بەهۆی بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی باشوری شاری حەلەب لە سوریا ژمارەیەك سەرباز برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری سوریا بڵاویكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە رێگەی مووشەك و فڕۆكەوە چەند ناوچەیەكی لە دەوروبەری ئیدلب و باشوری رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك سەربازی حكومەتی سوریا برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆردوومانەكەی ئیسرائیل زیانی ماددی بە دانیشتووان و خەڵكی مەدەنی دەوروبەری ئیدلب و باشوری رۆژهەڵاتی حەلەب گەیاندووە.
تەقینەوەیەك لە وێستگەیەكی شەمەندەفەر لە پاكستان روویدا و بەهۆیەوە ٢٤ كەس كوژران و نزیكەی ١٥ كەسیش بریندار بوون.
محەمەد بەلوچ بەڕێوەبەری پۆلیسی خۆجێی بەلوچستان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەك لە وێستگەیەكی شەمەندەفەر لە پارێزگای بەلوچستانی پاكستان، ٢٤ كەس كوژراون و لەوانەیە ئاماری كوژراوەكان بەرزتربێتەوە.
وتیشی، كاتێك شەمەندەنەفەرەكە هەوڵی داوە بە خێرایی بۆ شوێنی مەبەست بڕوات، تەقینەوە لە ناو وێستگەكەدا رووی داوە و تا ئێستا هیچ گروپێك لێپرسراوێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
١٠ خۆپیشاندەر لە شاری خەلفەتی سەر بە پارێزگای رحا لە باكوری كوردستان بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ دەركرا.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، لە خۆپیشاندانەكانی ناوچەی خەلفەتی كە دژی دانانی قەیوم لەشوێنی سەرۆكی شارەوانییەكان بەڕێوەچوو، لە رۆژانی ٥ و ٦ی تشرینی دووەم ١٦ كەس دەستگیركرابوون، كە یەكێكیان مێردمنداڵێكی تەمەن ١٧ ساڵ بوو، داواكاری گشتی بە تۆمەتی وەستانەوە لە دژی پۆلیس و هاوكاریكردنی رێكخستن دۆسیەكانیانی رەوانەی دادگا كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، دادوەر فەرمان زیندانی كردنی بۆ ١٠ خۆپیشاندەر دەركردووە كە یەكێكیان مێرمنداڵێكی تەمەن ١٧ ساڵە، شەش كەسەكەی تریش بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازادكراون.
سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە گوندەكانی سەر بە كانتۆنی منبجی تۆپباران كرد و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكانی سەر بە توركیا، گوندی ئەل سافیەی لە باكوری رۆژهەڵاتی سەر بە كانتۆنی منبجیان تۆپباران كردوە، هەروەها خاڵێكی سەربازیی سەر بە سوریایان لە هەمان گوند تۆپباران كردووە.
راشیگەیاندووە، لە هەمانكاتدا سوپای توركیا گوندەكانی باكوری كانتۆنی مەنبەجیان تۆپباران كردووە، لە ئەنجامدا 45 تۆپ كەوتوەتە دەروازەی گوندی ئێون دادات و 5 گوللە تۆپیش كەوتوەتە گوندی دێرچ، بێجگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە.
ئێران تۆمەتباركردنی بە هەوڵی كوشتنی ترەمپ رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئیسرائیل هەواڵی ئاڵۆزتركردنی پەیوەندییەكانی تاران و واشنتن دەدات.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هەوڵی كوشتنی سەركردەكانی ئەمریكا لە لایەن ئێرانەوە تۆمەتێكە كە لە ساڵانی رابردوشدا دراوەتە پاڵ تاران بەڵام بە بەردەوامی رەت كراوەتەوە و پێچەوانەكەشی سەلمێنراوە.
وتیشی تۆمەتباركردنی ئێران بۆ هەوڵی كوشتنی سەركردەكانی ئەمریكا پیلانی ئیسرائیلە بە ئامانجی ئاڵۆزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە بەرامبەردا ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی سود لە رێوشوێنە یاساییەكان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وەردەگرێت.
لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەی ئێران دوای ئەوە دێت كە رۆژی هەینی وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاوی كردەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی نۆی ئەمساڵدا هەوڵی كوشتنی دۆناڵد ترەمپی داوە بەڵام هەوڵەكە پوچەڵكراوەتەوە و سێ تۆمەتباریش سزا دراون.
نانسی پیلۆسی هۆكاری شكستی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەخاتە ئەستۆی بایدن و دەڵێت، پێویست بوو بۆ سەركەوتنی دیموكراتەكان، بایدن زوتر دەست لەكار بكێشێتەوە.
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی راگەیاندووە، دواكەوتنی كشانەوەی جۆ بایدن وەك كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی وڵاتەكە، دیموكراتەكانی روبەڕوی شكست كردەوە.
بە بڕوای پیلۆسی، ئەگەر بایدن پێشوەختە هەوڵی دوبارە كاندیدكردنەوەی و هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكای نەدایە، دیموكراتەكان كاندیدێكی بەهێزترین لە كامالا هاریس دەستنیشان دەكرد.
بەپێی نیویۆرك تایمز، گومان دەكرێت یەكێك لەو كەسانەی كە هەوڵی كشانەوەی بایدنی لە كاندیدبوون دابێت، نانسی پیلۆسی بوبێت و هەر فشارە نهێنییەكانی ئەوەیش بایدنی ناچار بە كشانەوە لە هەڵبژاردنەكان كردوە.
لێپرسراوێكی ئەمریكا دەڵێت بەپێی ئەنجامی هەوڵەكان لە ماوەی هەفتەیەك تا ١٠ رۆژی داهاتوو شەڕ لە لوبنان كۆتایی دێت.
ئیلیاس بوسەعب جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، لەكاتێكدا هەمووان باسی بەردەوامە هەوڵە دیبلۆماسییەكان دەكەن لە پێناو راگرتنی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی، بەڵام هێرش و بۆردومانەكان هەر بەردەوامن و رۆژانە خەڵكی بێتاوان دەكوژرێن و ژمارەیەكی زۆریش بەهۆی لە ناوچوونی ماڵ و خانووەكانیانەوە ئاوارە دەبن، سوپای ئیسرائیل ئەوەندەی ماڵ و خانووی خەڵكی بێتاوانی وێران كردووە، هیچ زیانێكی ئەوتۆی بە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی حزبوڵا نەگەیاندووە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان راشیگەیاند، ئاموس هۆكستین نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وتوون، بەپێی ئەنجامی هەوڵەكانیان لە ماوەی هەفتەیەك تا ١٠ رۆژی داهاتوو شەڕ لە لوبنان كۆتایی دێت.
وەزارەتی بەرگری روسیا دوا لە ئیسرائیل دەكات بە زوترین كات لە خاكی لوبنان بكشێتەوە وەك سەرەتایەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و راگەیاندنی ئاگربەست.
ئەلیكساندەر فۆمین جێگری وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بەردەوامی شەڕ و هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان جگە لە ئاڵۆزتركردنی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قوڵبوونەوەی كێشەكان، هیچ ئەنجامێكی نابێت و هیچ لایەنێكی شەڕكەریش تیایدا براوە و سەركەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە تەنها پەنا بۆ گفتوگۆ و دانووستان ببرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكان.
وتیشی، لە پێناو گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەشتی و كۆتایی هێنان شەڕو ئاڵۆزییەكان لە لوبنان بەتایبەتی و گەیشتن بە رێككەوتن و ئاگربەست، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە زوترین كات سوپاكەیان لە خاكی لوبنان بكشێننەوە.
عەلی لاریجانی رایگەیاند، پێویستە تاران سنورێك بۆ ئیسرائیل دابنێت و وەڵامێكی توندی ئەو وڵاتە بداتەوە بێ ئەوەی بكەوێتە تەڵەكەیەوە.
عەلی لاریجانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەكەی سنوورێك بۆ ئیسرائیل دابنێت و بڕیارێكی دروست لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی بۆ سەر ئیسرائیل بدات.
وتیشی، "نابێت ئێران كارێك بكات رابكێشرێتە ناو تەڵەی ئیسرائیلەوە، دەبێت هەنگاوێكی ئاقڵانە بنێت بۆ وەڵامدانەوەی".
لاریجانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئیسرائیل دوای شكستهێنانی لە ئامانجەكانی لە كەرتی غەززە و لوبنان دەیەوێت ئاڵۆزییەكان بگوازێتەوە بۆ تاران.
هاوكات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمریكی بڵاویكردەوە، لێپرسراوانی ئێران ئاشكرایانكردووە كە تاران لە پەیامێكی دیپلۆماسییدا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگاداریكردوونەتەوە كە بەتوندی وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل دەداتەوە.
تاڵیبان هیواخوازە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، بزووتنەوەكەیان لە لیستی تیرۆری ئەو وڵاتە دەربهێنێت.
سوهەیل شاهین سەرۆكی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی تاڵیبان لە چاوپێكەوتنێكدا خواستی بزووتنەوەكەی دەربڕی بۆ دوورخستنەوەی بزووتنەوەكەیان لە لیستی تیرۆری ئەمریكا دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا.
وتیشی، بێگومان ئێستا كە شەڕ كۆتاییهاتووە و لە قۆناغێكی نوێداین، هیچ سوودێكی نییە ئەندامەكانیان لەو لیستەدا بهێڵنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی خولی یەكەمی دۆناڵد ترەمپدا، لە ساڵی 2017 تا 2021، ئەمریكا و تاڵیبان گەیشتنە رێككەوتن كە ڕێگەی بە وەستانی شەڕ و پێكدادانەكان و كۆتاییهاتنی بوونی سەربازی ئەمریكا لە ئەفغانستاندا.
نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، ئیدارەی نوێ ئەمریكا تاران لەڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر دەكات و ئابووریەكەی لاواز دەكات.
برایان هوك نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن، پشتڕاستیكردەوە كە سەرۆكی ئەمریكا هەوڵی گۆڕینی حكومەتی ئێران نادات، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی گەلی ئێراندایە، بەڵام جەختی لەوەكردەوە كە ترەمپ دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی پێشووی بەرامبەر ئێران.
وتیشی، ترەمپ بەنیازە تاران لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر بكات و لە رووی ئابوورییەوە لاوازی بكات.
هاوكات، سەرچاوەیەكی نزیك لە ترەمپ بە كەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، برایان هۆك لە پێكهێنانی ئیدارەی نوێی ترەمپ رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت.
بەهۆی بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە ٢٧ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و دەیان كەسی دیكەش بریندار و بێسەروشوێن بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ماڵێك و چەند ناوچەكی دیكەی لە جبالیا لە كەرتی غەززە كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ٢٧ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و دەیان كەسی دیكەش بێسەروشوێن بوون.
تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و پێداویستی پزیشكییەوە ناتوانن چارەسەری سەرجەم بریندارەكان بكەن و زۆربەی بریندارەكان بەهۆی چارەسەرنەكردنیانەوە گیانلەدەستدەدەن.
هاوکات داواش لە وڵاتانی جیهان دەكات یارمەتی پزیشكی بۆ كەرتی غەززە بنێرن بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری نەخۆش و برینداری بۆردومانەكان بكەن.
سەرۆكی روسیا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵی.
لە وتەیەكدا ڤلادیمێر پوتن ئامادەیی روسیای بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ترەمپ نیشانداو دووپاتیكردەوە، پێشوازی لە هەوڵەكانی ترەمپ دەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەڕانەوەی متمانە لەنێوان روسیا و ئەوروپا گرنگە و هەوڵەكانی ترەمپیش بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی جەنگی ئۆكراین جێی بایەخە.
سەرۆكی روسیا راشیگەیاند، ناتۆ بووەتە بەشێك لە رابردوو و فشارخستنەسەر روسیاش بێ سودە، چونكە جیهان پێویستی بە روسیا و ئەمریكایە، بۆیە ئەوروپاش ناتوانێت ئەو راستیە بگۆڕێت.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، وەكو ئەو بەڵێنەی لە كاتی سوێندخواردندا داویەتی بۆ جێبەجێكردنی دەستور بەجێی دەگەیەنێت و تا كاتی تەواوبوونی وادەكەی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكدا دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە پیرۆزبای ئاڕاستەی ترەمپ كردو رایگەیاند، سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا بێ كێشەیە و باوەڕیان پێیەتی و دادپەروەرانەیە.
وتیشی، پێویستە رێز لەو كەسانە بگرن كە ماندووبوون بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و بەشێك لەو كەسانەی لە پرۆسەكە بوون خۆبەخش بوون.
دەشڵێت، ئەو بەڵێنەی لە كاتی سوێندخواردندا داویەتی بۆ جێبەجێكردنی دەستور بەجێی دەگەیەنێت و تا رۆژی 20ی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو لە كارەكانی وەكو سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام دەبێت و دواتر بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات رادەست دەكات.
سەرۆكی چین داوای لە دۆناڵد ترەمپ كرد ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، شی جین پینگ سەرۆكی چین پیرۆزبای لە دۆناڵد ترەمپ كردووە بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا.
دەشڵێت، سەرۆكی چین جەختی لەوەكردووەتەوە، پێویستە هەردوو وڵات رێگایەكی راست بۆ هاوبەشی نێوانیان بدۆزنەوە، بەشێوەیەك سودی بۆ خۆیان و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی جیهان هەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مێژوو ئەوەی سەلماندووە چین و ئەمریكا لە زۆر دۆخدا سود لە هاریكاریكردنی یەكتر وەردەگرن، بەڵام ئەگەر روبەروی یەكتر ببنەوە، ئەوا زیانیان پێ دەگات.
پەرلەمانی ئیسرائیل یاسایەكی پەسەندكرد بۆ دەركردنی خێزانە فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە و شوێنەكانی دیكەی فەلەستین كە چالاكیان دژی سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە.
كنیسێتی ئیسرائیل كە بە پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراوە دەنگیدا بە پڕۆژەیاسایەك بۆ دەركردنی خێزانە فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە و شوێنەكانی دیكەی فەلەستین كە چالاكیان هەبووە دژی سوپای ئیسرائیل.
لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە، ئەو كەسانەی خاوەنی ناسنامەی ئیسرائیلین دەتوانن بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە قودس و بەرزاییەكانی جۆلاندا نیشتەجێ ببن، هەروەها باس لە یاسایەك كراوە بۆ بەندكردنی ئەو منداڵە فەڵەستینیانەی كە دایك و باوكیان چالاكیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە كاتێك گەیشتنە تەمەنی 10 ساڵی.