ئەدۆلف هیتلەر خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردن کاندید دەکات؛ سیاسەتمەدارێکی نامیبیا کە ناوەکەی هاوشێوەی ناوی ستەمکاری نازی ئەدۆلف هیتلەری ئەڵمانیایە و هیوادارە خولی پێنجەمی پۆستەکەی مسۆگەر بکات.

ئەدۆلف هیتلەر ئوونۆنا،  کە ناوی خۆشی و باوکیشی وەک هیتلەری ئەڵمانیایە و تەمەنی 59 ساڵە، دەڵێت؛ نیازی داگیرکردنی جیهانی نییە و  ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی نامیبیا  کاندیدە،  دەیەوێت بۆ جاری دووەم لەسەر یەک لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجومەنی بازنەی هەڵبژاردنی ئۆمپوندجا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

ئەدۆلف هیتلەر دەڵێت؛ ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدۆلۆژیایی نازی ئەڵمانیاوە نییە و نایەوێت جیهان داگیر بکات، هەر ئەوەندەی ناوی وەک هیتڵەری ئەڵمانیایە،  بەمانای ئەوە نایەت کە هەوڵبدات بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا.

هیتلەر، ئەندامی پارتی چەپ سواپۆ لە وڵاتی باشووری رۆژئاوای ئەفریقا،  پێشتر بەهۆی ناوەکەیەوە مشتومڕی لە جیهاندا دروستکردبوو، دوای سەرکەوتنەکەی لە بازنەی هەڵبژاردنی ئۆمپوندجا سەرنجی جیهانی بەدەستهێنا.

ناوبراو  لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا، لە 85%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لەبارە ناوەکەشیەوە رایگەیاندبوو؛ "پێدەچێت باوکم نەیزانیبێت ئەدۆلف هیتلەر چییە و کێ بووە، کاتێک منداڵ بووم ناوەکە بە تەواوی ئاسایی بوو بۆ من، گەورە بووم بۆم دەرکەوت کە هیتلەر ویستویەتی دەست بەسەر هەموو جیهاندا بگرێت، بەڵام من هیچ پەیوەندییەکم بەم شتانەوە نییە".

هاوسەری ئۆنۆنا بە "ئەدۆلف" ناوی دەبات، بەڵام لەناوخەڵکدا بەزۆری بە هیتلەر بانگ دەکرێت و  ناوبراو  پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ئامادە نییە ناوەکەی بگۆڕێت.

ئەو بە میدیاکانی راگەیاندوە، لە هەموو بەڵگەنامە رەسمییەکاندا ناوی بە ئەدۆلف هیتلەر تۆمارکراوە و ئیتر درەنگە بۆ گۆڕینی ناوەکەی.

گەرچی نامیبیا سەردەمانێک یەکێک بوو لەو شوێنانەی لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکراوە، دواتر وڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە رادەستی باشووری ئەفریقا کرا و دواجار لە ساڵی 1990 سەربەخۆیی بەدەستهێنا.

هێشتا لەوێ  چەندین ناوی جوگرافیای نەریتی ئەڵمانی هەیە و ناوی وەک "ئەدۆڵف" لە وڵاتەکەدا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام بە خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردن ئەدۆلف هیتلەر ئۆنۆنا بوەتە، جێی سەرنجی میدیاکان، بەتایبەت کاتێک ناوی یەکەم و دوەمی هاوشێوەی ئەدۆڵف هیتلەری ئەڵمانییە و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیشدا سەرکەوتوبوە و دەیەوێت بۆ خولی دوەمیش لەسەریەک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.