ناتانیاهۆ بڕیاریدا بە نەکردنەوەی دەروازەی رەفەح
بڵند
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانیکردوە بە نەکردنەوەی دەروازەی رەفەح، بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن حەماسەوە، کە تا ئێستا تەرمی 19 بارمتەی لاماوە و رادەستی نەکردوە.
ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران فەرمانی کردوە تا کاتێکی نادیار دەروازەی رەفەح نەکرێتەوە، چونکە حەماس پابەند نەبون بە بەڵێنەکانیان و تا ئێستا تەرمەکانیان رادەست نەکردوە.
ئەم لێدوانەی نووسینگەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێت کە باڵیۆزخانەی فەلەستین لە میسر رایگەیاند کە دووشەممەی داهاتوو دەروازەی سنووری رەفەح دەکرێتەوە و پشتڕاستی کردەوە کە "کردنەوەی دەروازەی رەفەح رێگە بە فەلەستینییەکانی نیشتەجێی میسر دەدات بگەڕێنەوە بۆ غەززە".
ئەمە لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزاریەکان چەندین جار داوای کردنەوەی دەروازەی رەفەحیان کردووە، لە کاتێکدا غەززە دوای شەڕی دوو ساڵەی رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەخت بوەتەوە.
حەماس رایگەیاندوە، بۆ دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکان پێویستی بەکاتی زیاتر و ئامێری پێویست هەیە و ئەو پرۆسەیە کاتی زیاتر دەخایەنێت و تا ئێستا حەماس 19 تەرمی لاماوە و رادەستی نەکردووە.



