دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێندەی نەماوە جەنگێکی دیکە هەڵگیرسێنێت و  فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی وڵاتەکەی کرد، خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتی نێجیریا ئامادە بکات، ئەمەش لە دوای تۆمەتبارکردنی توندوتیژییەکان بەرانبەر مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە، ئەم تۆمەتە حکومەتی نێجیریا رەتیدەکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس کە خۆی خاوەندارێتی دەکات پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە، ئاماژەی بە "کۆمەڵکوژی مەسیحییەکان" کردوە و نوسیویەتی؛ "دەستبەجێ کۆتایی بە هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکانی نەیجیریا دەهێنێت و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنەسەر نێجیریا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت بچێتە ناو "وڵاتی بەدناو"ـەوە کە مەبەستی نێجیریایە بۆ لەناوبردنی "تیرۆریستە ئیسلامییەکان" کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە و  هۆشداریشیداوە  ئەگەر هێرش بکەن، ئەوا خێرا و توند و یەکلاکەرەوە دەبێت.

مەسیحی و موسڵمانەکان لە نەیجیریا بوونەتە قوربانی هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان، توندوتیژی لەو وڵاتەدا هۆکاری جۆراوجۆری هەیە؛ هەندێک رووداو پاڵنەری ئایینییان هەیە و کاریگەرییان لەسەر هەردوو گروپەکە هەیە، هەندێکی تریش لە ناکۆکی نێوان جووتیاران و مەڕدارەکان لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان و هەروەها گرژییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوە دەگرن.