لە رووداوێكی كتوپڕ و مەترسیداردا، گڕكانی هایلی جوبی لە هەرێمی عەفار لە ئەسیوپیا، دوای نزیكەی 10 بۆ 12 هەزار ساڵ لە خامۆشی، لەناكاو تەقییەوە.

كاریگەری ئەو تەقینەوەیە تەنها لەناوخۆی ئەسیوپیا نەماوەتەوە، بەڵكو هەوری خۆڵەمێش و دووكەڵەكەی گەیشتووەتە ئاسمانی یەمەن، عومان، ئیمارات و تەنانەت بەرەو هندستان و پاكستان كشاوە و لە سەعاتەكانی سەرەتادا بووە هۆی تێكچوونی گەشتە ئاسمانییەكان.

ئەوەی ئەو رووداوە لە كارەساتێكی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ پرسێكی زانستی و سیاسی ئاڵۆز، شوێنی جوگرافی و كاریگەرییە شاراوەكانی بەنداوی نەهزەیە كە وەك بۆمبێكی ئەتۆمی لەناو دڵی جیۆلۆجی زەویدا جێگیر كراوە.

ئەسیوپیا دەكەوێتە سەر ناوچەی سێگۆشەی عەفار كە ناوچەیەكی جیۆلۆجی زۆر هەستیارە و سێ پلێتی تەكتۆنی تیایدا بەیەك دەگەن و لە حاڵەتی جیابوونەوەدان.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن، كۆكردنەوەی بڕێكی ئێجگار زۆر ئاو لە بەنداوی نەهزە كە ئێستا قەبارەكەی دەگاتە نزیكەی 64 ملیار مەتر سێجا، پەستانێكی ئێجگار گەورە بە ملیارەها تەن دەخاتە سەر توێكڵی زەوی.

ئەو دیاردەیە لە زانستدا بە چالاكی بومەلەرزەیی بەهۆی بەنداوەكانەوە ناسراوە، ئەوەش بە جۆرێك لە بوومەلەرزەی دەستكرد یان بوومەلەرزەی مرۆیی دادەنرێت، هەرچەندە زۆربەی ئەو بوومەلەرزانەی بەهۆی بەنداوەوە دروست دەبن زۆر بچووكن و مرۆڤ هەستیان پێ ناكات، بەڵام لە مێژوودا چەندین بوومەلەرزەی بەهێزیش تۆماركراون كە زیانیان هەبووە.

مێژوو سەلماندوویەتی بەنداوەكان دەتوانن كارەساتی سروشتی دروست بكەن، وەك بومەلەرزەكەی ساڵی 1967ی هندستان كە بەهۆی بەنداوی كۆیناوە رویدا و بە گوڕی 6.3 پلە و بەهۆیەوە 200 كەس گیانیانلەدەستدا كە تەنها 10.5 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابوو، لەكاتێكدا بەنداوی نەهزە شەش هێندە گەورەترە، لەگەڵ بەنداوی كاریبا لە نێوان زامبیا و زیمبابۆی و بەنداوی زیپینگپوی چین كە هەریەكەیان بوونە هۆی بوومەلەرزە لەدوای پڕكردنیان.

ئەو فشارە گەورەیەی ئاوی ناو بەنداوی نەهزە لەسەر ناوچەیەك كە خۆی لە رووی جیۆلۆجییەوە پڕە لە درز و گڕكانی خامۆش، ئەگەری هەیە بووبێتە هۆكاری جوڵاندنی چینەكانی ژێرەوە و دۆزینەوەی رێڕەوێك بۆ دەرچوونی ماگما و تەقینەوەی گڕكانەكە.

ماگما تێكەڵەیەكە لە بەردی شل، گازە تواوەكان و هەندێك جار كریستاڵی كانزایی كە لە قوڵایی ژێر توێكڵی زەویدا بوونی هەیە، بەهۆی پەستانی زۆرەوە دەتەقێتەوە و تەقینەوەی گڕكانی لەسەر ڕووی زەوی دروستدەكات.

ئەندازیاران پێش دروستكردنی هەر بەنداوێكی گەورە، دەبێت لێكۆڵینەوەی وردی جیۆلۆجی بۆ ناوچەكە بكەن بۆئەوەی دڵنیابن دروستكردنی بەنداوەكە مەترسیی چالاككردنی هێڵی بوومەلەرزەی لێ ناكەوێتەوە.

سەرەڕای مەترسییەكان، حكومەتی ئەسیوپیا بەبێ هیچ سیستمێكی ئاگاداركردنەوە و بەبێ شەفافییەت مامەڵە دەكات، وڵاتانی دراوسێشی باجی ئەو سیاسەتە و پیسبوونی ژینگە دەدەن، ئەوەش مەترسی ئەوە زیاد دەكات كە پڕكردنی بەردەوامی بەنداوەكە لەسەر ناوچەیەكی چالاكی جیۆلۆجی، كارەساتی گەورەتری بەدوادا بێت.