان.
ئەمەش وایکردوە، وڵاتانی ئەوروپا بە ناچاری کەوتوونەتە ناو شەپۆلێکی مێژوویی پڕچەککردنەوە بەشێوەیەک، کە خەرجییە سەربازییەکانیان لە ساڵی 2020ەوە بە رێژەی زیاتر لە 98٪ زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بگاتە 454 ملیار یۆرۆ.
ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ئەوروپا، دوای لێدوان و فشارە توندەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هات، کە سیاسەتێکی بازرگانی و سزای بەرانبەر وڵاتانی وەک ئیسپانیا گرتەبەر و سێبەری پاراستنی ئەمریکای لەسەر ئەوروپا خستە ژێر پرسیارەوە، بە کشانەوەی هێزەکانی لەو کیشوەرە.
ئەم روداوانە، وایکردوە شرۆڤەکارانی ئەوروپی هۆشداری دەدەن لەوەی، کە دەبێت ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدا خۆی رابهێنێت، کە لە سایەی ئەمریکا بێتەدەرەوە و لە ئێستاشدا وڵاتانی کیشوەرەکە کۆبوونەوە و هەوڵەکانیان بۆ ئەو ئامانجەیە.
شرۆڤەکارانی سەرباز ئاماژەیان بەوەکردوە، لە ئێستادا ئەمریکا خۆی پێویستی بە هاوپەیمانی بەهێز و متمانەپێکراو هەیە،بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستا و داهاتوو، بەهێزبونی وڵاتانی ئەوروپا وادەکات پێگەی ناتۆ و توانای وەڵامدانەوەی ناتۆ بۆ روداوەکان زیاتر بێت.
لە کۆتاییدا هەرچەندە چەک و بودجەی سەربازی بۆ دروستکردنی هێزی بەربەست لە بەرانبەر روسیا یاخود هەر ئاڵنگارییەکی تری بەردەم ئەوروپا پێویستن، بەڵام چاودێران و شارەزایان جەخت دەکەنەوە، کە ئاسایشی بەردەوامی کیشوەرەکە تەنیا بە کڕینی چەک دەستەبەر نابێت، بەڵکو پەیوەستە بە بەهێزیی دامەزراوە دیموکراتییەکان، پاراستنی سەروەری یاسا و یەکڕیزیی سیاسی ناوخۆیی و زیندوکردنەوەی هەستی نیشتمانی لای هاووڵاتیەکانیان لە بەرانبەر ئاڵنگارییە دەرەکییەکاندا.
ساڵێك بەسەر رێوڕەسمی مێژوویی لەناوبردنی چەك لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە ئەشكەوتی جاسەنەی سلێمانی و جێبەجێكردنی بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی تێپەڕدەبێت، بەڵام بەهۆی بەربەستە یاساییەكان لە توركیا و هەموارنەكردنەوەی دەستووری وڵاتەكە پڕۆسەی ئاشتی بە سستی بەڕێوەدەچێت.
ساڵێك لەمەوبەر و بەدیارییكراوی لە 11ی تەمموزی 2025دا، 30 گەریلای ئەندامی گروپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی كە پێكهاتبوون لە 15 ژن و 15 پیاو، بە پێشەنگی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە، بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەكەكانیان لەناوبرد.
ئەو گروپە لەو چالاكیەیاندا، كە بە گرنگترین هەنگاوی پڕۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و توركیا دادەنرێت رایاگەیاند، لە ئێستا بەدواوە لەپێناوی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزم لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، چەكەكانی خۆیان بە ئیرادەی ئازادی خۆیان لەناودەبەن.
دەستپێكی پڕۆسەی ئاشتی و بڕیاری كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی بە شێوەیەكی كردەیی لە 1ـی تشرینی یەكەمی 2024، بە تەوقەیەكی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا-مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان-دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا دەستیپێكرد.
دواتریش عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە لە بانگەوازێكی مێژوویدا، لەژێر ناوی پەكەكە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی، بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیی" لە 27ـی شوباتی 2025دا راگەیاند و پەكەكەش لە وەڵامی بانگەوازەكەدا لە رۆژانی 5 و 7ـی ئایاری 2025، كۆنگرەی 12ـەمینی خۆی بەست و تیایدا بڕیاریدا كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت.
وەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەكەش، لە 11ـی تەمموزی 2025دا، لەبەردەم ئەشكەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رێوڕەسمێكی سیمبولی بۆ چەكسوتاندن بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێكی ڤیدیۆیی ئۆجەلان كە یەكەمین دەركەوتنی بوو لە دوای ساڵی 1999ـەوە.
سووتاندنی چەك لەلایەن ئەو گرووپەی پەكەكەوە كاردانەوەی زۆری ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لێ كەوتەوە و پێشوازییەكی بەرفراوانی لێكرا. گرنگترینیشیان جەختكردنەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لەسەر ئەوەی، سوتاندنی چەك لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی هەنگاوێكی مێژووییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش وتی، پڕۆسەی سوتاندنی چەكەكان هەنگاوێكی گرنگ بوو لە هەوڵەكانی گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی. هەر یەك لە وەزارەتەكانی دەرەوەی عیراق و ئەمریكاش پێشوازیان لە هەنگاوەكەی پەكەكە كرد و بە دەرفەتێكی راستەقینەیان زانی بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو رێوڕەسمەدا، هێشتا هیچ یاسایەكی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی یان گەڕانەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ توركیا دەرنەچووە. كەجەكەش ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ تێڕوانینێكی ئۆجەلان و پارتەكەیان لەسەر دەقە یاسایی و دەستوورییەەكان بە هەند وەرنەگیراوە، بەبێ بەخشینی مافی هیوا و دەستەبەركردنی ئازادیی فیزیكی بۆ ئۆجەلان، كەس ناتوانێت بڕیاری چەكدانانی تەواوەتیان پێ جێبەجێبكات یان واقعێكی لەو جۆرەیان بەسەردا بسەپێنێت.
شێرپەنجە ئەو نەخۆشییە كوشندەیەی ئێستا بەشێوەیەكی نا ئاسایی لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، ترسی خستووەتە دڵی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی و لەو بارەیەوە رێكخراوەكە زەنگی مەترسی لێدەدات.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهانداو دەڵێت، ئەگەر رێكاری خێرا نەگیرێتە بەر، تا 24 ساڵی تر رێژەی توشبوون لە جیهاندا بۆ 66.7% بەرزدەبێتەوە.
لە دوایین راپۆرتی خۆیدا رێكخراوی تەندروستی جیهانیی زەنگی مەترسی لەبارەی زیادبوونی نائاسایی توشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا لێدەدات و باسی لەوە كردووە، ئەم بازدانە ترسناكە پەیوەستە بە زیادبوونی تەمەنی مرۆڤ، گەشەی دانیشتوان، زیادبوونی هۆكارەكانی وەك قەڵەوی، پیسبوونی ژینگە و كەمبوونەوەی چالاكیی جەستەیی.
راپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر گرفتی گەورە لە دابەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكاندا، چونكە زۆربەی ئەم بارگرانییە دەكەوێتە سەر شانی وڵاتانی كەم داهات.
رێكخراوەكە پێشبینی دەكات، زۆرترین رێژەی تووشبوون لە ئەفریقا بە رێژەی 125.2% و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە رێژەی 109.8% تۆماربكرێت،
بۆ نموونە، رێژەی رزگاربوون لە شێرپەنجەی مەمك لە وڵاتە دەوڵەمەندەكاندا زیاترە لە 85 لەسەد، لە كاتێكدا لە وڵاتانی هەژاردا كەمترە لە 45 لەسەد، ئەمەش بەهۆی درەنگ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە.
لەو بارەیەوە تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، نابێت ژیانی هیچ كەسێك بەهۆی شوێنی لەدایكبوون یان ئاستی داهاتییەوە بكەوێتە مەترسییەوە، ئەم نادادپەروەرییانە قەدەری نەگۆڕ نین، بەڵكو دەرەنجامی بڕیارە سیاسییەكانن.
سەرەڕای ئەوەی 82%ی وڵاتان پلانی نیشتمانییان هەیە، بەڵام وەك رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ئاماژەی پێداوە، پێشكەوتنەكان خاون.
تەندروستی جیهانیی داوا لە حكومەتەكان دەكات وەبەرهێنان لە سیستمی داتا و خۆپاراستندا بكەن، چونكە بڕیارەكانی ئێستا داهاتووی ملیۆنان نەخۆش دیاری دەكەن.
لە دوای نەخۆشییەكانی دڵ، شێرپەنجە بە دووەم هۆكاری سەرەكیی گیانلەدەستدان لە جیهان دادەنرێت.
لە ساڵی 2024دا، نزیكەی 20.6 ملیۆن حاڵەتی نوێ و 9.7 ملیۆن گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە تۆماركراون كە شێرپەنجەی سییەكان و پرۆستات لە نێوان پیاواندا و شێرپەنجەی مەمك و سییەكان لە نێوان ژناندا باوترینیانن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە. دوای كۆچی دوایی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، كە بۆ ماوەی 37 ساڵ دەسەڵاتی رەهای لە تاران هەبوو، ئێستا وڵاتەكە چووەتە قۆناغێكی نادیار و پڕ لە فشار. موجتەبا خامنەیی، كوڕی رابەری پێشووی وڵاتەكە، لە رەوشێكی ئاڵۆزدا كە جەنگ و قەیرانی ئابووری رووی تێكردووە، جڵەوی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
ئەم گۆڕانكارییە تەنها گۆڕینی كەسایەتییەك نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكی سەختە بۆ مانەوەی سیستمێك كە لە ساڵی 1979ـەوە بەردەوامە و ئێستا لە هەموو كات زیاتر رووبەرووی مەترسی بووەتەوە.
عەلی خامنەیی لە تەمەنی 86 ساڵیدا و لە شوباتی 2026، لە كاتی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران كوژرا. ئەو لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا هەموو جومگەكانی دەوڵەتی گۆڕی، لە دامەزراوە ئایینییەكانەوە تاوەكو سوپای پاسداران.
بەپێی راپۆرتەكان، لە ساڵانی كۆتایی دەسەڵاتیدا رووبەرووی ناڕەزایەتییەكی توندی ناوخۆیی بووەوە، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەكانی مانگی یەكـی رابردووی ئێران، ئەمەش شەرعییەتی سیستمەكەی خستە ژێر پرسیارەوە. رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی لە شاری مەشهەد، تەنها كۆتایی مەراسیمێكی پرسە نەبوو، بەڵكو كۆتایی سەردەمێكی پڕ لە ململانێ بوو.
موجتەبا خامنەیی كوڕی كە لە مانگی "سێ"وە وەك رابەری نوێ دەستنیشان كراوە، تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی رەسمی لە میدیاكاندا دەرنەكەوتووە و وتارێكی پێشكەش نەكردووە. لێپرسراوانی تاران باس لەوە دەكەن كە ئەو بەهۆی پاراستنی ئەمنییەوە لە پەناوە كارەكان بەڕێوە دەبات. لەم قۆناغەدا، سوپای پاسداران رۆڵێكی گەورەتر دەگێڕێت و دەسەڵاتی بە سەر دۆسیە ئەمنی و سیاسییەكاندا فراوانتر كردووە. چاودێران پێیان وایە كە موجتەبا ناچارە زیاتر پشت بە دامەزراوە سەربازییەكان ببەستێت بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵات لە بەرامبەر فشارە دەرەكییەكاندا.
یەكەم تاقیكردنەوەی سیاسیی موجتەبا، رێگەدان بوو بە مەسعود پزیشكیان بۆ ئیمزاكردنی یاداشتێكی تێگەیشتن بە مەبەستی كردنەوەی گەرووی هورمز و دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن. هەرچەندە ئەو لە راگەیاندراوێكی نووسراودا رایگەیاندك لەگەڵ رێككەوتنەكە نییە، بەڵام رێگەیدا ئەنجام بدرێت بۆ سوككردنی سزاكان و گێڕانەوەی داراییە بلۆككراوەكان.
مانگی حوزەیرانی رابردوو بە تۆماركردنی تێكڕای پلەی گەرمی 20.74 پلەی سیلیزی بوو بە گەرمرترین مانگ لە مێژووی ئەوروپادا و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا، شەپۆلی گەرما بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ هەزار و 900 كەس.
ئەوروپا روبەڕووی گەرمترین مانگ بووەتەوە لە مێژووی خۆیدا، خەڵك بەگشتیی بۆ كاری پێویست نەبێت ناچنە دەرەوەی ماڵەكان و زۆرینەی ئەو كارانەشی لە ژینگەی دەرەوە ئەنجامدەدرێن، راگیراون.
زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەڵمانیا تۆماركراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پێنج هەزار و 120 كەس لەو وڵاتە بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، بەدوای ئەویشدا فەرەنسا دێت، كە 2025 كەس لەو وڵاتەدا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی ئەوروپا رێگەیان بە كارمەندەكانیان داوە لە ماڵەوە كار بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرینەی ئەو كارانەی لە ژینگەی دەرەوەدا دەكرێن راگیراون، یان لانیكەم لە نیوەڕواندا ئەنجام نادرێن، بۆ نمونە؛ لە فەرەنسا ئەو كەسانەی لەرێگەی ماتۆڕسكیل و پاسكیلەوە كاری گەیاندن دەكەن، لە نیوەڕواندا كار ناكەن.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی شەپۆلی گەرمای ئەوروپا بە بكوژە بێدەنگەكە ناودەبات.
پڕۆگرامی كۆپەرنیكۆسی جیهانیش تایبەت بە كەشوهەوا راپۆرتی خۆی لەسەر گەرمای ئەوروپا بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: مانگی رابردوو گەرمترین حوزەیران بووە لە مێژووی ئەوروپادا و تێكڕای پلەی گەرمی لە رۆژئاوای ئەوروپا گەیشتووەتە 20.74 پلەی سیلیزی.
لەو بارەیەوە سامانسا بۆرگس لێپرسراوی ستراتیژیی كاروباری كەشوهەوا لە كۆپەرنیكۆس رایگەیاندووە، ئێستا گۆڕانی كەشوهەوا لە گرفتێكی ئامار و ناو راپۆرتەكانەوە بووەتە هەڕەشەیەكی جدی و رۆژانە و ئەگەر رێكاری خێراشی بۆ نەگیرێتە بەر، ئەو شەپۆلانە بەشێوەیەكی توندتر دووبارە دەبنەوە و زیانی گەورەیان لێدەكەوێتەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندە جیهانییەكان تایبەت بە كەشوهەوا، ئەوروپا دوو هێندە خێراتر لە هەر شوێنێكی تری جیهان گەرم دادێت و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداری داوەتە حكومەتەكانی ئەو كیشوەرە هەنگاوی خێرا بگرنە بەر بۆ روبەڕووبوونەوەی گەرما.
یەكێك لەو هەنگاوە خێرایانەش كەمكردنەوەی فڕێدانی گازە ژەهراوییەكانە بۆناو ژینگە و گەیشتنە بە ئاستی كاربۆنی سفر تا ساڵی 2050، هەروەها زیادكردنی رێژەی سەوزایی بۆ ئاستێك، كە دەردانی ئەو گازە ژەهراوییانە بۆناو ژینگە سفر بكاتەوە.
لە كاتێكدا عیراق بەدەست قەیرانی دارایی و ناجێگیریی بەهای دراوەكەیەوە دەناڵێنێت، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و واشنتۆن پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی پڕ لە فشار و مەرجداركردن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ كە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریكی و عیراقییەوە بڵاوكراوەتەوە، حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێكاری توندی دارایی نوێ بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە دۆلارییەكان كە دەگەنە دەست ئێران و گروپە چەكدارییەكان.
ئەو هەنگاوەش لە بەرانبەر بڕیارێكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دێت بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی چوار مانگە لەسەر ناردنی دۆلار بۆ بەغداد.
رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، پشتگیری كۆشكی سپی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە دورخستنەوەی گروپە چەكدارەكان لە پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو مەرجدار كراوە، ئەوەش بەمەبەستی كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لە عیراق.
هەر ئەوەش وایكردووە، سەرۆك وەزیران فەرمانی بەو گروپانە بکات کە چەكەكانیان رادەستی حکومەت بكەن و بچنە ژێر ركێفی دەوڵەتەوە.
شیكەرەوانیش هۆشداریدەدەن، ئەو داواكارییانەی ئەمریكا تێچوویەكی سیاسی گەورەی بۆ زەیدی دەبێت و پرۆسەی بێهێزكردنی ئەو گروپانە زۆر خاو دەبێت، چونكە سەرۆك وەزیرانەکانی پێشتریش بەهۆی قورسایی و پێگەی ئەو گروپانە لە ناو پەرلەماندا نەیانتوانیوە روبەڕوویان ببنەوە.
ئەو گروپانە دوای داگیركاریی ئەمریكا لە ساڵی 2003 و دواتریش لە شەڕی دژ بە داعش لە ساڵی 2014 بوونە هێزێكی سەرەكی و لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك كران، ئێستاش بەشێكیان لە ناو سیستمی ئەمنیی رەسمی دەوڵەتدان.
یاساكانی واشنتۆن رێگە نادەن ئەو گروپانەی لە لیستی تیرۆردان، موچە لە گەنجینەی دەوڵەت وەربگرن، بەڵام تێكەڵاوییەك لە نێوان هێزە رەسمییەكان و گروپەكان هەیە.
لێكۆڵەران ئاشكراشیانكردووە، سەركردەی گروپە چەكدارەكان سود لە موچەی سەربازە بندیوارەكان، ئەو ناوانەی تەنها لەسەر كاغەزن و بوونی راستەقینەیان نییە، وەردەگرن بۆ دابینكردنی دارایی خۆیان.
لە لایەكی دیكەشەوە، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری حەیدەر عەبوودی وتەبێژی سەرۆك وەزیران و مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی بڵاویكردەوە، ئەمریكا ناردنی بارە دۆلارەكانی بە رێگەی ئاسمانی بۆ عیراق دەستپێكردووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە مانگی نیسانی رابردوودا واشنتۆن بارێكی نەقدی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار راگرت و بەشێك لە هاوكارییە ئەمنییەكانی هەڵپەسارد، وەك ئامرازێكی فشار بۆ سەر حكومەتی بەغداد.
دۆسیەی داراییە بلۆككراوەكانی ئێران لە قەتەر، كە بەها كەی دەگاتە شەش ملیار دۆلار، وەك یەكێك لە ئاڵۆزترین دۆسیە دارایی و دیپلۆماسییەكان لە قەڵەم دەدرێت، لەكاتێكدا تاران بەنیازی گەرانەوەیەتی و ئەمریكاش مەرجی هەیە بۆ ئازادكردنی.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو شەش ملیار دۆلارە لە قەتەر ئازاد دەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵات، بێئەوەی ووردەكارییەكەی ئاشكرا بكات.
لەلایەكی دیكەوە، ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، جەختی كردەوە، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو داراییە بلۆككراوانە نەگوێزراوەتەوە بۆ تاران و پرسی ئازادكردنی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە پێشكەوتنی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش پێشتر چەند جارێك باسی لەوەكردبوو كاتێك ئەو پارە بلۆكراوانە ئازاد دەكەن، كەتەنها بۆ كڕینی كاڵای ئەمریكی بەكاربێن.
ئەو داراییانەی ئێستا لە هەژمارە بانكییەكانی قەتەردان، نوێ نین، بەڵكو بەشێكن لە تۆڕێكی گەورەی دارایی بلۆككراوی ئێران لە جیهاندا، كە سەرچاوەكەی بۆ داهاتی هەناردەكردنی نەوت دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی ئەمریكا سزای گشتگیر بەسەر ئێراند بسەپێنێت.
چیرۆكی گەیشتنی ئەو پارانە بۆ قەتەر دەگەڕێتەوە بۆ پاییزی ساڵی 2023، كاتێك نێوەندگیریی قەتەر سەركەوتوو بوو لە ئەنجامدانی گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا.
لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا، واشنتۆن رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادكردنی بڕی شەش ملیار دۆلار كە لە بانكەكانی كۆریای باشووردا بلۆككرابوون، و گواسترانەوە بۆ هەژمارێكی تایبەت لەژێر چاودێری بانكی ناوەندی قەتەردا.
بەپێی خەمڵاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتی و پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی، ئەو بڕە تەنها بەشێكی بچووكە لە سامانە بلۆككراوەكانی ئێران لە جیهاندا كە بە 100 بۆ 120 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دوای ماوەیەك لە دانانی پارەكان لە قەتەر، رەوشی سیاسی ناوچەكە گۆڕا؛ دوای هەڵكشانی گرژییەكانی ناوچەكە و وەستانی دانوستانەكان، بڕیارێكی ئەمریكی دەرچوو بۆ دووبارە بلۆككردنەوەی ئەو پارانە و تا ئێستاش هەژمارەكە بە داخراوی ماونەتەوە.
چاودێرانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیانوایە ، ئەو پارانە ئەگەر ئازادیش بكرێن، ناچنە گەنجینەی ئێرانەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، زیادكردنی مووچە یان كاروباری سەربازی، چونكە بەپێی مەرجەكانی ئەمریكا دەبێت تەنها بۆ كڕینی پێداویستییە مرۆییەكان خەرج بكرێن.
گەرانەوەی ئەو برەپارەیە بەستراوە، بە گۆڕانكارییە سیاسییەكانەوە چارەنووسیان لە نێوان هیوای تاران، مەرجە توندەكانی واشنتۆن و بێلایەنیی نێوەندگیریی قەتەردا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانەكەی ترەمپ لە بارەی كۆتایی هاتنی ، لێكتگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران
ئۆپراسیۆنی دژ بە گەندەڵی لە عیراق كە لەلایەن حكومەتەكەی عەلی زەیدییەوە دەستیپێكردووە، ناكۆكی لە نێوان حكومەت و سەركردەكانی پارتە شیعەكاندا دروستكردووە و كە پێدەچێت ببێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی دۆسییەكانی گەندەڵی.
بەپیی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات رێوشوێنەكانی دەستگیركردن و دادگاییكردنی گەندەڵكاران بەپێی بەرژەوەندی خۆی دابڕێژێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵە پێدەچێت تووشی بەربەست بێت بەهۆی ویستی ئەمریكاوە بۆ بەكارهێنانی ئەو ئۆپراسیۆنە بە مەبەستی وشككردنی سەرچاوەكانی قاچاخكردنی پارە بۆ ئێران.
هاوكات، زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، دەسەڵاتداران دەستیانكردووە بە رێككەوتن و پێكهاتن لەگەڵ ژمارەیەكی دیاریكراو لە تۆمەتباران، بەو مەرجەی پارە دزراوەكان بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، نیگەرانە لەو ئۆپراسیۆنەو پێیوایە ئەو ئۆپراسیۆنە بە شێوەیەكی راستەوخۆ تەنهائەوان دەكاتە ئامانج.
ئۆپراسیۆنەكە دەستگیركردنەكان ترسی گەورەی لەناو پەرلەمانتاراندا دروستكردووە، بە جۆرێك هەندێكیان لە ترسی دەستگیركردن خۆیان لە ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەدزنەوە، لایەنەكان سەرۆكی پەرلەمان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بەشێوەیەكی بێلایەن كاری نەكردووە، پارێزگاری لە هەندێك پەرلەمانتار دەكات و پارێزبەندی لەسەر هەندێكی تر لادەبات.
لەم چوارچێوەیەدا، سەمیعە غەلاب، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، بە توندی رەخنەی لە شێوازی دەستگیركردنی پەرلەمانتاران گرت و شێوازەكەی بە نمایش وەسفكرد، دواتر، پارتی تەقەدووم دژایەتی خۆی بۆ لێدوانەكانی ئەو پەرلەمانتارەی نیشاندا و سزای لێپرسرینەوەی بەسەردا سەپاند.
چاودێرانیش پێیانوایە، پارتە سیاسییەكان سیاسیەتێكی دژبەیەك بەكاردەهێنن لەلایەك دەیانەوێت ئەو ئۆپراسیۆنە نەگاتە كەسایەتیە هەستیارەكان، لە لایەكی دیكەوە دەیانەوێت بە گێرانەوەی ئەو پارەیە و دەستگیكردنی چەند كەسێك توڕەی شەقامی عیراقی دابمركێنەوە و قەربووی ئەو زیانە بكەنەوە كە بەهۆی گەندەڵییەوە لە ساڵانی رابردوودا بە رناوبانگی عیراق كەتووە
لە هورمزەوە بۆ بانیاس، عیراق دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت هەمەجۆر دەكات و بیر لە رێگای نوێ دەكاتەوە.
حكوومەتی عیراق بە نیازە رێڕەوی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی سووریاوە كارا بكاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا دێت بۆ هەمەجۆركردنی دەروازەكانی هەناردەكردن و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەروی هورمز.
داخستنی گەروی هورمز لە گەرمەی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كاریگەری نەرێنی لەسەر عیراق دروستكرد تا ئێستاش بەردەوامە.
عاسم جیهاد، شارەزای نەوتی عیراقی، رایگەیاند، وڵاتەكەی زیانی گەورەی بەركەوتووە كە گەیشتووەتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی نەوتی عیراق دەستیكردووە، بە گەڕان بەدوای ڕێڕەوی جێگرەوەدا، لە پێشەنگیشیاندا زیادكردنی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە. لە ئێستادا هەناردەكردن لەو دەروازەیەوە لە نێوان 150 بۆ 200 هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێكدا، لەگەڵ ئەگەری بەرزكردنەوەی بۆ 250 تا 300 هەزار بەرمیل.
روونیشكردەوە، وەزارەتی نەوت لە مانگی نیسانی رابردوودا نەوتی رەشی لە رێگەی بەندەری بانیاسەوە هەناردە كردووە و ئێستاش ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردەكردنی نزیكەی 50 هەزار بەرمیلی دیكە لە رۆژێكدا لە نەوتی بەسرا لە رێگەی تانكەرەوە بۆ بەندەری بانیاس، وەك پێشەكییەك بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی بۆ بازاڕەكانی جیهان.
جەختیشیكردەوە، بۆری نەوتی نێوان عیراق و سوریا شیاوی بەكارهێنان نییە بۆ هەناردەكردن و دروستكردنی بۆری نوێ باشترین بژاردەیە بۆ بەگەرخستنەوەی ئە كەنالەی هەناردەكردنی نەوتی عیراق لەلایەكی دیكەوە، عەلی ناجی، سەرۆكی روانگەی ئیكۆ عیراق رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە رێگەی سوریاوە، رێڕەوێكی جێگرەوە بە عیراق دەبەخشێت، بەڵام سەرەڕای لایەنە ئەرێنییەكان، عەلی ناجی ئاماژەی بە چەند ئاڵنگاری كرد كە ڕووبەڕووی پڕۆژەكە دەبنەوە، لەوانە گواستنەوەی نەوت بە تانكەر تێچووی زۆر زیاترە بەراورد بە بۆرییەكان، هەروەها ئەو بڕە نەوتەی بەم شێوازە دەگوازرێتەوە كەم و سنووردارە، ئەمە جگە لە بەردەوامیی مەترسییە ئەمنییەكان بە درێژایی ڕێگا وشكانییەكان.
عیراق لە ئێستادا بۆ هەناردەكردنی زۆربەی نەوتی خاوی خۆی پشت بە بەندەرەكانی بەسر دەبەستێت لە رێگەی گەروی هورمزەوە، بەڵام پشێوییەكانی ئەم دواییەی ناوچەی كەنداو و هاتوچۆی دەریایی، حكوومەتی نەچار كردووە پەلە بكات لە گەڕان بەدوای دەروازەی نوێدا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەوتەكەی.

پەلەكردنی ناتانیاهۆ بۆ چاوپێكەوتنی ترەمپ سەرنجی میدیاكانی راكشاوە بەڵام پرسیارەكە ئەوەیو هۆكاری ئەو پەلەی ناتانیاهۆ بۆ ئەو كۆبونەوەیە چییە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵێكی چڕوپڕ دەدات بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە زووترین كاتدا.
نەتانیاهۆ دەیەوێت ئەم كۆبوونەوەیە راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە لووتكەی ناتۆ لە توركیا ئەنجام بدرێت، جا چ لە كۆشكی سپی بێت یان لە هەفتەی داهاتوودا.
بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، ئەم پەلەكردنە لە پێناو بەدیهێنانی چەند ئامانجێكی ستراتیژیدایە، راشیگەیاندووە، چوار ئامانجی سەرەكی و گرنگەكانی لە پشتن ئەو پەلەی كۆبوونەوە ناتانیاهۆیەوە لەگەڵ ترەمپ لەوانە.
بونیادنانەوە و نۆژەنكردنەوەی متمانەی نێوانیان، پەیوەندییەكانی نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ دوای جەنگ دژ بە ئێران تووشی ساردی و گرژی بووە، دەوروبەری ترەمپ پێیان وایە كە پێشبینی و هەڵسەنگاندنەكانی ناتانیاهۆ بۆ جەنگەكە هەڵە بوون، و تەنانەت ترەمپ نەتانیاهۆ بە بەرپرسیاری شكستەكە دەزانێت.
تەلئەبیبیش دەڵێت پلانەكانی دەزگای مۆساد بۆ ڕووخاندنی ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێك بووە نەك چەند رۆژێك، بەڵام واشنتۆن هەنگاوی پێویستی نەناوە، بەتایبەت لە پرسی بەكارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی بۆ رووخاندنی حكومەتی ئەو وڵاتە.
یەكێكی دیكە لە تەورەكان، ئیسرائیل دەیەوێت پێش دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی واشنتۆن و تاران بۆ ڕێككەوتنێكی هەمیشەیی، زانیاریی هەواڵگری نوێ بخاتە روو و فشار بكات تاوەكو ئەمریكا ئەو مەرجانە بسەپێنێت، لەوانە بێبەشكردنی ئێران لە هەر مافێكی پیتاندنی یۆرانیۆم، تێكهەڵكێشكردنی بەرنامەی موشەكی بالیستی لەناو رێككەوتنەكەدا و كۆتایهێنان بە پشتگیرییەكانی ئێران بۆ گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە.
سەبارەت بە پرسی لوبنان و كەرتی غەززەش نەتانیاهۆ هەوڵ دەدات فشارەكانی ئەمریكا كەمبكاتەوە كە داوای كشانەوەی ئیسرائیل دەكەن لە غەززە.
تەورێكی سەرەكی تر، تاوتوێكردنی فراوانكردنی رێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتانی وڵاتانی عەرەبی، كە بە رێككەوتنی ئیبراهیمی ناسراوە، هەروەها بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ رازیپێبكات كە فڕۆكەی جەنگیی جۆری ئێف 35 بە توركیا نەفرۆشێت.
ئەگەر ئەم كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، دەبێتە هەشتەمین دیداری نێوان هەردوو ئەو سەركردیە لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی.
راوێژكاریی یاسایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دۆسیەی بەتاڵانبردنی پارەی 23 ساڵی عیراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: تائێستا دوو ترلیۆن دۆلار بەتاڵانبراوە.
لە رۆژی 28ی حوزەیرانەوە ئۆپەراسیۆنێك بۆ دەستگیركردنی دەیان لێپرسراوی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی، بووەتە جێی بایەخی میدیا ناوخۆی و جیهانیەكان.
بەپێی ئەو داتایانەی تا ئێستا راگەیەندراوە، تەنها لەو ئۆپەراسیۆنەدا، دەست بەسەر نزیكەی 130 ملیۆن دۆلاردا گیراوە، ئەوە جگە لە سەدان كیلۆ خشڵ و ئۆتۆمبێل و ڤێلا و كەلوپەلی گرانبەها.
مونیر حەداد راوێژكاریی یاسایی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایكردووە، كۆی گشتی پارە دزراوەكانی عیراق لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا دەگاتە زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار.
بەو پێیە بێت، هەر 100 دۆلارێك ئەگەر بە نرخی 150 هەزار دینار بشكێنرێتەوە و دابەشبكرێت بەسەر ژمارەی دانیشتووانی عیراقدا، هەر تاكێك 65 ملیۆن و 49 هەزار دیناری بەردەكەوێت.
خۆ ئەگەر ئەو پارەیە تەرخان بكرایە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زان كۆ و پەیمانگەكان، ئەوا تەنها بە 7.8%ـی ئەو دوو ترلیۆن دۆلارە دەتوانرا لە ساڵی 2014ـەوە هەموو ساڵێك سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان كە ژمارەیان دەگاتە 250 هەزار كەس بە تێكڕای موچەی یەك ملیۆن دینار دابمەزرێنرێن.
ئەگەر كێشەی كرێنشینی لە عیراق كۆتایی پێبهێنرێت، ئەوا تەنها بە 5.47%ی ئەو دوو ترلیۆن دۆلارە، دەتوانرێت خانووی مۆدێرن بۆ سەرجەم كرێنشینانی عیراق دابینبكرێت.
ئاشكراكردنی دزینی پارەی زەبەلاح لە عیرادا كەیسێكی نوێ نییە، لە ساڵی 2022شدا دۆسیەی دزیی سەدە جارێكی تر شەقامی عیراقی هەژاند، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان، قەبارەی دزییەكە گەیشتووەتە هەشت ترلیۆن دیناری عیراقی كە هاوتایە بە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار و لەرێگای 247 كارتیی بانقی و بە هاوكاریی ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای پێشوو لە بانكی رافیدەیندا بە ناوی كۆمپانیای وەهمییەوە دزرابوون.
ئەو دزیەشی ئێستا لە عیراقدا كراوە، وەك مونیر حەداد باسی لێوەدەكات، هاوشێوەی دزیی سەدە لە لۆژیك دەرچووە و ناتوانرێت تەنها تۆمەتی گەندەڵی و دزینی پارەی بدرێتە پاڵ، بەڵكو ئاماژەیەكی روونە بۆ سپیكردنەوەی پارە.
عیراق و سووریا ڕێككەوتنێكی ستراتیژی ئیمزا دەكەن و نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس وەك جێگرەوەیەك بۆ گەرووی هورمز دەخەنەڕوو.
ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای عیراقییە بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاوكارییەكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، بەتایبەت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاس و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان.
ئامانجی سەرەكی عیراق لەم ڕێككەوتنە، دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی ئارام و بەردەوامە بۆ گەرووی هورمز بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی گرژییە هەرێمییەكان و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندووە كە دەیانەوێت ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەننە حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا پێش بەرپابوونی ئەم جەنگە، توانای هەناردەی ڕۆژانەی عیراق زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بووە.
كاراكردنەوەی ئەم بۆرییە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ئاستی هەناردەكردن.
بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس مێژوویەكی كۆنی هەیەو لە ساڵی 1934 بە تیرەی 12 ئینج و توانای 85 هەزار بەرمیل دروستكرا، دواتر و لە ساڵی 1952 بۆ 16 ئینج فراوانكرا و لە كۆتایی شەستەكانیشدا دوو بۆری 30 بۆ 22 ئینجی لێدرا.
بەڵام لە ساڵی 1982 بەهۆی پشتیوانیكردنی سووریا لە ئێران لە جەنگی عیراق-ئێراندا، هەناردەكردنەكەی ڕاگیرا.
لە ساڵی 2007یشدا هەوڵێكی دیكە بۆ دروستكردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی بانیاس كەركوك لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی ڕووسی درا، بەڵام لە 2009 بەهۆی گرانی تێچووەوە هەڵوەشایەوە.
ئێستا بۆرییەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی هەمەلایەنە هەیە، لەناو خاكی سووریادا درێژییەكەی 850 كیلۆمەترە و بەتەواوی پێویستی بە كاركردنە.
لە دیوی عیراقیشەوە بۆرییەكە دوو بەشە، بەشی كەركووك بۆ بێجی كە 120 كیلۆمەترە، كێشەی نییە و بە تیرەی 42 ئینج توانای گواستنەوەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بەڵام بەشەكەی دیكەی پێویستی بە چاككردنە، وەك ئەوەی محەمەد بەشیر لە ئابی ساڵی ڕابردوودا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری پێشووی نەوتی عیراقدا ئاماژەی پێ دابوو.
ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ عیراق گرنگ نییە، بەڵكو لە ڕووی ئابوورییەوە سوودێكی گەورە بە سوریا دەگەیەنێت، بەو پێیەی دیمەشق ساڵانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار وەك كرێی تێپەڕبوونی نەوتەكە لە عیراق وەردەگرێت، ئەمەش پاڵپشتییەكی دارایی باش دەبێت بۆ ئابووری وڵاتەكە لەم قۆناغە نوێیەدا.