فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژێر دەریایی خۆ بزوێن!
محەمەد رزگار
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
روسیا بە سەرکەوتووی ژێر دەریاییەکی خۆبزوێنی تاقیکردەوە، کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە میانی سەردانیکردنی نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە مۆسکۆ رایگەیاند، ژێر دەریاییەکی خۆبزوێنی بە ناوی 'پۆسایدۆن' بەسەرکەوتووی تاقیکردەوە، کە بزوێنەری ئەتۆمی کاردەکات و لە دوورە کۆنتڕۆڵدەکرێت.
وتیشی، تاقیکردنەوەی 'پۆسایدۆن' سەرکەوتنێکی گەورەیە، بۆ یەکمجار توانیویانە ئەو جۆرە ژێر دەریاییە بەکاربهێنن کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمییە و بەهێزێکی وێرانکەریش ناوی دەبات.
ڤلادیمێر پوتن ئەوەشی خستەڕوو، هیچ شتێک لە جیهاندا هاوشێوەی ئەو چەکە نییە و "پۆسایدۆن" یەکەمی جیهانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆسایدۆن لە رووی خێرایی و چوونە قوڵایی دەریاکانەوە توانای زیاتری هەیە و لەلایەن ژێر دەریاییەکانەوە هەڵدەدرێت و لە دوورییەکی زۆرەوە دەتوانریت کۆنتڕۆڵبکرێت.
سەرۆکی روسیا راشیگەیاند، وڵاتەکەی خاوەن بەهێزترین و زۆرترین چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا هاوشێوەیان نییە لە جیهاندا.
پۆسایدۆن ژێر دەریاییەکی قەبارە بچوکە و هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمییە و لەلایەن ژێر دەریاییەکانی دیکە هەڵدەرێت، روسیا بە چەکێکی وێرانکەر ناوی دەبات و ئاماژە بەوەشدەکەن هیچ شتێک نییە رێگری لەو چەکە نوێیە بکات.
مەزەندە دەکرێت کە پۆسایدۆن توانای گەیشتن بە خێرایی زیاتر لە 90 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدای هەیە، ئەمەش نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە خێرایی ژێردەریاییە ئاساییەکان، ئەمەش وایکردووە دۆزینەوە و رێگریکردن قورستر بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کڵاوە ئەتۆمییەی کە دەتوانرێت لەسەر "پۆسایدۆن" هەڵبگیرێت، دەتوانێت بەرهەمی تا ٢ مێگاتۆنی هەبێت، هاوکات پۆسایدۆن وەک ژێر دەریاییەکی بچوک دەتوانێت لە شوێنێکدا خۆی کۆنتڕۆڵبکات و ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت، هاوشێوەی ژێر دەریایی ئاساییە بە قەبارەیەکی بچوکتر.
روسیا ئاشکرایکردووە، توانای "پۆسایدۆن" بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە توانای تەنانەت پێشکەوتووترین موشەکەکانییان کە توانای بڕینی مەودای نێوان کیشوەرەکانیان هەیە، وەک موشەکی "سارمات".
پێشتر تەنها فڕۆکەی بێفرۆکەوان هەبووە یاخود درۆنی خۆکوژی، بەڵام لە ئێستادا روسیا ژێر دەریایی خۆ بزوێنی ئەتۆمی کردوەتە خزمەتی سەربازی وڵاتەکەیەوە، ئەو وڵاتەش بە هەنگاوێکی مێژووی ناوی دەبات و شارەزایانی بواری سەربازیش، بە جۆرێک وەسفی دەکەن ئەو چەکە نوێیەی روسیا ئاڕاستەی هەر شوێنێک بە ئامانج بگرێت وێرانی دەکات و چیتر ئەو ناوچەیە بۆ ژیانکردن نابێت.



