گرنگترین ئەو روداوانەی لە ساڵی 2025 رویانداوە و گەورەترین کاردانەوەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هەبووە، لەوانە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

یەکەم روداو گەڕانەوەیەکی بەهێز بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی یەکی 2025 گەرایەوە کۆشکی سپی و بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە، ژمارەیەکی زۆر رێکار و فەرمانی جێبەجێکاری دەرکرد، سەرەڕای ئەوەی دادگاکان ژمارەیەک لە بڕیارەکانیان هەڵپەسارد.

هەندێک لەو بڕیار و رێکارانە بوونە هۆی جەنگی بازرگانی، لەکاتێکدا هەندێکی تر بوونە هۆی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچەرانی نایاسایی و هەڵوەشاندنەوەی کەرتە تەواوەتییەکان لە حکومەتی فیدراڵی.

بە وتەی ئەو کەسانەی دژی ترەمپن، رەفتارەکانی سەرۆکی ئەمریکا بوونە هەڕەشە بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکان و خاڵە بەهێزەکانی تری ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو رێکارەکانی کە گرتبوونیەبەر، لەلایەکی دیکەوە ناردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ چەند شارێکی سەرەکی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، و شەڕکردن بوو دژی بەرنامەکانی هەمەچەشنی و فراوانخوازی.

ترەمپ چەندین جار وەسفی خۆی کردووە و رایگەیاندبوو تەنها لەماوەی هەشت مانگدا توانیویەتی هەشت جەنگ رابگرێت، خۆشی بە شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەزانی و دەیوت، پێویستە ئەو خەڵاتەی پێبدرێت چونکە ئەو کارەی ئەو کردویەتی لەمێژووی ئەمریکادا وێنەی نەبووە، بەڵام خەڵاتەکەی پێنەدرا.

دووەم ئاگربەستی غەززە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە جەنگ، بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ئەنجامدرا کە لە رۆژی 10ـی 10ـی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگێکی وێرانکەر کە بەهۆی هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 سەریهەڵدا.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم رێککەوتنە پشتدەبەستێت بە پلانێکی ئاشتی کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکی پێشنیاز کرابوو، کەبەپێی رێککەوتنەکە حەماس ئەو بارمتانەی ئازادکرد کە لەلایەن ئەوانەوە لە کەرتی غەززە دەستبەسەربوون، بە زیندوو و مردووەکانیشەوە، لە بەرانبەر تەلئەبیب دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکرد، هەروەها رێگەیدا بە چوونەژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ غەززە.

لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە گفتوگۆکان لەسەر قۆناغی داهاتووی رێککەوتنەکە، بە تایبەتی چەکدانانی حەماس زۆر هەستیار دەبن، لەکاتێکدا هەردوولا تۆمەتی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست دەدەنە پاڵ یەکتری. ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی توندی ئەنجامداوەتە سەر کەرتی غەززە لە هەفتەکانی رابردوودا، و جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەڵامی هێرشەکانی حەماس دەداتەوە.

لە هەمان کاتدا، گرژییە هەرێمییەکان بەردەوامن لە زیادبوون لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.

سێهەم هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بە موشەکەکانی، لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە لایەک، و نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لایەکی تر، ئیسرائیل هێرشێکی چاوەڕوان نەکراوی کردە سەر ئێران لەرۆژی 13ـی شەشی ئەمساڵ، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێک کە 12 رۆژی خایاند، دواتر ئەمریکا بە فرۆکەی B-2 تارمایی ئاسمان هەر سێ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومانکرد و کۆتایی بەشەڕەکە هێنا.

دواتریش لە مانگی نۆی ئەمساڵ ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی بە ئامانج گرت کە لێپرسراوانی حەماسی تێدا بوون.

چوارەم شەڕە بەردەوامەکانی سودان و هێرشە هەڵگەڕاوەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و کۆمەڵکوژییەکان، ئەو شەڕە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا چووە قۆناغێکی نوێوە، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی شاری فاشر لەلایەن پشتیوانی خێرا لە 26ـی ئۆکتۆبەر، دوای گەمارۆدانی بۆ ماوەی 18 مانگ.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە کوشتار و دەستدرێژی سێکسی و تاڵانکردن و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتووان کرد لە کاتی کەوتنی شارەکەدا، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، هەموو ئەو کوشتارانە پیشاندەدات کە لە لە هەرێمی دارفۆر لە رۆژئاوای وڵاتە رویدا.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەو کوشتارانە بە خراپترین دڕندەییەکانی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا وەسف دەکەن.

پێنجەم گفتوگۆکان لەبارەی راگرتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین، کە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە لە ئێستادا دەرفەتێکی راستەقینە لەپێشە بۆ راگرتنی ئەو جەنگە.

گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە ئەمریکا، سەرەتای ھەوڵێکی جدی بوو بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە جەنگ لە ئۆکراین کە دوای هێرشەکان روسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە شوباتی 2022 دەستی پێکرد.

سەرەڕای لە ئالاسکا کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن لە بارەی راگرتنی جەنگی ئۆکراین بەڕێوەچوو، هاوکات لە ئیستەنبوڵیش چەند خولێکی دانوستانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ ئەنجامدارا بەڵام هیچ کام لەمانە نەبووە هۆی پێکشکەوتنێک بەرەو ئاشتی.

شەشەم کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان و هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ.

 لە رۆژی 21ـی4ـی2025 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی داوایی کرد.

دواتر لە سەرانسەری جیهانەوە لە کەنیسەی سانت پیتەرس لە ڤاتیکان، پرۆسەی دەنگداندانیان بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ دەستیپێکرد و لە یەکەم رۆژی هەڵبژاردندا، نەیانتوانی پاپای نوێ دەستنیشان بکەن و دوکەڵی رەش لە کەنیسەکە بەرزبووەوە وەک ئاماژەیەک کە نەتوانراوە پاپای نوێ هەڵبژێردرێت.

لە رۆژی 8ـی ئایاری 2025، دوو خولی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی پاپای ڤاتیکان بەڕێوەچوو، دواتر دوکەلی سپی لە کەنیسەکە بەرزبووە و رۆبێرت فرانسیس پریڤۆست، کە بە رەچەڵەک ئەمەریکییە، بە پاپای نوێی ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

حەوتەم هێرشەکانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن

لەمانگی هەشتی ئەمساڵ ئەمریکا هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانیی و دەریایی بەرفراوانی لە سنورە ئاوییەکانی ڤەنزێلا دەستپیکرد، بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی مادە هۆشبەرەکان، کە تائێستا دەیان کەس بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون.

هاوکات ئەم هەڵمەتە بووە هۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لەگەڵ ڤەنزوێلا کە ئەمریکا وەک پاساوێک بۆ لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا بەکاری دەهێنێت.

ئەمریکا مادۆرۆ تۆمەتبار دەکات بە سەرۆکایەتیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان، هەروەها خەڵاتێکی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو زانیارییانە راگەیاند کە دەبنە هۆی دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە.