رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لەسەر دوڕیانێکی چارەنووسساز وەستاوە کە پەیوەستە بە داهاتووی غەززە و حەماس، و هاوکات هاوسەنگیی هێزە ئیقلیمییەکان لە ناوچەیەکی فراوانتردا. لەنێو هەموو ئەمانەشدا، ئەو پرسیارەی کە هەمیشە دەکرێت ئەوەیە، ئایا هێزەکانی تورکیا لە غەززە وەک خۆیان دەڵێن، "بۆ پاراستنی ئاگربەست" بڵاودەکرێنەوە؟
تورکیا کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە، بەڵام ناتانیاهۆش دەستەوەستان دانەنیشتووە و لەژێر فشاری حکومەتەکەیدایە بۆ وەستانەوە دژ بە ئامادەیی تورکیا.
کەواتە چی رودەدات؟
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە بەشداریی تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستینی لە غەززە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەستی پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکاوە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و جەختی کردەوە کە "پێویستە ئیسرائیل بەو وڵاتانە ئاسوودە بێت" کە هێزەکانیان لە کەرتی غەززە جێگیر دەکەن.
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بیرۆکەی رۆڵگێڕانی دەسەڵاتی فەڵەستینی و بزوتنەوەی حەماسی لە غەززەی دوای شەڕ رەتکردووەتەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە ماوەی شەڕەکەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە.
"پێکهاتەی هێزەکە هێشتا دیاری نەکراوە"
رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێزی تورکیا لە چوارچێوەی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" لە غەززە بڵاودەکرێتەوە، وتی: "ئێمە هێشتا ئەو هێزەمان پێک نەهێناوە، بۆیە کارکردن لەسەری بەردەوامە."
وتیشی: "بە دڵنیاییەوە، کاتێک ئەم هێزە پێکدەهێنرێت، دەبێت لەو وڵاتانە پێکبێت کە ئیسرائیلیش پێیان ئاسوودەیە... زۆر وڵات هەن کە خواستی خۆیان نیشانداوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم ناویان بهێنم."
هاوکات جێگەی ئاماژەیە؛ دوو گرووپ لە وڵاتان هەن کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون:
یەکەمیان: ئەو وڵاتانەی کە ناتانیاهۆ لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا بهێڵێتەوە، وەک ئیمارات و میسر.
دووەمیان: ئەو وڵاتانەی کە مەرجیان ئەوەیە زۆرینەی سەربازەکان موسڵمان بن. بەڵام ئیسرائیل وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکەی دەوێت، و لەم چوارچێوەیەدا ئەندەنوسیا، پاکستان و ئازەربایجان دەردەکەون. تورکیاش ناکەوێتە خانەی هیچ کام لەم دوو پۆلێنەوە.
چۆن پرسی ئامادەیی تورکیا لە غەززە بووە یەکێک لە بابەت و ئەگەرە سەرەکییەکان؟
کاتێک چوار سەرکردە، و لە ناویاندا ئەردۆغان، لە 13ـی تشرینی یەکەم لە میسر راگەیەندراوی نیازپاکیی ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا کرد، چەندین پرسیار لە ئارادا بوون. رابردووی جووڵەکانی ئیسرائیل و حەماس، ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، و ئەو کەلێنانەی لە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا هەبوون، هەمووی پرسیاری گرنگ بوون.
بەڵام هەر خودی ئیمزاکردنی ئەو راگەیەندراوە بە ئامادەیی ئەردۆغان، پێگەی تورکیای لە پرسی غەززەدا لە لایەنگرییەوە گۆڕی بۆ لایەنێکی گەرەنتیکەری رێککەوتنی وەستانی جەنگ و لە بەرامبەردا چاوەڕوانی و ئەگەری بڵاوەپێکردنی سەربازانی تورک لە غەززە ورووژا.
ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەردانی تەلئەبیبی کردبوو بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، خشتە کاتییەکەی رێککەوتنەکەی بەم شێوەیە دیاریکرد: رادەستکردنی چەکەکانی حەماس، بڵاوەپێکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی غەززە، و پێکهێنانی ئیدارەیەکی جێگرەوە.
"نابێت هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر بێت"
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل بە ئەمریکای وتووە بوونی هێزی تورکیا لە غەززە "هێڵی سوورە"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەوەی کێ ڤیتۆ کراوە و کێ ڕێگەی پێنادرێت. بەڵام ئاشکرایە، هەر ئەندامێکی ئەم هێزە دەبێت کەسێک بێت کە توانایی و ئیرادەی هەبێت، هەروەها کەسێک بێت کە هەموو لایەنێک، بە ئیسرائیلیشەوە، پێی ئاسوودە بن."
سەبارەت بە رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حوکمڕانیی کەرتی غەززەی دوای شەڕ، رۆبیۆ وتی: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی فەڵەستینی دەربڕیوە. بێگومان پێویستی بە چاکسازی هەیە سەبارەت بەوەی چ ڕۆڵێک لە داهاتووی غەززەدا دەگێڕێت. ئەوە هێشتا دیاری نەکراوە، ئەگەر هەر ڕۆڵێکیشی هەبێت. ئێمە نازانین."
هەروەها دووپاتیکردەوە: "غەززە ناتوانێت شوێنێک بێت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەڕێوەببرێت کە بیەوێت وەک ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاری بهێنێت. ئەگەر وابێت، ئەوا شەڕێکی تر رودەدات... هەرگیز ئاشتی نایەتە ئاراوە ئەگەر ناوچەیەک وەک پێشوو بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت. هەموو لایەنێک لەمە تێدەگات، هەموو ئەوانەی ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کردووە لەمە تێدەگەن."
شیکاری و دەرەنجام:
لێرەدا، ململانێیەکە لەسەر ئاستی لێدوان و فشارە دیپلۆماسییەکان دەرکەوتووە و بووەتە "جەنگی گێڕانەوەکان". لە کاتێکدا میدیای ئیسرائیلی وەک "يسرائيل هيوم" باس لەوە دەکات کە کارەکە تەواو بووە و ئەمریکا "ڤیتۆ"کەی ئیسرائیلی لە دژی تورکیا قبووڵ کردووە، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێچەوانەکەی دەڵێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپاکەیان "ئامادەکاریی تەواوی کردووە" بۆ رۆڵگێڕان لە غەززە و پشتیوانیی ئەمریکاشیان هەیە.
دژایەتییە توندەکەی ئیسرائیل تەنها پەیوەست نییە بە هەڵوێستە توندەکانی ئەردۆغانەوە، بەڵکو رەهەندێکی ستراتیژیی قووڵی هەیە:
یەکەم: بوونی هێزێکی وەک تورکیا لە غەززە، کە خۆی بە پارێزەری فەڵەستینییەکان دەزانێت، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی داهاتووی غەززە ئاڵۆز دەکات.
دووەم: ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە بوونی سەربازیی تورکیا ببێتە هاندەرێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی حەماس و زیندووهێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە حکومەتی ئێستای ناتانیاهۆ بە توندی دژی دەوەستێتەوە.
سێهەم: بوونی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا، باڵادەستیی ئیقلیمیی ئیسرائیل دەخاتە ژێر پرسیارەوە و رکابەرێکی بەهێزی لە تەنیشت سنوورەکانییەوە بۆ دروست دەکات کە دۆستی دوژمنەکەی دەکات.
لە کۆتاییدا، پرسی بوون یان نەبوونی تورکیا لە غەززە، بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ هاوسەنگیی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا. ئایا "هێڵە سوورەکەی" ئیسرائیل هێندە بەهێزە کە بتوانێت ئەندامێکی گرنگی ناتۆ لە هاوکێشەکە دووربخاتەوە؟ یان پێگەی تورکیا وەک "وڵاتی گەرەنتیکار" و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، قسەی کۆتایی دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها چارەنووسی هێزە نێودەوڵەتییەکە دیاری ناکات، بەڵکو نەخشەی داهاتووی کاریگەریی وڵاتان لە ناوچەکەدا دەکێشێت و رەنگە ئەگەرێکیش بێت بۆ ئەوەی بزانین، حەماس دەگاتە کوێ.
ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رووی ئابوری و ژێرخانی سەرچاوە سروشتییەكانی بۆ ئەمریكا ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ ووڵاتەكە پەیدا دەكات بەهۆی هەناردەكردنی نەوت و غاز و كشتوكاڵ و بەرهەمی كارگەكانی.
تەکساس یەكێكە لە گەورەترین ویلایەتی ئەمریكا لە رووی ئابورییە و رۆڵی هەیە لە بەرهەمی نیشتمانی ئەمریكا و رەخساندنی هەلی كار و هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ و سەرچاوەكانی.
ویلایەتەکە پێشەنگی ویلایەتەكانی ئەمریكا بۆ هەناردەكردن و ساڵان بە بەهای سەدان ملیار دۆلار كاڵا هەناردە دەكات و سێكتەری كارەبا و تەكنەلۆجیا و پیشەسازی ویلایەتەكە رۆڵیان هەیە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی و جیهانی و ئابورییەكەی گەورەترینە لە جیهاندا و قەبارەی ئابورییەكەی دەگاتە نزیكەی سێ ترلیۆن دۆلار لە ساڵێكدا.
نەوت و غاز و وزەی بای تەكساس بنچینەیەكی گرنگن بۆ ئەمریكا كارەبایان بۆ ویلایەتەكە و چەند ویلایەتێكی تر دابین كردووە و پلەی دووەمی گرتووە لە ئەمریكا بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی شل و بەردەوامیشە لە گەشەپێدانی وزەی خۆر و سودوەرگرتن لێی و 40٪ی نەوتی خاو و 25٪ی غازی شلی ئەمریكا لە تەكساسەوە بەرهەمدێت.
لە تەكساس گرنگی بە كانە كانزاییەكان دەدرێت و سودی لێوەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن و پێشەنگ لە پیشەسازی پێتڕۆكیمایی و ئۆتۆمبێل و ئەلیكترۆنی و كۆمپیوتەر.
بەهۆی كەمی باج و خەرجی ژیان و پاڵپشتی بۆ كرێكار و كارمەند زۆربەی كۆمپانیاكان ئارەزووی ئیشكردنن لە تەكساس و رێژەی بێكاری كەمتر لە 4٪ە و گەشەی ویلایەتەكە بەردەوامە لە هەڵكشان.
دزییە گەورەکەی لۆڤەر؛ راپۆرتێکی نهێنی شکستە ئەمنییە مێژووییەکانی ئەو مۆزەخانەیە ئاشکرا دەکات:
دزییە مەترسی دارەکەی رۆژی یەکشەممە لە مۆزەخانەی لۆڤەر، کە تێیدا هەشت پارچە لە گەوهەرە شاهانەکان دزران، نەک هەر ناوبانگی مۆزەخانەکەی خستە مەترسییەوە، بەڵکو بووە هۆی ئاشکرابوونی زنجیرەیەک کەموکورتیی ئەمنیی قووڵ و مێژوویی. ئێستا راپۆرتێکی نهێنیی دامەزراوەی باڵای وردبینیی فەرەنسا، وردەکاریی شۆکهێنەر لەبارەی سیستەمی ئەمنی و کەمکردنەوەی بودجە ئاشکرا دەکات و ئەنجومەنی پیرانیش بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردووە.
راپۆرتە نهێنییەکە چی ئاشکرا دەکات؟
رەشنووسێکی نهێنیی راپۆرتی "دادگای ژمێریاری" کە باڵاترین دامەزراوەی وردبینییە لە فەرەنسا، بە توندی لۆمەی ئیدارەی لۆڤەر دەکات بەهۆی چەندین خاڵەوە:
سیستەمێکی ناتەواوی کامێرای چاودێری: لە هەر سێ ڕووە سەرەکییەکەی مۆزەخانەکەدا سیستەمی چاودێری لاوازە. بۆ نموونە، لە رووی "ریشیلیۆ" لە کۆی 182 ژوور، تەنها 25%یان کامێرای چاودێرییان هەیە.
کەمکردنەوەی بودجەی ئەمنی: بودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری ئەمنی لە ساڵی 2024 زۆر کەمترە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئەمنی.
گرنگیدان بە پڕۆژەی لاوەکی: راپۆرتەکە دەڵێت ئیدارەی مۆزەخانەکە سەرقاڵی پڕۆژەی نوێ بووە لەجیاتی ئەنجامدانی "کارە بنەڕەتی و پێویستەکان" بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە.
مێژوویەک لە دزیکردن و شکستی ئەمنی:
ئەمە یەکەمجار نییە لۆڤەر روبەڕووی دزیی گەورە دەبێتەوە. بەناوبانگترینیان دزینی تابلۆی مۆنالیزا بوو لە ساڵی 1911. هەروەها:
دزیی شۆڕشی فەرەنسا (1792): لەناو گێژاوی شۆڕشدا، زیاتر لە 10 هەزار بەردی بەنرخ و مرواری دزران، لەنێویاندا ئەڵماسی بەناوبانگی "شینی فەرەنسی" کە دواتر بە ناوی "ئەڵماسی هیواداری" (Hope Diamond) لە مۆزەخانەی سمیسۆنیان لە واشنتن دەرکەوتەوە.
شمشێرە ئەڵماس رێژکراوەکە: (1976) سێ دزی دەمامکدار شمشێرێکی ئەڵماس رێژکراوی شا چارلزی دەیەمیان دزی کە هەرگیز نەدۆزرایەوە.
تابلۆی "رێگای سێڤر:" (1998) لە رۆژی رووناکدا، دزێک تابلۆیەکی بەنرخی لە چوارچێوەکەی دەرهێنا و دیارنەما.
کێشەی سەرەکی: لۆڤەر کۆشکێکە کە بۆ مۆزەخانە نابێت
شارەزایان پێیانوایە کێشەی سەرەکیی لۆڤەر، لە خودی پێکهاتە تەلارسازییە ئاڵۆزەکەیدایە. ئەم باڵەخانەیە کە وەک قەڵایەکی سەربازی دروستکراوە و دواتر کراوە بە کۆشک، لە 25 ئاستی جیاواز پێکدێت و پاراستنی کارێکی ئێجگار سەختە. وەک جیرارد ئارۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی لۆڤەر دەڵێت: "لۆڤەر کۆشکێکە کە لۆژیکی مۆزەخانەی نییە. ئەو بۆخۆی گەردوونێکە."
سیستەمی ئەمنی لۆڤەر و کەلێنەکانی:
لۆڤەر بە دوو چینی ئەمنی دەپارێزرێت: نزیکەی 1200 پاسەوانی تایبەتی مۆزەخانەکە، و هێزێکی 52 کەسیی ئاگرکوژێنەوە کە بەشێکن لە سوپای فەرەنسا. بەڵام:
پاسەوانەکان: بەردەوام سکاڵایان لەبارەی خراپیی بارودۆخی کارکردنیان هەبووە. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی دان بەوەدا دەنێت کە موچەیان کەمە و قوتابخانەیەکی تایبەت بە راهێنانی پاسەوانی مۆزەخانە بوونی نییە.
ئاگرکوژێنەوەکان: هێزێکی زۆر راهێنراون بەڵام ئەرکی سەرەکییان بەرەنگاربوونەوەی ئاگر و لافاوە، نەک رێگریکردن لە دزی.
نهێنیی شووشە شکاوەکە:
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چۆن دزەکان توانیویانە شووشەی قەفەزەی گەوهەرەکان بشکێنن؟ لە کاتێکدا مۆنالیزا لەناو شووشەیەکی دژە فیشەک و پۆڵاییندایە، بەڵام شووشەی گەوهەرەکان جیاواز بووە. بەرپرسێکی پێشووی سەربازی ئاشکرای دەکات کە شووشەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە بەهێز بێت دژی تاوانباران، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن بیشکێنن لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بۆ رزگارکردنی گەوهەرەکان. وا دیارە دزەکان ئەم خاڵە لاوازەیان قۆستۆتەوە.
ئەگەر ئەمریکا موشەکی تۆماهوک بداتە ئۆکراین، ئەوا نزیکەی دوو هەزار بنکەی سەربازیی روسیا لەوانەش 76 بنکەی ئاسمانی، دەکەونە ژێر مەودای ئەم چەکە دوورهاوێژەوە.
ئەم زانیارییە لە پۆستێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) لەگەڵ نەخشەیەکی ناوچە مەترسیدارەکانی روسیادا بڵاوکراوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند لە ساتەوەختی بڕیارداندایە سەبارەت بە ناردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، جەختی لەوەش کردەوە دەبێت بزانێت ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم مووشەکانە چییە و دژی چ ئامانجێک بەکاردەهێنرێن.
پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردبوویەوە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی ٨٠هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆک بخاتە بەردەستی ئۆکراین.
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە بەشێک لە بڕیارەکەی سەبارەت بە دابینکردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین داوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بەدوای فراوانکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵام دەیەوێت بزانێت موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ چ مەبەستێک بەکاردەهێنرێن.
موشەکی تۆماهۆک یەکێکە لە موشەکە هەرە ناسراو و کاریگەرەکانی جیهان کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و بەکار دەهێنرێت.
دیارترین تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی و تواناکانی بریتین لە گەیشتن بە دوورییەکی ئێجگار زۆر و بەوردی پێکانی ئامانجەکانی لەسەر رووبەرێکی فراوان.
مووشەکی تۆماهۆک چەکێکی ستراتیژی و کاریگەری ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکان:
موشەکی تۆماهۆک، دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە، لە ساڵی 1983 خرایە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ئەم موشەکە خاوەنی چوار دیزاینی سەرەکییە، لەوانە دوانیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و ئاسایی دروستکراون، هەروەها دوانی دیکەشیان لە زەوییەوە یان لە ژێردەریاییەوە ئاڕاستەی ئامانجەکان دەکرێن.
تۆماهۆک، کە کاریگەریی کەشوهەوای لەسەر نییە و مەودایەکی دوورهاوێژی هەیە، بۆ پێکانی ئامانجە دوورەکان بەکاردێت.
قەبارەیەکی بچووکی هەیە و دەتوانێت لە نزمییەکی زۆرەوە بفڕێت، ئەمەش وای لێدەکات کە بە سەختی لەلایەن رادارەکانەوە ئاشکرا بکرێت و بپێکرێت.
زانیاری تایبەت بە شوێنی ئامانجەکە دەخرێتە ناو موشەکەکەوە.
ئەم موشەکە سیستمی روپێوی تۆپۆگرافی (TERCOM) بەکاردەهێنێت کە لە رێگای ئامێری AN/DPW-23 کاردەکات.
بەمەش زانیاری دەربارەی بەرزبوونەوەی موشەکەکە بەهۆی پێوەری بەرزبوونەوەی رادارییەوە وەردەگرێت و بەراوردی دەکات لەگەڵ نەخشەی راداریی پرۆگرامکراو، تا موشەکەکە بە رێگایەکی فڕینی دیاریکراودا بڕوات.
دواتر سیستمێکی دیکەی وێنەیی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە کە وێنەی تۆپۆگرافیا بار دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە کۆمپیوتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش وردبینییەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی ئامانجەکە.
لە ساڵی هەشتاکانەوە تا ئێستا 9 جۆری دیکەی ئەم موشەکە دروستکراوە.
موشەکی تۆماهۆک، کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بۆ لێدانی بنکەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بەکارهێنراوە، بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین موشەکەکانی ئەمریکا دادەندرێت.
دەتواندرێت لە بورج یان لە ژێردەریایی لە پانتایی ئاوەوە بهاوێژرێت و بە یارمەتی کەشتی ئاسمانی ئامانجەکان بپێکێت.
تۆماهۆک لە خێزانی ئەو موشەکانەیە کە پێیان دەگوترێت موشەکی کروز یان باڵدار، دەتوانێت خۆی ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و چەندین بەکارهێنانی هەیە و دەکرێت بەپێی پێویست کڵاوەی سەری بگۆڕدرێت.
نوێکاری لە چۆنییەتی کارکردنی موشەکی تۆماهۆکدا کراوە و ئێستاش موشەکەکە دەتوانێت سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی GPS بەکاربهێنێت، هەروەها دەتوانێت لە کاتی هەڵداندا خێراییەکەی بگۆڕێت.
ئەم موشەکە لە نزمییەکی زۆرەوە دەفڕێت و دەتوانێت سود لە چەندین سەرچاوەی زانیاری وەربگرێت کە لە کەشتی ئاسمانی یان کەشتی دەریایی بۆی رەوانە دەکرێت، بۆیە موشەکەکە دەتوانێت ئاراستەی خۆی لە کاتی فڕینیدا بگۆڕێت و تەنانەت ئامانجێکی جووڵاویش بپێکێت.
بۆ یەکەمجار موشەکەکە لەساڵی 1983 لەلایەن هەردوو کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز و ڕایسۆن ماکدۆنڵ دۆگلاس دروستی دەکەن.
هەر مووشەکێک نرخی لەنێوان یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاردایە.
دەکرێت کڵاوەی ئەم مووشەکە بڕی 450 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی تێبکرێت و تەنانەت دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمیشی بخرێنە سەر.
مەودای هەڵدانی مووشەکەکە دوو هەزار و 500 کیلۆمەترە و خێراییەکەی 880 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا.
ئەو وڵاتانەی مووشەکی تۆماهۆکیان هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیان.
بۆ یەکەمجار هێزی دەریایی ئەمریکا ئەم موشەکەی لە جەنگی دژی عیراق لە ساڵی 1991 بەکارهێنا و لە ساڵی ٢٠٠٣ش بە هەمانشێوە لە پرۆسەی ئازادی عیراق دژی مۆڵگەکانی سەدام و هەروەها گرووپی ئەنسارولئیسلام لە هەورامان بەکارهێنرا.
تا ئێستا نزیکەی 6 هەزار موشەکی تۆماهوک دروستکراوە و ئێستاش زیاتر لە 3 هەزاریان لەبەردەستدان.
مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەدا رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووە و بە بەرپرسیاری زانیون لە جینۆسایدی گەلی كورد لە عیراق و دەڵێت: «بۆمبارانە كیمیاییەكان سیاسەتێكی جینۆسایدە، پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە و پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەم تاوانە بدەنەوە
مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell) رۆژنامەنووسێكی ئیسپانییە و شارەزای دۆزی كوردە، لەساڵی 1988دا چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال لە رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16)ی ئیسپانی لە مەدرید کردووە. مانوێل لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ جگە لەوەی باس لە ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكەی دەكات كە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال داواكردن بووە لە حكومەتی ئیسپانیا بۆئەوەی فرۆشتنی چەك و كەرەستەی كیمیایی بە عیراق رابگرێت، هاوكات دیدگای سەرۆك مام جەلال بۆ دەوڵەتداریی و سەقامگیری و ئاشتی نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پێوست دەزانێت. جیا لەوە رۆڵی سەرۆك مام جەلال بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی دۆزی كورد بە گرنگ وەسف دەكات.
* بۆ یەكەمجار كەی و لە كوێ مام جەلال-ت بینی؟ باسی چیتان كرد؟
-پسپۆڕییەكەم وەك رۆژنامەنووسێك لە بارەی دۆزی كورد، دەرفەتی ئەوەی پێدام، كە سەركردەكانی كورد بناسم. یەكەمجار لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1988دا لە میانەی كۆنفرانسێكی تایبەت بە كوردستان، كە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو مام جەلالم بینی، كۆنفرانسەكە لەلایەن «پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی سیاسی بۆ ئەمریكای لاتین و ئەفریقا» رێكخرابوو. سێ كەسایەتی دیاری كورد بانگهێشتكرابوون ئەوانیش: (كەنداڵ نەزان) كوردێكی باكووری كوردستان و بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی كوردی بوو لە پاریس، (عەبدولڕەحمان قاسملو) سەركردەیەكی ناسراوی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، (جەلال تاڵەبانی). چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ تاڵەبانی كرد، كە لە رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16) بڵاوكرایەوە، تێیدا ئیدانەی بێهەڵوێستیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر جینۆسایدی گەلی كورد لە عیراق و فرۆشتنی چەك و پێكهاتە كیمیاییەكان بە رژێمی سەدام حسین لەلایەن ئیسپانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە ئیدانە كرد.
*چەند جاری دیكە چاوت بە سەرۆك مام جەلال كەوت؟
- لە مانگی ئابی ساڵی 1991 جارێكی تر چاوم بە جەلال تاڵەبانی كەوتەوە لە شەقڵاوە، ئەوكات كوردستانی عیراق لەناو راپەڕینێكی سەرتاسەریدا بوو. ئێمە لە رێگەی فیشخاپورەوە چووینە ژوورەوە، دوو رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر و نوێنەرێكی خاچی سووری ئیسپانیا بووین. سوپای عیراق زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستانی كۆنتڕۆڵكردبوو، لەوانە شاری هەولێر. ناچار بووین لە رێگەی ئامێدی و بارزانەوە بۆ رواندز بەڕێ بكەوین، لەوێشەوە بەرەو شەقڵاوە، كە جەلال تاڵەبانی لێ بوو، ئەو بە گەرمی سڵاوی لێ كردین، یەكەم كتێبی خۆمم بەناونیشانی «كوردستان، مێژووی بەرخۆدانێك». پێشكەش كرد، لیستی ئەو پرسیارانەم پێدا كە ویستم لێی بكەم، بەڵام وتی ببورە لە ئێستادا كاتم نییە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكارمان بوو بۆ ئەوەی بگەینە سلێمانی كە ئەوكات لەلایەن سوپای عیراقەوە گەمارۆدرابوو.
لە ساڵی 2006دا لە دوكان جارێكی تر مام جەلال پێشوازیی لێكردم، تێیدا تاوتوی پرۆژەی پاراستن و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و دارستانەكانمان كرد، ئەم پرۆژەیە بە هاوكاریی حكومەتی خۆجێی (ناڤار) لە ئیسپانیا بوو، دەمانویست لە كوردستان بەرەوپێشی ببەین.
*بۆچوونی ئێوە لەبارەی سەرۆك مام جەلال چییە؟
- تاڵەبانی نوێنەرایەتی ئەو سیاسییە گەورانەی دەكرد كە دیدگای دەوڵەتدارییان هەیە، تەنانەت لە ئاڵۆزترین ساتەكان یان قەیرانە قووڵەكاندا توانای دۆزینەوەی چارەسەری هەبوو لەسەر بنەمای رێز و دیالۆگ. تاڵەبانی بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەل و دۆزی كوردی لە سەرووی دابەشبوونە حزبی و كەسییەكان و ململانێی نێوان گروپ و ئاڕاستە سیاسییە جیاوازەكانەوە دادەنا. تاڵەبانی دەیزانی چۆن رێز لە بڕیارەكەی (نەوشیروان مستەفا)ی هاوڕێی بگرێت كاتێك بڕیاری دروستكردنی حزبی دا، هەروەها بەرگریی لە شاعیر (فەرهاد پیرباڵ) دەكرد كاتێك هەمووان هێرشیان دەكردەسەری، ئەم رێزگرتنە لە جیاوازییەكان بۆ پەرەپێدانی رۆحێكی دیموكراسی لە كوردستاندا پێویستە. بە بڕوای من تاڵەبانی نوێنەرایەتیی گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی دەكرد لە ئاڕاستەی سیاسی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد بەرەو پێگەی پێشكەوتنخوازانەتر و شێوازی بیركردنەوەی مۆدێرن، ئەم تایبەتمەندییانەی تاڵەبانی وایكردووە پرسی كورد بەركەوتنی زیاتری نێودەوڵەتی هەبێت، بەتایبەتی لەناو رێكخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال، كە تاڵەبانی یەكێك بووە لە نوێنەرە سەرەكییەكانی.
* تا چەند سەرۆك مام جەلال بۆ كورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست بوو؟
-من شانازی دەكەم كە یەكێك لە سەركردە هەرە دیارەكانی گەلی كوردم ناسیوە، رۆحی وتووێژ و دیدگای دەوڵەتداری تاڵەبانی بۆ پێشخستنی سەقامگیریی و ئاشتی نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی پێویستە. ئەمڕۆ، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەكێك لە خراپترین قەیرانەكانیدا تێدەپەڕێت، سیاسییەکی خاوەن پێگە و توانای وەک تاڵەبانی لە هەموو كاتێك پێویستترن بۆ چەسپاندنی ئەو دیدگایەی جیهان كە تایبەتە بە گەلی كورد و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە جیاوازییە كەلتوری، ئایینی و نەتەوەییەكان دامەزراوە. كوردستان دەتوانێت ببێتە نموونەیەك بۆ گەیشتن بەو سەقامگیری و ئاشتییەی كە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوازراوە، شتێك كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی پێویستی پێیەتی و قەدری دەزانێت، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، وەك لە كۆنفرانسی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆكتێب وتم، «دەبێت سیاسەتمەداران رێبازی تاڵەبانی پەیڕەو بكەن».
*تۆ سەردانی كوردستانت كردووە چیتان لەسەر گەلی كورد هەیە؟
من زیاتر لە 10 جار سەردانی باشووری كوردستانم كردووە، هەروەها سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانم كردووە. كوردستان و كورد بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئایینی و نەتەوەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك «ماستەرێكی گەورە» وابوو بۆ من. لە سایەی گەلی كورد، ئێستا بە باشی شارەزام لەوەی كە لە عیراق، ئێران، سوریا و توركیا چی دەگوزەرێت. گەلی كورد رێگەی پێدام ئەو بیركردنەوە كۆنەپەرستە باوانە بشكێنم كە لە ئەوروپادا هەیە سەبارەت بەوەی كوردستان بە ئیسلامییەكی توندڕەو وێنا دەكەن. گەلی كورد نیشانی دەدات كە ئیسلامێكی لێبوردەتر و رێزدارتری هەیە. جیا لەوە پێم وایە بۆ كورد زۆر مەترسیدارە كە گەشەپێدانی ئابووریی لەسەر یەك كەرتێكی بەرهەمدار بنیات بنێت، وەك دەرهێنانی نەوت و گاز، چونكە ئەوە مانای وازهێنانە لەو توانا بەرفراوانەی كە بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە كوردستاندا هەیە. كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزاردا، نەك تەنها لە شارەكاندا، بەڵكو لە ناوچە گوندنشینەكانیشدا، كە دواجار نوێنەرایەتی میراتی مێژوویی گەلی كورد دەكەن. هەروەها پێویستە ناوچە گوندنشینەكان پەرەیان پێ بدرێت.
پوختەی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ رۆژنامە ئیسپانییەكە
لە مانشێتی رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16)ی ئیسپانی بەگەورەیی نووسراوە «جەلال تاڵەبانی؛ نەتەوە یەكگرتووەكان بە بێهەڵوێست لە بەرامبەر جینۆسایدی كورد دا تۆمەتبار دەكات»، لە پێشەكییەكی كورتدا باسی لەوە كردووە، جەلال تاڵەبانی، سەركردەی هێزە چەكدارەكانی كورد لە عیراق، جارێكی دیكە لە مەدرید ئیدانەی ئەو جینۆسایدەی كرد، كە گەلەكەی تووشی بووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكانی بە بێهەڵوێستی لە ئاست ئەو دۆخەدا تۆمەتبار كرد. چاوپێكەوتنەكە لە ساڵی 1988 لەلایەن رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell) کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە یەكێكە لە هێزە سەرەكییەكان دژ بە رژێمی بەعسی عیراق، جەختی لەوە كردووەتەوە، تا مافە نەتەوەییەكانی كورد مسۆگەر نەكرێت، ئاشتی بوونی نابێت.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە، دۆخی ئێستا جیاوازە لە ساڵی 1975، كاتێك رێككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان عیراق و ئێراندا ئیمزاكراوە بووەتەهۆی هەرەسی شۆڕشی كورد. تاڵەبانی دەڵێت: ئێستا شۆڕشی كورد بەهێزترە و سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. یەكێتی لەگەڵ پارتی و حزبی شیوعیی عیراق بەرەیەكی هاوبەشی پێكهێناوە، بە چەك خەبات دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد. تاڵەبانی تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی باوەڕی بە هەموو جۆرەكانی خەبات هەیە، چ سیاسی چ چەكداریی، دانوستانیش یەكێكە لە شێوازەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عیراق رەتنەكردووەتەوە، ئەگەر ئەوان ئامادەبن ئێمەش ئامادەین، بەڵام تاڵەبانی دەڵێت: متمانەمان بە حكومەتی عیراق نییە».
تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنەكەدا رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووە و بە بەرپرسیاری زانیون لە «جینۆسایدی» گەلی كورد لە عیراق و دەڵێت: بۆمبارانە كیمیاییەكان سیاسەتێكی جینۆسایدە، پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە و پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەم تاوانە بدەنەوە». تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، وڵاتانی وەك فەرەنسا و یەكێتیی سۆڤیەت بە پێدانی چەكی كیمیایی یارمەتیی عیراقیان داوە.
ناساندنی دۆزی كورد لە ئیسپانیا
بەهۆی ئەوەی گەلی كورد خاوەنی دۆزێكی رەوا بووە، بەدرێژایی مێژوو كەسانی بیانی هەبوون پشتیوانیان لێ كردووە، هەوڵیانداوە مافەكانی كورد بە جیهان بناسێنن. یەكێك لەو كەسانە رۆژنامەنووس مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell)، ئەو تەمەنی 71 ساڵە، زۆربەی ژیانی خۆی بۆ دۆزی كورد تەرخانكردووە، بەتایبەت لە ناساندنی كورد لە ئیسپانیا. كاتێك لە ئیسپانیا بە كردەیی هیچ كەس باسی كوردی نەكردووە ئەو یەكەم راپۆرتی خۆی لەسەر كوردستان لە ساڵی 1983 بڵاوكردووەتەوە. مانوێل چوار كتێبی لەسەر كوردستان نوسیووە، لە ساڵی 1991دا، یەكەم بابەتی بە زمانی ئیسپانی لە جیهاندا لەسەر مێژووی كورد بڵاوكردووەتەوە بەناونیشانی (كوردستان، مێژووی بەرخۆدانێك) جیا لەوە چوار كتێبی دیكەشی لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەكەدا نووسیوە. مانوێل چەندین وتار و راپۆرتی لە رۆژنامە، گۆڤار و تەلەفزیۆنەكاندا بڵاوكردووەتەوە، سەرەڕای ئەنجامدانی چالاكی هەمەجۆر بۆ پشتیوانی لە دۆزی كورد، مانوێل دەڵێت: «بەهۆی پشتیوانیی گەلی كورد و لەسەر راپۆرتێكی ناڕاستی سی ئای ئەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە«تیرۆریستی نێودەوڵەتی» ناساندوویەتی و گەشتكردنی بۆ ئەمریكا لێ قەدەغە كردووە.
پوختەیەك دەربارەی رۆژنامەكە
رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16) لە ساڵی 1976 لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا یەكەمین ژمارەی لێ بڵاوكراوەتەوە، یەكێك بووە لە رۆژنامە دیار و بەناوبانگەكانی ئیسپانیا لەسەر دەستی ژمارەیەك رۆژنامەنووسی بەناوبانگ دامەزراوە، رۆژنامەكە لەسەر هێڵی بەرگریكردن لە ئازادییە مەدەنییەكان كاریكردووە، بەهۆی راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی ناوبانگی زۆری هەبووە، پێشەنگ بووە لە رۆژنامەگەریی لێكۆڵینەوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەشێكی زۆر لە سەركردە و سەرۆكەكانی جیهان كردووە، رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار کۆپی لێ چاپكراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی كاری رۆژنامەوانییە. لە ساڵی 2001 رۆژنامەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە، بەڵام لە ساڵی 2015دا بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستی بە كار كردووەتەوە.
دیداری: فەرید دڵشاد
قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە راگەیەنرا و بەپێی رێککەوتنەکە لە 72 سەعاتی سەرەتادا 20 بارمەتی زیندوو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن و سوپای ئیسرائیلیش دەست بە کشانەوە دەکات.
سەرکردەیەکی حەماس ئاشکرایکرد، بزوتنەوەکە 20 بارمتەی زیندوو بە یەکجار ئازاد دەکات و لە بەرانبەردا ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 250 کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و 1700 کەسیش لە سەرەتای جەنگەکەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، دەستگیرکراون.
سەرچاوەیەکی فەلەستینی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، ئەم پڕۆسەی ئاڵوگۆڕە دەبێت لە ماوەی 72 سەعاتدا لە دەستپێکی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتنەکە بە رەزامەندی لایەنە فەلەستینییەکان بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە کە بە رەسمی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میسر ئیمزا دەکرێت، هەروەها بەپێی رێککەوتنەکە لە پێنج رۆژی یەکەمدا رۆژانە رێگە بە 400 بارهەڵگر لە هاوکارییە مرۆیەکان دەدرێت بچنە غەززە، دواتریش ژمارەی بارهەڵگرەکان زیاد دەکرێت.
هاوکات رێککەوتنەکە رێگە بە ئاوارەکان دەدات لە باشوری کەرتی غەززەوە بۆ 'ناوەڕاست' و باکوری کەرتەکە بگەڕێنەوە، ئەم هەنگاوەش لە کاتی دەستپێکردنی رێککەوتنەکەوە جێبەجێ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، بزوتنەوەی حەماس ئاشکرایکردووە، گفتوگۆکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ "هەر زوو" دوای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم دەست پێدەکەن.
جگە لەوەش، دەستپێکردنی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکەدا دەسپێدەکات، بەپێی ئەو هێڵەی پێشتر لەسەری رێککەوتبوون و ترەمپ نەخشەکەی بڵاوکردبووە.
هەروەها بەپێی ئەو پلانەی پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاند و بە نەخشەیەک پشتڕاستی کردەوە کە هێڵەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی تێدا دەردەکەوێت، پڕۆسەی کشانەوە لە بەیت حانوون لە باکوری غەززە دەست پێدەکات و بە چەند شارێکی غەززەدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە باشوری کەرتەکە ، واتا سوپای ئیسرائیل دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شاری رەفەح لە باشوری غەززە.
کەواتە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بە درێژایی لە باکورەوە بۆ باشور دەبێت، بەناو ناوەندە سەرەکییەکانی دانیشتووان لە کەرتەکەدا تێپەڕ دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە پلانی ترەمپ 20 بڕگەی لەخۆگرتبوو و بڕیاریداوە کە غەززە ناوچەیەکی بێ چەک بێت و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکەش ئەنجام بدرێت.
دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە 'مێری' لەهەولێر دەستیپێکرد و تێیدا 7 پانێڵ پێشکەشدەکرێت، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکدا بەناونیشانی 'خواست و ئاڵۆزییەکان: هەرێمی کوردستان لە دیمەنێکی عیراقی گۆڕاودا'، رایگەیاند: یەکێتی لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر یەکگرتووە و لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بووە.
بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری لە پانێڵێکدا رایگەیاند، یەکێتی بەشداری لە حکومەتی فیدراڵی عیراق کردووە، هەروەها لەچاو ساڵانی رابردوودا یەکێتی لە پێگەیەکی بەهێزدایە، هاوکات یەکێتی بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا سەرکەوت.
راشیگەیاند، لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال و کاک کۆسرەت و هێرۆ خان ترسمان هەبوو لە حوکمڕانی، بەڵام هەموو حزبێکی سیاسی بەبارودۆخی جیاوازدا تێدەپەڕێت و هەر حزبێکی سیاسی تر بوایە نەیدەتوانی بەسەر ئەو بارودۆخە سیاسییە ناوخۆییەدا زاڵ بێت، سەرکەوتنی گەورەمان دەبێت بەهۆی ئەزمونێکی زۆر و حیکمەتێکی زۆر کەئەم حزبە هەیەتی.
یەکێتی حزبی یەکەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "بافڵ جەلال تاڵەبانی وادەڵێت"
هەر لە پانێڵەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دیدگا و مەرج و داواكارییەكانی یەكێتی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرد و باسیلەوەكرد، وەكو یەكێتی كێشەیان لەگەڵ سیستمی حكومڕانی هەیە لە هەرێمی كوردستان نەك پۆستەكان، لەسەر بنەمای ئەوەی هیچ لایەنێكیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرینە نەبووە، پێویستە حكومەتەكە بە هاوبەشی پێكبهێنرێت، یەكێتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا هاوبەشی راستەقینە بێت و لە كاتی كێشە و گیروگرفتەكاندا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت.
سەبارەت بە کار و پڕۆژەکان لە شاری سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر سەیری شاری سلێمانی بکەیت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەڕەرای قەیرانە داراییەکان لە لایەن جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی زۆرترین وەبەرهێنان و پڕۆژە لە شاری سلێمانی کراوە، دەشڵێت، سلێمانی زۆر گەشەی کردووە و بەرەوەپێشچووە.
ئاشکراشیکرد، هەرکەسێک لە سلێمانی دەستگیرکراوە بەڵگەی گەورە لەسەری هەیە، چونکە هەبوونی حزبی سیاسی هۆکار نییە بۆراکردن لە هەڵەکان و بەڵگەی گەورە هەیە و ئەو بەڵگانە دروستناکرێن بەئاسانی، کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی بیت مانای ئەوە نییە لەسەرەوەی یاسا بیت، هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەکسانی یاسا و دادوەری بتپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بەهێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە یاساییەکانی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، هیچ هێزێکمان نییە لەدەرەوەی یاسا بێت و یەکەی 70 هێزێکی یاساییە و لە عیراق دانی پێدانراوە.
سەبارەت بە رەوشی سوریا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هەسەدە و دیمەشق پێویستە بە کۆبوونەوە و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەربکەن، هەروەها دەبێت ئەمنییەت هەبێت بۆ پاراستنی کوردەکانی سوریا و پێویستە مافەکانیان پارێزراوبێت.
وتیشی، مەزڵوم کۆبانێ یەکێکە لە هەرە هاوڕێ نزیکەکانم و لە زۆربەی پرسەکاندا هاوڕاین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پێشهاتەكان لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بافڵ تاڵەبانی وتی، هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال گەشبینن بە پرۆسەی ئاشتی و هیوادارن ئەنجامێكی باشی هەبێت، بەڵام پێویستی بە کاتی زیاترە، چونکە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە.
هەر لە پانێلەکەدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ وڵاتان، سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران و روسیا و چین و وڵاتانی دیکە هەیە، ئەمەش وایکردووە پێگەی یەکێتی بەهێز بێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبێت.
ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كۆچی دوایی سەرۆك 'مام جەلال' رابەڕی شۆڕشی نوێ و دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێرداوی عیراق، كە 50 ساڵ تەمەنی بۆ خەباتی ئازادی و رزگاری و دیموكراسی و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە عیراق تەرخانكرد.
'جەلال حیسامەددین شوكروڵڵا تاڵەبانی' لە 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1933، لە گوندی كلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایك بووە، سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە بووەە و قۆناغی لاوێتیشی لە كەركوك و هەولێر بووە.
'سەرۆك مام جەلال' لە دوای ساڵی 1946 پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و لە رۆژنامەی ( رزگاری ) لەژێر نازناوی ( ئاگر ) وتارەكانی بڵاودەكردەوە، لە ساڵی 1947 وەك ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی حزبی پێدەسپێدرێت، و لە ساڵی 1948دا، بەنوێنەرایەتی خوێندكارانی كۆیە، بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراق دەكات.
لە ساڵی 1951 دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی لە كۆیە، لە ساڵی 1952 ئەوكات كە خوێندكاری كۆلیژی ماف دەبێت لە زانكۆی بەغداد، رێكخستنەكان لە پەرتەوازەیی دەباز دەكات و، لە ساڵی 1953 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵدەبژێردرێت، لە هەمان ساڵدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت و ( یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان) دادەمەزرێنێت.
لە ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێرێت، لە ساڵی 1958 سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی دەكات و لە هەڵگریسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بەرپرسیارێتی ناوچەی سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت، لە ساڵی 1963، بە سەرۆكایەتی وەفدێك دەچێتە بەغداد، بۆ چارەسەركردنی كێشە و داننان بە مافەكانی گەلی كوردا لە عیراق.
لە 1ی -6ی -1975 لە دیمەشق لەگەڵ لەگەڵ هەڤاڵانیدا (نەوشیروان مستەفا و دكتۆر كەمال فوئاد و دكتۆر فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عومەرشێخ مووس و عەبدولرەزاق فەیلی) یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا.
لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، دەبێتە ئەندامی (ئەنجوومەنی حوكم) و بۆ خولێكیش سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەكات و لە نوسینەوە و داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا رۆڵی سەرەكیی دەگێرێت
لە 06 نیسانی 2005، مام جەلال بە 227 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراق بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، و تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە، .
(سەرۆك مام جەلال) دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ و داكۆكیكاری ماف و دیموكراسیی كورد لە عێراق، جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناس، وەك رۆژنامەنووسێكیش بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری كردووە لە تیشكخستنە سەر تێكڕای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكەو بزووتنەوەی سیاسی كوردی.
لەرۆژی 3/10/2017 (سەرۆك مام جەلال) لەتەمەنی 84 ساڵیدا، ماڵئاوایی كرد.
هەرێمی كوردستان و عیراقیش بۆ هەمیشە نەبەردی و تێگەشتن و رابەرایەتی و سەركردایەتی سەرۆك مام جەلال لە بیر ناكات و سەركردەكانی جیهانیش دۆستایەتی ئەویان لە یاد دەبێت.
دوای چەند ساڵێك لە وشكەساڵی كە یەدەگی ئاوی عیراقی تا ئاستێكی زۆر كەمكردەوە، بۆ ئەمساڵ گەشبینییەكی باش هەیە لەبارەی ئاستی بارانبارین، دەستەی گشتی كەشناسی عیراقیش پێشبینی دەكات ئەمساڵ لە دوو ساڵی رابردوو باشتر بێت و باران زیاتر ببارێت، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاویش دەڵێت، بەهۆی وشكەساڵی دوو ساڵی رابردوەەوە، یەدەگی ئاو لەئێستادا چوار 4 ملیار مەتر سێجایە.
عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی گشتی كەشناسی عیراق دەڵێت، بەپێی خوێندنەوە سەرەتاییەكانیان، وەرزی زستانی ئەمساڵ مژدە بەخشە و پێشبینی دەكەن بڕێكی باش باران ببارێت بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، دەشڵێت، پێویستە بارانێكی زۆر ببارێت بۆئەوەی عیراق بتوانێت بەشێك لە یەدەگی ئاوەكەی بە دەستبهیێتەوە كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارینەوە لە دەستیچووە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش، لە دوای ساڵی 1933، ساڵی 2025 وشكترین ساڵی عیراق بووە و ئەمساڵ یەدەگی ئاو لە 55 ملیار مەتر سێجای ساڵی 2019ەوە بۆ كەمتر لە 7 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووە، ئێستاش كە كۆتایی 2025 نزیك دەبێتەوە، یەدەگی ئاو لە چوار ملیار مەتر سێجا كەمترە، هەر بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش یەدەگی ئاوی ئێستا تەنها بەشی یەك ساڵ دەكات بۆ خواردنەوە، چونكە عیراق ساڵانە پێویستی بە شەش ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی هاووڵاتیان.
لە نیلەوە تا فورات، ئەو وتەیەی ئیسرائیلە كە لە چوارچێوەی پلانی ئیسرائیلی گەورەدا دەیەوێت جێبەجێی بكات.
ئیسرائیلی گەورە، ئەو پلانەی ساڵانێكی زۆرە ئیسرائیل باسی لێوەدەكات و دەیەوێت دەوڵەتێكی تایبەت بۆ ئیسرائیل دروستبكات كە لە روباری نیلی میسڕەوە تاوەكو روباری فورات لە عیراق درێژببێتەوە
هێندەی نەماوە بۆ تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر شەڕی غەززە و كەمتر لە سێ مانگیشە ئیسرائیل شەڕی لەگەڵ ئێراندا راگرتووە، كە لەو ماوەیەی شەڕ راگیراوە بەردەوام هەردوو وڵات باسی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان دەكەن. لەلایەكی دیكەوە نزیكەی 10 مانگە رژێمی ئەسەد لە سوریا روخاوە و ئیسرائیل چەند هێرشێكی بۆسەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.
لە سەروبەندی ئەو روداوانە و ناجێگری دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوەی ئێستا ئیسرائیل دوای چەند ساڵێك جارێكی دیكە هێناویەتییەوە بەر باس ئەوەیە، نەخشەیەكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دابنێت و پلانی ئیسرائیلی گەورە جێبەجێ بكات.
محەمەد سدیقیان كە بەڕێوەبەری بەشی ئێرانە لە ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوە و خوێندنەوە سیاسییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، رەنگە پلانی ئیسرائیلی گەورە سێ بەشی عیراق و چەند وڵاتێكی دیكەش بگرێتەوە، لەوانەش سعودیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، داهاتووی ناوچەكە بە یەكلابوونەوەی شەڕی غەززەوە بەستراوە و سەپاندنەوەی سزاكانیش بەسەر ئێراندا كاریگەریی دەكاتە سەر ناوچەكە، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر جارێكی تر شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا رووبداتەوە، ئەوا ئێران داوای هاوكاری لە كەس ناكات، هەروەها ئەو گروپانەی لەناو عیراقدا هەن لەلایەن ئەمریكاوە ناكرێنە ئامانج، بەڵكو ئیسرائیل بە ئامانجیان دەگرێت.
هەر لەو بارەیەوە، سەرمەد بەیاتی شارەزای بواری ئەمنیی لە عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمریكا چوار گروپی عیراقی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، كە ئەوە وەك نامەیەكی هۆشداری بۆ عیراق دەبینرێت. بەیاتی دەشڵێت، پێشبینی دەكەم لە ئەگەری هەر هێرشێكدا بۆسەر ئەو گروپانە، وەڵامدانەوەیان هەبێت و بەبێ دەنگی نەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ ئەمریكادا بایی ئەوەندە بەهێزە كە بتوانێت داوای لێبكات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆئەوەی هێرش نەكاتە سەر عیراق.
ئەو شارەزا ئەمنییە باس لەوەشدەكات، بانگكردنەوەی سەربازە ئەمریكییە پێشەنگەكان تەنها لە ساڵی 1991 و 2003دا لە عیراق روویداوە، لەدوای سەپاندنەوەی سزاكانیش بەسەر ئێراندا، جگە لەوەی كاریگەریی تەواو لەسەر بازاڕی وڵاتەكە جێدەهێڵێت، عیراق مەترسی زۆری لەسەر دەبێت و لە ریزبەندییەكەدا بەدوای ئێراندا دێت.
سزای هەمەلایەنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران بۆ یەكەمجار و لەدوای 10 ساڵ دووبارە سەپێندرایەوە، پێشبینی دەكرێت كاریگەری بەرفراوانی لەسەر ئابووری تاران هەبێت.
دوابەدوای وەستانی وتووێژەكانی نێوان تاران و زلهێزەكانی رۆژئاوا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، كۆمەڵێك سزای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر ئێران كە پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە هەبوو، كە پێشتر بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2015 هەڵگیرابوو، دووبارە سەپێندرانەوە.
سزاكان دوای ئەوە سەپێندرانەوە كە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ناسراو بە ترۆیكا میكانیزمی "سناپباك"یان چالاك كرد و تارانیان تۆمەتبار كرد بە جێبەجێنەكردنی ئەركەكانی.
ئەمریكا لە 2018وە سزاكانی خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە یەكەم خولی خۆیدا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو كۆمپانیا و رێكخراو و كەسانە دەكاتە ئامانج كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشدارن لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران یان پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو سزایانەی كە چالاكراونەتەوە، ئێران چیتر ناتوانێن هیچ مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنی چەك بكات.
هەروەها، سزاكان هاوردەكردن، هەناردەكردن، یان گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییە بالیستیكییەكانی قەدەغە دەكات.
هەروەها سەروەت و سامانی قەوارە و تاك و حكومەتی ئێران لە دەرەوەی وڵات كە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە هەیە، بلۆك دەكرێن، هەروەها ئەو كەسانەش گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان لێی قەدەغەدەكرێت.
یەكێكی دیكەش لەو سزایانە، ئەوەیە دەستراگەیشتنی ئێران بە دامەزراوە بانكی و داراییەكانی جیهان سنوردار دەكرێت.
هۆكاری گەڕانەوەی ئەو سزایانەش بۆ ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا ترسیان هەبوو لەوەی ئێران بتوانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، چونكە بە پێی وتەی ئاژانسی ئەتۆم، ئێران خاوەنی نزیكەی 440 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە كە دەكاتە لە 60%، ئەگەر ئەو رێژەیەش بگەیەنرێتە لە 90% ئەوە ئەو رێژەیەش بەسە بۆ بەرهەمهێنانی نێوان هەشت بۆ دە بۆمبی ئەتۆمی.
لەدوای گەرانەوەی ئەو سزایانەش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەو سزایانە بێ بنەمان هەربۆیە وەڵامی توند و گونجاویان دەبێت بۆی.
ترۆیكای ئەوروپاش هۆشداری دایە تاران لە هەر وەڵامێك، رایانگەیاند، سەپاندنەوەی ئەو سزایانە بە مانای كۆتاییهاتنی دانوستانی دیبلۆماسی نییە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
لای خۆشیەوە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وێرای دەستخۆشی لە ترۆیكای ئەوروپا لەدوای گەرانەوەی سزاكان، داوای لە ئێران كرد كە ڕازی بێت لەسەر دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا، هەروەها داواشی لە هەموو وڵاتان كرد ئەو سزایانە جێبەجێ بكەن كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.
بەڵام تا ئێستا روون نییە، كە چین و روسیا ئەو سزایانە جێبەجێدەكەن یان نا بەو پێیەی پێشوتریش هیچ پابەندنەبون بەسزاكانی سەر ئەو وڵاتەوە.
فڕۆکەی جۆری ئێرباس A380-800 ، لەلایەن کۆمپانیای ئێرباسەوە بەرهەمدەهێنرێت و بە گەورەترین فڕۆکەی نەفەرهەڵگر دادەنرێت و هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات خاوەنی نزیکەی لەسەدا 50%ی ئەو جۆرە فڕۆکەیە.
فڕۆکەی ئێرباس A380-800, یەکەم فڕینی خۆی لە 17ی نیسانی ساڵی 2005 ئەنجامداوە و لە ساڵی 2007 لە هێڵی فڕۆکەوانی سەنگاپور دەستی بە خزمەتکردوە، تائێستا 251 فڕۆکەی لەو جۆرە دروستکراوە و وڵاتی ئیمارات خاوەنی 123 فڕۆکەی جۆری A380-800 کە لەسەدا 49ی سەرجەمی بەرهەمی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەکات، تێچووی دروستکردنیشی زیاتر لە 446 ملیۆن دۆلارە و بەپێی داواکاری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی نرخەکەی دەگۆڕێت.
قەبارەی فڕۆکەی ئێرباس A380-800 ،درێژی فڕۆکەکە 72.7 مەترە،پانی باڵەکانیشی 79.75 مەترە بەرزیەکەشی 24 مەترە.
توانای هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر سەرنشین هەیە، بە دوو جۆری جیاواز، کە هەرسێ بەشی ئیکۆنۆمی و فێرست کڵاس و بزنس کڵاس دەتوانێت 575 سەرنشین هەڵبگرێت، هەروەها جۆری ئۆڵ ئیکۆنۆمی کە سەرجەم بەشەکانی فڕۆکەکە ئیکۆنۆمیە دەتوانێت 853 سەرنشین هەڵبگرێت، لەکاتی گەشتەکانیشیدا 20-26 کارمەند بەردەوام چاودێری و خزمەتی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە دەکەن.
فرۆکەی ئێرباس A380-800، توانایەکی زۆری فڕینی دوورمەودای هەیە بەجۆرێک بە یەک فڕین دەتوانێت 15 هەزار و 200 کیلۆمەتر بفڕێت، بەوەش دەتوانێت بە یەک فڕین لە فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بگاتە ویلایەتی لۆس ئانجلس لە باشوری رۆژئاوای ئەمریکا و هەریەک لە شارەکانی بۆینس ئایرس لە ئەرجەنتین و سانتیاگۆی چیلی و ئۆکڵاند لە وڵاتی نیوزلەندا.
خێرایی فڕۆکەکە، 903 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و لەو پەڕی خێرایشدا دەتوانێت هەزار و 98 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا ببڕیت، هەروەها ئەو فڕگەی تێیدا دەست بە فڕین دەکات دەبێت نزیکەی سێ هەزار مەتر بێت بەهۆی گەورەی قەبارەی فڕۆکەکەوە.
کێشی فڕۆکە لە کاتی فڕیندا 650 تۆنە، لە کاتی نیشتنەوەشدا دەبێتە 386 تۆن بەهۆی بەکارهێنانی بەشێکی زۆری ئەو سوتەمەنیەی لە باڵەکانیدایە، هەروەها دەتوانێت 38 تۆن کەلوپەلی سەرنشینەکانیشی لە بەشی کۆگاکردنی فڕۆکەکە هەڵبگرێت.
فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێرباس A380-800، لە ئێستادا بە گەورەترین فڕۆکەی مەدەنی لە جیهاندا دادەنرێت و لە لایەن 10 هێڵی فڕۆکەوانی جیهانیەوە بۆ گەشتە دوورەکان بەکاردەهێندرێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوەتەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەهەوڵی پەرەپێدانی چەکی درۆنن کە راستەوخۆ لەسەر بنچینەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی (شاهید – 136) دروستدەکرێن، کە وەک یەکێک لە کاریگەرترین گۆرانکاری مەیدانی شەڕ لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا دەرکەوتووە، کە جگە لەوەی فڕۆکەیەکی خۆکوژە تێچوەکەشی کەمە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (شاهید-136) کە ئێران لە سەرەتای ساڵانی 2000وە بەرهەمی هێناوە، وەک کاردانەوەیەک دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوور مەوداکانی ئیسرائیل پەرەی پێدا، شاهید-136 ئێستا لە چەند بەرەیەکی جەنگدا چالاکە و ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە فڕینی ژمارەیەکی زۆر، توانای تێکدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوژمنیان هەیە.
لە شەڕی ئۆکرانیادا، رووسیا لە ساڵی 2022ەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکەی شاهید-136 بەکاردەهێنێت، بە هەندێک دەستکارییەوە، لە ژێر ناوی "جیران"، مۆسکۆ تەنها لە مانگی تەمموزدا زیاتر لە 550 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئاراستەی ئۆکرانیا کردوە و سیستەمی بەرگری ئۆکرانیایان هەراسان کردوە.
دوای هەراسانکردنی ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید 136، لەلایەن مۆسکۆوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا فڕۆکەی (شاهید 136)ـی ئیرانی زیاتر پەرە پێداوە و تەنها بۆخۆی بەکارناهێنێت بەڵکو شێوازی تەکنلۆژیاکە و دیزاینەکەشی بۆ کۆریای باکوور ناردوە.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا و ئەورووپا لە مەترسی ئەو جۆرە فڕۆکەیە تێگەیشتون،ئەمەش وایکردوە چاویان لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بە هەمان توانا و زیاتر پێشکەوتوو لە چاو ئەوانی ئێراندا، هاوینی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پەردەی لەسەر 18 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێی لادا، لەنێویاندا مۆدێلەکانی هاوشێوەی شاهید-136ی ئێران زۆرترین سەرنجیان راکێشا، کە بە تەواوەتی هاوشێوەی فڕۆکە خۆکوژییەکەی تارانە.
لە بەریتانیا کۆمپانیای MGI Engineering فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی skyshark ی خستە بازاڕەوە کە دەتوانێت خێراییەکەی بگاتە نزیکەی 450 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، کەئەمەش نزیکەی دوو هێندەی خێرایی فڕۆکەی شاهید-136ی ئێرانییە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنان لە ڕۆژئاوا زۆر زیاترە لە نرخی مۆدێلەکانی ئێرانی یان ڕووسی، بۆ نموونە کۆمپانیای ئەندوریل ئیندستریز، کە کاری پیشەسازی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە، لە ساڵی رابردوودا 291 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڵتیوسی بە تایوان فرۆشت، کە تێچووی یەکدانەیان یەک ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، رووسیا دەتوانێت بە کەمتر لە 35 بۆ 60هەزار دۆلار ئەو فڕۆکە خۆکوژییە بەرهەم بهێنێت، و لە ئێرانیش کەمتر لە 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئەزموونی ئۆکرانیا دەریخستووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی کەم تێچووی هاوشێوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136ـی ئێران یاساکانی شەڕی مۆدێرنیان گۆڕیوە.
لەوبارەیەوە جەیمس پاتۆن ڕۆجەرز، پسپۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زانکۆی کۆرنێل دەڵێت؛ "بەکارهێنانی بەرفراوانی رووسیا لە فڕۆکەی شاهید-136 بەتەواوەتی گۆڕانکارییان لە جەنگەکەدا کردوە و بونەتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا و تێجوی زۆر لە وەڵامدانەوەیان لەلایەن کیێڤەوە، ناوبراوە دەشڵێت؛ هێرشی بەرفراوان، بە وردی و کەم تێچوو ئێستا بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."
لە کۆتایدا ئەوە بەوەتە ڕاستییەک و نکوڵی لێناکرێت، کە دەرکەوتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید 136ـی ئێران و دەستکاریکردنیان بە تەکنەلۆژیای نوێ لە ڕووسیا و کۆریای باکوورەوە، ڕۆژئاوای ناچار کردووە بە خێرایی بەرەو بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هاوشێوە هەنگاو بنێن.
ئەوەی گرنگە تەنها هەنگاونان بەس نییە، چونکە پێدەچێت پێشبڕکێی نوێ لە گۆڕەپانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تەنها پەیوەندی بە تەکنەلۆژیاوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندی بە "کاریگەری تێچوون"یشەوە هەبێت؛ کە ئێستا پێوەرێکە و بە ئاسانی دەتوانێت چارەنووسی شەڕەکان و هاوسەنگی هێزی جیهانی بگۆڕێت.
بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر لە 23/12/2001، تەنها 12 رۆژ دوای روداوەكەی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا، تیرۆریستانی جندول ئیسلام لەگوندی "خێڵی حەمە" لە شارەزور، پەلامارێكی غافڵگیرانە و لە ناكاویان كردە سەر هێزێكی پێشمەرگەی یەكێیتی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا ئەو هێزە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە پەلامارەكانی تیرۆریستان بە ئەركێكی نیشتمانی لە ناوچەكە بوون و ژمارەیان 100 پێشمەرگە بوو و لەناو گوندی خێڵی حەمە جێگیركرابوون، لە ئەنجامی ئەو پەلامارەشدا 43 پێشمەرگە شەهیدبوون، شێواندنی جەستەی شەهیدەكانیش بووە هۆكاری زیاتر ناساندنی ئەو گروپە تیرۆرستییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش كاردانەوەی لێكەوتەوە.
شەوی سێ لەسەر چواری مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵیش سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریدا سنوری هەڵەبجە و شارەزور لە تیرۆرستانی جندول ئیسلام و پاشماوەكانی قاعیدە پاكبكاتەوە، بەهێرشكردنە سەر شاخی شنروێ و قوڵایی شارەزور و پاككردنەوەی لە تیرۆرستان توانرا دەستبەسەر كۆمەڵێك بەڵگەی ڤیدیۆیی و نوسراودا بگیرێت كە پەیوەندی راستەوخۆی نیوان جندول ئیسلام و قاعیدی پشتڕاستدەكردوە، ئەو بەڵگانەش رێخۆشكەربوون كە تەواوی ناوچەكە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەو گروپە تیرۆرستی یە پاك بكرێتەوە.
پارتی گەلی كۆماری_ جەهەپە، لەدوای شكستی هەڵبژاردنی رابردوەوە، روبەڕووی یەكەم ئاستەنگی یاسایی دەبێتەوە، هەوڵێك كە چاودێران بە لێكترازانی پارتەكەی دەبینن وەك گەورەترین ركابەری ئاكەپەی دەسەڵاتدار لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.
لەسەر سكاڵای ژمارەیەك لایەنگری كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی پێشووی جەهەپە، دادگای باڵای توركیا لە 24ی تشرینی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەبارەی كۆنگرەی 38ی پارتەكە دەدات كە لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، تیایدا ئوزگور ئۆزال شكستی بە كەمال كلچدار ئۆغڵو هێنا.
سكاڵاكە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كە ئۆزگور بە هاوكاری ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو و دەنگی ساختە بووەتە سەرۆكی پارتەكە، لەكاتێكدا ئۆزگور لەماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا لە سێ كۆنفرانسی پارتەكەیدا براوەی یەكەم بووە، یەكەمیان لە ٣٨ەمین كۆنگرەی ئاساییدا بوو لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دووەمیان لە ٢١ەمین كۆنگرەی نائاسایی پارتەكەیدا بوو لە ٦ی نیسانی ٢٠٢٥ و سێیەمین جاریش لە ٢٢مین كۆنگرەی نائاسایی بوو كە رۆژی ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
هەڵپەساردنی دۆسیەكە لەلایەن دادگاوە لە ١٥ی ئەم مانگەو دواخستنی بۆ ٢٤ی مانگی داهاتوو، وایكرد جەهەپە هەنگاوێك بكەوێتە پێش دادگا، ئەویش كۆنگرەی سێیەم بوو لە ٢١ی ئەم مانگەدا، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر بڕیارێكی دادگا بكات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەكانی پێشوو.
ئوزێلی تەمەن ٥١ ساڵ لەدوای دەستگیركردنی ئیمام ئۆغڵۆوە وەك ڕكابەرێكی نوێی ئەردۆغان لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا تەماشا دەكرێت، لەكاتێكدا چەقۆی دادگا لەسەر ملی حزبەكە ئامادەیە بۆ لەتكردنی بۆ بەشی ناكۆك.
جەهەپە یەكێكە لە كۆنترین پارتە سیاسییەكانی توركیا كە ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركەوە دامەزرا، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ئایاری 2023، وەك دووەم هێزی سیاسی توركیا 22.46% دەنگەكانی بەدەستهێنا و لەكۆی 600 كورسی پەرلەمانی، 146 كورسی بردەوە.
شرۆڤەكارانی سیاسی باس لە دوو ئەگەر دەكەن بۆ بڕیاری دادگا لە 24ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا، ئەگەری یەكەم ئەوەیە كۆنگرەی 38 و 39ی جەهەپە هەڵوەشێتەوە و لە شوێنی سەرۆكی ئێستا، قەیوم دابنرێت، ئەگەری دووەمیش ئەوەیە كۆنگرە هەڵوەشێتەوەو لە بری قەیوم، دووبارە كەمال كلیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە ببێتەوە بە سەرۆك، لەم حاڵەتەدا دواین كۆنگرەی پارتەكەش لە 21ی ئەم مانگە هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەرپرسانی جەهەپە جەخت لەوە دەكەنەوە بڕیارەكانی دادگا بەشێكن لە پلانی حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بەئامانجی فشاركردن لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە ٢٠٢٨ بەڕێوەبچێت، هەروەها دابەشكردنی پارتەكەیە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك.
كیتۆ، ئەو بەرنامە خۆراكییەی زۆرترین پرسیار و گومان لەبارەی سەلامەتی و كاریگەرییەكانییەوە لەئارادایە.
كیتۆ بریتییە لە جۆرە رێجیمێك كە تێیدا پەیڕەوكەرانی دووردەكەونەوە لە خواردنی كاربۆهیدرات و زیاتر پشتدەبەستن بەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە چەوری، بەجۆرێك نزیكەی %90ـی رێجیمەكە چەورییە و بەشێكی كەمیشی پرۆتینە.
زانكۆی هارڤارد لە دوایین بڵاوكراوەكانیدا ڕایگەیاند، لە بنەڕەتدا رێجیمی كیتۆ بۆ چارەسەركردنی گەشكەیە لە منداڵاندا، بەڵام هەندێك جار خەڵكی بۆ دابەزاندنی كێش پشتی پێدەبەستن، لەم حاڵەتەشدا دەبێت بۆ ماوەیەكی كورتخایەن پەیڕەو بكرێت، نەك بۆ هەمیشەیی.
پسپۆڕانی زانكۆی هارڤارد دەشڵێن، رێجیمی كیتۆ بەهۆی ئەوەی وا لە جەستە دەكات رەوتی دەستكەوتنی وزە لە لە گلوكۆزەوە بگۆڕێت بۆ چەوری، دەشێت بە تێپەڕبوونی كات ببێتەهۆی تووشبوون بە جۆرێك لە شێواوی و هەستیاریی دەروونی، تەنانەت رەنگە لاوازیی یادگەشی بەدوادا بێت، چونكە باشترین سەرچاوەی وزە بۆ كاركردنی مێشك گلوكۆزە، نەك چەوری.
رێجیمی كیتۆ بەدەر لە گۆشت، مریشك، ماسی و هێلكە، هەر یەك لە جۆرە جیاوازەكانی چەرەس، پەنیر، سەوزەكانی وەك سپێناخ، كاهوو، برۆكلی، كەلەرم، بیبەر، پیاز، سیر، قارچك و خەیار لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە كاتێكدا پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵەكان، شەكر و میوە لەخۆناگرێت.
زانكۆی هارڤارد باس لەوەش دەكات، پەیڕەوكردنی ئەم رێجیمە بۆ ماوەیەكی درێژ هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش، تووشبوون بە كەمیی مەگنیسیۆم و ڤیتامین B و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە قەبزی.
زانكۆی هارڤارد سەبارەت بەوەی كە بۆچی خەڵكانێكی زۆر پەیڕەوكاری ئەم رێجیمە، دەڵێت "باس و خواسی ئەم رێجیمە لە هەموو شوێنێكە، خەڵكی بەردەوام گوێیان لە كۆمەڵێك چیرۆك دەبێت لە هاوڕێ و چواردەورەوە كە چۆن ئەم رێجیمە كاریگەر بووە لە دابەزاندنی كێشدا؛ بەشێك لە زانایان هۆكاری كاریگەربوونی رێجیمەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئەم بەرنامە خۆراكییە بەدەر لەوەی چەوری خەزنكراوی جەستە دەسووتێنێت، لە هەمانكاتیشدا ئارەزووی كەسەكە بۆ خواردن كەمدەكاتەوە، چونكە هەرسكردنی چەوری لە كۆئەندامی هەرسدا كاتی زۆری پێویستە و هەستی تێری درێژ دەكاتەوە."
لە كۆتاییدا زانكۆی هارڤارد جەخت دەكاتەوە لەوەی سەرجەم بەرنامە خۆراكییە جیاوازەكان لە سەرتاسەری جیهاندا بەبێ جیاوازی، ئەگەر سنووربەندییەكی توندی تێدابێت و خۆراكە فرەجۆرەكان لەخۆ نەگرێت، نابێت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ پەیڕەو بكرێت.