1ـی دیسێمبەر هەموو ساڵێک بە دروشمی "زاڵبوون بەسەر توشبوون، گۆڕانکاریە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاید" بە رۆژی جیهانی ئەو ڤایرۆسە دەستنیشانکراوە.

پەیامی ھۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز بەتەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم تاک و کۆمەڵگاکان لە سەرتاسەری جیھان لەم رۆژەدا دەدرێت، کە رۆڵی کاریگەر و ئەرێنیی دەبێت لە رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی توشبوون بە ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو ئەگەرانەی کە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز HIV.

 رۆژی جیهانیی ئایدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشیی ئایدز.

لە جیهاندا زیاتر لە 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی لەش 'ئایدز' HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس گیانلەدەستدەدەن و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی دیکەش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی، هەرچەندە تائێستا ئایدز چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕاددەیەک بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت، ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکیی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی رزگار کرد، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی 56 ٪ کەم کردوەتەوە هەروها هۆکاری کەمبوونەوەی لە 40 ٪ ـی توشبووی نوێیە، چونکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشیی ئایدز، بەڵام هاوکات هەڵگری ڤایرۆسەکه بەبێ بەدیارکەوتنی هیچ نیشانەیەک، مەترسیی گەورەی بڵاوبوونەوەیە.

لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردندا ئەمساڵ 2025 لە ماوەی یازدە مانگی رابردوو، تەنها لە کەرتی گشتی، نزیکەی 609 هەزار و 306 ، تێستی پشکنینی تاقیگەیی خوێن لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و راگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی رۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی ئایدز، سەڕەڕای چەندین چالاکیی هۆشیاریی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پشکنین.

لە دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 87 حالەتی نوێ دەستنیشان کراوە کە تیایدا 64 حاڵەتی بیانی و هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و 23 حالەتی هاووڵاتی و دانیشتووی ناو هەرێمی کوردستانن، کاری پێویست بەرانبەریان ئەنجام دراوە و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان کە ژمارەی تێکڕای هەموو ساڵەکان 150 حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV ئایدزن و بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان پێ دەدرێت.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم کوردستان لەم رۆژەدا رایگەیاند، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمترین توشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمار کراوە بە ھۆکاری سەرەکیی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی و پتەویی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد لەم رۆژەدا، پەیامیان بۆ هاووڵاتییان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئایدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و دۆزینەوەی حالەتەکان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە رەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە مادە هۆشبەرەکان، هاوکات هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئایدز و ئاشنابوون بە رێگەکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەیە.