واشنتۆن پۆست: ئەمریکا 16 هەزار سەربازی رەوانەی دەریای کاریبی لە نزیک ڤەنزوێلا کردوە
بڵند
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە ئێستادا لەهەوڵی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکانیدایە و ژمارەی سەربازەکانی زیاتر دەکات لە دەریای کاریبی و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان تا ئێستا 16 هەزار سەربازی لە سنوری ڤەنزوێلا جێگیر کردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە؛ کە ئەو 16 هەزار کەسە، 10هەزار سەرباز و شەش هەزاریشان دەریاوانن ، جەختیشی لەوە کردووەتەوە خەمڵاندنەکان لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو کەشتیانەن کە پنتاگۆن رایگەیاندوە؛ یان بە رەسمی پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە سنورەکەدا جێگیر کراون.
جگە لە ژێردەریایی ئەتۆمی، لە ئێستادا هەشت کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیرکراون، هەروەها گروپێکی دیکە لە کەشتیی فڕۆکە هەڵگرەکانی یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد لە رێگادایە بۆ دەریای کاریبی و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە شوێنی مەبەست.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا لە ماوەی مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمدا پەرەی سەندووە، لەو ماوەیەدا واشنتۆن چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا و ئەو بەلەم و کەشتیانەی کردوەتە ئامانج کە بانگەشەی قاچاخی مادەی هۆشبەریان دەکرد.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا ئیدارەی ئەمریکا بیر لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشەکانی لە ناو خاکی ڤەنزوێلاش بگرێتەوە و "تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" کە ئەمریکا وا ناویان دەبات بکاتە ئامانج.



