پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، دوو هاوڵاتیی بەریتانییان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت دەستیان لەو هێرشەی ناو شەمەندەفەرێکدا هەبووبێت کە لە پارێزگای کامبریجشێر روویدا و بووە هۆی برینداربوونی نۆ کەس.

پۆلیس جەختی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ روداوەکەدا ناکەن و روونیکردەوە، "هەرچەندە پۆلیسی دژە تیرۆر لە قۆناغەکانی سەرەتای لێکۆڵینەوەکەدا بەشداربوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هێرشەکە پاڵنەری تیرۆریستی لەپشتەوە بووبێت."

جۆن لۆڤلێس، ئەفسەری پۆلیس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، چوار لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی دوو کەسی دیکەیان هێشتا ناجێگیرە.

ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو گومانلێکراوەکە بەریتانین، یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە و رەشپێستە، ئەوی دیکەیان تەمەنی 35 ساڵە و بە رەچەڵەک خەڵکی کاریبییە.

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە یەکێک لەو شەمەندەفەرانەدا رویدا کە بەرەو باکووری ئینگلتەرا دەچوو، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو سەرنشینەکاندا.