ئەمریکا لە رێگەی پرۆژەیەکی 112 ملیار دۆلاری کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکات، رۆژنامەیەکی ئەمریکیش ئاشکرایدەکات بەپێی پلانەکەی ئەمریکا ئاوەدانکردنەوەکە ماوەی 10 ساڵ دەخایەنێت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستپێشخەرییەکی ئەمریکی هەیە بە ناوی "پڕۆژەی خۆرهەڵاتن" بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، کە تێچووەکەی زیاتر لە 112 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە لە ماوەی 10 ساڵدا جێبەجێ دەکرێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، پلانەکە لەلایەن گروپێکەوە ئامادە کراوە کە نزیک لە سەرۆکی ئەمریکان، لەنێویاندا ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، ئامانج لێشی ئەوەیە کەرتی غەززە بنیادبنرێتەوە بکرێتەوە و ژێرخانی گواستنەوە و وزە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پەرەی پێ بدرێت.

پلانەکە پێشنیاز دەکات کە ئەمریکا رۆڵی "کۆڵەکە" بگێڕێت لە دابینکردنی پارەی پڕۆژەکەدا،بە بەشداریکردن بە ٪20ـی تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەکە لە رێگەی هاوکاری و زەمانەتی قەرزەوە کە دەگاتە نزیکەی 60 ملیار دۆلار.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ راشیگەیاندووە، ئەم دەستپێشخەرییە خراوەتە بەردەم ئەو وڵاتانەی بە دەیانەوێت بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، بەبێ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پارەدانی بڕی بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەکە.

هاوکات باس لە قۆناغ بە قۆناغی ئاوەدانەکردنەوەکە کراوە، بە لابردنی داروپەردو و پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی دەست پێدەکات، پاشان دەچێتە سەر دروستکردنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و دامەزراوەکانی پەروەردەیی و تەندروستی و ئاینی، لەگەڵ کردنەوەی رێگاوبان و بەستنەوەی ژێرخان.

رۆژنامە ئەمریکیەکە ئاماژەی بەوە دەکات، لە قۆناغەکانی داهاتوودا، پلانەکە پڕۆژەی درێژخایەن لەخۆدەگرێت وەک پەرەپێدانی رووبەری کەناراوی، دروستکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی مۆدێرن، و پڕۆژەی خانووبەرە.

لە زاری لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکاوە راگەیەنراوە، نەبوونی سەقامگیریی ئەمنی وادەکات دابینکردنی پارەی نێودەوڵەتی سەخت بێت، هەندێکیان گومانیان دەربڕیوە لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی پلانەکە وەک خۆی، ئەوەش باسکراوە، جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە بەستراوەتەوە بە چەکدانانی بزووتنەوەی حەماس و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی تونێلەکان لە کەرتی غەززە.

لەکۆتایی راپۆرتەکە ئەوە خراوەتەڕوو، ناکۆکی هەیە لەناو ئیدارەی ئەمریکادا سەبارەت بە سوودبەخشی دەستپێشخەرییەکە، هەندێک لە لێپرسراوان گومانیان هەبووە لە ئەگەری چەکدانانی حەماس، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ پێشڕەوی، هەروەها لە ئامادەیی وڵاتان بۆ وەبەرهێنانێکی زۆر لە ناوچەیەکدا کە دەناڵێنێت بە دەست ناجێگیرییەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەر ساڵی 2023وە و دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانەوە رووبەڕووی وێرانکارییەکی گەورە بووتەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، هاوکات تائێستاش دیار نییە کە ئاگەربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوام دەبێت یاخود شەڕ دەستپێدەکاتەوە.