سبەینێ ساڵێکی تەواو بەسەر روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریادا تێپەڕ دەبێت، رژێمێک کە 53 ساڵی لەسەر یەک حوکمی ئەو وڵاتەی کرد و بە رژێمی بەعس ناوی دەهێنرا. 

ئەگەرچی روخانی ئەسەد رزگاربوونی هاووڵاتیانی سوری بوو لە رژێمێکی دیکتاتۆر، ئێستاش 365 رۆژ بەسەر نەمانی ئەسەددا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا سوریا ئارامی بەخۆوە نەبینیوە، شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە چاوی بڕیوەتە خاکەکەی و سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سوریادا ئەنجامداوە.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ کە روانگەیەکی ناڕازیی سوریایە و بنکەی سەرەکی لە بەریتانیایە، راپۆرتێكی لەبارەی سوریا و رەوشی ئەو وڵاتە لەدوای روخانی بەشار ئەسەد بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای روخانی ئەسەدەوە سوریا بووەتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل.

روانگەی سوری لە راپۆرتەکەیدا ئەوەی خستووەتە روو، لەدوای 8ی مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، ئیسرائیل ژێرخانی سەربازی سوریای كردووەتە ئامانج و لە بەشێكی پارێزگاكاندا نەخشەی نوێی بۆ بنكە سەربازییەكان كێشاوە.

بەپێی راپۆرتی روانگەکە، لەدوای روخانی ئەسەدەوە ئیسرائیل 813 هێرشی بۆسەر سوریا ئەنجامداوە و لەو هێرشانەدا 860 ئامانجی پێكاوە، كە بەهۆیەوە 76 كەس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەش 410 داگیركاریی بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی سوریا ئەنجامداوە، هەر لە ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە تا دەستگیركردن و دانانی بنكەی سەربازیی و خاڵی پشكنین.

لە راپۆرتەكەدا ئەوە هاتووە، هێرشەكەی 28ی مانگی رابردوو بۆسەر بەیت جن لە دیمەشق گەورەترین هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بووە، کە تیایدا 15 کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکە برینداربوون.

هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی سوریا و بردنە ناوەوەی هێزی سەربازی بۆ چەند پارێزگایەکی سوریی، لە ئێستادا خاڵی ناکۆکی نێوان سوریا و ئیسرائیلە و سوریا داوا دەکات، ئیسرائیل بۆ ئەو خاڵانە بکشێتەوە، کە بەر لە روخانی رژێمەکەی ئەسەد لێی بووە و دەیەوێت ئەو وڵاتە پابەند بێت بە رێککەوتنەکەی ساڵی 1974ی نێوانیانەوە، کە ئەو رێککەوتنە بوو تیایدا دوای ساڵێک لە شەڕی نێوانیان لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان، ئاگربەستێکیان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راگرتنی شەڕ راگەیاند و ئەو ناوچانەی شەڕی تێدا بوو، خرایە ژێر چاودێریی هێزیی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لەدوای 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو و دوای روخانی ئەسەد، ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو دەستیکرد بە زیاتر چوونەناوەوەی خاکی سوریا و ئەوەی خستە روو، چیتر ئەو رێککەوتنەی ساڵی 1974 کاری پێناکرێت.

ئێستاش مەرجی سوریا بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و کشانەوەی ئیسرائیلە بۆ ئەو سنورانەی کە ساڵێک بەر لە ئێستا لێی بووە.