کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، بە گەورەترین کێڵگەی غازی عیراق و هەرێم دادەنرێت.

کێڵگەی کۆرمۆر لە ساڵی 1928 بۆ 1930 دۆزراوەتەوە پێی وتراوە کێڵگەی ئەنفال و تا ساڵی 1967 سەر بە قەزای خورماتوو بووە، دواتر لە سالی 1987 لە رووی ئیدراییەوە خراوەتە سەر قەزای چەمچەماڵ، لەدوای ساڵی 2003 وە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە و بەهۆی گرنگی پێگە ئابوریەکەیەوە تائێستا چەندین جار کێڵگەی کۆرمۆر روبەڕووی هێرشەکان بووتەوە زیانی زۆری گیانی و مادی لێکەوتۆتەوە.

ساڵی 2008 غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمێنرا، لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەی غاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی کاری تێدا دەکات.

کۆرمۆر کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی و هیلال وەبەرهێنانی تێدا دەکات بەجۆرێک لە% 70 ی پشکەکانی تایبەتە بە دانەغاز جگە لەوەش سێ کۆمپانیای ئەڵمانی و هەنگاری و نەمساوی خاوەنی  % 30 پشکەکانی دیکەی کێڵگەکەن.

بەپێی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز کێڵگەی غازی کۆرمۆر رووبەرەکەی دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشەو یەدەگی غازی سروشتی بەنزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت، رۆژانە نزیکەی کۆی توانای بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە گەیشتووەتە 750 ملیۆن پێی سێجای ستاندارد لە رۆژێکدا، هەروەها کاردەکرێت بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە یەک ملیار پێ سێجا.

غازی کۆرمۆر لەرێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ، هەولێر، و بازیان، بەمەش رێژەی %67 کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات جگە لەوەش سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غازی شل.

کێڵگەی کۆرمۆر توانای دابینکردنی غازی بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 4 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە و نزیکەی سێ هەزاری مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگاکانی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەوەی رەوانەی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین دەکرێت.

هاوکات وەزارەتی کارەبای عیراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەزار 200 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبایان کەمیکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، درەنگانی دوێنێ شەو بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز راگیرا، هەروەها لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم کارەبا پچڕا و لە 24 سەعاتەوە بۆ 5 سەعات کەمبووەوە.