رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

رۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ترەمپ پێشنیازێكی ناتانیاهۆی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران رەتكردووەتەوە.

رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكی لە زاری چەند لێپسراوێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا راشكاوانە بە ئیسرائیلی راگەیاندووە كە پاڵپشتی هیچ جۆرە هێرشێك بۆ سەر ئێران ناكات.

ئەو لێپرسراوە ئەمریكیانە كە رۆژنامەكە ئاماژەی بە ناویان نەكردووە راشیانگەیاندووە، ترەمپ ئەو پێشنیازەی لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ دانوستان لەگەڵ تاران رەتكردووەتەوە.

هەروەها بە خودی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، ئەو بە رێگای دیپلۆماسی و دانوستان ئەو بابەتە چارەسەر دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای دێرەزۆری رۆژاوای کوردستان بەرەو عیراق دەکشێنەوە.

سەرچاوەیەکی فەرمی لە پێنتاگۆن رایگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام هێزەکانی خۆی بەپێی پێویست لە ناوچەکە بڵاودەکاتەوە".

پێشتر میدیاکان لە زمانی سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە بڵاویانکردبووەوە کە ئەمریکا دەستیکردووە بە کشانەوەی هێزەکانی لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک کێڵگەی غازی کۆنیکۆ لە دێرەزۆر.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، یەکەم کاروانی 70 ئۆتۆمبێل نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر بنکەکەیان بەجێهێشتووە، کە لەنێویاندا ئامێری قورس هەبوون. هەروەها دوێنێ کاروانی دووەمی 200 ئۆتۆمبێلی لە کۆنیکۆوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئاڕ ئای نۆڤۆستی" رونیکردەوە: "پێنتاگۆن لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆن و بارودۆخی نائاسایی بە بەردەوامی هێزەکانی لە ناوچەکان جێگیر دەکاتەوە ".

وتیشی: "ئەم گۆڕانکاریانە رەنگدانەوەی بەرنامەکەیانە و لەچوارچێوەی سیاسەتی بەرگری ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی خێرای هەر گۆڕان و هەڕەشەیەک".

کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" ڕۆژی سێشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە ئەمریکا بەنیازە ئامادەیی سەربازی خۆی لە سوریا کەم بکاتەوە بە کشانەوەی بەشێک لە دوو هەزار سەربازەکەی، لە هەمانکاتدا ئەو هێزانەی کە ماونەتەوە لە ژمارەیەکی کەمتر لە بنکە و بارەگاکانی ئەو وڵاتە چڕ بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئێران رایگەیاند، بەرپرسانی وڵاتەکەی دووپاتیان کردووەتەوە کە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە عومان نابێت، بەڵکوو لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئێران لەسەر زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاندووە، گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، شەممەی داهاتوو لە رۆما دەکرێت.

پێشتر، بەرپرسانی ئەوروپا رایانگەیاندبوو، دانوستانەکە لە رۆما بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران رەتیان دەکردەوە و دووپاتیان دەکردەوە کە لە عومان دەبێت.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی دوپاتی کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە لە رۆما دەبێت.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "لە دیبلۆماسیدا، هەنگاوێکی لەم شێوەیە وەکوو هەڕەشە وایە، دەکرێت ئەمە وەکوو نیشانەی نیەتێکی خراپ و نەبوونی ویستێکی جدی سەیر بکرێت."

ڕۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025، وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ وەفدی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی بە نێوەندگیریی عوممان، لە مەسقەت کۆ بوونەوە.

 چەند زانیارییەک لەسەر دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا - گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ:

دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەوتە قۆناغێکی نوێوە. دانوستانەکانی ناوەکی ئێران و ئەمریکا کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا هەڵوەشێنرابوونەوە، ئێستا لە ژێر کاریگەری قەیرانی هەرێمی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووەتەوە.

لە دوو مانگی سەرەتای 2025دا، نێوانگیریی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عومان و عیراق، دەروازەیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان کردووەتەوە. لە مانگی شوباتدا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران سەردانی عومان و قەتەری کرد و لە دوای ئەوەش چەند وڵاتێکی دیکە هەوڵیان دا بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکانی هەردوولا.

گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە مەسقەت، پایتەختی عومان، هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام بەرهەمی بەرچاوی نەبوو. هەر دوو لایەن نیشانیان دا کە هێشتا کێشەکانیان زۆرە و دەبێت لەسەر چەندین خاڵی جەوهەری رێکبکەون.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم گۆڕانکارییە لە شوێنی دانوستانەکان، ئاماژەیە بە جددیەتی ئیتالیا و ئەوڕوپا لە پرۆسەکەدا، یان وەک بەقائیی دەڵێت "نیشانەی نیەتێکی خراپ"ە. هەروەها گرنگە بزانرێت کە گۆڕینی شوێنی دانوستانەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاکامی گفتوگۆکان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 وابڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مەبەستی گەیاندنی نامەیەکی عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای روسیا، دەگاتە ئەو وڵاتە.

کازم جەلالی، باڵوێزی ئێران لەروسیا رایگەیاند، سەردانەکەی عراقچی بە ئامانجی دانوستانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، دووشەممەی رابردوو دووپاتی کردەوە کە مۆسکۆ چاوەڕوانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات و پێدەچێت لەگەڵ هاوتا روسیەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، لەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.

لای خۆشیەوە ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشتر رایگەیاندبوو سەردانەکەی عراقچی بۆ مۆسکۆ بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی کە سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی و کەسایەتی سیاسی دیاری دەمپارتی، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە دۆخی تەندروستی تێکچوو، ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی تورکیا و هاوڕێیانی پەیامی هاوسۆزییان بۆ ناردووە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی ئۆندەر چەندین جار روبەروی هێرشی ناهەق و سوکایەتی بووەتەوە، بەڵام بە پێداگرییەوە بەردەوام بوو بۆ هێنانەدی ئاشتی". دەمیرتاش هەروەها وتی: "نزا و دڵمان لای تۆیە، خۆشمان دەوێیت کاکی ئەزیز".

هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەمپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ سڕی سورەیا ئۆندەر خواست و راشیگەیاند: "باشترین پزیشکەکانی وڵات نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامداوە، ئێستا لە دەستێکی سەلامەت دایە."

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ ئۆندەر خواستووە.

هاوکات، نوری ئاسڵان، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بە وەکالەت، سەردانی سڕی سورەیا ئۆندەری لە نەخۆشخانە کردووە و لە لێدوانێکدا وتی: "هەموان پشتگیری خۆیان بۆ ئۆندەر راگەیاندووە کە ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە."

شایەنی باسە، سڕی سورەیا ئۆندەر یەکێکە لە ئەندامانی کاریگەری وەفدی ئیمڕاڵی و رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا هەبووە و دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل بۆردومانی چەند ناوچەیەكی كردووە كە بارمتەكانی تێدا بووە و دواتر پەیوەندییان لەگەڵ بەشێك لە بارمتەكان پچڕاوە.

 

باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ ئیدان ئەلێكساندەر سەربازێكی بارمتە پچڕاوە كە دوای بۆردومانێكی ئیسرائیل لە غەززە پەیوەندییان لەگەڵ شوێنی بۆردومانەكە نەماوە كە چەند بارمتەكەی تێدا بووە.

 

دەشڵێت، ئیسرائیل بە ئەنقەست هەوڵ دەدات دۆسیەی ئەو بارمتانەی كە خاوەنی دوو رەگەزنامەن كۆتایی پێبهێنێت بۆ ئەوەی شەڕەكەی بەردەوامی پێبدات.

 

هاوكات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی باكوری غەززەی كرد و رایگەیاند، دەیانەوێت هەموو ئامانجەكانیان بەدیببهێنن بە ئازادكردنی بارمتەكانیشەوە.

 

ئەوەش لە كاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر حەماس ڤیدیۆی ئیدان ئەلێكساندەری بڵاوكردەوە كە 551 رۆژە بە بارمتە گیراوە و بانگەشەی ئەوە دەكرا كە كوژراوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین مەترسی تیرۆر زیاد دەکات و بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە، لە بەرانبەریشدا سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت؛ پێویستە سەرجەم دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان لەغەززە بکرێنەوە.

 

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین، چونکە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ تیرۆر.

 

نەتەنیاهۆ بە سەرۆکی فەرەنسای راگەیاندووە، تا ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێکی فەلەستین بە دەسەڵاتی فەلەستینیشەوە، روداوی '' 7ی ئۆکتۆبەری ئیدانە نەکردووە" هەروەها فەلەستین دەیەوێت ئیسرائیل لەناوبچێت و پشتگیری ئەو لایەنانە دەکات کە دژایەتی وڵاتەکەمان دەکەن.

 

لە بەرانبەردا ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا لەگەڵ نەتەنیاهۆ، رایگەیاند، ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ئێستا پێویستە و جەختیشیکردەوە دەبێت حەماس چەک دابنێت.

 

راشیگەیاند، کردنەوەی هەموو دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کەرتی غەززە، ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت دۆخی نالەباری دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە کۆتایی پێبێت.

 

 سەرچاوەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی فەڵەستین ئاشکرای کرد، ماکرۆن سەرۆکی فەلەستینی ئاگادارکردەوەتەوە، فەرەنسا بە جددی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران بە بەرپرسانی باڵای سێ لقی حکوومەتی ئێرانی راگەیاند: "کارێکی باش لەسەر دانوستانەکان کراوە"، بەڵام "نابێت پرسەکانی وڵات بە دانوستانەکانەوە ببەسترێتەوە".

ئەمڕۆ سێ شەممە عەلی خامنەیی رایگەیاند کە "نابێت گەشبینی و ڕەشبینییەکی زۆرمان هەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە هەموو بوارەکاندا، پێویستە بە خێرایی بەردەوام بین و نابێت هیچ شتێک بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە ببەسترێتەوە".

 ڕێبەری باڵای ئێران بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی سەردەمی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە بووە هۆی داڕشتنی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش، وتی: ئەو هەڵەیەی کە لە رێکخراوی JCPOA کرا کە هەموو شتێکی وڵاتی بەستبووەوە بە دانوستانەکانەوە، نابێت دووبارە بکرێتەوە چونکە وڵات دەبێتە مەرج و هەموو شتێک بە وەبەرهێنانەوە رادەگیرێت تا دەرئەنجامی دانوستانەکان رون دەبێتەوە.

 عەلی خامنەیی رایگەیاند: چالاکییەکانی وڵات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە هەموو بوارەکاندا دەبێ بە خێرایی زیاترەوە بەردەوام بێت و هیچ شتێک بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە نەبەسترێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکی رەسمیدا رایگەیاند کە توانا سەربازییەكانی ئێران "هێڵی سوور"ی دانوستان لەسەر نەکراوە لەگەڵ ئەمریکا.

عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە "ئاسایشی نەتەوەیی، بەرگری و هێزی سەربازی كۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی سوورن كە لە هیچ بارودۆخێكدا جێگای دانوستان و وتوێژ نین."

لێدوانەکانی وتەبێژی سوپای پاسداران لە کاتێکدا دێن کە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن و هەردوو لایەن سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆن لە نێوان پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران، لەوانەش هەڕەشەی سزای زیاتر یان ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو کە هەر رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا بەندە بە "دوو مەرجی بنەڕەتی"، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانیان ئاشکرا بکات، ئەمەش ناڕوونی زیاتری لە دیمەنی سیاسیدا هێناوەتە ئاراوە کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە، بە تایبەتی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە.

مارگریت هاریز، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەمیی کەلوپەلی پزیشکی و دەرمان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەروەها هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو برینداره زۆرانەی کە بەهۆی بۆمبارانی بەردەوامەوە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە."

هاریز ئاشکرای کرد کە زۆرجار رێکخراوەکەیان مۆڵەتی پێویست بۆ گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی بۆ ناو کەرتی غەززە وەرناگرێت، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

وتەبێژی رێکخراوەکە جەختی کردەوە: "ئێمە بە توندی نیگەرانین لەو برسێتییەی کە روبەروی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە بووەتەوە، بە تایبەتی منداڵان کە زیاتر لە هەموو توێژەکانی دیکە زیانیان پێ دەگات." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دانیشتووانی غەززە بە گشتی دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پەتایی زیاتر دەکات.

شایانی باسه، کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە بەردەوام لە ژێر بۆمباران و گەمارۆی قورسدایە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی تەندروستی و ئاودێری. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٪90ـی دانیشتووانی غەززە ئێستا روبەروی ئاستەنگی سەختی دۆزینەوەی خۆراکی پێویست بوونەتەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیی هۆشداریان داوە سەبارەت بە رەوشی "قەیرانی سەختی برسێتی" لە کەرتی غەززە. لە لایەکی ترەوە، زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکان لە غەززە یان وێران بوون یان بە هۆی کەمیی سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکییەوە ناچار بە وەستانی چالاکییەکانیان بوون.

کارتێکەری قەیرانەکە بە تایبەتی لەسەر منداڵان زۆر قورسە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، هەڵاوسان و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە هۆی خۆراکی خراپ لە ناو منداڵانی غەززەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هەروەها کەمیی ئاوی پاک بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی گوازراوە لە رێگەی ئاوەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیە سەرجەم دامەزراوە میواندارییەکانی شاری مەککە ئاگادارکراونەتەوە کە، رێگە ۆێنەدراوە شوێنی مانەوە بۆ زیارەتکارانی بێمۆڵەتی حەج یان ئەوانەی تەنها مۆڵەتی کارکردن و ئیقامەیان هەیە، دابین بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیەوە بڵاوکرایەوە، ئەم قەدەغەکردنە لە 29ـی نیسانی 2025ـەوە دەست پێدەکات و تا کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەکە رونی کردووەتەوە، کە ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو رێکار و رێنماییانەی کە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەریکردووە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی حاجیان و دڵنیابون لەوەی کە بتوانن حەج بە ئاسایش و ئاسانکاری و ئارامیی ئەنجام بدەن.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە کە رێگە نادرێت ئەو کەسانەی ڤیزای هەمەجۆریان هەیە، بچنە ناو شاری مەککەوە، تەنها ئەوانە نەبێت کە ڤیزای تایبەت بە حەجیان هەیە. ئەم ڕێکارەش لە سێشەممە 29ـی چواری 2025ـەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارانە بەشێکن لە پابەندبونی وەزارەت بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایشی حاجیان و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی حکومەتی سعودیە بۆ ئامادەکاری وەرزی حەجی ساڵی 1446ـی کۆچی.

وەزارەتی گەشتوگوزاری سعودیە جەختی کردوەتەوە کە هەموو دامەزراوەیەکی میوانداری لە شاری مەککە دەبێت پابەندی ئەم رێکارانە بن و هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی میوانانی ماڵی خودا، هەروەها هۆشداری داوە کە سەرپێچیکردنی ئەم ڕێنماییانە دەبێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی سزای یاسایی.

شایەنی باسە، نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوو لە مەککە دەکەن و ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گەشتوگوزار بۆ رێگریکردنە لەو سەردانیکەرانەی کە ساڵانە لە رێگەی حەجی بازرگانیەوە سەردانی مەککە دەکەن. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێنجەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی عیراق و توركیا لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو و جەختكرایەوە لە گرنگی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە.

 

بەپێی راگەیەنراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە، وەفدی باڵای ئەمنی عیراق و توركیا گرنگی یەكڕیزی سیاسی و رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی هەردوو وڵاتیان دووپاتكردەووەتەوە و هاوڕابوون لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیی و هەماهەنگییەكانی نێوانیان لە سەرجەم بوارەكاندا، لەوانە ئاسایشی سنوور و وزە و ئاو.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بە گرنگ باسكراوە و پاراستنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتیش بەرانبەر هەر هەڕەشەیەك تاوتوێكراوە، پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی بەپەلەش بۆ كەمپەكانی سوریا، لەنێویاندا هۆل و رۆژ دوپاتكراوەتەوە.

 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، لەبارەی میكانیزمی پێنج قۆڵی لە سوریا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریش، وەفدی هەردوو وڵات جەختیانكردەوە لە دامەزراندنی ناوەندێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش تایبەت بەو دۆسییە.

 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و سوریا دەربڕی و پێشوازیشیان لە دەستپێكردنی دانووستانەكانی ئەمریكا و ئێران كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع و پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان، سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی نوێی سوریا سەردانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كرد.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە كە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە و رۆژهەڵات عەفرینی، فەرماندەی گشتی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لە شاری حەسەكە پێشوازیان لە حسێن سەلامە، سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق كردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەردانەکە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی (10ـی ئازاری 2025) بووە کە لە نێوان مەزڵوم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر ئەنجامدراوە.

لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە كردەوە و باسیان لە پێویستی بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوریا کرد، بەتایبەتی پاراستنی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات روونی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان هەسەدە و سەرۆكی لیژنەی راسپێردراوی حكومەتی دیمەشق، باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک کرا بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەموو ناوچەکانی سوریا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، ناوی ئەندامەكانی ئەو لیژنەیە ئاشکرا کرا کە نوێنەرایەتی رۆژئاوا دەکەن و بڕیاریش وایە دەست بە كارەكانیان بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە وڵاتەکەی و ئەمریکا نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ناوەرۆکی دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

ئەمڕۆ شەممە، دوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە مەسقەتی پایتەختی عومان، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات رێککەوتنێکی نوێ و ئەرێنی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکات".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە "ئەوە کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە ویست و نیازپاکی هەردوو لایەنی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە هەیە".

بەپێی ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێران، دانوستانەکان لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراون و ئەرێنی بوون.

ئاژانسەکە رونی کردووەتەوە کە دانوستانەکانی گەڕی یەکەم بە شێوەییەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوون، دوو کاتژمێریان خایاندووە و لە دوو هۆڵی جیاواز ئەنجام دراون.

عراقچی هەروەها رایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات هەفتەی داهاتوو بەردەوامیان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چین و ئیسپانیا هەوڵەكانیان دژی بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا یەك دەخەن و روبەڕووی ئاڵنگارییە ئابوورییەكان دەبنەوە.

پیدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بەسەردانێك گەیشتە چین و لەگەڵ شی جین پینگ  سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.

هەردوولا جەختیان لە كاركردن بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی بەهێزتر كردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكان لە پەراوێزی سەپاندنی زیاتری باج بەسەر چین و یەكێتی ئەوروپا لەلایەن ئەمریكاوە.

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەشدا سەرۆكی چین هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی سەپاندنی باج دەستپێبكات و سەردانی هەریەك لە وڵاتانی مالیزیا و كەمبۆدیا و ڤێتنام بكات.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكانی چین بۆ بەهێزكردنی كۆدەنگی لەسەر بەگژاچوونەوەی بڕیاری باجەكان، وەزیری بازرگانی ئەو وڵاتە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەكە لە هاوتاكانی لە یەكێتی ئەوروپا، مالیزیا، سعودیە و باشووری ئەفریقا ئەنجامدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کەشوهەوای دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکای بە "ئەرێنی" وەسف کرد و رایگەیاند: دانوستانەکان کۆتاییان هات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، لە زمانی ئەندامێکی تیمی دانوستانکاری ئەتۆمییەوە بڵاویکردەوە: کەشوهەوای دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەرێنی بووە.

هاوکات عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام پشتڕاستی کردەوە، کە دانوستانەکان لە "کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا" ئەنجام دراون.  ئاماژەی بەوەشکردوە، وەفدەکانی ئێران و ئەمریکا دوای جێهێشتنی دانوستانەکان بۆ ماوەیەکی کورت یەکیان بینیوە و ئاماژەی بەوەدا، ئێران و ئەمریکا "هەفتەی داهاتوو" درێژە بە دانوستانەکانیان دەدەن.

 لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان دوپاتی کردەوە کە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە کەشێکی دۆستانە و بنیاتنەردا بە ئامانجی لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان لە یەکترەوە بەڕێوەچووە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ یارمەتیدان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، مەسقەت بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ناوبژیوانی دەکات. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3839404142...59