دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە رەسمی درێژترین داخستنی حکومەتی لە مێژووی وڵاتەکەیدا بەخۆیەوە دەبینێت و ناوبراو  دیموکراتەکانیشی بە هۆکاری داخستنەکە زانی.

سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی دیدارێکی لەگەڵ سیناتۆرە کۆمارییەکان رایگەیاند، داخستنی حکومەت هۆکارێکی نەرێنی سەرەکی بوو بۆ کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا و دەبێت کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنین.

سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی؛ سیستەمی دەنگدانیان کەموکوڕی زۆری هەیە، کار بۆ گۆڕینی دەکەن  و دیموکراتەکان خۆکوژانە مامەڵە دەکەن و وڵاتەکەیان لەناودەبەن.

ترەمپ جەختیشیکردوەتەوە ئەوەی دیموکراتەکان دەیانەوێت بەدەستی ناهێنن، هۆشداریشیدا لەوەی داخستنی حکومەت کاریگەری لەسەر چەند کەرتێک هەیە، لەوانەش بازاڕی بۆرسە و هێڵی ئاسمانی، جەختیشیکردەوە، "دەبێت بە هەر رێگەیەکی پێویست کۆتایی بە داخستنی حکومەت بهێنن".

ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتیكدایە بە هۆی ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی گەورەی ئەمریکا دیموکراتەکان و  کۆمارییەکان، حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە مانگێکە داخراوە و ئەم داخستنەش لە مێژوی وڵاتەکەدا درێژترین داخستنە و  تا ئێستاش دیار نییە کەی ئەم داخستنە کۆتایی دێت