وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، بەڵام ترەمپ دوودڵە.

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' بەشێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی موشەکە پێشنیازکراوەکان بۆ کیێڤ دەتوانن توانای هێرشبردنێکی بێ وێنە بە هێزەکانی ئۆکراین ببەخشن، کە رێگە بە هێزەکانی ئۆکراین دەدات بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە گرنگەکان لە قوڵایی روسیادا بکەنە ئامانج، ئەگەر ترەمپ رەزامەندی لەسەر بدات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، سەرکردایەتی سەربازی ئەمریکا ئامادەیی لۆجستی خۆی بۆ رادەستکردنی ژمارەیەکی سنوردار لە موشەکەکان دووپاتکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئاراستەکانی کۆشکی سپی و بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپن بۆ دیاریکردنی قەبارە و ژمارەی موشەکەکان و کاتی جێبەجێکردنی.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، مۆسکۆ بە توندی دژایەتی پێشنیازی دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک و دوور مەودا بۆ ئۆکراین دەکات، هەروەها دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی روسیا هۆشداریدا کە دابینکردنێکی موشەکی تۆماهۆک بۆ کیێڤ هەڵکشانی مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ هەمووان کۆتایی بێت.