ترەمپ هۆشداری دەداتە حەماس: ئەگەر باش رەفتار نەکەن، لەناویان دەبەین
راهۆز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە "پتەوە و لاواز نییە،" هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی ئاڕاستەی حەماس کرد.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "دەکرێت حەماس یەکسەر لەناوببرێت ئەگەر بە شێوەیەکی باش رەفتار نەکات، ئەوانیش باش ئەوە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بییەوێت، دەتوانێت بە خێرایی حەماس چەک بکات."
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ستایشی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و وتی "پیاوێکی زۆر بەهرەمەندە" و بەڵێنیدا هاوکاری بکات بۆ دەرچوونی لەو دۆسیە یاساییانەی رووبەڕووی بووەتەوە. وتیشی: "کەس وەک من پشتیوانی نەکردووە... پێموانییە مامەڵەیەکی باشی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام من پاڵپشتیم کرد."
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە "هەندێک لە رەفتارەکانی نەتانیاهۆی بەدڵ نەبووە" و وتی: "ئێوەش بینیتان من چیم کرد لەبەرامبەر ئەوەدا،" کە ئاماژە بوو بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای دوو ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی.
مانگی رابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵیی بۆ کەرتی غەززە خستەڕوو کە چەککردنی ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەکەی بە لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی پلە بە پلەی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو.
رێککەوتنی ئاگربەستەکە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە کاری پێدەکرێت، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکانی لەخۆگرتبوو—کە ئەمەش جێبەجێکرا—لەگەڵ رادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوەکان.
تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی رادەستکردووەتەوە و هێشتا 8 تەرمی دیکە ماون. سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە رووفاتی عومەر نیوترا، هاوڵاتییەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی کە فەرماندەی تانک بووە لە سوپای ئیسرائیل، لەنێو ئەو تەرمانەدا بووە کە دوێنێ رادەستکراونەتەوە.
لەبەرامبەردا، بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل بەرامبەر وەرگرتنەوەی رووفاتی هەر بارمتەیەکی، رووفاتی 15 فەلەستینی رادەست دەکاتەوە.



