سوریا لە یەكەم ساڵیادی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی ڕووخانی ئەسەدا، ئاهەنگی سەركەوتن لەژێر سێبەری بۆردومانی ئیسرائیلدا دەگێڕێت.

ئەمڕۆ پارێزگا كانی سوریا بوونە گۆڕەپانی گردبوونەوەی جەماوەریی بۆ یادكردنەوەی یەكەمین ساڵیادی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی "بەرپەرچدانەوەی دوژمنكاری" كە كۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.

بەشداربووانی گردبوونەوە جەماوەرییەكان دروشمی یەكپارچەیی خاكی سوریایان بەرزكردەوە و هەموو جۆرە دابەشبوونێكی وڵاتەكەیان ڕەتكردەوە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رەتكردنەوەی هەر دواكارییەك بۆ  دابەشبونی سوریاو پیادەكردنی سیستمی فیدراڵی.

ئەم چالاكییانە لە كاتێكدا بەڕێوەچوون كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە هێرشێكی كوشندەدا شارۆچكەی بەیت جین_یان لە دەوروبەری دیمەشق كردە ئامانج. 

ئەم یادە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەو ئۆپراسیۆنەی كە لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێكرد و لە 8ی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵ واتە لە ماوەی 11 رۆژدا بە ڕووخانی یەكجارەكی رژێمی 50 ساڵەی ئەسەد و بنەماڵەكەی كۆتایی هات و بووە خاڵی كۆتایی ئەو نارەزایەتی و خۆپیشاندانانەی  كەلە سالی 2011 دەستیپێكردو دواتر  بووە هۆی سەرهەڵدانی شەرێكی ناوخۆیی خوێناوی كە نزیكەی ملیۆنێك قوربانی و ئاوارەبونی ملیۆنان كەسی لێكەوتەوە.

دوای كەمتر لە ساڵێك لە كەوتنی ئەسەد، گەورەترین دەستكەوتەكان بۆ گەلی سوریا بریتی بوون لە ئازادكردنی هەزاران زیندانی، یەكخستنەوەی ئیدلب و دیمەشق و دامەزراندنی حكومەتێكی نوێ.

بەڵام ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا سەرەڕای هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی وێنەی خۆی و ڕێكخراوەكەی و مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی سوریا  دووچاری شكستێكی گەورە بووە.

پێشێلكارییە بەردەوامەكانی چەكدارانی دیمەشق بەرامبەر دروزەكان لە ئیدلب، توندوتیژی و ئەنجامدانی كۆمەلكوژی بەرامبەر عەلەوییەكان و پیادەكردنی سیاسەتێكی ناجێگیر بەرامبەر كورد رووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەكەی ئاشكرا كردووە، ئەوەش لە سەر ئاستی نێودەولەتی دروستبوونی شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و رەخنەی توندی  لێكەوتوەتەوە بەجۆرێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا وەك مەترسییەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

حكومەتە نوێیەكەی دیمەشق روبەڕووی چەند ئاڵنگارییەكی كوشندە بووەتەوە كە چارەنوسی مانەوەی وڵاتەكە دیاری دەكەن.

یەكێك لەو ئاڵنگارییانە ئابوورییەكی وێرانە كە بووەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم سوریایەكی نوێ، سەرەڕای قەیرانی دراو و دابەزینی بەهای لیرە و هەڵاوسان.

چارەنوسی گرووپە چەكدارە بیانییەكانیش یەكێكیترە لە دۆسیە ئاڵۆزەكانی سوریا كە لە ئێستادا ئەگەری هەیە وەك كارتی فشاری وڵاتان بۆ تێكدانی سەقامگیریی سوریای نوێ بەكاربهێنرێن.

سەرەڕای كۆنترۆڵكردنی دیمەشق، هێشتا مەترسی دابەشبوونی وڵات لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەیی نەڕەویوەتەوە، رێگریكردن لە دابەشبوون گەورەترین تاقیكردنەوەی قۆناغی نوێیە كە هیچی كەمتر نییە لە مەترسییەكانی جەنگ.