دۆناڵد ترەمپ، لە دووەمین سەردانی رەسمیدا بۆ بەریتانیا، لە میواندارییەکی شاهانەدا لەلایەن پاشا چارڵزی سێیەمەوە، جەختی لەسەر "پەیوەندیی هەمیشەیی" نێوان ئەمریکا و بەریتانیا کردەوە. ئەم سەردانە، جگە لە نمایشکردنی شکۆی دابونەریتە شاهانەکان، بە راگەیاندنی پاکێجێکی سەرمایەگوزاری بە بڕی 150ملیار پاوەند، رەنگوبۆیەکی ئابووری و سیاسیی تایبەتی بەخۆیەوە گرت.
لە میواندارییەکەدا کە شەوی چوارشەممە، 17ی ئەیلوول، لە قەڵای ویندزۆر لە رۆژئاوای لەندەن بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ ستایشی هاوپەیمانیی "بەنرخ و هەمیشەیی" نێوان دوو وڵاتی کرد و سەردانەکەی بە "یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی" وەسف کرد.
ترەمپ، کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، بە ئاماژەیەک بۆ سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدنی دیموکرات وتی: "وڵاتەکەمان ساڵێک لەمەوبەر نەخۆش بوو، بەڵام ئەمڕۆ باوەڕم وایە ئێمە سەرنجڕاکێشترین وڵاتی جیهانین."
هۆشداریی پاشا لەبارەی روسیاوە
پاشا چارڵزی سێیەم لە وتارەکەیدا ستایشی مێژووی دێرین و پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان دوو وڵاتی کرد. هاوکات هۆشداریی دا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە بەهۆی دەستدرێژیی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین دروستبوون.
پاشا چارڵز وتی: "ئێمە لە دوو جەنگی جیهانیدا شانبەشانی یەکتر جەنگاین بۆ شکاندنی هێزەکانی دیکتاتۆرییەت. ئەمڕۆش، کاتێک دیکتاتۆرییەت جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات، ئێمە و هاوپەیمانانمان پێکەوە لە پشتیوانیی ئۆکرانیادا وەستاوین."
لەگەڵ ئەوەشدا، پاشا ستایشی رۆڵی ترەمپی وەک ئاشتیخوازێک کرد و وتی: "وڵاتەکانمان لە پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییە گرنگەکاندا هاوکارن؛ و لە هەمووی گرنگتر، بەڕێز سەرۆک، پابەندبوونی کەسیی ئێوەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئاڵۆزترین ململانێکانی جیهان بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئاشتی."
گاڵتەی ترەمپ لەگەڵ پاشا
ترەمپ لە وتارەکەیدا بە گاڵتەوە باسی لەوە کرد کە چۆن پاشا چارڵز توانیویەتی ناوی نزیکەی 150 میوان بهێنێتەوە کە سڵاویان لێکردوون. ترەمپ وتی: "هەندێکیان ناوی سەیر و سەمەرەیان هەبوو... بەڵام پاشا هەموویانی دەناسی، یان لانیکەم من وادەزانم، چونکە کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی!"
پاکێجی سەرمایەگوزاریی 150 ملیار پاوەندی
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە سەردانەکەی ترەمپ بووەتە هۆی راکێشانی 150ملیار پاوەند (نزیکەی 205 ملیار دۆلار) سەرمایەگوزاری بۆ ناوخۆی وڵات، کە بە گەورەترین پاکێجی سەرمایەگوزاریی بازرگانی لە مێژووی سەردانە فەرمییەکاندا دادەنرێت.
حکومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات سوودە ئابوورییەکانی ئەم سەردانە بخاتەڕوو، چونکە ڕای گشتیی بەریتانیا لەسەر بانگهێشتکردنەوەی ترەمپ و پێشوازییە شاهانەکە دابەش بووە. بەپێی وتەی حکومەت، ئەم سەرمایەگوزارییانە نزیکەی 7600 هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنن.
شایەنی باسە، لەنێو میوانەکاندا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا وەک "ئەپڵ"، "گووگڵ دیپمایند" و "ئۆپن ئەی ئای" ئامادەبوون.
گاڵتەکەی ترەمپ چیبوو؟
گاڵتەکەی ترەمپ سەبارەت بە توانای پاشا چارڵز بوو لە ناسینەوە و لەبیرکردنی ناوی ژمارەیەکی زۆر لە میوانەکان، کە بە شێوازێکی تەنزئامێز و موبالەغەپێکراو دەری بڕی.
لە کاتی میواندارییەکەدا، پاشا چارڵز و دۆناڵد ترەمپ پێشوازییان لە نزیکەی 150 میوانی بانگهێشتکراو کردووە و سڵاویان لەگەڵ کردوون. ترەمپ سەرسام بووە بەوەی کە پاشا چارڵز ناوی زۆربەی میوانەکانی لەبیر بووە و بە ناوی خۆیانەوە بانگی کردوون.
بۆیە لە کاتی وتارەکەیدا، ترەمپ بە پێکەنینەوە باسی ئەمەی کرد و وتی:
"من سەرسام بووم کە پاشا چارڵز توانی ناوی نزیکەی 150 کەس بهێنێت کە سڵاومان لێکردن."
ترەمپ وتی:
"هەندێکیان ناوی سەیر و سەمەرەیان هەبوو وەک ئێکس، وای، زێد، هێڵی-خوار 2-3 (X, Y, Z, hyphen 2-3). بەڵام پاشا هەموویانی دەناسی. یان لانیکەم من وادەزانم، چونکە کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی!"
بەرپرسان رایانگەیاند، لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، تەقە لە پێنج ئەفسەری پۆلیس کرا و سێیان گیانیان لەدەستدا.
کۆلۆنێڵ کریستۆفەر پاریس، کۆمیسیاری پۆلیسی ویلایەتی پێنسلڤانیا، رایگەیاند کە تەقەکەرەکە، کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
ناوبراو ئاشکرایکرد کە بەرپرسان دەزانن "ئەوان کێن و بۆ کێ کار دەکەن،" بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر پاڵنەری روداوەکە نەدا.
ئەو ئەفسەرە بە میدیاکانی راگەیاندووە، تەقەکردنەکە لە کاتێکدا رویداوە کە ئەفسەرەکان سەرقاڵی بەدوداچون بوون بۆ کێشەیەکی خێزانی کە پێشتر لەو ناوچەیە رویداوە.
دەرونناس و پسپۆڕی ماددە هۆشبەرەکان، ئەلێکسی کازانتسێڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە هەمووان دەزانن کحول کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی دەتوانن بە تەواوەتی وازی لێ بهێنن.
کازانتسێڤ کحول بە "چەکێکی کوشندە" وەسف دەکات.
ناوبراو دەڵێت: "بۆ مێشک، گرنگ نییە رێژەی کحول لە خواردنەوەکەدا بەرز بێت یان نزم، واتە خواردنەوەی چەند لیترێک بیرە یان شەراب مەترسییەکی راستەقینە دروست دەکات."
بە وتەی ئەو، لە سەدەی بیست و یەکدا کحول وەک ماددەیەکی کاریگەر لەسەر دەروون دانانرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هۆشیاری لاواز دەکات و کارکردنی بەشی پێشەوەی مێشک (ناوچەی نێوچەوان) سست دەکات، پاشان کەسەکە خەواڵوو دەبێت یان خاو دەبێتەوە. ئەم حاڵەتە بۆ گەنجان گونجاو نییە، چونکە ئەوان پێویستیان بەوەیە بەردەوام چالاک و بەرهەمدار بن و بیرۆکەکانیان ئازاد بکەن.
هەروەها دەڵێت: "بەڵام بۆ کەسانی بەساڵاچوو، زۆرجار کحول وەک رزگارکەرێک وایە، واتە وەک ماددەیەکی سڕکەری لە کۆمەڵگادا پەسەندکراو، دەمارەکان خاو دەکاتەوە و ئارامیان دەکات و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی دادەنێت."
شارەزاکە ئاماژە بە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی خود دەکات، چونکە دەبێتە هۆی بۆشاییەکی بایۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و رۆحی، و سەرەنجام جەستە وێران دەکات.
لەمساڵدا بۆ یەکەمجار یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سودی بانکی لە 4.50ـوە بۆ 4.25 کەمکردەوە
یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سودی بانکی بەرێژەی 0.25 کەمکردەوە، ئەم بڕیارە نرخی دراوە سەرەکییەکانی بەرزکردوەتەوە و نرخی زێڕیشی لە بازاڕەکانی جیهان ناجێگیر کردووە.
ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دراوە ئەلیکترۆنییەکان وپشکی کۆمپانیاکان دەبێت.
هاوکات چاوەڕوان دەکریت لەمساڵدا دوو جاری دیکە رێژەی سودی بانکی کەمبکرێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە سودی بانکی ئەمریکا پێشتر ٪4.50 بوو، بەڵام ئێستا کە ئەو بڕیارە دراوە بووەتە ٪4.25.
لەمانگەدا تەمەنی زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ژاپۆن گەیشتووەتە سەروو 100 ساڵ، لەو ژمارەیەش بە رێژەی لە ٪88 ژنانن.
وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن ئامارێکی سەبارەت بە رێژەی تەمەن لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، تا مانگی 11ـی ئەمساڵ زیاتر لە 100 هەزار کەس تەمەنیان گەیشتووەتە سەروو تەمەنی 100 ساڵی.
وەزارەتەکە هۆکاری تەمەن درێژی خەڵکی وڵاتەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ خواردنی تەندروست، هەروەها کەم خواردنی گۆشتی سور، هاوکات ئەو کەسانەی کە وەرزشی بەیانیان ئەنجامدەدەن بە قورسایی کێشی خۆیان وەرشی " کالیستێنیک"و ئەو وەرزشانەی کە ئامێری کارەبایی تێدا بەکارنایەت.
جێگەی ئاماژەیە، ژنان پێشەنگی ئەو رێژەیەن بۆ تەمەنی سەروو 100 ساڵی، لە سەد هەزار کەسەی ژاپۆن، زیاتر لە 88 هەزار کەسیان ژنن.
بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 1963دا تەنها 153 کەس تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵەوە بووە، بەڵام لە ساڵی 1998 ئەو ژمارەیە بۆ 10 هەزار کەس بەرزبووە، ئەمڕۆش ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە 100 هەزار کەس بەرزبووتەوە، ژاپۆن بەهۆی زۆری تەمەنی دانیشتوانەکەیەوە جەژنێک بۆ رۆژی بەساڵاچووان دابنێت.
بەهۆی گۆرانی كەشوهەواوە لە كیشوەری ئەوروپا، 15 هەزار كەس لەمساڵدا گیانیانلەدەستداوە.
توێژەرانی دوو زانكۆی بەریتانی ئاشكرایان كردووە، لە 854 شاری گەورەی ئەوروپا، رێژەی مردن بەهۆی گەمار و گۆڕانی كەشوهەواوە بەرێژەی 68% بەرزبووەتەوە بەتایبەت لەناو چینی بەساڵاچوواندا.
توێژەران هەروەها دەڵێن، زیاتر لە 15 هەزار كەس راستەوخۆ بەهۆی گەرمای ئەمساڵەوە گیانیانلەدەستداوە، بەجۆرێك لە هەریەك لە رۆما، ئەسینا و پاریس بەرزترین رێژەی مردن تۆمار كراوە.
دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆنی بەرازیل لە ماوەی چوار دەیەدا رووبەرێکی بە قەبارەی ئیسپانیا لەدەستداوە و لە خاڵی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.
بەپێی داتای مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومی و کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەریانخستووە، کە گەورەتریین دارستانە باراناویەکانی جیهان کە لە ئەمریکای لاتیندا دەردەکەون، لەماوەی نێوان ساڵانی 1985 بۆ 2024، 49 ملیۆن هێکتار لە رووبەری دارستانە باراناویەکان لە ناوچوون.
لە راپۆرتێکی پێگەی ماپبایۆماس ئاماژە بەوەکراوە، دارستانەکانی ئەمازۆن لە خاڵێکی وەرچەرخان نزیک دەبنەوە کە چیتر ناتوانن بەردەوام بن ، لەگەڵ لەدەستدانی روپۆشی رووەکی رەسەن کە ئەگەری هەیە بگاتە 20٪ بۆ 25٪، ئەگەریش لەدەستدانی روپۆشی رووەکی لەو دارستانانەدا بەردەوامبێت، ئەوا ئەو دارستانە باراناویانە دەبن بە ناوچەی ئاو هەوای شێداری مامناوەند کە ناسراوە بە ساڤانا.
بەپێی داتاکانی ماپبایۆماس ، ئەو رووبەرەی کە چالاکییە مرۆییەکان بە تایبەتی کشتوکاڵ داگیری کردووە، لە ساڵی 2024 دا گەیشتووەتە 15.3%.، هەروەها ئەو رووبەرەی کەلە بەخێوکردنی ئاژەڵدا سودی لێ وەردەگیرێت لە نێوان ساڵانی 1985 بۆ 2024 نزیکەی پێنج هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 56.1 ملیۆن هێکتار.
بڕینی دارستانەکان لە ناوچەی ئەمازۆنی بەڕازیل لە نێوان مانگی ئابی 2024 تا تەمموزی 2025 بە رێژەی 4% زیادی کردووە، ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی زۆر و وشکە ساڵیەوە بووە.
سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ پادشای بەریتانیا كۆبوەوە پێشوازی لێكرد، بڕیاریشە لەگەڵ لێپرسراونی دیكەی بەریتانیا چەند پرسێكی سیاسی و ئابوویی تاوتوێبكەن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەردانی بەڕیتانیای كرد و پاشا چارلسی سێیهەمیش پێشوازی لێكرد و ڕێبەرایەتیكرد بۆ كۆشكی ویندسۆر لە لەندەنی پایتەختی وڵاتەكە.
بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا لە میانەی سەردانەكەیدا ، لەگەڵ چەند لێپرسراوێكی بەڕیتانیا كۆببێتەوە و پرسە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ بكەن.
چاوەڕوانیش دەكرێت گرنگترین پرسی كۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆكراین و پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی هاوپەیمانێتیی رۆژاوا توەری گفتوگۆكانی نێوان ترەمپ و بەرپرسانی بەریتانیا بێت
ئیسرائیل پێشنیازی نوێی رادەستی سوریا كردوە و بڕیاریشە ئەمرۆ بە نێوەندگیریی ئەمریكا سێیەم خولی دانوستانەكانی لێپرسراوانی تەلئەبیب و دیمەشق لە لەندەن بەڕێوبچێت.
پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردوەتەوە، ئیسرائیل پێشنیازێكی وردی سەبارەت بە سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ سوریا رادەستی دەسەڵاتدارانی دیمەشق كردوە و بڕیاریشە ئەو پێشنیازە بە نێوەندگیریی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا لە نێوان لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیلدا تاوتوێ بكرێت.
بریارە ئەمرۆ رۆن دەیرمەر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە نێوەندگیری ئەمریكا لە لەندەن كۆببنەوە تاوتوێی پێشنیازە نوێیەكە بكەن كە سنورەكانی باشوری رۆژئاوای سوریا تا سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەك بە ئەكسیۆسی راگەیاندوە پێشبینی ناكرێت ئەو دوو وڵاتە سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.
دەسەڵاتی دیمەشق پێشنیازی فەرەنسا بۆ دانوستان لەگەڵ هەسەدە رەتدەكاتەوە ، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش رایگەیاندوە ئەو كێشانە ناوخۆییە و لە ناوخۆدا چارەسەر دەكرێت.
ئاژانسی هەوالی رەسمی سوریا -سانا- بڵاویكردوەتەوە، فەرەنسا پێشنیازی بۆ دیمەشق كردوە دانوستانەكان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتی -هەسەدە- لە ئوردون یان سعودیە و هەرێمی كوردستان دەست پێبكەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی كردوە ئەو دانوستانەی لە پاریس هەڵوەشایەوە لە وڵاتێكی دیكە بەڕێوبچێت و نوێنەرانی دیمەشق و هەسەدە هەر لە چوارچێوەی دانوستانەكانی پاریسدا كۆببنەوە.
فەرەنسا بە دەسەڵاتی دیمەشقی راگەیاندوە، ئامادەیە دڵنیایی بدات لە شوێن و كاتی هەر كۆبونەوەیەك كە دیمەشق و هەسەدە پەسەندی دەكەن .
سەرچاوەیەك لە هەسەدە بە تەلەفیزیۆنی رەسمی سوریای راگەیاندوە، پێش ئەوەی بڕیار بێت دانوستانەكان لە پاریس بەڕێوەبچێت دەسەڵاتی دیمەشق هەرجۆرە دانوستان و گفتوگۆیەكی لەگەڵ هەسەدە هەڵپەساردبو.
وەزارەتی دەرەوەی سوریاش پێشنیازەكەی فەرەنسای بۆدانوستان لەگەڵ هەسەدە رەتكردوەتەوە لەراگەیەنراوێكدا جەختی كردوەتەوە لەوەی كێشەكانی دیمەشق و هەسەدە ناوخۆیین و هەوڵ دەدرێت هەر لە ناوخۆی سوریا چارەسەر بكرێن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەك نێوەندگیری دارایی ئێرانی و زیاتر لە 12 كەس و قەوارەدا سەپاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 12 كەس و قەراوە بە تۆمەتی ئاسانكاریكردن بۆ حەواڵەی دارایی داهاتەكانی نەوت لە بەرژەوەندی سوپای پاسداران سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
دەشڵێت، ئەو 12 كەس و قەوارە لە بانكی سێبەر كاردەكەن و توانیویانە 100 ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت بۆ ئێران بەدەستبهێنن و پارەكەشی بەشێوەی دراوی ئەلیكترۆنی لە بانكی سێبەردا حەواڵە كراوە.
راشیگەیاند، داهاتی نەوتەكە بۆ پاڵپشتی لە گروپە چەكدارەكان و پەرەپێدانی چەكی پێشكەوتوو و موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنرێت.
باسی لەوەشكردووە، قەوارە ئێرانییەكان تۆڕی بانكە سێبەرەكان بەكاردەهێنن بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان و جوڵاندنی ملیۆنان دۆلار لەرێگەی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتییەوە. بەگوێرەی بڕیارەكە، سەروەت و سامان و بەرژەوەندی ئەم كەسانە بلۆك دەكرێ، لەناو ئەمریكا یان لە هەر شوێنێك كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكیدا بێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئەگەر حەماس بارمتەکان وەک پشتێنەی مرۆیی بەکاربهێنێت تووشی کێشەی زۆر گەورە دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆر لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نازانم، باببینین چی رودەدات.
وتیشی، ئەگەر حەماس بارمتەکان وەک پشتێنەی مرۆیی بەکاربهێنێت توشی کێشەیەکی گەورە دەبێت.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە.
هاوکات لێپرسراوێکی سەربازی ئیسرائیل رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی ئۆپراسیۆنێکی بنچینەیی بۆ دەستبەسەراگرتنی شاری غەززە دەستپێکردووە، دەشڵێت، هێزە زەمینییەکان بەرەو قوڵای شارەکە پێشڕەویی دەکەن.
خوێن کۆڵەکەی سەرەکیی تەندروستیی مرۆڤە؛ بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراکەماددە بۆ سەرجەم خانە و شانە جۆراوجۆرەکانی جەستە، هاوکات بەشێکی گرنگە لە کۆئەندامی بەرگری و پرۆسەی دەردانە دەروەی پاشەڕۆ لە جەستەدا، ئەمەش وێڕای رۆڵی کارای لە رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە و بوون بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی هۆرمۆن لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە.
پێکهاتەی خوێن %55ـی شلەی پلازمایە،کە لە ئاو و پرۆتین پێکدێت، هاوکات %45ـەکەی دیکەشی بریتییە لە خرۆکە سوورەکان، خرۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن.
دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا دەڵێت، هەر دڵۆپێک خوێن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستەدا دەبڕێت؛ یەکسانە بە نیو خول سووڕانەوە بە دەوری زەویدا.
پیاوێکی پێگەیشتووی تەندروست نزیکەی 5 بۆ 6 لیتر خوێن لە جەستەیدایە، لە کاتێکدا رێژەکە بۆ خانمان نزیکەی 4 بۆ 5 لیترە. هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان بڕێکی زیاتر ماسوولکە لە جەستەیاندا هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتری خوێنە بۆ دابینکردنی خۆراکەماددە و ئۆکسجینی تەواو بۆ ماسوولکەکان.
لە وەرچەرخانێکی سەیر و پارادۆکسێکی جیهانیدا، چین ئەمڕۆ روبەروی کێشەیەکی تەواو نامۆ بووەتەوە، ئەویش کەمیی خۆڵ و خاشاکە!
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەست کەڵەکەبوونی کێوی خۆڵ و خاشاک و لێکەوتە ژینگەییەکانیەوە دەناڵێنن، چین خۆی لە دۆخێکی پێچەوانەدا دەبینێتەوە — کە تێیدا وێستگەکانی سووتاندنی خاشاک ئیتر بە تەواوی توانای خۆیان کار ناکەن... بەڵکو هەندێکیان ناچاربوون خاشاک لە ناوچەکانی تر بکڕن تەنها بۆ ئەوەی بە کارا بمێننەوە!
لە ساڵانی رابردوودا، چین وەبەرهێنانێکی گەورەی — کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرا — لە دروستکردنی ژێرخانێکی پێشکەوتوو بۆ لەناوبردنی خاشاکدا کرد، بەتایبەتی لە رێگەی سووتاندنەوە، وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە زبڵدانەکان کە شارە گەورەکانیان پیس دەکرد. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان بوو کە ئەم وێستگە نوێیانە "برسی" بوون... چونکە بڕی خاشاکی بەردەست چیتر بەشی پێداویستیی ئەوانی نەدەکرد!
بۆچی خۆڵ و خاشاک گەیشتە نەمان؟
هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتە فراوانەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە (ریسایکلین) کە لەلایەن حکومەتی چینەوە سەپێندران، کە ئەمانەی لەخۆگرتبوو:
سەپاندنی جیاکردنەوەی ناچاریی خاشاک لە ماڵان و کۆمپانیاکاندا.
تونترکردنی چاودێری بەسەر کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی خاشاکدا.
هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە گرنگیی بەکاربردنی بەرپرسیارانە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان.
لە ئەنجامدا، هاووڵاتیان هۆشیارتر بوونەتەوە: کەرەستەکان دووبارە بەکاردەهێننەوە، بەکارهێنانی پلاستیک کەمدەکەنەوە، و بەشێوەیەکی باشتر خاشاک جیا دەکەنەوە — کە ئەمەش بڕی "خۆڵی بۆ سوتاندن" بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە هەندێک لە وێستگەکانی سوتاندن، خاشاک لە ناوچە دوورەدەستەکان یان تەنانەت لە شارەکانی تریش بکڕن... تەنها بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان! ئەمەش پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانەیە: لە کاتێکدا جیهان پارەیەکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە خاشاکەکەی رزگاری بێت، چین پارە دەدات بۆ ئەوەی دەستی بکەوێت!
لەلایەنی ژینگەییەوە، ئەم پێشهاتە بە ئەرێنی دادەنرێت چونکە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان کەمدەکاتەوە، ئابووریی سووڕاوە (circular economy) بەهێز دەکات، و پیسبوون کەمدەکاتەوە.
بەڵام لەلایەنی ئابوورییەوە، وەبەرهێنانی ملیارات دۆلار لە وێستگەیەکدا کە بە تەواوی توانای خۆی کارناکات، بە زیانێکی گەورە دادەنرێت — مەگەر ئەم وێستگانە بگونجێندرێن بۆ وەرگرتنی جۆری تری خاشاک، یان بە شێوازی نەرمتر بەڕێوەببرێن.
سەرەڕای پلانی ورد، سەردانە رەسمییەکەی ترەمپ بۆ بەریتانیا پڕە لە کێشە و ئاستەنگی شاراوە و رێکخستنی سەردانەکە و ئامادەکارییەکان لەوێ تیمی پرۆتۆکۆڵی هەردوو وڵاتی بە تەواوی ماندو و سەرقاڵکردووە.
سەردانە رەسمییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ شانشینی یەکگرتوو لەم هەفتەیەدا، هاوشێوەی سەردانەکەی پێشووی لە شەش ساڵ لەمەوبەر، بەدەر نابێت لە مشتومڕ و ناکۆکی.
ئەو کاتە، لە حوزەیرانی 2019دا، سەرۆکی ئەمریکا جگە لە چاخواردنەوە لەگەڵ شاژنی کۆچکردوو، سادق خان، سەرۆکی شارەوانی لەندەنی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد، پشتیوانی لە بۆریس جۆنسن کرد لە کێبڕکێی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاراندا، و پێشنیازی کرد کە دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) ببێتە بەشێک لە گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا.
هەموو ئەمانە هاوکات بوون لەگەڵ ئیمزاکردنی سکاڵایەک لەلایەن زیاتر لە یەک ملیۆن کەسەوە کە داوایان دەکرد نابێت پێشوازی رەسمی لێ بکرێت، هەروەها خۆپیشاندانی بەرفراوان بە بەشداری هەزاران کەس و پەیکەرێکی گەورەی فوودراو کە بە "منداڵە ترەمپەکە" ناسرا.
دووەم سەردانی رەسمی لەم هەفتەیەدا هەڵگری زۆرێک لە مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازە.
جارێکی تر خۆپیشاندانەکان دەستپێدەکەنەوە و دەرکردنی لۆرد ماندلسن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا، پێشوەختە سێبەرێکی دیپلۆماسیی خستووەتە سەر کارەکان.
پلاندانان بۆ سەردانەکە – کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەبێت – چەندین مانگی خایاندووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئامادەکارییە وردەکان، ئەگەری ئەوەی شتەکان بە هەڵەدا بڕۆن هێشتا زۆر راستەقینەیە.
بۆ زۆرێک لە رێکخەرانیش، پرسی ماندلسن تەنها یەکێکە لە نیگەرانییەکانیان.
چۆن ویندسۆر بوو بە "ترەمپتۆن"
بۆ لایەنی شاهانەی نمایشەکە، تەرکیز لەسەر کاروباری رێکخستن (لۆجستیات) و ئاسایش بووە – و گۆڕینی قەڵای ویندسۆر بۆ بازنەیەکی پۆڵایین کە ئەوەندە پتەو بێت تەنانەت وردبینترین بریکارەکانی دەزگای نهێنیش ڕازی بکات.
ئامادەبوونی ئەمریکییەکان ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێک لە دانیشتووە ناوخۆییەکان ناوی ویندسۆریان گۆڕیوە بۆ "ترەمپتۆن"، کە لە ناوی شارۆچکەیەک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی منداڵانی ساڵانی حەفتاکانەوە وەرگیراوە.
بۆ کاربەدەستانی کۆشک، گرنگیدان بە وردەکارییەکان هەموو شتێکە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان دۆزینەوەی شوێنێک بووە بۆ کۆکردنەوەی پاسەوانە ئەسپ سوارەکانی شاهانە.
پێویستە ئەوەندە دوور بێت لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان تا دڵنیا بنەوە ئەسپەکان لەبەر دەنگەدەنگەکە نەسڵەمێنەوە، و ئەوەندەش نزیک بێت تا بە خێرایی کاروانی یاوەریی گالیسکەکەی خێزانی ترەمپ پێکبهێنن لەناو باخچەکانی قەڵای ویندسۆردا.
هەروەها گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان کۆشک و وەزارەتی دەرەوەدا کراوە لەسەر ئەوەی کێ لە کوێ دادەنیشێت لە خوانە فەرمییەکەی هۆڵی سانت جۆرجدا.
یەکێک لە کەسە ئاگادارەکانی ناو کۆشک وتی: "بەهای ئەم شتانە تەنها وێنەگرتنەکان نییە، بەڵکو هەموو ئەو گفتوگۆ نافەرمییانەشە کە ئەنجام دەدرێن."
"گرنگییەکی زۆر دەدرێت بە نەخشەی دانیشتنی خوانەکە. بۆیە ئەو کەسانەی لە بوارە سیاسییە دیاریکراوەکاندا کار دەکەن، لە تەنیشت یەکەوە دادەنرێن."
هەروەها بیرکردنەوەیەکی زۆر لە لیستی خواردن و مۆسیقاکە کراوە، کە "چەندین ئاماژە بە میراتە سکۆتلەندییەکەی" تێدا دەبێت.
وتارە حەوت خولەکییەکەی شا چارلسی سێیەم لە خوانەکەدا بە چەندین رەشنووسدا رۆیشتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە خاڵە دروستەکان دەوروژێنێت بەبێ ئەوەی هێڵە سیاسییەکان ببەزێنێت.
بەرپرسان دەڵێن هیچ ئاماژەیەکیان لە هاوتا ئەمریکییەکانیانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی ترەمپ لە وتارەکەیدا چی دەڵێت.
'فشار بۆ گەورەکردنی سەردانەکە'
تا ئێرە، هەمووی لۆجستی بوو – بەڵام ئاڵنگاریی سەرەکی بۆ رێکخەرە شاهانەییەکان دۆزینەوەی رێگەیەک بووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ترەمپ هەست بکات سەردانێکی رەسمی تەواوی بە هەموو وردەکاریەکانەوە ئەنجامداوە. ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.
ترەمپ کەمتر لە 48 کاتژمێر لەسەر خاکی بەریتانیا دەبێت و سەردانی داونینگ ستریت ناکات، وتار بۆ پەرلەمان نادات، تەنانەت کاتیشی نابێت بۆ یاریکردنی گۆڵف.
یەکێک لە کاربەدەستانی کۆشک پێی وتم: "فشارێکی زۆری حکومەت هەبووە بۆ ئەوەی ئەم سەردانە زۆر گەورە دەربکەوێت و ئەمەش ئاڵنگارییەکە بووە."
قەبارەی مەراسیمەکان لە ویندسۆر زیاد کراوە، بە بەشداریی 1300 سەرباز و 120ئەسپ – کە زۆر زیاترە لەوەی کاتێک سەرۆک ماکرۆنی فەرەنسا لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی کرد بەکارهێنرا. (بێگومان ئەمە خاڵێکە کە بە نهێنی بۆ ئەمریکییەکان جەختی لێدەکرێتەوە.)
چونکە نمایش و مەراسیمە رواڵەتییەکان جێگەی سەرنجی سەرەکی کۆشکی سپین لەم سەردانەدا؛ دەرفەتێکە بۆ سەرۆک تا وێنەی لەگەڵ شای ئینگلتەرا و شاژن و شازادە و شازادەژنی وێڵزدا بگیرێت، لەگەڵ نمایش و تیپی مۆسیقای سەربازی و فڕۆکەکانی (Red Arrows).
سەرچاوەیەک لە وایت هۆڵ (ناوەندی حکومەتی بەریتانیا) وتی: "تەرکیزەکە بە تەواوی لەسەر رواڵەتەکان، ساتە مێژووییەکە، و شکۆمەندییەکەیە. بۆ ترەمپ هەموو شتێک پەیوەندی بە نمایش و میدیاوە هەیە و ئەمەش کاتێکی نایابە."
یەکێکی تر وتی: "ئەمە شانۆگەرییە. هەمووی نمایشە. وا نییە کە بچینە ناو بابەتە قووڵەکانەوە. ئێمە لەبەر هۆکارێکی باش خۆمان لای بەهێزترین پیاوی جیهان شیرین دەکەین و ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەم نمایشەیە."
خێزانی ترەمپ: میوانێکی گەرم و گوڕ:
لۆرد ماکدۆناڵد، بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکومەت لە وەزارەتی دەرەوە، وتی بڕیاری ستراتیژیی بەریتانیا بۆ "بەخشینی بەرزترین رێزلێنان کە پرۆتۆکۆلی بەریتانی رێگەی پێدەدات" بە بەهێزترین پیاوی جیهان، بە وردی لەلایەن زۆرینەی جیهانەوە چاودێری دەکرێت.
وتیشی: "ئەم سەردانە رەسمییە تەنها بۆنەیەکی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا نییە. بەڵکو دەبێتە یەکێک لە گەورەترین هەواڵەکانی جیهان."
"ئەوبەشەی تری جیهان کە لێرە نین سەیری لەندەن و ویندسۆر دەکەن، کە ئەمەش پێگەی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی بەریتانیا لە ئاستی جیهانی بەرزتردەکاتەوە."
زۆرێک لە بەرپرسان دڵنیان کە سەردانەکە بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکان دەیانەوێت سەرکەوتوو بێت.
ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارمەندانی کۆشک پێیان وابوو خێزانی ترەمپ لە ساڵی 2019دا میوانێکی گەرم و گوڕ بوون، هەردووکیان سوور بوون لەسەر ئەوەی هیچ هەڵەیەک نەکەن.
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان وتی: "ترەمپ لە ژیانی تایبەتیدا دەتوانێت کەسێکی قسەخۆش بێت. شێوازێکی جوانی دەربڕینی هەیە کە شا رێزی لێدەگرێت."
بۆ حکومەتی بەریتانیا، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە فڕۆکەی 'ئێرفۆرس وەن' ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە هەڵبفڕێت لەکاتێکدا ترەمپ هەستێکی گەرمی بەرانبەر بەریتانیا هەبێت.
کاری جدی لە پشت نمایشەکانەوە:
جگە لە پێشکەشکردنی رۆژێک لە نمایش و مەراسیمی شاهانە، حکومەت کاری گرنگی هەیە کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی بدات کاتێک کارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لادێیی سەرۆک وەزیران لە چێکەرز.
وەزیرەکان هیوادارن رێککەوتنێک بکەن بۆ دەرکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی بەریتانیا لە لیستی باجە گومرگییەکانی ئەمریکا. هەروەها هەندێک هاوکاریی نوێی ئەتۆمیی مەدەنی دروستبکەن.
خاڵی سەرەکی سەردانەکە چاوەڕوان دەکرێت واژۆکردنی هاوبەشییەکی تەکنەلۆژی بێت، کە وەبەرهێنانی نوێ لە بەریتانیا و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ "سیلیکۆن ڤالی" لە بواری زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتەمدا لەخۆدەگرێت.
سەردانەکە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ دەداتە سەرۆک وەزیران سێر کییەر ستارمەر تا تەنها هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی ئۆکراین.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "وا دیارە ترەمپ لەسەر رێڕەوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە پوتن، و بەرەو داننان بەوەی کە پێویستی بە رێگەیەکە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا بوەستێتەوە."
بەڵام ترەمپ لە بەریتانیادا کەسایەتییەکی خۆشەویست نییە. راپرسییەکی "یوگۆڤ" (YouGov) لە مانگی تەمموزدا دەریخست کە تەنها 16%ی بەریتانییە بەشداربووەکان دەڵێن دیدێکی ئەرێنییان بەرامبەری هەیە.
حکومەت دەبێت بۆ دەنگدەران رونی بکاتەوە بۆچی پێی وایە ئەم سەردانە رەسمیە هەوڵێکە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەریتانیا.
وەزیری وزەی ئەمریكا داوا دەكات بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە تەواوی لەناوببرێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆمیشەوە، ئێرانیش دەڵێت، پیشەسازی ئەتۆمی ئێران رەگوڕیشەی داكوتاوە و لەناونابرێت.
كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو رایگەیاند، پێویستە سەرجەم رێگاكان لە ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی بگیرێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بە تەواوی لەناوببرێت، هەر لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە تا دەگاتە پرۆسێسكردنی پلۆتۆنیۆم.
لە بەرامبەریشدا محەمەد ئیسلامی سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، زانست و زانایی و تەكنەلۆژیا و پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران بە جۆرێك رەگی داكوتاوە، ناتوانرێت تەنانەت لە رێگای تیرۆر و هێرشی سەربازیشەوە لەناوببرێت.