بنیامین ناتانیاهۆ: شەڕی غەززە کاتێک کۆتایی دێت کە حەماس چەک دابنێت
بڵند
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، کاتێک شەڕی غەززە کۆتایی دێت کە حەماس چەک دابنێت و تەواوی تەرمی بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە؛ ئەوەش مەرجی رێککەوتنەکەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ 14ی وڵاتەکەی، ناتانیاهۆ جەختی لە چەکدانانی حەماس کردوەتەوە و بە مەرجی کۆتاییهێنانی شەڕ داناوە، ناتانیاهۆ دەڵێت؛ جەنگەکە کۆتایی دێت کاتێک مەرجەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێکرا؛ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان، هەڵوەشاندنەوەی حەماس و داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، ماوەی جەنگ بە بڕیارێک کە سبەی دەیخاتە بەردەم حکومەت بۆ گۆڕینی ناوی شەڕەکە بە 'جەنگی سەرهەڵدانەوە'" کورتدەکاتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت؛ لە رۆژی دووەم یان سێیەمی شەڕەکەدا وتویەتی رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن و ئەوکارەشیان کردوە.
ئەم مەرجەی ناتانیاهۆ لە کاتێكدایە، حەماس تا ئێستا رەتیکردوەتەوە چەک دابنێت و ئاژانسەکانی هەواڵیش ئاشکرایانکردوە، حەماس لەهەوڵی خۆ بەهێزکردندایە لە ناو غەززە و دەستیکردوە بە لەناوبردنی نەیارەکانی.



