دۆناڵد ترەمپ ئەو سەرۆکەی بەردەوام پێدەکەنێت و زۆرجاریش سەما دەکات، ئەمە ئەو دیوەیە هەمووان دەی بینن، بەڵام دیوێکی تری هەیە کەس نایبینێت؛ بۆ ئەوەی بیبینی دەبێت یان ببیتە دۆژمنی یاخود رکابەری.

ئەو کە بەتەمای نۆبڵی ئاشتی بوو؛ دەیوت؛ حەوت شەڕم راگرتوە، هیچ کەسێک هێندەی من شایەنی نۆبڵی ئاشتیی نییە، کەچی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی بەردەوام لە شەڕدایە و کورد وەتەنەی سڵناکاتەوە و لەگەڵ دوژمنەکانیدا دەیگەیەنێتە مریشکە رەشە، عیناد و کەلە رەق و رقاویە، وازناهێنێت تا دڵی ئاونەخواتەوە بە شکست پێهێنانی نەیارەکانی.

کاتێک لە ساڵی 2021، هەریەکە لە تویتەری ئەوکات و مێتا و یوتوب تەنانەت گۆگلیش لەکاتی دەرنەچونیدا و دۆڕانی بە جۆبایدن پشتیان تێکرد و ئەکاونتەکانیان داخست. ترەمپ داوای یاسایی لەسەر تۆمارکردن ئەمەی بەغدر زانی و  بە پێشێلکاری ناوی برد، بەڵام ئەوکات هیچی بۆ نەکرا، چونکە وەک ئێستا سەرۆک نەبوو.

لەگەڵ بونەوەی بە سەرۆک بۆ جاری دووەم، دەستیکرد بە وەرگرتنەوەی حەقەکانی و تۆڵەکردنەوە لەو پلاتفۆڕمانە، یەکەمجاریش لە ئێکسەوە دەستی پێکرد و بە ناچاری ئیلۆن ماسک کە هاوڕێی گیانی بەگیانی بوو 10 ملیۆن دۆلاری دا تا ترەمپ داواکەی بکشێنێتەوە.

تەنها ئێکس نەبوو،  مێتاش 25 ملیۆن، یوتوبیش 24.5ملیۆن دۆلاریان دایە ترەمپ تا وازیانلێبهێنیت و  داواکانی لە دادگا دژیان بکشێنێتەوە.

چیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمرکا کۆتایی نایەت، تەنها لەبەر ئەوەی بە جۆ بایدنی دۆڕان لە ساڵی 2021دا، ئێستاش لە هەموو وتار و چاوپێکەوتنێکیدا هێرشی دەکاتە سەر و تەنانەت لە کۆشکی سپیش، کە دەبێت وێنەی هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا هەبێت، ترەمپ وێنەی بایدنی لابردوە.

ترەمپ رەحم بە دۆستەکانیشی ناکات، کاتێک جۆ بۆڵتنی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و دۆستی نزیکی، دژی وەستایەوە ئیدی بوو بە داوی ترەمپەوە و بەگواستنەوەی زانیاری نهێنی حکومەت تۆمەت باری کردوە، روبەروی دادگای کردوەتەوە، ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر  جۆ بۆڵتندا  ساغ بێتەوە دەیان ساڵ لە زیندان بەسەر دەبات.

هەر ئەو نییە، لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرکیش قوربانییەکی دیکەی دەستی ترەمپە، لە ساڵی 2024دا بوە رێگر لەبەردەم کارە بازرگانیەکانی، لە ساڵی 2025 ترەمپ ئەویشی دایە دادگا بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لە ئەگەری ساغبونەوەی تۆمەتەکان، ئەویش رەنگە 30ساڵ لە زیندان بەسەر دەبات، داواکری گشتی نیۆرک تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە و ترەمپی بە دەستوەردان لە دادگا تۆمەتبار کردوە.

لەئێستاشدا ترەمپ بەرۆکی کەناڵی بی بی سیی گرتوە، دوای ئەوەی دەرکەوت بەشێک لە وتارەکەیان لاداوە، ترەمپ رایگەیاند دەیانداتە دادگا و قەرەبوی مادیشی دەوێت.

گەرچی بە رەسمی بی بی سی داوای لێبوردنیان لە ترەمپ کرد، بەڵام  رەتیان کردەوە قەرەبوی مادی بکەنەوە، ئەمەش وایکرد پیاو رقاویەکە بەوە دڵی ئاوناخواتەوە و داوای یەک تا 5 ملیار دۆلار لە کەناڵەکە دەکات.