پێنج گومانلیکراوی نوێ لەسەر دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر دەستگیرکران و تا ئێستاش گەوهەرە دزراوەکان نەدۆزراونەتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، پێنج کەسی دیکە لەسەر دزییەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر دەستگیرکراون، کە گومانلێکراوێکی سەرەکی لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە دوو کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لە دزییەکە دەستگیرکراون.

ئەوەشی خستەڕوو، DNAی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان هاوپێچی شوێنی تاوانەکە دەکرێت و بەراوردکاری ئەنجام دەدرێت، لەسەر ئەو چوار کەسەی کە دزییەکەیان ئەنجامداوە و لە کامێرای چاودێریدا تۆمارکراون.

بەهای ئەو گەوهەرانەی کە لە مۆزەخانەکە دزران زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاربوو، کاتێک چوار کەس لە رۆژێکی رووناکدا هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەکە و دزییەکەیان ئەنجامدا، جێگەی ئاماژەیە گەوهەرە بەنرخەکان تائێستا نەدۆزراونەتەوە.