ساڵێک دوای "هەڵاتنی ئەسەد"؛ سوریا هەناسەی دا، بەڵام کورد هێشتا دەستی لەسەر دڵیەتی
راهۆز
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ساتەی کە سورییەکان چەندین ساڵ خەونیان پێوە دەبینی؛ رۆژی 8ی کانونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد کۆشکی "موهاجیرین"ی جێهێشت و بەرەو روسیا هەڵات، بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەیی خێزانی ئەسەد هات. بەڵام دوای ساڵێک، ئایا سوریا بووە بە بەهەشت؟ دۆخی کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە و ئایا سوریا هەمان سیناریۆی بەغدادی دوای 2003دوبارە دەکاتەوە؟
دیمەشق؛ لە "مەرگ"ـەوە بۆ ژیان:
ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر دیمەشق شارێکی بێدەنگ و پڕ لە ترس بووبێت، ئەمڕۆ دیمەنەکە جیاوازە. لە گۆڕەپانی ئەمەوی، ئاڵای "سەوز و سپی و رەش" دەشەکێتەوە و وێنەکانی بەشار ئەسەد شوێنیان نەماوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا کە رۆژگارێک سەرکردەی گرووپێکی چەکدار بوو، ئێستا بە قات و بۆینباخەوە لە کۆڕبەندە جیهانییەکان دەردەکەوێت و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێ دەکەن.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئابوریی سوریا کەمێک هەناسەی داوەتەوە، سزاکانی رۆژئاوا هەڵگیراون (جگە لە یاسای سیزەر کە دۆناڵد ترەمپ سڕی کردووە)، نزیکەی 1.5 ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە، کە ئەمەش جوڵەی خستۆتە بازاڕەکان.
"گرێ" گەورەکە؛ کورد چی بەسەر دێت؟
لەکاتێکدا دیمەشق ئاهەنگ دەگێڕێت، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) دۆخەکە تەواو جیاوازە. ئیدارەی خۆسەر بڕیاریدا هیچ ئاهەنگێک بۆ ساڵیادی روخانی ئەسەد نەگێڕدرێت و قەدەغەی کرد.
بەڵام شرۆڤەکاران ئەم بڕیارەی کورد بە پەیامێکی سیاسیی توند دەزانن بۆ ئەحمەد شەرع. کێشەکە لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە:
1. رێککەوتنە مردووەکە: لە 10ی ئازاری رابردوو، شەرع و مەزلوم کۆبانێ (فەرماندەی هەسەدە) رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی ناوەندی ئیمزا کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە و جێبەجێ نەکراوە و کوردەکانیش وەک هێزێکی گرنگی ناو هاوکێشەکە، بەردەوام هۆشدارییان داوە لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە.
2. مەترسیی داهاتوو: کورد ترسی هەیە حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق کە زۆربەیان پاشخانێکی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبییان هەیە، دوای بەهێزبوونەوەیان پەلاماری رۆژئاوا بدەن و هەوڵی کۆتایی هێنان بەو ئۆتۆنۆمییە بهێنن کە هەیانە.
3. فشاری دەرەکی: تورکیا کە ئێستا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا هەیە، فشار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردەکان لە باکور بهێنرێت و ئەمەش لەلایەن کوردەکانەوە بەردەوام رەتدەدرێتەوە.
چارەنوسی کورد لە دووڕیانێکدایە؛ یان دەبێت لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتنێکی نوێ کە مافەکانیان بپارێزێت، یان ئەوەتا رووبەڕووی شەڕێکی دیکە دەبنەوە و بەپێی سەرجەم بۆچونەکانیش؛ لە ئێستادا ئەحمەد شەرع خاوەنی سوپایەکی بەهێز نییە و بە پێچەوانەوە هەسەدە خاوەنی سوپایەکی رێکخراوتر و تۆکمەترە.
هاوکات؛ بە بۆنەی ساڵیادی کەوتنی ئەسەدەوە لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ 12/8 ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".
دەشڵێت: "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە؛ وادەی رێککەوتنەکەیان لە کۆتایی ئەمساڵدا بەسەر دەچێت.
برینە ساڕێژنەبووەکان: عەلەوی و دروز:
تەنها کورد نییە کە نیگەرانە، کەمینەکانی دیکەش هەست بە پەراوێزخستن دەکەن:
- عەلەوییەکان: غەزال غەزال، پیاوی ئاینیی دیاری عەلەوییەکان داوای مانگرتنی کردووە و دەڵێت "ستەمێکی نوێ" لە دایک دەبێت.
- دروزەکان: لە باشوری سوریا (سوێدا)، دەنگەکان بۆ سەربەخۆیی یان ئیدارەی سەربەخۆ بەرز بوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو سوپای سوریا هەوڵیدا بچێتە ناو شارەکە و گرژی دروست بوو.
ئیسرائیل وەک "تێکدەر":
لە دەرەوەی سنورەکان، ئیسرائیل گەورەترین سەرئێشەیە بۆ سوریا نوێیەکە. ئەحمەد شەرع لە کۆڕبەندی دەوحە ئاشکرای کرد کە لەم ساڵەدا ئیسرائیل زیاتر لە 1000 هێرشی ئاسمانی و 400 توێژینەوەی سنوریی ئەنجامداوە. ئیسرائیل دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕاو لە باشوری سوریا دروست بکات، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.



