دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند دەرفەتێک دەداتە حەماس، بۆ ئەوەی لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەدا بەڵێنەکانی بباتەسەر، بەڵام هۆشدارییداوە بە گروپەکە، ئەگەر پابەندی بەڵێنەکان نەبن لە رەگەوە دەریاندەهێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا وتی؛  پێناچێت ئێران بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی حەماس.

ترەمپ باسی لە رەوشی ئێستای حەماس کرد و رایگەیاند ئەوان ئێستا لاوازن، لە چاو رابردودا، بەتایبەت لە دوای شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیدی ئێران پاڵپشتیان ناکات.

ترەمپ راشیگەیاند، دەرفەتێک دەدەنە حەماس بۆ ئەوەی بتوانێت بەڵێنەکانی بباتەسەر و جەختی لەوەشکردەوە ئەگەر بزانن حەماس پابەند نابێت بە تەواوەتی لەناوی دەبەن.

 ترەمپ جەختیشیکردەوە، لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا بەشداری لە هیچ کردەوەیەکی سەربازی دژی حەماس ناکەن.

لەبارەی بەڕێوەبردنی ئیدارەی غەززەشەوە ئاشکرای کردووە؛ دەیان وڵات رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیرکردنی غەززە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەم پلانەدا.