لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا، دوای گەیشتنی ئەکتەری ئەمریکی ئەنجلینا جولی بۆ شاری خێرسۆن، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئۆکراینەوە کۆنتڕۆڵکراوە، پاسەوانەکەی لەلایەن کارمەندانی ناوەندی دامەزراندنی خاکی (TCC)، کە هاوشێوەی فەرمانگەی وەرگرتنی سەربازییە لە ئۆکراین دەستبەسەرکرا و ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

میدیاکانی ئۆکراین وێنە و ڤیدیۆی  ئەو خانمە ئەکتەرەیان بڵاوکردوەتەوە کە لە خێرسۆن گیراوە و دوو وێنەی ئەنجلینا جۆلی بوونی ئەو ئەستێرەیە لە شارەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە، هەندێک لە میدیاکان دەڵێن؛ ئەنجەلینا جۆلی بە بێ پرس سنوری ئۆکراینی بەزاندوە.

لە کاتی گەشتەکەی ئەنجەلینا جۆلی روداوێکی نامۆ رویدا، کاتێک شۆفێر و  پاسەوانی تایبەتەکەی دەستبەسەر کرا، بە بیانوی پێنەبونی بەڵگەنامە، تا ئێستا نازانرێت ئەو کەسە ئازاد کراوە یان نا  و ئەو خانمە ئەکتەرە خۆی لە ئێستادا لە خێرسۆنە و هیچ لێدوانێکی لەسەر روداوەکە نەداوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەوانەکەی ئەنجلەینا جۆلی دەبرێت بۆ بەرەی جەنگ و نوسینگەی وەرگرتنی سەربازی ناوچەیی میکۆلایڤ روداوەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە شۆفێرەکەی جۆلی یەدەگ بووە و ئەرکی گەیشتن بە مەشقی سەربازی پێسپێردراوە.

جۆلی سەردانەکەی بۆ ئۆکراین لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوکاری خێرخوازیدا بووە و توانیویەتی سەردانی دامەزراوە پزیشکییە ناوخۆییەکان بکات.

لایخۆشیەوە ڤلادیمێر سالدۆ، پارێزگاری ناوچەی خێرسۆن رایگەیاند، سەردانەکەی ئەو خانمە ئەکتەرە لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەیوەندییە گشتییەکانی کیێڤەوە رێکخراوە  بۆ ئەوەی  ببێتە هۆی سەرنجراکێشیانی جیهان بۆ ئەو بەرەیەی کە لەگەڵ روسیا لە شەڕدایە.