ئەمریکا دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی بە هەنگاوێکی بەرپرسیارانە ناودەبات، ئەمەش لەکاتێکدایە چەندین رەخنەی نێودەوڵەتیی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کراوە.

پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زۆر روونە لەبارەی دەستپێکرندنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەبێت و هێزێکی رێگیریکاریان هەبێت دژی وڵاتانی دیکە.

وتیشی، هەنگاوی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان پێویستی بە رێگەیەکی بەرپرسیارانە هەیە.

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، فەرمانی بە پەنتاگۆن کردووە دەستبەجێ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام روون نەبووە ئایا ئاماژەی بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە یاخود تاقیکردنەوەی چەکێک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، فەرمانەکەی ترەمپ تەنها دوای چەند سەعاتێک هات کە پوتن تاقیکردنەوەی ژێر دەریاییەکی خۆبزوێنی هەڵگری ئەتۆمیی بە سەرکەوتووی راگەیاند.