رێكخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاند، تووشی سەرسوڕمان بوون بە بیستنی هەواڵی كوژرانی 460 كەس لە یەك نەخۆشخانەی سوداندا كە لەلایەن هێزەكانی پشتیوانی خێراوە كۆنترۆڵكراوە.

دوای ئەوەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سودان رایانگەیاند، شاری فاشری رۆژئاوای سودانیان كۆنتڕۆڵ كردووە، حكومەتی سودان ئەوەی خستە روو، كە ئەو هێزانە كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدەن و دەست لە كوشتنی هیچ كەسێك ناپارێزن.

لەو بارەیەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم سەرۆكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی رایگەیاند، توشی سەرسوڕمان و ترس بوون بە بیستنی هەواڵی كوشتنی 460 نەخۆش و هاوەڵەكانیان لە نەخۆشخانەیەك لە شاری فاشری سودان، كە پێشتر هێزەكانی پشتیوانی خێرا كۆنترۆڵیان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا هاووڵاتی مەدەنی لە شاری فاشری سودان رووبەڕووی توندوتیژی و كوشتنی بەكۆمەڵ دەبنەوە، بەوپێیەی كە راگەیەنراوە رەسمییەكان ئەوەیان خستووەتە روو، زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی مەدەنی لەو شارەدا كوژراون.

هەر لەو بارەیەوە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوا دەكات، هێزەكانی پشتیوانی خێرای سودان بە رەسمی بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، چونكە ئەو هێزانە بە پلان ئەو كارە دەكەن و جینۆسایدی گەلی سودان دەكەن.