سەرۆکی ئەمریکا وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی راسپارد تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە داهاتوودا شوێنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دیاری دەکرێن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتی، کاتێکی گونجاوە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان ئەنجام بدەن، بەو پێیەی وڵاتانی دیکەش ئەنجامی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، ستایشی هەوڵەکانی خۆی کرد بۆ ئەنجامدانی "نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیەکی تەواو بۆ چەکەکانی ئێستا."

ترەمپ راشیگەیاند، روسیا لە پلەی دووەمدایە و چینیش لە پلەی سێهەمدایە بە جیاوازییەکی زۆر، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا یەکسان دەبن.

بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 12 هەزار 331 کڵاوەی ئەتۆمی لە جیهاندا ، 5500 کڵاوە لە روسیادان، لە کاتێکدا ئەمریکا پینج هەزار و 44 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ ڤلادیمێر پوتن تاقیکردنەوەی ژێر دەریاییەکی خۆبزوێنی بە ناوی 'پۆسایدۆن' بەسەرکەوتووی راگەیاند، کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمییە و بە هێزێکی وێرانکەر ناوی برد.

بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ژێر دەریا ئەتۆمییەکی روسیا کلیک لێرە بکە.....