لەکاتێکدا دۆخی ئەمنیی سودان بەرەو خراپتربوون دەچێت و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون دەستیپێکردووە، سەرۆک وەزیرانی سودان حاڵەتی نەفری گشتی راگەیاند و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە بێدەنگی و کەمتەرخەمی لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی رودەدەن تۆمەتبار کرد.

شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لە باکووری کۆردۆفان:

بەگوێرەی تۆڕی پزیشکانی سودان، ویلایەتی باکووری کۆردۆفان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەی بارا، روبەروی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون بووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، تۆڕەکە رایگەیاندووە کە لەماوەی رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 4500 کەس لە بارا ئاوارە بوون، نزیکەی 1900 کەسیان گەیشتوونەتە شاری ئەلئوبەید و ئەوانی دیکەش هێشتا لە رێگادان و روبەروی دۆخێکی مرۆیی سەخت و کەمیی خۆراک و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون بوونەتەوە. زۆربەی خێزانەکان بە شەکەتییەکی زۆرەوە گەیشتوون و چەندین حاڵەتی سکچوون و بەدخۆراکی بەتایبەت لەنێو منداڵان و بەساڵاچوواندا تۆمارکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا نزیکەی 1100 کەس لە شاری بارا ئاوارە بوون، ئەمەش بەشێکە لە زنجیرەیەک ئاوارەبوون کە لە نێوان 26بۆ29ی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 35,600 کەسی گرتووەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی سودان: بێدەنگیی نێودەوڵەتی هاوبەشییە لە تاواندا

کامل ئیدریس، سەرۆک وەزیرانی سودان، داوای لە گەلی سودان کرد کە یەک ریز بن لەبەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئەنجامی دەدەن. ئیدریس رایگەیاند: "بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە 'فاشر و بارا' ئەنجامی دەدەن، بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا." بۆ سەر فاشر شەرمەزار کرد و داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێیان بە توندوتیژییەکان کرد.

شانۆگەریی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاند کە تۆمەتباری پێشێلکارییەکانی فاشر، ناسراو بە "ئەبو لولو"، یان دەستگیرکردووە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت. "ئەبو لولو" لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا دەرکەوتبوو کە هاووڵاتیی بێچەک لە فاشر دەکوژێت و پێشتریش شانازیی بە کوشتنی نزیکەی 900 سودانییەوە کردبوو.

بەڵام مینی ئارکۆ میناوی، حاکمی هەرێمی دارفور، راگەیاندنی دەستگیرکردنی "ئەبو لولو"ی بە "شانۆگەرییەکی بێتام" وەسفکرد و داوای دەستگیرکردنی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و براکانی و هەموو ئەوانەی فەرمانەکانیان جێبەجێ کردووە، کرد.

لە وەڵامی تۆمەتەکاندا، هاوپەیمانیی دامەزرێنەری سودان کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە سەرکردایەتی دەکرێت، رایگەیاند کە پێشێلکارییەکانی فاشر "تاکەکەسی" بوون و لەلایەن "توخمە ئاژاوەگێڕەکانەوە" ئەنجامدراون.

لە کۆتاییدا، عەبدولباقی حەمدان، باڵیۆزی باڵای سودان لە یەکێتی ئەوروپا، جەختیکردەوە کە داواکاری بۆ ناساندنی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" داواکارییەکی جەماوەرییە و ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵ و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەمبارەیەوە بەردەوامە.