لە زانکۆیەکی ئەمریکا روداوێکی تەقەکردن رویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، لە کاتی ئاهەنگێک لە زانکۆی لینکن لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا روداوێکی تەقەکردن رویدا، کە خوێندکارانی زانکۆکە سەرقاڵی ئاهەنگی دەرچونیان بوون.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە رایانگەیاندووە، بەهۆی روداوەکەوە کەسێک کوژراوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوونە، هەروەها کەسێک بەچەکەوە لە زانکۆکە دەستگیرکراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردووە و لە ئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر کەمپی زانکۆکە نییە.
روسیا سەركەوتنی تاقیكردنەوەی یەكەمین موشەكی بەسیستمی وزەی ئەتۆمیی لە جیهاندا راگەیاند و سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت: یەکەم موشەکە لە جیهاندا بە وزەی ئەتۆم کار دەکات.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی ئێمە لە بەرزترین ئاستدایە، و رەنگە لە هەموو وڵاتە ئەتۆمییەکانی جیهاندا بەرزتربێت.
وتیشی، هێشتا چەندین هەنگاو و رێکاری رۆتینی ماوە پێش ئەوەی ئەم موشەکە بخرێتە حاڵەتی ئامادەباشیی شەڕەوە.
سەرۆکی روسیا راشیگەیاند، لە رێگەی مانۆڕەکانی ئەم دواییەی هێزە هێرشبەرە ستراتیژییە ئەتۆمییەکانەوە، دووبارە متمانەپێکراویی قەڵغانی ئەتۆمیی روسیمان دووپات کردەوە، هێزە ستراتیژییەکانیان بە تەواوی توانای دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی روسیایان هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو موشەکە ناوی "بورێڤێستنیک"ـیە و توانای هەیە 14 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و بۆ ماوەی 15 سەعات بە شێوەی ئاسۆیی و راست لە ئاسماندا بڕوات، هەروەها یەکەم موشەکە لە جیهاندا بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حەماس کرد کە "بەخێرایی" تەرمی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە تا ئێستا رادەستی نەکردوون، بگەڕێنێتەوە و هۆشداریشیداوە ئەگەر تەرمەکان نەگەڕێنرێنەوە وڵاتانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی ئاشتییەکە هەنگاو دەگرنە بەر.
کەناڵی فۆکس نیوز ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، ترەمپ جەختیکردوەتەوە ئەگەر تەرمەکان نەگەڕێنرێنەوە، وڵاتانی دیکەی بەشدار لە پڕۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین هەنگاو دەگرنە بەر.
ترەمپ وتوشیەتی؛ "کاتێک وتم هەردوو لایەن بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوە تەنها کاتێک دەگونجێت کە پابەدن بن بە بەڵێنەکانیان و دەبینین لە 48 سەعاتی داهاتوودا چی دەکەن، من لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە دەستگەیشتن بە بەشێک لە تەرمەکان قورس بێت، بەڵام دەکرێت لە ئێستادا هەندێکی دیکە بگەڕێنرێنەوە، بە گوێرەی زانیاریەکان. تا ئێستا 13 تەرمی بارمتەکان ماون حەماس رادەستی بکات.
کامالا هاریس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بی بی سی لە بەریتانیا رایگەیاند، رەنگە جارێکی دیکە خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندید بکاتەوە. هاریس لە لێدوانەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە "ستەمکار" ناوی برد و وتی، ئەو پێشبینیانەی لەبارەیەوە کردبووی، هەموویان هاتنەدی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رۆژێک ژنێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، هاریس وتی "بێگومان،" و کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەو کەسە خۆی دەبێت، وتی "رەنگە،" کە بەهێزترین ئاماژەیە تا ئێستا بۆ ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی لە ساڵی 2028.
هاریس راپرسییەکانی رەتکردەوە کە وەک پاڵێوراوێکی لاواز نیشانی دەدەن و وتی: "ئەگەر گوێم لە ڕاپرسییەکان بگرتایە، نە بۆ یەکەم پۆست و نە بۆ دووەم پۆست خۆم کاندید نەدەکرد، بێگومانیش ئێستا لێرە دانەنیشتبووم."
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینییەکانی لەبارەی ئەوەی ترەمپ وەک فاشیستێک رەفتار دەکات و حکومەتێکی تاکڕەو بەڕێوەدەبات، بوون بە راستی.
وتیشی: "ئەو وتی وەزارەتی داد وەک چەک بەکاردەهێنێت، و رێک ئەوەشی کرد." هاریس ئاماژەی بە راگرتنی پێشکەشکاری کۆمیدی، جیمی کیمڵ، کرد دوای ئەوەی گاڵتەی بە کاردانەوەی کۆمارییەکان کردبوو، کە بەهۆی هەڕەشەی دەزگایەکی رێکخەرەوە بوو کە لەلایەن ترەمپەوە دانرابوو.
هاریس رەخنەی لەو بازرگان و دامەزراوانەی ئەمریکا گرت کە بە وتەی ئەو، زۆر بە ئاسانی ملکەچی داواکارییەکانی سەرۆک بوون.
وتیشی: "زۆر کەس هەن... کە لە یەکەم ڕۆژەوە خۆیان بەدەستەوە داوە و چۆکیان لەبەرپێی ستەمکارێکدا داداوە، لەبەر چەندین هۆکار، لەوانەش دەیانەوێت لە دەسەڵاتەوە نزیک بن."
کۆشکی سپی لە وەڵامی لێدوانەکانی هاریسدا وتی: "کاتێک کامالا هاریس هەڵبژاردنەکەی بە شێوەیەکی گەورە دۆڕاند، دەبوو لە پەیامەکە تێبگەیشتایە؛ خەڵکی ئەمریکا گوێ بە درۆ بێماناکانی نادەن."
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی زیادی کرد: "یان رەنگە لە پەیامەکە تێگەیشتووە و هەر بۆیە بەردەوامە لە گواستنەوەی سکاڵاکانی بۆ بڵاوکراوە بیانییەکان."
ئەڵمانیا دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەگەری جەنگی نێوان ئەوروپا و روسیا لە ساڵانی داهاتوودا، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەربازی وڵاتەکەشی نیازی هەیە ساڵانە 20 هەزار کەسی نوێ دابەزرێنێت.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پلانێک بە ناونیشانی"مۆدێرنکردنی خزمەتی سەربازی"، بە سەرۆکایەتی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا تاوتوێ دەکات، کە بە پلەی یەکەم خۆی لە خزمەتکردنی ناچاری گەنجانی وڵاتەکەیدا دەبینێتەوە.
بە گوێرەی پلانەکە ساڵانە دەبێت هەموو ئەو گەنجانەی تەمەنیان گونجاوە بۆ سەربازی فۆڕمێکیان بۆ دەنێردرێت و ئەوانیش پڕی دەکەنەوە، کە ئاخۆ ئامادەن یاخود نا بۆ چونە ناو سوپای وڵاتەکەیانەوە.
وەزارەتەکە سەرەتا بەنیازە ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەسی نوێ دامەزرێنێت، لەئەگەری کەمی خۆبەخشدا، بیر لە رێگەی دیکە دەکاتەوە و رەنگە، سەربازی زۆرەملێ جێبەجێبکات.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پێشتر دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا کاتی هێرشی مۆسکۆی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا دیاریکردبوە، ئەوەی خستبوەڕوو، ساڵی 2029 روسیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی بۆ کیشوەری ئاسیا، ویستی خۆی بۆ دیداری کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکور دەربڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە لە گەشتەکەیدا سەردانی کۆریای باشور دەکات و جەگە لە سەرۆکی چین، رەنگە لەگەڵ کیم جۆنگ ئونیش کۆببێتەوە.
کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە ترەمپ کرد، ئایا لەگەڵ رێبەری کۆریای باکور کۆدەبێتەوە، ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند؛ "ئەو دەزانێت ئێمە دەچینە ئەوێ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون و پەیوەندی لەگەڵیدا زۆر باشە، ئەوەشیخستەڕوو، کۆبونەوەی لەگەڵ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور "دەگونجێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوایین جار لە ساڵی 2019 جاویان بە یەکدی کەوت.
گەشتەکەی ترەمپ دەستی پێکردوە و بڕیاریشە، سەردانی مالیزیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور بکات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چیندا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە سزاکان دژی سەرۆکی کۆڵۆمبیا پەیوەستە بە گەیشتنی بەرهەمهێنانی کۆکاین لە وڵاتەکەدا لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
ناوبراو وتی: "لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەرۆک گۆستاڤۆ پێترۆ، بەرهەمهێنانی کۆکاین لە کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دەیان ساڵدا، کە ئەمەش ئەمریکای نوقم کردووە و ژیانی ئەمریکییەکانی وێران کردووە."
ئەم پێشهاتە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرۆک پێترۆ لێدوانی لەبارەی تێکشکاندنی کەشتییەک لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە 16ی ئەیلوولدا دا و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "تاوانی کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" ناوبرد، چونکە هێرشکرابووە سەر بەلەمێکی راوەماسی لە ئاوە هەرێمییەکانیدا.
لە وەڵامدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، راگرتنی هەموو یارمەتی و هاوکارییەکی دارایی بۆ کۆڵۆمبیا راگەیاند و داوای لە پێترۆ کرد دەستبەجێ بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەیدا بوەستێنێت، ئەگەرنا ویلایەتە یەکگرتووەکان "لەبری ئەو ئەو کارە دەکات".
لای خۆیەوە، سەرۆکی کۆڵۆمبیا پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە کە ترەمپ ئاراستەی کردبوو سەبارەت بە تێوەگلانی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
هاوپەیمانانی کیێڤ ئەمڕۆ هەینی لە لەندەن، بە ئامادەبوونی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر روسیا و پڕچەککردنی ئۆکراین بە چەکی دوورمەودا کردەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کۆبوونەوەکەی بە راگەیاندنی خێراکردنی بەرهەمهێنانی موشەک دەستپێکرد و بەڵێنی پێدانی پێنج هەزار موشەکی سوکی بە ئۆکراین دا.
ستارمەر جەختیشی کردەوە کە پێویستە سود لە سامانە دەستبەسەرداگیراوەکانی روسیا وەربگیرێت بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگریی ئۆکراین و وتی: "زیاتر لە هەر کاتێکی تر فشار لەسەر پوتن زیاد دەکەین و شانبەشانی ئۆکراین دەوەستین."
هەروەها هۆشداریدا کە هاوپەیمانان هیچ جۆرە "چالاکییەکی دوژمنکارانە" لە روسیا قبووڵ ناکەن و رایگەیاند، "ئاسایشی ئۆکراین، ئاسایشی هاوپەیمانانە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرەی پێشەوەی دۆنێتسک رودەدات، داهاتووی هەموومان بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەکات."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستان دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە سەرکردەکان رێککەوتوون لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە ساڵی داهاتوودا و نیازی زیادکردنی فشارەکانیان لەسەر کەرتی نەوتی روسیا ئاشکرا کرد.
زێلێنسکی روسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەڵمەتێکی تیرۆر" لە دژی دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات و وتی: "ئامانجی روسیا نەگۆڕاوە، دەیانەوێت بمانشکێنن."
هەروەها رایگەیاند کە سەرکردەکان کۆکن لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان لە بەرەکانی جەنگدا و بەهێزکردنی توانای چەکی دورمەودای بە "بەهێزکردنی دیپلۆماسی" ناوبرد.
مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، رایگەیاند کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا فشار لەسەر پوتن زیاد دەکات بۆ ئەوەی ناچاری بکات دانوستان بکات. وتیشی: "ترەمپ سورە لەسەر کۆتاییهێنان بەم شەڕە و هێنانەدیی ئاشتی. پوتن باجێکی قورس لە ئۆکراین دەدات."
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خواستی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئەمریکا نیشانداوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، هەوڵەکانیان بۆ پڕچەککردنەوە خێراتر بکەن.
دوای گەیشتنی بە تەلئەبیب، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر حەماس رەتیبکاتەوە چەک دابنێت، ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و جەختیشیکردەوە لەوەی حەماس رۆڵی نابێت لە داهاتوی غەززەدا.
ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بۆ جێبەجێکردنی قوناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە ئیسرائیلە رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەندی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە بن و دەیانەوێت؛ هاوکاربن بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە یارمەتی خەڵکی غەززە بدات بەبێ حەماس باشتر بژین.
وەزیرەکەی ئەمریکا ئەوەشیخستەڕوو، پێشبینی دەکات حەماس چەک دابنێت و هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی حەماس رۆڵی لە داهاتووی لە غەززەدا نابێت.
جەختیسیکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حەماس حوکمی غەززە نەکات و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل نەبێت.
مارکۆ رۆبیۆ دڵنیایشی داوە لەوەی تا ئەو کاتەی هەرێمێک هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات، ئاشتی بەدی نایەت و هەمووانیش لەوەتێگەشتوون.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل لەهەمو ئۆپراسیۆنەکان، کە ئەنجامی داوە ئاگاداری کردوەتەوە بە تایبەتی روداوی پەیجەرەکان، ئاماژەی بەوەشکردوە جیهان دژی ئیسرائیل وەستابونەوە بۆیە شەڕم بە ناتانیاهۆ وەستاند.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، ئەو بە تەواوەتی ئاگاداری ئۆپراسیۆن و هێرشەکانی ئیسرائیل بووە لە ناوچەکە، ئەوەی بەدەستیان هێناوە ئاشتییەکی هەمەلایەنەیە لە ناوچەکەدا لە ماوەی سێ هەزار ساڵدا ڕوینەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە، ئەو ڕێگریی لە نەتانیاهۆ کردوە لە درێژەدان بە شەڕە، چونکە زانیویەتی جیهان لە دژی ئیسرائیل دەوەستانەوە.
ترەمپ پەیامێکیشی ئاراستەی حەماس کردوە و دەڵێت؛ ئەوان سەرکردە باڵاکانیان بە تەواوەتی لەناوجون لە شەڕی ئیسرائیلدا، ئەگەر رێککەوتنەکە پێشێل بکەن، ئەوا بە تەواوی لەناو دەچن
جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداری ئەو هیچ کارێکی نەکردووە و بەردەوام ئاگادری ئۆپراسیۆنەکانیان بوە بە تیابەتیش ئۆپراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی حزبوڵای لوبنان.
ترەمپ دەڵێت بەهۆی هەوڵەکانیەوە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەستکاریکردوە، ئێستا نە هەڕەشەی ئەتۆمی هەیە ، نە شەڕی ناوچەیی، ئەوەی هەیە ئاشتییە و وردە وردە زیاتریش دەبێت.
وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین ڕایگەیاند، پەکین و واشنتۆن دەتوانن بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکانیان، لە کاتێکدا دانوستانە نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵات نزیک دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزیری بازرگانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە "چوار خولی پێشووی ڕاوێژکارییە بازرگانییەکانی چین و ئەمریکا دەریخستووە کە چین و ئەمریکا توانای تەواویان هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی هەردولا و دۆزینەوەی رێگەی باش بۆ پێکەوە ژیان و پێشخستنی گەشەسەندنی دروست و سەقامگیر و بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێزگرتنی یەکتر و ڕاوێژکاری یەکسانەوە دەکرێت.
وەزیری بازرگانی چین ئەوەێ بەرۆژنامەنوسان وتووە؛ شی جین پینگی سەرۆکی وڵاتەکەیان، هەمیشە جەختدەکاتەوە لەوەی "دیالۆگ و هاوکاری" تاکە هەڵبژاردەی دروستە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چیندا.
ئەم لێدوانانەی وەزیرەکەی چین لە کاتێکدایە، لەدوای بوون بە سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار، سزای و باجی بەسەر وڵاتی چیندا سەپاندوە و بەردەوام لێدوان دەدات دژیان و پەکین تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت ئابوری جیهان کۆنتڕۆڵ بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا هەڵدەوەشێنێتەوە، پارێزگای ئۆنتاریۆی تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی ریکلامێکی "ساختە" کە تێیدا رۆناڵد ریگان سەرۆکی کۆچکردووی کۆمارییەکانی ئەمریکا بە نەرێنی باسی باج دەکات.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، رایگەیاندووە کەنەدا 75 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو ریکلامە خەرج کردووە وەک هەوڵێک بۆ "دەستوەردان لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا و دادگاکانی دیکەی وڵاتەکە".
ناوبراو وتوشیەتی؛ باجەکان زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری ئەمریکا، بە پشتبەستن بە رەفتاری رکابەرەکانیان، هەموو دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێدێنێت، کە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت بەهۆی ئەو ریکلامە ساختەیەی دروستیان کردوە دژی سیاسەتی باجی ئێستای ئەمریکا.
ئەم کاردانەوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پارێزگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا هەڵمەتێکی ریکلامی ئامادەکردووە کە "کلیپی دەنگی و ڤیدیۆیی هەڵبژێردراوی سەرۆک رۆناڵد ریگانی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکای بەکارهێناوە کە وتاری رادیۆیی خۆی پێشکەش بە میللەت دەکات و دژی سەپاندنی باجە و سەبارەت بە بازرگانی ئازاد و دادپەروەرانە قسەدەکات و وتارە دەنگییەکەی ریگان مێژوکەی بۆ ساڵی 1987 دەگەڕێتەوە.
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردوە دەڵێت؛"تکایە نا بۆ شەڕێکی شێتانە"، ئەمەش لەدوای ئەو گرژیانە دێت لە نێوان فەنزوێلا و ئەمرکادایە دروست بوە و لە پەرەسەندندایە، ترەمپ چەند جارێک وتویەتی؛ سەرۆکی فەنزوێلا شێتە و دەستی هەیە لە بازرگایکردن بە ماددی هۆشبەر و لە بەرانبەردا، مادۆراش هەڕەشەی دەکرد و رایگەیاندبوو، پێنج هەزار موشەکیان هەیە و رویی لە ئەمریکایە.
لە چەند رۆژی رابردودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دەسەڵاتی بە سی ئای ئەی داوە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئەو کەسانەی کە گوایە بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن لە وڵاتانی کاریبی و زەریای هێمن زیادی کردوە.
مادۆرۆ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخراوە دڵسۆزەکانی وڵاتەکەی وتویەتی "بەڵێ بۆ ئاشتی، بەڵێ بۆ ئاشتی هەمیشەی، نا بۆ شەڕێکی شێتانە تکایە".
ئەمریکا فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەی ئەوەی نەخستۆتەڕوو کە ئەو ئامانجانەی لێی داوە کە تا ئێستا هەشت بەلەم و ژێردەریایی لەخۆدەگرێت، تێوەگلاون لە قاچاخچێتی.
داتاکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەریانخستووە کە لانیکەم فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراوی ئەمریکی B-1 بە ئاسمانی کەنارەکانی کاریبی و کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا فڕیوە، ئەمەش دووەمین نمایشی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە لە ماوەی هەفتەیەکدا لەو سنورە.
ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رووی ئابوری و ژێرخانی سەرچاوە سروشتییەكانی بۆ ئەمریكا ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ ووڵاتەكە پەیدا دەكات بەهۆی هەناردەكردنی نەوت و غاز و كشتوكاڵ و بەرهەمی كارگەكانی.
تەکساس یەكێكە لە گەورەترین ویلایەتی ئەمریكا لە رووی ئابورییە و رۆڵی هەیە لە بەرهەمی نیشتمانی ئەمریكا و رەخساندنی هەلی كار و هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ و سەرچاوەكانی.
ویلایەتەکە پێشەنگی ویلایەتەكانی ئەمریكا بۆ هەناردەكردن و ساڵان بە بەهای سەدان ملیار دۆلار كاڵا هەناردە دەكات و سێكتەری كارەبا و تەكنەلۆجیا و پیشەسازی ویلایەتەكە رۆڵیان هەیە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی و جیهانی و ئابورییەكەی گەورەترینە لە جیهاندا و قەبارەی ئابورییەكەی دەگاتە نزیكەی سێ ترلیۆن دۆلار لە ساڵێكدا.
نەوت و غاز و وزەی بای تەكساس بنچینەیەكی گرنگن بۆ ئەمریكا كارەبایان بۆ ویلایەتەكە و چەند ویلایەتێكی تر دابین كردووە و پلەی دووەمی گرتووە لە ئەمریكا بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی شل و بەردەوامیشە لە گەشەپێدانی وزەی خۆر و سودوەرگرتن لێی و 40٪ی نەوتی خاو و 25٪ی غازی شلی ئەمریكا لە تەكساسەوە بەرهەمدێت.
لە تەكساس گرنگی بە كانە كانزاییەكان دەدرێت و سودی لێوەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن و پێشەنگ لە پیشەسازی پێتڕۆكیمایی و ئۆتۆمبێل و ئەلیكترۆنی و كۆمپیوتەر.
بەهۆی كەمی باج و خەرجی ژیان و پاڵپشتی بۆ كرێكار و كارمەند زۆربەی كۆمپانیاكان ئارەزووی ئیشكردنن لە تەكساس و رێژەی بێكاری كەمتر لە 4٪ە و گەشەی ویلایەتەكە بەردەوامە لە هەڵكشان.
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی چۆنیەتی دروستبوونی ئاگربەستی غەززە و دیدگای خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە ئاشکرا کرد و هەڕەشەیەکی تووندیشی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە لکاندنی کەناری رۆژئاوا.
"من ناتانیاهۆم راگرت"
ترەمپ لەبارەی ناتانیاهۆوە وتی: "وەک دەزانن، من رامگرت (لە بەردەوامبوون لە جەنگ)، چونکە ئەو بەردەوام دەبوو، رەنگە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوایە و من رامگرت، و کاتێک رامگرت هەمووان یەکیانگرت، شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو."
وتیشی: "کاتێک ئەو هەڵە تاکتیکییەی ئەنجامدا، کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو، ئەوە هەڵەیەکی کوشندە بوو، بەڵام لە راستیدا، وەک بە میرم وت، ئەمە یەکێک بوو لەو شتانەی هەموومانی کۆکردەوە، بە جۆرێک کە وای لە هەمووان کرد ئەوە بکەن کە پێویست بوو بیکەن."
ترەمپ جەختیکردەوە، "پێویست بوو (ناتانیاهۆ) بوەستێت چونکە جیهان رایدەگرت. من دەمبینی چی روودەدات. ئیسرائیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ جەماوەری خۆی لەدەستدەدا. هەر بۆیەش کاتێک وتم 'جیهان'، مەبەستم ئەوە بوو."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد کە پلانی هەیە سەردانی غەززە بکات و وتی: "بەڵێ، دەیکەم، سەردانی دەکەم."
هەڕەشەی بڕینی پشتیوانی لە ئیسرائیل
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگریکردن لە ناتانیاهۆ بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا، ترەمپ بە تووندی وتی: "ئەوە رونادات، ئێمە پشتیوانییەکی گەورەی عەرەبیمان هەبوو، ئەوە رونادات چونکە من بەڵێنم بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە. ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات."
سەبارەت بەوەی ئایا مەحمود عەباس لە دەسەڵاتی غەززەی دوای جەنگدا دەبینێت، ترەمپ وتی: "باشە، من هەمیشە لەگەڵیدا گونجاوم. هەمیشە بە کەسێکی عەقڵانیم زانیوە، بەڵام وەک دەزانن، کاتێک لێم نزیک دەبووەوە زۆر دۆستانە بوو... بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی رایەکم هەبێت، لە کاتێکی دیاریکراودا رام دەبێت."
لەسەر پرسی مەروان بەڕغوسیش، ترەمپ بە شێوەیەکی کورت وتی: "من بڕیاری لەسەر دەدەم."
"سعودیە و رێککەوتنەکانی ئیبراهیم"
ترەمپ پێشبینی کرد کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی نێوان سعودیە و ئیسرائیل "زۆر نزیکە" و وتیشی، "پێم وایە سعودیە رێبەرایەتیی رێگاکە دەکات بەرەو رێککەوتنەکانی ئیبراهیم."
کاتێک گۆڤارەکە پرسیاری کرد ئایا پێی وایە تا کۆتایی ساڵ سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "بەڵێ، پێم وایە. بڕوام وایە."
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێرشێکی تووندی کردە سەر گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "شێت" ناویبرد. ئەم لێدوانە دوای تۆخبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بۆگۆتا دێت، کە بەهۆی هێرشێکی سوپای ئەمریکاوە بۆ سەر بەلەمێکی ماددە هۆشبەرەکان لە زەریای هێمن دروست بووە.
"کێشەکە سەرۆکێکی شێتە"
رۆبیۆ بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێم وایە دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا، بەتایبەتی سوپا و پۆلیس، هێشتا زۆر دڵسۆزن بۆ ئەمریکا. تاکە کێشە لە کۆڵۆمبیا سەرۆکێکی شێتە."
وتیشی: "ئەو پیاوە شێتە، شێتە! عەقڵی تەواو نییە."
پەیوەندییەکان لە خراپترین ئاستدان
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە دوای لێدوانە تووندەکانی ترەمپ، کە هەڕەشەی بڕینی هاوکاری و سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کۆڵۆمبیادا کرد و سەرۆکە چەپڕەوەکەی بە "سەرکردەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" تۆمەتبار کرد.
لەوەڵامدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رەخنەی تووندی لە هەڵمەتەکەی ئەمریکا گرت و ترەمپی بە "کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" تۆمەتبار کرد. دوابەدوای ئەمەش، وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا رایگەیاند کە باڵیۆزەکەیان لە واشنتن گەڕاوەتەوە بۆ بۆگۆتا.
گۆڕینی هاوکێشەکان:
کۆڵۆمبیا گەورەترین وەرگری هاوکارییەکانی ئەمریکایە لە ئەمریکای باشور، کە لە ساڵی2023دا نزیکەی 740 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. بەڵام بە گوتەی چاودێران، ئاڵوگۆڕی تۆمەتی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی گەیاندووەتە خراپترین ئاستی لە ماوەی دەیان ساڵدا.
مانگی رابردوو، واشنتن پۆلێنکردنی کۆڵۆمبیای وەک هاوپەیمانێک لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاندەوە، بۆگۆتاش لە وەڵامدا کڕینی چەکی لە ئەمریکا راگرت.
لەوەتەی لە ساڵی 2022ەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پێترۆ داوای گۆڕانکارییەکی ریشەیی دەکات لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، نەک پشت بەستن بە سەرکوتکردن. بەپێی ئامارەکانیش، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، روبەری چاندنی کۆکا (ماددەی خاوی کۆکاین) بە ڕێژەی ٪70 زیادیکردووە.