شا چارلزی سێهەم براکەی لە کۆشکی شاهانە دەرکرد
راهۆز
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
شا چارڵزی سێهەم "هەنگاوی کردەیی" بۆ لێسەندنەوەی سەرجەم نازناو و رێزلێنانەکانی شازادە ئەندریوی دەستپێکرد، هاوکات ئاگادارکراوەتەوە کە دەبێت گرێبەستەکەی بۆ مانەوە لە ماڵەکەی لە "ڕۆیاڵ لۆج" لە ویندسۆر کۆتایی بهێنێت.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند: "ئاگاداریی رەسمی پێشکەش کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستی مانەوەی و ئەو دەبێت بۆ شوێنێکی نیشتەجێبوونی تایبەتی دیکە بگوێزێتەوە."
بەپێی بڕیارەکە، ئەندریو چیتر بە "شازادە" ناناسرێت و ناوی دەبێتە ئەندریو ماونتباتن ویندسۆر.
راگەیەندراوەکەی کۆشکی بەکینگهام ئاماژەی بەوە کردووە کە گرێبەستی مانەوەی لە خانووە 30 ژوورییەکەیدا "تا ئێستا پارێزگاریی یاسایی بۆ دابین کردبوو تا بەردەوام بێت لە نیشتەجێبوون."
هەروەها هاتووە: "ئەم سزایانە بە پێویست زانراون، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکە، کۆشکی بەکینگهام جەختی کردووەتەوە: "خاوەن شکۆ شا و شاژن دەیانەوێت ئەوە رون بکەنەوە کە بیر و هاوسۆزیی قووڵیان لەگەڵ قوربانیان و ڕزگاربووانی هەموو جۆرەکانی دەستدرێژیدا بووە و بەردەوامیش دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی سکای نیوز، بڕیارە ئەندریو بگوێزرێتەوە بۆ موڵکێکی تایبەت لە ناوچەی ساندریگهام، کە خەرجییەکانی لەلایەن خودی شا چارڵزەوە بە شێوەیەکی تایبەت دابین دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کچەکانی ئەندریو، شازادە بیاتریس و شازادە یوجینی، نازناوەکانیان وەک خۆی دەهێڵنەوە، چونکە ئەوان کچی کوڕی پاشان.



