ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی 17-12-2025 لە هەرێمی کوردستان  رۆژی ئاڵایە، کە بۆنەیەکی نیشتمانییە و  ساڵانە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەو هۆیەوە رێکدەخرێت.

لە هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری پەرلەمان، 17ی كانونی یەكەمی هه‌موو ساڵێك، به‌ رۆژی ئاڵا  دیاریكراوه‌‌ ، کە لەو رۆژەدا، جگە لەوەی  لە سەرجەم دام و دەگاکانی حکومەت کاتێک تەرخان دەکرێت بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستان، چەندین چالاکی چۆراوجۆری تریش  ئەنجامدەدرێت.

مێژوی ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستان مێژووەکەی زیاتر لە سەد ساڵە، بۆ یەکەمجار ئاڵاى کوردستان  لە ساڵى 1920 و لە کۆنفرانسى ئاشتى لە پاریس ناسێنرا، لەلایەن سەرکردەکانى جوڵانەوەى ناسیۆنالیزمى ئەوکاتە (خۆیبون)، لەوکاتەوە ئاڵاى کوردستان بوەتە رەمز بۆ نەتەوەی کورد و بە درێژایی ئەو ماوەیەش چەندین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەم ئاڵایەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان،  هەمان ئەو ئاڵایەیە کە 79ساڵ پێش ئێستا و کەمێک گۆرانکاری تێدا کراوە، کە لە ڕۆژی 22-1-1946 لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد بۆ یەکەمجار و بە رەسمی ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە و بوو بە رەمزی کۆماری کوردستانی ئەو کات.لە هەرێمی کوردستانیش بە بڕیاری پەرلەمان و 26 ساڵ پێش ئێستا، لە ساڵی 1999 دا بە بڕیارێکی تایبەت، ئەم ئاڵایەی ئێستای بە ئاڵای رەسمی هەرێمی کوردستان دیاری کرد.

پەیامی ئاڵای کوردستان و ماناکەی

هەموو ئاڵایەک لە جیهاندا، جگە لەوەی بۆ ناسینەوەی وڵات یان هەرێمێک یاخود نەتەوەیەکە، چەند پەیامێکیشی لەپشتەوەیە و ئاڵای کوردستانیش جگە لە جوانییەکەی چەندین پەیامی مرۆڤانە و ژیاندۆستی لەپشتەوەیە.

ئاڵای کوردستان لە چوار رەنگی سەرەکی پێکدێت، کە سور، سپی، سەوز و خۆرێکیش لە ناوەڕاستیدایە، رەنگە سورەکە مانای خوێنی شەهیدانە و سپییەکەش بە مانای ئاشی دێت، رەنگە سەوزەکەش هێمایە بۆ سروشتی جوانی کوردستان.

خۆرەکەش، کە لە ناوەراستیی ئاڵاکەدایە، لە 21 تیشک پێکدێت و قەبارەی هەموویان وەک یەکە و ئەو 21 تیشکەش ئاماژەیە بۆ ڕۆژی 21ی ئازار، کە نەورۆزە و سەرەتای ساڵی کوردییە.

بۆچی ئەمڕۆ کراوە بە رۆژی ئاڵا؟

لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2004وە، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 رۆژی 17 کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی بەرز راگرتن و هەڵکردنی ئاڵا دیاری کردوە.

دیاریکردنى ئەم رۆژەش هاوکاتە لەگەڵ روخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە ئەمڕۆ 79 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت و لەو رۆژەدا  ئاڵای کۆمارەکە داگیرا.

ئاڵای کوردستان؛ شکۆی نەتەوەیەک

ئاڵای کوردستان، کە شکۆی نەتەوەیەکە، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، کە رۆژی ئاڵای کوردستانە، لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان کاتێک دیاری دەکرێت بۆ بەرز رگرتنی ئاڵای کوردستان.

هەروەها بە لەبەرکردنی جلی کوردی و ئەنجامدانی چەندین چالاکی هونەری و کلتوری و جۆراوجۆر تر، کە تایبەتن بە ئێستا و مێژویی دێرینی کورد، جارێکی تر میلەتی کورد دووبارە خۆشەویستیی و پەیمانی نەتەوەیی و  ئاشتی و ژیانی هاوبەش دەگەیەننە تەواوی جیهان.