فەرماندەیەكی هەسەدە دەڵێت، ئامادەن بچنە ناو سوپای نوێی سوریا بەو مەرجەی یەكگرتنەكە لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت لە ناسنامە و خەباتی هەسەدە.

سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"و ئەندامی لیژنەی سەربازیی دانوستان لەگەڵ دیمەشق رایگەیاند، هەسەدە ئامادەیە بچێتە ناو سوپای نوێی سوریا، هەنگاوەكانی داهاتووش حكومەتی دیمەشق دیاری دەكات كە پرۆسەی یەكگرتن خێراتر دەبێت، یان خاو دەبێتەوە.

وتیشی، دەبێت یەكگرتنەكە لەسەر بنەمایەك بێت، رێز لە ناسنامە و خەبات و قوربانیدانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بگیرێت و مافی هەموو پێكهاتەكانی سوریا بپارێزێت بەبێ جیاوازی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدوای یەكگرتن لە سوپای داهاتووی سوریادا دەگەڕێن و پێیان وایە هەسەدە، بناغەی بنیاتنانی سوپای نوێی نیشتمانییە، سوپای نیشتمانی سوریاش بەبێ بەشداری هەسەدە دروست نابێت.