حەماس رەتیدەکاتەوە رێککەوتنی ئاگربەستی لە غەززە پێشێل کردبێت
راهۆز
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بزوتنەوەی حەماس ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای رەتکردەوە کە تیایدا تۆمەتباری دەکات بە "هێرش ئەنجامدان و پێشێلکردنی ئاگربەست"و جەختی کردەوە کە ئەم بانگەشانە "نادروست و راستن" و ئەمریکاش دەڵێت: وڵاتانی نێوەندگیرمان ئاگادارکردووەتەوە لە کردەوەکانی حەماس.
لە راگەیەندراوەکەی حەماسدا هاتووە: "ئەم بانگەشانە بە تەواوی لەگەڵ پڕوپاگەندەی چەواشەکارانەی ئیسرائیل یەکانگیرن."
حەماس ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە تۆمەت هەڵبەستن و دەڵێت، "راستییەکانی سەر زەوی پێچەوانەی راگەیەندراوەکەی ئەمریکان، دەسەڵاتدارانی داگیرکەر خۆیان ئەو گروپە تاوانکارانەیان چەکدار کردووە و پارەیان پێداون کە کاری کوشتن و رفاندن و دزینی بارهەڵگرەکانی هاوکاری و تاڵانکردنی هاووڵاتیانی فەلەستینییان ئەنجامداوە، و بە ئاشکرا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە لە رێگەی میدیا و گرتە ڤیدیۆییەکانەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە داگیرکەر لە بڵاوکردنەوەی فەوزا و تێکدانی ئاسایشدا تێوەگلاوە."
پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدابوو لە "پێشێلکارییەکی نوێ" بۆ مەرجەکانی رێککەوتنی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بە وڵاتانی نێوەندگیری راگەیاندووە کە "راپۆرتی متمانەپێکراو" (بەبێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی) هەن کە ئاماژە بە پێشێلکارییەکی نوێی حەماس دەکەن بۆ رێککەوتنی ئاشتیی غەززە.
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: "هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە دژی هاووڵاتیانی غەززە، پێشێلکارییەکی راستەوخۆ و مەترسیدارە و رێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە".



