پاکستان و ئەفغانستان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست رێککەوتن
راهۆز
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە پاکستان و ئەفغانستان لە 6ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) لە ئیستانبوڵ دەست بە دانوستانەکانی ئاشتی دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست تا ئەو وادەیە رێککەوتن.
وردەکاریی رێککەوتنەکە:
لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد: "هەموو لایەنەکان لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەست رێککەوتوون. وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا لە ئیستانبوڵ لە 6ی تشرینی دووەم تاوتوێ دەکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەفغانستان و پاکستان لە ئیستانبوڵ کۆتاییان هاتووە، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە نێوەندگیریی تورکیا و قەتەر بەڕێوەچوو، و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان.
ناکۆکییە سەرەکییەکان و رابردووی گرژییەکان:
جێی باسە، گەڕی دووەمی دانوستانەکان کە شەممەی رابردوو لە ئیستانبوڵ دەستیپێکردبوو، رۆژی چوارشەممە تووشی وەستان هاتبوو، بەڵام رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە.
ئیسلام ئاباد، کە روبەروی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی بووەتەوە، لە کابل داوای "رێوشوێنی باوەڕپێکراو و یەکلاکەرەوە" دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گروپانەی کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەری بەکارناهێنن. بەڵام بەرپرسانی ئەفغانستان ئەم داواکارییانە بە "ناواقیعی" وەسف دەکەن.
دوو هەفتە پێش ئێستا، پێکدادانێکی بەرفراوان لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات رویدا، دوای ئەوەی حکومەتی تاڵیبان هێرشی کردە سەر خاڵێکی سنووریی پاکستان وەک وەڵامێک بۆ ئەو تەقینەوانەی کابلیان هەژاندبوو، دواتر بە نێوەندگیریی قەتەر ئاگربەست لەنێوانیاندا راگەیەندرا.



