ئۆکراین رووبەڕووی "سەختترین ساتەکانی مێژوو" بووەتەوە؛ کۆشکی سپی مۆڵەتی تا پێنجشەممەی داهاتو و داوە بە کیێڤ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک کە بەشێکی زۆری خاکەکەی رادەستی روسیا دەکات و هیواکانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ لە گۆڕ دەنێت، لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دەڵێت: "خەریکە کەرامەتمان لەدەست دەدەین".

بەپێی ئەو بەڵگەنامە 28 خاڵییەی کە واشنتۆن و مۆسکۆ ئامادەیان کردووە و رەشنووسەکەی دراوەتە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا دەیەوێت بە زۆرترین سازش لەسەر حسابی ئۆکراین، کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

زێلێنسکی: لەبەردەم دووڕیانێکی کوشندەداین

سەرۆکی ئۆکراین لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا بە ڕاشکاوی وتی: "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر قورسداین: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی (ئەمریكا)، یان قبوڵکردنی 28 خاڵە ئاڵۆزەکە و زستانێکی زۆر سەخت".

بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەم) ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکات، ئەوا ناردنی چەک و زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ ئۆکراین رادەگرێت.

گرنگترین خاڵەکانی پلانە 28 خاڵییەکە:

ئەم پلانە کە زۆرینەی مەرجەکانی پوتین-ی تێدایە، ئۆکراین ناچار دەکات بەم خاڵانە رازی بێت:

·         خاک و سنوور: داننان بەوەی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێتسک و نیمچە دورگەی قرم "بە ئەمری واقیع خاکی روسیان" و ئەمریكاش دانیان پێدا دەنێت. هێڵەکانی ئێستای جەنگ لە خێرسۆن و زاپۆریژیا سڕ دەکرێن و دەبنە سنووری واقیعی.

  • سوپا و ناتۆ: ئۆکراین دەبێت لە دەستوورەکەیدا بنووسێت کە هەرگیز نابێتە ئەندامی ناتۆ. ژمارەی سوپاکەی بۆ 600 هەزار سەرباز کەم دەکرێتەوە (ئێستا نزیکەی 850 هەزارە).
  • ناوچەی بێچەک: هێزەکانی ئۆکراین دەبێت لەو بەشانەی دۆنێتسک بکشێنەوە کە ئێستا بەدەستیانەوەیە و ئەو ناوچەیە دەکرێتە ناوچەیەکی بێچەکی نێودەوڵەتی، بەڵام وەک خاکی روسیا ئەژمار دەکرێت.
  • سزا و ئابووری: سزاکانی سەر روسیا هەڵدەگیرێن و مۆسکۆ دەگەڕێتەوە بۆ گروپی G8. لەبەرامبەردا ئەمریكا گرەنتی ئەمنی دەداتە ئۆکراین، بەڵام بە مەرجێک واشنتۆن 50%ی قازانجی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین بۆ خۆی ببات.
  • لێبوردنی گشتی: هەموو لایەنەکان لێبوردنی گشتییان بۆ دەردەکرێت سەبارەت بە "تاوانەکانی جەنگ".

هەڵوێستی ئەوروپا و پشێویی ناوخۆ:

سەرکردەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا) نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە و لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ زێلێنسکی جەختیان کردووەتەوە کە نابێت هیچ رێککەوتنێک بەبێ رەزامەندیی ئەوروپا و پاراستنی سەروەریی ئۆکراین بکرێت. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وتی: "پێویستە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار (روسیا) نەک قوربانی".

لە ناوخۆی ئۆکراینیش، روستەم ئومێرۆڤ، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایش رەتیدەکاتەوە رەزامەندی لەسەر پلانەکە دابێت و دەڵێت: "ئێمە خاکەکەمانی بۆ دەستبەردار نابین"، بەڵام زێلێنسکی داوای یەکڕیزی دەکات و دەڵێت "نابێت بیانوو بدەینە دەست دوژمن تا بڵێت ئۆکراین ئاشتی ناوێت".

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا زێلێنسکی و ترەمپ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەم پلانە بکەن، کە چارەنووسی جەنگەکە و سنوورەکانی ئۆکراین یەکلایی دەکاتەوە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن، ئەمڕۆ هەینی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە و ئاشتی ناوێت.