هونەرمەندێکی بە رەگەز سوری دەبێتە 'خاتونی یەکەمی' نوێی نیویۆرک
راهۆز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە تەمەنی 28 ساڵیدا، ڕاما دواجی دەبێتە گەنجترین 'خاتونی یەکەم' لە مێژووی شاری نیویۆرکدا، ئەمەش دوای ئەوەی هاوسەرەکەی، زهران ممدانی، شەوی سێشەممە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بردەوە و دواجی خستە بەرچاوی میدیاکان.
ممدانی لە وتاری سەرکەوتنەکەیدا، لەکاتێکدا هاوسەرەکەی لە تەنیشتییەوە وەستابوو، بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەی پێکرد و وتی: "بۆ هاوسەرە بێوێنەکەم، ڕاما، حەیاتم"، بە بەکارهێنانی وشەیەکی عەرەبی کە بە مانای "ژیانم" دێت، وتیشی: "کەس نییە کە زیاتر لە تۆ حەز بکەم لەم ساتەدا و لە هەموو ساتێکدا لەلام بێت".
چۆن یەکتریان ناسی؟
دواجی و ممدانی لە ساڵی 2021 لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ژوانبەستنی "هینج"ەوە یەکتریان ناسیوە. لە ئۆکتۆبەری 2024 مارەیان بڕیوە و لە دیسێمبەری هەمان ساڵدا ئاهەنگیان لە دوبەی گێڕاوە، دواتریش لە مانگی شوباتدا لە ئۆفیسی تۆماری شارستانی لە مانهاتن بە رەسمی بوونە هاوسەر.
هونەرمەندێک بە هەڵوێستی سیاسییەوە:
ڕاما دواجی، هونەرمەندێکی دانیشتووی نیویۆرکە و بەڕەگەز سورییە. کارەکانی زۆرجار باس لە بابەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و لە میدیا جیهانییەکانی وەک BBC News، The New York Times، The Washington Post و Vice، هەروەها لە مۆزەخانەی "تەیت مۆدێرن"ی لەندەن نمایشکراون.
سەرەڕای ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کەم دەردەکەوت، بەڵام بەپێی CNN، لە پشت پەردەوە هێزێکی پاڵنەری سەرەکی بووە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە ناسنامەی براندی بانگەشەکەی ممدانی داڕشتووە.
کارە هونەرییەکانی دواجی، کە زۆربەیان رەش و سپین، رەخنە لە "ئیمپریالیزمی ئەمریکی" و ئەوەی بە "تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل" و "پاکتاوی رەگەزیی فەلەستینییەکان" ناوی دەبات، دەگرن، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ هەڵوێستە سیاسییەکانی هاوسەرەکەیدا.
دواجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "یۆنگ" دەڵێت: "لەگەڵ پەراوێزخستن و بێدەنگکردنی زۆرێک لە خەڵک بەهۆی ترسەوە، تاکە شت کە بتوانم بیکەم ئەوەیە کە دەنگی خۆم بەکاربهێنم بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی لە ئەمریکا و فەلەستین و سوریادا روودەدات، هێندەی لە توانامدا بێت".
هاوکات وتەیەکی هونەرمەند نینا سیمۆن بەکاردێنێت و دەڵێت: "تا ئەو شوێنەی من بزانم، ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە کە رەنگدانەوەی سەردەمەکەی بێت".
وتیشی: "پێموایە هەمووان بەرپرسیارێتییان هەیە کە دژی نادادپەروەری قسە بکەن، و هونەر توانایەکی زۆری هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە. پێموانییە هەموو کەسێک دەبێت کاری سیاسی بکات، بەڵام هونەر خۆی لە خۆیدا سیاسییە لە چۆنیەتی دروستکردن، پارەدارکردن و بڵاوکردنەوەیدا".



