وەزیری دەرەوەی سوریا: نەبونی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، کەلێنەکان قوڵتردەکاتەوە
بڵند
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک دابەشکردنی سوریا رەتدەکەنەوە و دەرفەتێکی زێرین هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، بەشێکی کارا بێت لەم قۆناغەی وڵاتدا، جەختیشیکردوەتەوە، بونی هەسەدە لەدەرەوەی دەوڵەت کەلێنەکان قوڵتر دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند سەرکەوتوو بوون لە قەناعەتپێکردنی وڵاتانی پەیوەندیدار بە پرسی هەسەدە و کە تاکە چارەسەر رێککەوتنی 10ی ئازارە، ئاماژەی بەوەشکرد تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا دەبێت بە زوترین کات ئەنجام بدرێت.
ناوبراو جەختیکردەوە نەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، کەلێنەکانی نێوان ئەوان و دەوڵەت قووڵتر دەکاتەوە و لە ئێستادا دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر بەشێکی کارا بێت لەم قۆناغەدا.
شەیبانی وتیشی؛ ئەحمەد شەرعی سەرۆک حەزدەکات، هەسەدە بەشێکی سەرەکی بێت لە سوریا و نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە رێگری لە بەرژەوەندیی خەڵکی مەدەنی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکات.



